Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئاخ سیانزەی هەشت! … حەمەفەریق حەسەن

ئاخ سیانزەی هەشت! … حەمەفەریق حەسەن

Closed

 

 

 

من تاونبارێکی گەورەم، چونکە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ نەمکرد ببم بە نووسەرێکی حزبی. تاکو ئاوەزی خۆم ئیفلیج بکەم و بیدەمە دەست هەڤاڵانی حزب و لەکونی دەرزیی حزبێک، یان حزبیلەیەکەوە ئەم جیهانە بەرینە ببینم. دواتریش لە ساڵانی جەنگی ناوخۆدا، دیسان ئامادەنەبووم بدەمەپاڵ لایەنێک. من وەک هەر کوردێک کە نەختاڵێک ویژدانی هەبووبێ، باوەڕم بە سنووری دوژمنکردی نێوان پارچەکانی کوردستان نەبووە. ئیتر چۆن بڕوام بەو بەرمیلانە هەبێ، کە لە دێگەڵە کرابوون بە سنووری نێوان میرنشینی سەوزو زەرد.

جارێکیان لە سلێمانی، لە بەرزترین دەسەڵاتی حزبەوە بانگکرام. ئاوی گوێیان دام و بەرپرسە باڵاکە بێ پێشەکی و بەخێرهانین پێیوتم: ((ڕەش یان سپی، یەکێکیان هەڵبژێرەو خۆت ساغبکەرەوە! ئێمە لێرە ڕۆژنامە و گۆڤارمان هەن، کەچی تۆ نووسینەکانی خۆت لە ڕاماندا بڵاودەکەیەوە!)) منیش وتم: ((قوربان لەنێوان ڕەش و سپیدا سەدان تۆنەڕەنگ هەیە، بەزمانی هونەری شیوەکاری پێیاندەوترێ رصاصیات، من نە ڕەشم نە سپی. یەکێکم لەو تۆنانە. دوای ئەوەیش ئەوەنییە جاروبار لە کوردستانی نوێشدا بەرهەم بڵاودەکەمەوە؟)) بەمەرجێک نووسینەکانی من یان چیرۆک بوون یان وتاری ئەدەبی. ڕامانیش لە یەکەم ژمارەیەوە تاکو ئێستا بەلای سیاسەتدا نەچووە. دارو دیوار وێنەی سەرکردەیە، لە ڕاماندا وێنەی یەک سەرکردەیش نابینی.

چەند جارێک لەم جۆرە قسانەیان بەگوێمدا دابوو، بەڵام بەدەست خۆم نەبوو، هەر جارێک بچوومایە بۆ هەولێر. وەختێ ئەو بەرمیلە بەسنووربووانەی دێگەڵەم دەبەزان، لەناخەوە خەنیدەبووم و پێموابوو کارێکی نیشتمانیم کردووە. ئیتر بێگوێدانە چاوسوورکردنەوە، بۆ فیستیڤاڵ و کۆڕ و دیداری ئەدەبی بۆ هەولێر و دهۆک دەچووم.

سەرلەبەیانیی ١٣|٨|١٩٩٧ لەگەڵ ژمارەیەک نووسەردا، لە گەراج قەمەرەیەکمان بەکرێگرت و بەنیازی هەولێر سواربووین. کاکی شوفێر لەوەدابوو سلفلێبدات، بۆرمێکمان لێ قوتبووەوە وتی: ((دابەزن، ئێوە داواکراون، دەبێ بچن بۆ ئاسایش!)) داوایەکی چاوەڕواننەکراو بوو. ناچار هەموو دابەزین. کاکی ئاسایش وتی: ((دەبێ خۆیشتان ئوتومبیل بگرن!)) من لەم گێڕانەوەیەدا بەزۆری قسەکانی خۆم و هەڵوێستی خۆم بەیاندەکەم، ڕەنگە وەک ئەمانەت، بەتەواوی قسەی برادەرەکانم لەیادنەمابێ. من بەئاسایشەکەم وت: ((دەشمانبەیت و خۆشمان ئوتومبیل بگرین؟ من یەک فلس نادەم!)) برادەرەکانیشم هەمان ڕایان هەبوو. ئیتر کاکی ئاسایش توتومبیلێکی بۆ گرتین و ئێمەی لەپێش بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشدا دابەزان، کە لەسەر شەقامی سالم بوو، بەئەمنە سەوزەکە ناوی ڕۆیشبوو. سەردەمی بەعسیش ئەوێ هەر فەرمانگەی ئەمن بوو. بەدەم ڕێوە، لەناو قەمەرەکەدا کاک (ف)ی هاوسەفەرم چپاندی بەگوێمدا وتی: ((خەمت نەبێ، من حەمە حسێنی بەڕێوەبەری ئاسایش دەناسم!))

وەختێ لەبەردەرگەی ئەمن دابەزین، بەڕێکەوت محەمەد موکری بەپیاسە، بە پیادەڕەوی پێش فەرمانگەکەدا تێدەپەڕێ. خۆ دیاربوو چی دەگوزەرێ، بەڵام کاکە حەمە خۆی لێ نەبان کردین. ئێمەیان بەرەڕووی ژووری کاک (حەمە حسێن)ی بەڕێوەبەری ئاسایش کردەوە. هاوکات جێگری بەڕێوەبەر، کە بە کاک (سەرکەوتی کوبە)ناسراوە، لەوێ ئامادەبوو، هەروا لەجێوە لێمان ورددەبووەوە. یەکسەر دوای ئەوەی دانیشتین، جەنابی بەڕێوەبەر بە کاک (ف)ی وت، کە لە نزیک خۆیەوە دانیشتبوو: ((خۆ من بەنیازبووم، ژمارەیەک منداڵ بە عەرەبانەیەک تەماتەوە بنێرم، بەر تەماتەی ڕزیوت بدەن، کەچی تۆیش ئەمڕۆ دەچی بۆ بەشداری لە ٣١ی ئاب؟))

دیاربوو بەڕێوەبەر بەنیازبوو یەکە یەکە سووکایەتیمان پێبکات. دوای دوو لە نووسەرە هاوسەفەرەکانم ئەوجا نۆرە دەهاتە سەر من. خۆ من لەوان زیاتر نیم. زانیم بەڕێوەبەر ئەو سووکایەتییە بەمنیش دەکات. بۆیە نۆرەبڕیم کرد، وتم: ((قوربان ئەمڕۆ ٣١ی ئاب نییە، ئەمڕۆ ١٣ی ئابە، یەکەکە لەمدیوەوە دەنووسرێ! من بۆ ئەوە دەچم بۆ هەولێر، تاکو ئەم ڕەشنووسە بەروڕووی وەزارەتی ڕۆشنبیری بکەمەوە، بۆم چاپبکات…)) ڕەشنووسی (مەملەکەتی ماسی) و، وێنەی بەرگ و هێڵکارییەکانی ناوەوەم پیشان دا، کە هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالە کێشابوونی. ئەمجا وتم: ((ئێوە کتێب بۆ هەموو جاش و قەڵەمفرۆشێک چاپدەکەن، بەڵام بۆ منی ناکەن. ئەگەر تۆ وەعدم دەدەیتێ، لێرە بۆم چاپبکەن ئەوا من ناچم بۆ هەولێر!)) کاک حەمە حسێن ڕاشکاوانە وتی: ((ڕاستدەکەیت کاک حەمە فەریق، یەکێتیی نیشتمانی کتێب بۆ هەموو جاش و قەڵەمفۆفرۆشێک چاپدەکات بەڵام بۆ تۆی ناکات. تۆ دیارە نامناسیتەوە. بەرلەوەی من ببم بە پێشمەرگە، ئێمە دراوسێ بووین. من دەزانم، تۆ بەقەدەر تووکی سەری خۆت کتێبت خوێندووەتەوە، حەیف نییە ئێستا دەچی بۆ هەولێر؟))

کاک حەمە حسێن، وەک بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، سەبارەت بەهەر یەکێکمان ڕاوبۆچوونی خۆی وت، بەڵام دیاربوو، زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بۆیچووبوون، هەڵەو چەواشەکاری بوون. بۆ نموونە بە کاک (ح) ی وت: ((تۆ مامۆستای زمانی ئینگلیزیت لە دواناوەندیی ڕۆشنبیر، هەمیشە لە پۆلدا هێرش دەکەیتە سەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان!)) کاک (ح) لە وەڵامدا وتی: ((یەکەم، من مامۆستای زمانی ئینگلیزی نیم، بەڵکو مامۆستای زمانی کوردیم. دووەم، من وانەی خۆم دەڵێمەوە و لە پۆلدا باسی سیاسەت ناکەم، ئەوەی تۆ باسیدەکەیت یەکێکی ترە!)) بەڵام کاک (ح) ناوی ئەو مامۆستایەی پێنەوت.

دواتر، کاک حەمە حسێن خاوی کردەوە. دۆخەکەی گۆڕی و کەوتە پرسیار کردن. یەکێک لە پرسیارەکانی ئەمەبوو: ((ناوێکی خۆشی کوردیم دەوێ بۆ کوڕ!)) من ئاوام پێشنیاز کرد: ((قوربان ناوی بنێ پۆلیس!)) بەڵام کاک حەمە حسێن هیچ خۆی لێڵنەکرد. دواتر وتی: ((من ناتانگرم، سبەینیی دنیامان لێ پڕدەکەن، ڕێی هەولێریش کراوەیە فەرموو بڕۆن بۆ هەولێر!)) وەلێ کاک سەرکەوت ی جێگری، کە هەتا ئەو کاتە بێدەنگی هەڵبژاردبوو، ڕوویکردە کاک حەمە حسێن، وتی: ((ئەوە ئیزنیان دەدەی؟ وەڵاهی من بوومایە، یەک مشارم دەهێناو قاچی هەموویانم دەبڕییەوە!))

ئێمەیش وەختێ لە ئاسایش دەرچووین، لەسەر ئەوە ڕێککەوتین، کە سەفەرێک بەم جۆرە بشکێتەوە نەکردنی باشترە. هەریەکە گەڕایەوە ماڵی خۆی. منیش لۆش لۆش بە ڕەشنووس و وێنەو هێڵکارییەکانی مەملەکەتی ماسییەوە، گەڕامەوە ماڵی خۆمان، لە گەڕەکی بەرانان. کاتێک لە دەرگەی لەسەرپشتی حەشەوە چومە ژوورێ، ژمارەیەکی زۆر پێڵاوی ژنانەم بینی، کە لەپێش جامخانەی ماڵەکەمدا ڕیزکرابوون. ماڵیش وەک خۆڵی مردووی بەسەردا کرابێ، کش و مات. پێمهەڵگرت، لەدڵی خۆمدا وتم: ((هەبێ و نەبێ، کارەساتێکمان لێ قەوماوە!)) وەختێ من بەپەلە خۆم بەژووردا کرد، ئەوان ماتومەلوول سەیری یەکیان دەکرد. پرسیم: ((خێرە وا دەستەوئەژنۆ دانیشتوون؟)) ژنەکەم وتی: ((خەبەرمان زانیوە، ئاسایش ئێوەی گرتووە. هەژاری خەشکەزاتمان ناردووە بزانێ لەکام بەندیخانەن!))

ئەوەیش حاڵی نووسەری ناحزبیی ژێر سایەی حوکمی نیشتمانی! ئەم برادەرانە، هەتا لەشاخ بوون، ئێمە گۆرانیمان بۆ وتن، کە گەڕانەوە، هیچی وایان لە بەعس کەمتر نەبوو. یەک لەباری خۆم بڕوام نەدەکرد ئه‌م خۆڵه‌مێشه‌ی لە شار دەمبینی وه‌چه‌ی پشکۆکانی شاخ بووبن. لە ساڵانی جەنگی ناوخۆدا دنیایان لێ کردبووین بەچەرمی چۆلەکە. دنیایەک سەرێکی لە بانمەقان تەواودەبوو، سەرەکەی تری لە دێگەڵە دەگەیشتە بنبەست. ئەو دەسەڵاتەی، ئەگەر لەدەستی بهاتایە خۆری بە فافۆن و مانگی بە مس ئەودیوی ئێران دەکرد، بێدەنگ وەک سێبەرەکانمان بەدوامانەوە بوون. پیاوە جەنگەڵییەکان دەیانویست بمانکەن بە پاشماوەخۆری خۆیان، کە لەپاشماوەی خواردنێک دەچوو مار دەمی ئێژەنبێت!

دواجار، لە ساڵی ١٩٩٨ دا، چەند هەفتەیەک بەرلەوەی بەناچاری ڕووەو خۆرئاوا سەری خۆم هەڵگرم، مەملەکەتی ماسی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە، لە هەولێر چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەو دەمە مامۆستا فەلەکەدین کاکەیی وەزیری ڕۆشنبیری بوو. دوای چەند ساڵێک، کاک حەمە حسێنی بەڕێوەبەری ئاسایشی شار، لە بەرەوڕووبوونەوەیەکدا، لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی، شەهیدبوو. بەداخەوە، خەونەکانی ئێمە، وەک ئەو نامانەی ناونیشانی سەرپاکەتەکانیان بەهەڵە دەنووسرێن، نەگەیشتنەجێ!

کۆبنهاون

١١ی ئابی ٢٠٠٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.