Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
حکایەتی کەرتەکانم…شوان عوسمان

حکایەتی کەرتەکانم…شوان عوسمان

Closed
by August 10, 2013 هۆنراوە

 

 

 

 

 

کە تۆ لەمن ئەبی ،کەرتێک لەمن ئەبێ ،

من لە کەرتێک ئەبم..

ئەوە فیراقی کەرتە ،کە کەرتم ،کەرت ئەبێت ،

من کەرت ئەبم ، کەرت کەرتم ئەکات…

کەرتم لە کەرتت ئەبێت…

تۆ کەرت ئەبیت ،

کەرتت لە کەرتم بەرئەبێت…

کەرت بوون هەر ئەوە نیە تۆ لەمن ببی ،

من لە تۆ ببم..

تۆ لەتم ئەکەی بە خۆت ،

تا لەت ببم..

لەتێکم لەتتر ئەبێت ،

بە تۆ..

من کەرت ئەبم ،بە خۆت…

هەر کەرتێکم لەت ئەبێ ،هەر لەتێکم کەرت ئەبێت…

تا خۆم کەرت کەرت ئەبم…

کەرتەکانم لەت ئەبن ،لەتەکانم کەرت ئەبن..

من لە نێوان لەت وکەرتەکانمدا ،

رێگایەکم نیە ،بۆ یەکبوونم تا کەرت نەبم..

تا لە دووڕیانێکدا دوولەت ئەبم…

رێگا لەتم ئەکا ،

دووڕیانێک کەرتم ئەکا بە خۆی..

جێیەکم دیار نابێ پێیدا بڕۆم ،

جێگا شەقارم ئەکا…

ئەڕۆم و چەند ئەکەم وەکو خۆم لێ نایەتەوە ،

قەت وەکو خۆم نابم ،

شەقار شەقارتر ئەبم..

بستێکم نابێت تا خۆمی تێدا خڕ کەمەوە ،

خۆمم پێدا کۆ نابێتەوە..

تا لە شوێنێکدا چەند جار بەسەر خۆمدا ،

دابەش ئەبم ..

لە خۆم دەرئەکرێم…

ورد ئەبم ،بوخارم پەرش ئەبێت..

بێ ئەوەی بزانم رووم لە کام روودا ئەبێت ،

چوونم بۆ کام لادا ئەچێت..

بە هیچ لایەک ناگەم ، 

خاڵەکانم لێک دوور ئەکەونەوە ،

پارچەکانم بەرباد ئەبن..

پارچە پارچە ئەبم..

هەر پارچەیەکم بەرەو لایەک ئەچێت ،

تا بایەک هەبێت، بەبا ئەبم..

پارچەکانم ناگەنەوە بەیەک ،بە مەنزلێک ناگەنەوە ،

من ناگەمە مەنزلێک تا بە ماڵێک ئاشنا ببم..

ئەڕۆم هەر بەڕێوە لەت ئەبم ،

وەکو پەلک ئەوەرێم..

لە دوورەوە لەتەکانم ئەبینم ،

لەوێدا لەتم ئەکەن ،ئەوەرن ،

ئەبارن..

لێرەدا کەرتەکانم کەرتم ئەکەن ،

لەوێدا لەتەکانم لەتم ئەکەن..

 دووریەکان زێتر ئەبن ،دوورترم ئەکەنەوە..

مەوداکان ماوەیان نابێت تا بمگەننەوە یەک ،

لە خۆم دوور ئەکەومەوە ،لە خۆت دوور ئەبم..

جارێکی تر خۆم بزر ئەکەم..

کەرتێکم لەبن باڵمدا ،گەرم نابێتەوە..

کەرتەکەی دیم خۆی خڕ ناکاتەوە ، 

تا خڕم کاتەوە…

من خڕ نابمەوە ،

تا تۆ کەرت بیت ،بە من.

تا من کەرت بم ،بە تۆ…

تا کەرتی تۆ لە کەرتی من دوور کەوێتەوە ،

تا کەرتەکانمان بەیەکتر غەریب بن…

هەریەکەمان کەرت ئەبین ،

کەرت کەرت وکەرت ئەبین..

لەت لەت ولەت ئەبین..

ئەوەیە حکایەتی کەرت بوونی کەرتەکانم ،

لە ساتی کەرت بوونم بە تۆ ،

ئەی نیشتمانم ، نیشتمانی کەرت کەرتم …

 

شوان عوسمان-ئەمستردام

-٣/٧٢٠١٣ 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.