
ڕێنه‌سانس …. ئیسماعیل ڕواندزی
ڕێنه‌سانس(1)، که مانای “له‌دایکبوونه‌وه” ده‌گه‌یێنێ، جوولانه‌وه و ئاراسته‌یه‌کی ڕووناک‌بیری هه‌مه‌لایه‌نه و بنچینه و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیتی(2)، بوو. ڕێنه‌سانس به‌ئاگاهاتنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینانه بوو بۆ زمان، شیعر، شانۆ، کلتور و فه‌لسه‌فه‌ی دونیای یۆنانی و ڕۆمانی کۆن. ڕینه‌سانس سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند تاکێک له شاری فلۆڕانس ده‌ستیپێکرد و بۆ ماوه‌ی سێسه‌د ساڵ له ناو دڵی گه‌شه‌کردنی ئه‌ده‌ب، هونه‌ر، زانست، ئایین و سیاسه‌ت خۆی حه‌شاردا و توانی زنجیره‌یه‌ک کاردانه‌وه‌ی قووڵ له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، زانستی و کلتووری له گشت ئه‌وروپادا ساز بکا. ڕێنه‌سانس په‌رده‌ی له‌سه‌ر که‌موکوڕی نه‌ریت و سیسته‌می زاڵ لابرد و بۆ یه‌که‌مینجار له مێژوودا بواری ڕه‌خساند بۆ گه‌شه‌کردنی تاک و سه‌رهه‌ڵدانی هیومانیزم.
ڕێنه‌سانس و کلێسای کاسۆلیک
له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، کلێسای کاسۆلیک ته‌نیا خاوه‌ن هه‌ژموونێکی ئایینی به‌هێز نه‌بوو، به‌ڵکو خاوه‌ن سووپا و کاریگه‌رییه‌کی سیاسی گه‌وره‌ش بوو، به‌جۆرێک پاپای کلێسای کاسۆلیک له‌و سه‌رده‌مدا به‌هێزترین که‌سایه‌تی سیاسی جیهان بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵێک ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی له‌ناو خودی کلێسا و چه‌ندین گۆڕانی‌تری ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و دۆزینه‌وه‌ی زانستی، وایکرد پێگه‌ی ئایینی و سیاسی کلێسا بهه‌ژێ و ببنه پاڵنه‌رێکیش بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیاریده‌ی ڕێنه‌سانس. لێره‌دا به کورتی ئاماژه به هه‌ندێک له‌و ئاڵوگۆڕانه ده‌که‌م.
یه‌که‌م: ڕۆڵی ناوه‌ندی کلێسا له ده‌وڵه‌ت و ژیانی سیاسی‌دا وایکرد ئاره‌زووی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و خۆشیه‌کانی ژیانی دونیایی پاشه‌کشه به ئاره‌زووی خوداپه‌رستی و رووحانیه‌ت لای پیاوانی ئایینی کلێسا بکات. پیاوانی ئایینی له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی پۆست و ناوه‌نده ستراتیژیه‌کانی کلێسا له ده‌ستی خۆیان و خێزانه‌کانیان، په‌یڕه‌وییان له سیاسه‌تی خزمپه‌رستی (Nepotism)(3) ده‌کرد، به‌مه‌ش هه‌ڵده‌ستان به دانانی یه‌کێک له ئه‌ندامانی خیزانی خۆیان یان یه‌کێک له خزم و که‌سوکارییان له پۆست و ناوه‌نده ستراتیژییه‌کانی کلێسا. بێجگه له سیاسه‌تی خزمپه‌رستی ئه‌وا سیاسه‌تی سایمۆنیش (Simony)(4) له کلێسا ته‌شه‌نه‌ی کردبوو. پله‌وپاییه ئایینه ستراتیژی و گرنگه‌کان کرێن و فرۆشتنیان پێده‌کرا و که‌سانی زه‌نگین ده‌یانتوانی به‌بێ بوونی هیچ پێشینه‌یه‌کی ئایینی ببن به کاردینال و که‌سانی ئایینی کاریگه‌ر له ده‌زگاکانی کلێسادا. کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی خودی پۆستی پاپای کلێسا کڕین و فرۆشتنی پێ‌بکرێ، به‌جۆرێک له‌و سه‌رده‌مدا دوو پاپای گه‌نج، که خاوه‌ن پاره و جێگه‌وڕێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رزبوون، په‌یدابوون. ته‌شه‌نه‌کردنی سیاسه‌تی خزمپه‌رستی و سایمۆنی وایکرد له‌لایه‌ک ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک دژ به کلێسا زیاد بکا و وورده وورده‌ش پێگه‌ی مه‌سه‌له ئایینه‌کانی وه‌ک دۆزه‌خ و به‌هه‌شت و ژیانی پاش مردن که‌مڕه‌نگ ببنه‌وه به قازانج ئاره‌زووه دونیایی و ماددیه‌کان. هه‌روه‌ها له‌لایه‌کی‌تر کلێسای کاسۆلیکی لێکترازاند و بووه هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی پڕۆتستانته‌کان که به تووندی به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵاتی پاپا و کلێسای کاسۆلیکی وه‌ستانه‌وه و داوای ڕیفۆڕمیان ده‌کرد.
دووه‌م: له سه‌رده‌می ڕێنه‌سانسدا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جیددی بۆ زمان و کلتوور و فه‌لسه‌فه‌ی یونانییه کۆنه‌کان درایه‌وه، که بووه هۆی به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی ئیلیتی ڕۆشنبیر له ده‌وڵه‌مه‌ندی سه‌رچاوه یه‌که‌مه‌کانی شارستانییه‌تی ئه‌وڕوپا. بۆ ده‌ست گه‌یشتن به‌و سه‌رچاوانه‌ش گرنگی درایه‌وه به فێربوونی زمانی یۆنانی و لاتینی کۆن، به‌مه‌ش وورده وورده زه‌مینه بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ له په‌رتووکی پیرۆز “ئینجیل” و سه‌رهه‌ڵدانی هیومانیسته مه‌سیحیه‌کان ڕه‌خسا. وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا که گه‌شه‌سه‌ندنی سیاسه‌تی دونیاپه‌رستی له لایه‌ن کلێساوه بووه هۆکاری گه‌شه‌کردنی بێمۆڕاڵی له کۆمه‌ڵگه و کلێسادا، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا خودی سیاسه‌تی دونیاپه‌رستیش بوو که پاڵی به پاپاکانه‌وه نا گرنگی زیاتر به لێکۆڵێنه‌وه هیومانیسته‌کان بده‌ن و لێبورده‌یی زیاتر بنوێنن له به‌رامبه‌ر لێکۆڵێنه‌وه زانستییه‌کان و هونه‌ر و رۆشنبیری.
سێیه‌م: له سه‌رده‌می ڕێنه‌سانسدا زانست هه‌نگاوی زۆر مه‌زن و پێوانه‌یی بۆ پێشه‌وه هاویشت. له سه‌ده‌ی شازده‌مدا زانای گه‌ردوونناس کۆپه‌رنیکۆس، به پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه‌کانی کیبلر، توانی تیۆرێکی نوێ بنووسێ. کۆپه‌رنیکۆس له‌و تیوره‌دا ته‌واو پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی کلێسا، که پێیوابوو زه‌وی سه‌نته‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژ و گه‌ردوونه، ڕایگه‌یاند که ڕۆژ چه‌قی کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆژه نه‌ک زه‌وی. تیۆری نوێی کۆپه‌رنیکۆس هه‌رایه‌کی گه‌وره‌ی نایه‌وه و که‌وته به‌ر هێڕشی تووندی کاسۆلیک و پڕۆتستانته‌کان. پاش تیۆره‌که‌ی کۆپه‌رنیکۆس، میکڕۆسکۆپ و ته‌لسکۆپیش دۆزرانه‌وه که بوونه هۆکاری دۆزینه‌وه‌ی دوو جیهانی نوێ که پێشتر که‌س له بوونیان ئاگادار نه‌بوو. ئه‌وانیش جیهانی ئۆڕگانیسمه بچووکه‌کان و جیهانی ئه‌ستێره دووره‌کان، بوو. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م دوو جیهانه ئیتر شۆرشێک بوو به هه‌موو پێوانه‌کان. وه‌ک هه‌موومان ده‌زانین که دوایی له سه‌دده‌ی هه‌ڤده‌م ڕووداوه‌که‌ی گالیلۆشی به‌دوادا هات، که تیایدا پیاوانی ئایینی ته‌نانه‌ت ڕه‌تیانکرده‌وه له ته‌لسکۆبه‌که‌ی گالیلۆ سه‌یری ئاسمان بکه‌ن بۆ دڵنیابوون له قسه‌کانی گالیلۆ. ڕاستیه‌که‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا دۆزینه‌وه زانستییه نوێیه‌کان، که چیتر وه‌ک پێش‌و پشتیان به باوه‌ڕه دۆگمه‌کانی تیۆلۆژی نه‌ده‌به‌ست و له‌سه‌ر بنه‌مای کۆکردنه‌وه و ئه‌نالیزه‌کردنی داتا‌کان و تاقیکردنه‌وه و ئه‌نجامه‌کان سازببوون، توانی وورده وورده تیۆلۆژی که‌نیسه‌ی کاسۆلیکی، که له زانکۆکان‌دا به پادشای هه‌موو زانسته‌کان داده‌نرا، له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی بهێنێته‌خۆاره‌وه.
چواره‌م: ته‌وژمی ڕێنه‌سانس به ده‌ستپێکردنی قۆناغی ده‌ریاوانه گه‌ڕۆکه‌کان به‌هێزتربوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ریاوانه گه‌ڕۆکان په‌یدابوون که به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی زێڕ و کاڵای به‌نرخ گه‌شتی ده‌ریاییان ده‌کرد. کۆلۆمبۆس، وه‌ک یه‌کێک له‌و ده‌ریاوانه گه‌ڕۆکانه، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌کی بازرگانی کورتر بۆ هیند، گه‌شتێکی چه‌ند مانگه‌ی به‌ره‌و ڕۆژئاوای زه‌ریای ئه‌تله‌سی ده‌ستپێکرد که له ئاکامدا توانی ئه‌مریکا بدۆزێته‌وه. به دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مریکا ئیتر ئابووری بازرگانی گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی کرد و وورده وورده پاره بووه خاوه‌ن ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی له ئابووریدا. ڕاسته پاره له ئابووری پێش سه‌رمایه‌داریش بوونی هه‌بوو به‌ڵام له‌وێدا ئابووری له‌سه‌ر بنه‌مای ئاڵۆگۆڕی کاڵاکان و خزمه‌ته‌کان ساز ببوو، بۆیه پاره له بازاڕدا ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی نه‌بوو. به سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ره‌تاکانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئیتر پاره بووه کاڵایه‌کی بنه‌ڕه‌تی له ئابووری نوێ‌دا، به‌جۆرێک بووه خاوه‌نی به‌هایه‌کی ناوه‌کی. به‌مه‌ش پاره ده‌یتوانی که‌ڵه‌که بکات و مرۆڤ ده‌وڵه‌مه‌ند ببێ له‌ڕیگه‌ی وه‌ربه‌رهێنانی پاره‌وه. له‌و سه‌رده‌مدا یه‌کێک له پڕۆژه‌کانی وه‌به‌رهێنانی پاره بریتی‌بوو له وه‌ربه‌رهێان له بواری پڕۆژه‌کانی گه‌شته ده‌ریاییه‌کان بۆ گه‌ڕان به‌دوای زێر‌و کاڵا به‌نرخه‌کان. ئه‌م پڕۆژانه له لایه‌ن ده‌ریاوانه گه‌ڕۆکه‌کان جێبه‌جێده‌کرا به قه‌رز و سه‌رمایه‌گوزاری ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان. بۆیه‌ش گه‌شه‌کردنی وه‌ربه‌رهێنانی پاره بووه هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێکی گه‌وره له مۆڕاڵدا، به‌جۆرێک مه‌سه‌له‌ی ڕبا و سوود دانان له‌سه‌ر قه‌رز ده‌بوایه پێناسه‌یه‌کی نوێی بۆ بکرێته‌وه. بۆیه‌ش کلێسا ناچار بوو ڕێگا به سوود و ڕبا بدات به‌ڵام به مه‌رجی دانه‌نانی سوودێکی زۆر و چه‌وسێنه‌رانه له سه‌ر پاره‌ی قه‌رزکراو و سه‌رمایه‌گوزاری. به‌مشێوه‌یه سوود و ڕبا پێانسه‌یه‌کی نوێیان پێدرایه‌وه. ئه‌مه‌ش ئاڵوگۆڕێکی مه‌زن و مێژوویی بوو.
ڕێنه‌سانس و شاری فلۆڕانس
له ئیتاڵیای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا چه‌ندین ده‌وڵه‌تی جۆراوجۆر هه‌بوون، له‌وانه ده‌وڵه‌تی میلان، ڤینیسیا، فلۆڕانس و ناپۆلی، که له‌نێویاندا فلۆڕانس له هه‌موویان شارستانی‌تر و پێشکه‌وتوتر بوو. ئه‌گه‌رچی جوولانه‌وه‌ی ڕینسانس ته‌نها به‌رهه‌می شاری فلۆرانس نییه به‌ڵام فلۆڕانس ناوه‌ند و سه‌رچاوه‌ی رێنه‌سانسه. هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و شیعر و نیگارکێشه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م زۆربه‌یان له فلۆڕانس سه‌ریانهه‌ڵدا. له سه‌دده‌ی چوارده‌م کۆسیمۆ دیمێده‌شی (1389-1464)، که که‌سێکی زۆر زه‌نگین و کاریگه‌ر بوو له فلۆڕانسدا، فه‌رمانڕه‌وایی فلۆڕانسی گرته ده‌ست. کۆسیمۆ دێمێدیشی خۆشه‌ویستیه‌کی زۆری بۆ فیکر و هۆنه‌ری دونیای کۆن و فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ (ئه‌فلاتۆن) هه‌بوو. عه‌شقی کۆسیمۆ بۆ کلتووری یونانییه‌کان و فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ وایکرد که چه‌ند زانا و هونه‌رمه‌ندیک له‌باوه‌ش بگرێ و سه‌رپه‌رشتیان بکا که دوایی بوونه سه‌ره‌تای به‌رجه‌ستبوونی دیاریده‌ی ڕێنه‌سانس. دوایش لۆرێنزو دێمێدیشی (1449-1492)، ناسراو به لۆرینزۆ زیمه‌گنیفیسه‌ن، درێژه‌ی به ڕێڕه‌وی باپیره‌که‌ی دا. به‌مشێوه‌یه له‌سه‌رده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی دێمێدیشی فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ له فلۆڕانسدا گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی کرد. به گه‌شه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ و به‌راوردکردنی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی زاڵی ئه‌رستۆ، بووه هۆکاری په‌یدابوونی هیومانیسته‌کان، که ئه‌وانیش بوونه ڕێگه‌خۆشکه‌ر بۆ په‌یدابوونی فه‌یله‌سوفێکی گه‌وره‌ی وه‌ک دیکاڕت(5) له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌مدا، که تیایدا ئه‌وڕوپا له‌ژێر کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌که‌یدا گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی و ڕادیکاڵی به‌خۆه بینی و توانی فه‌لسه‌فه‌ی تۆماس ئه‌کواینه‌س (1225-1274)(6) له سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی فه‌لسه‌فه بهێنێته خواره‌وه.
دوای مردنی لۆرێنزو له ساڵی 1492، کوڕی لۆرێنزو ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست. به‌ڵام کوڕی لۆرینزو وه‌ک باوک و باپیره گه‌وره‌که‌ی که‌سێکی ژیر‌و به توانا نه‌بوو بۆیه‌ش له ساڵی 1494 فه‌رمانڕه‌وایی فلۆڕانسی به قازانج ساڤۆنارۆڵا (1452-1498)(7) له ده‌ستدا. ساڤۆناڕۆڵا وه‌ک قه‌شه‌یه‌کی ڕادیکاڵ دژی سیمای شارستانییه‌ت و جوولانه‌وه‌ی ڕێنه‌سانس وه‌ستایه‌وه و ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی تووندڕه‌وی له فلۆڕانس سازکرد. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ساڤۆناڕۆڵا پاش چوار ساڵ ڕووخا و له جێگه‌یدا کۆماری فلۆڕانس سازکرا، که تیایدا که‌سایه‌تی ناسراوی سیاسه‌ت، نیکۆڵا مه‌کیاڤیلی، پۆستێکی دیپلۆماسی به‌رزی وه‌رگرت. کۆماری فلۆڕانسیش تا سالی 1512 درێژه‌ی به ژیانی خۆیدا. له‌و ساڵه‌دا بنه‌ماڵه‌ی دێمیدیشی توانیان جارێکی‌تر ده‌سه‌ڵات له فلۆڕانس بگرنه‌وه ده‌ست تاکو ساڵی 1537.
دوا قسه!
ڕینسانس نه‌یتوانی فه‌یله‌سوفێکی گه‌وه‌ره به‌رهه‌م بێنێ و مرۆڤ له ملکه‌چی و پاشکۆیاتی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ئازاد بکا، به‌ڵام ده‌رگای بۆ فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ و دونیای کۆن خسته سه‌رپشت. ڕاسته ڕینسانس له ئاستی فکریه‌وه هه‌ژاربوو به‌ڵام توانی مرۆڤ له بیرته‌نگی کلتووری ئه‌و سه‌رده‌م به ئاگابێنێته‌وه، به‌جۆرێک مرۆڤی له بوونی بیروڕای جیاواز و جۆراوجۆریه‌تی یۆنانیه کۆنه‌کان و دونیای پێش مه‌سیحیه‌ت ئاگادار کرده‌وه. ئاگایی زانا و خوێنده‌وارانی رێنسانس له دونیای کۆن وایکرد زه‌مینه بۆ هۆشیارییه‌ک خۆش ببێ که بتوانێی ململانێی ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌کانی یۆنانیه‌کان بکه‌ن و تیایدا داهێنانی تاکه‌که‌سی گه‌شه بکا بۆ دۆزینه‌وه‌ی شته نه‌زانراوه‌کان. به کورتی شه‌پۆله‌کانی ڕێنه‌سانس بنه‌ما و زه‌مینه‌ی بۆ تیوره فیکرییه‌کانی دونیای هاوچه‌رخ خۆشکرد که له سه‌دده‌ی هه‌ڤده‌م له‌چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی دیکاڕت به‌ڕۆشنی خۆی ده‌رخست.
ڕینه‌سانس نیگارکێش و هونه‌رمه‌ند و سیاسی زۆر گه‌وره‌ی وه‌ک لیۆناردۆ و میکڵائه‌نجیلۆ و مه‌کیاڤیلی به‌رهه‌مهێنا. له نووسینی داهاتوومدا به تێروته‌سه‌ل ڕۆشنایی ده‌خه‌مه سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مه‌کیاڤیللی که به داهێنه‌ری زانستی سیاسی و ده‌وڵه‌تی مۆدێرن داده‌نرێ.
——————
په‌راوێزه‌کان:
1- “ڕێنه‌سانس” له بنجینه‌دا ووشه‌یه‌کی فه‌ڕه‌نسیه و واتای “له‌دایکبوونه‌وه” ده‌گه‌یه‌نێ. مه‌به‌ستیش له‌م ووشه‌یه واتا گه‌شه‌کردنی چاڵاکی یاخود ئاره‌زوو بۆ شتێک له بواری ئایدیا، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب یاخود موسیقا.
2- ووشه‌ی مۆدێرن “Modern” واته به‌کارهێنانی نوێترین ئایدیا و میتۆدی تازه. ووشه‌ی مۆدێرنیتی “Modernity” واته حاله‌تی بوون به مۆدێرن. مۆدێرنیتی وه‌ک قۆناغێکی مێژوویی واته قۆناغی پۆست- تڕادیسیۆن یاخود قۆناغی دوای ساڵی 1500 تاکو ئێستا.
3- من ووشه‌ی ” Nepotism”ی ئینگلیزیم به “خزمپه‌رستی” وه‌رگێراوته‌وه سه‌ر کوردی. ئه‌مه‌ش چونکه ” Nepotism” واته کرداری به‌کارهێنانی هێز و نفوزی خۆت بۆ دامه‌زراندن و دانی پۆست و پله‌وپاییه به‌شێوه‌یه‌کی نادادپه‌روه‌رانه به ئه‌ندامانی خێزان و بنه‌ماڵه‌که‌ت.
4- ووشه‌ی سایمه‌نی “simony”م وه‌کو خۆی به‌کارهێناوه. “simony” واته کرده‌وه‌ی وه‌رگرتنی پله‌یه‌کی ئایینی و ڕووحانی یاخود پله‌وپاییه‌ک له کلێسادا له‌ڕێگه‌ی به‌رتیل.
5- بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی دیکاڕت سه‌یری نووسینه‌که‌ی من “دیکاڕت وای گووت” بکه
6- له‌به‌ر گرنگی ئاگاداربوون له فه‌لسه‌فه‌ی زاڵی پێش و سه‌رده‌می رینه‌سانس، ئه‌وا له‌م په‌راوێزه‌دا ئاماژه‌یه‌کی کورت به هه‌ندێک له لایه‌نه‌کانی فه‌لسه‌فه و تیۆلۆژی ئه‌کواینه‌س ده‌که‌م. تۆماس ئه‌کواینه‌س یه‌کێکه له تیۆلۆژیسته به‌ناوبانگه‌کانی کلێسای کاسۆلیک، که گه‌شه‌یدا به تیۆلۆژی سروشتی (Natural Theology). تێڕوانینی بنچینه‌یی ئه‌کواینه‌س بۆ تیۆلۆژی سروشتی له سه‌ر قسه‌کانی پۆلس له ئینجیل سازبووه، که له‌وێدا پۆلس زانیاری خۆی ده‌رباره‌ی خودا له سروشت هه‌ڵده‌هێنجێ. ئه‌کواینه‌س گووتی ڕاسته ئه‌و زانیارییانه‌ی که له رێگه‌ی سروشته‌وه به‌ده‌ستمان ده‌گه‌ن، زانیاری ناته‌واو و ناڕاسته‌خۆ و ئانالۆژیکن (وێکچوون) به‌ڵام زانیاری ڕاستن. ئه‌کواینه‌س مه‌به‌ستی بوو بڵێ که ئه‌و زانیارییانه‌ی که ده‌رباره‌ی خودا له سروشت وه‌ریانده‌گرین ئه‌وا زانیاری ڕاسته‌وخۆ نیین وه‌ک ئه‌و زانیارییانه‌ی که له ئینجیل‌دا هاتوون به‌ڵکو زانیاری ناڕاسته‌خۆو یارمه‌تیده‌رن بۆ تێگه‌یشتن له بوون و هێزی خودا. ئه‌کواینه‌س گووتی ڕاسته ناتوانین خودا ڕاسته‌خۆ له‌رێگه‌ی سروشت بناسینه‌وه به‌ڵام سروشت ئامراز‌و ناوه‌ندێکه که تیایدا خودا هه‌م خۆی له مه‌خلوقات و هه‌م له ڕێگه‌ی مه‌خلوقه‌کانه‌وه پیشانده‌دات. مه‌به‌ستی ئه‌کواینه‌س له تێرمی ناته‌واویش ئه‌وه بوو بڵێ که ڕاسته زانیاری وه‌رگیراو له سروشت به به‌راورد له‌گه‌ڵ زانیاری مه‌وجود له ئینجیل، ته‌واو و هه‌مه‌لایه‌نه و قووڵ نییه، به‌ڵام شتێکمان ده‌رباره‌ی خودا پێده‌ڵی و ئه‌و شته‌ش زانیارییه‌کی راسته و به‌شێکیشه له ناوه‌ڕۆکی زانیاری مه‌وجود له ئینجل. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی بوونی خوداوه ئه‌کواینه‌س گووتی خودا “بوون”ێکی پێویسته هه‌م له‌ڕووی لوژیک و هه‌م له‌ڕووی ئه‌نتۆلۆژیه‌وه. چۆن؟ سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه بزانین که ئه‌نتۆلۆژی واته دیراسه‌کردنی “بوون”. له سه‌رده‌می فه‌یله‌سوفه‌کانی پێش سوقڕات ململانییه‌کی تووند هه‌بوو له‌سه‌ر کۆنسێپتی “بوون” (being) و کۆنسێپتی ” بیکه‌مینگ” (becoming) [ بیکه‌مینگ له رووی فه‌لسه‌فیه‌وه واتا گۆڕان له ئاستێکی نزم له ئیمکانیه‌تی “بوون” بۆ ئاستێکی به‌رزتر له بوونی ڕاسته‌قینه]. بۆیه‌ش ئه‌کواینه‌س مه‌به‌ستی له پێویستی “بوون”ی خودا ئه‌وه بوو که ئه‌و “بوونه” پاشکۆ و هه‌ڵهێنجراو و به ئه‌گه‌ر و مه‌رج گرێ نه‌د‌راوه. ئه‌کواینه‌س گووتی بۆ نموونه مرۆڤ “بوون”ێکی مه‌رجدار و هه‌ڵهێنجراوه بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر مرۆڤ نان نه‌خوا و ئۆکسجین وه‌رنه‌گرێ ئه‌وا “بوونی” نامینێ. ئه‌کواینه‌س گووتی مرۆڤ هۆکاری “بوون”ی خۆشی نییه به‌ڵکو له شوێنێک هه‌ڵهێنجراوه و ماوه‌یه‌ک ده‌ژێ و دوایش ده‌مرێ. مرۆڤ له‌و ماوه‌یه‌ی که له ژیاندایه ئه‌وا به‌رده‌وام له گۆڕاندایه بۆیه‌ش مرۆڤ “بوونێکی مه‌رجدارو مومکنه”. مه‌به‌ستی ئه‌کواینه‌س ئه‌وه بوو که بڵێ “بوون”ی خودا جیاواز له “بوون”ی مرۆڤ مومکن و مه‌رجدار و هه‌ڵهێنجراو نییه، به‌ڵکو هێزی “بوون” خۆی له ناوه‌خنی خۆیدا و له هیچ “بوون”ێکی‌تر وه‌رینه‌گرتووه، بۆیه‌ش خودا “بوون”ێکی پێویسته. به‌واتایه‌کی‌تر ئه‌کواینه‌س ده‌یویست بلی که مادام “بوون”ی خودا له خۆدی خۆی دایه که‌واته له ڕووی ئه‌نتۆلۆژییه‌وه ناکرێ خودا بوونی نه‌بێ. ئه‌کواینه‌س گووتی له‌رووی لۆژیکیشه‌وه پێویسته خودا بوونی هه‌بێ، بۆچی؟ ئه‌کواینه‌س گووتی چونکه له‌ڕووی لۆژیکیه‌وه ئه‌گه‌ر پێشتر هیچ نه‌بوایه ئه‌وا ئێستاش هیچ شتێک بوونی نه‌ده‌بوو. به‌واتایه‌کی‌تر ئه‌کواینه‌س مه‌به‌ستی بوو بڵێ که ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێک هه‌بووبێ که هیچ شتێک بوونی نه‌بووبێ و ئێستاس شتێک بوونی هه‌یه و گریمان ئه‌و “بوون”ه‌ی ئێستاش له‌ناکاو توانیویه‌تی بێته بوون ئه‌وا له رووی لۆژیکیه‌وه مه‌حاڵه. چونکه لۆژیک ده‌ڵێ ” له هیچه‌وه هیچمان ده‌ست ده‌که‌وێ”.
7- گیرۆلامۆ ساڤۆناڕۆڵا قه‌شه‌یه‌ک بوو دژی پاپای کلێسای کاسۆلیک و له ساڵی 1494 ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی تووندڕه‌وی له فلۆڕانس سازکرد. ساڤۆناڕۆڵا زۆر تووند دژی سیمای شارستانییه‌ت و ژیانی خۆشگوزه‌رانی نوێی فلۆڕانس وه‌ستایه‌وه و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خوداپه‌رستی و یاسا ئایینیه‌کان ده‌کرد. به‌ڵام ساڤۆناڕۆڵا نه‌یتوانی ئاراسته و ئاڵۆزی شانۆی سیاسی ئیتاڵیا و هاوسه‌نگی هێزه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ووردی بخوێنێته‌وه، بۆیه‌ش پاش چوار ساڵ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ڕووخاو له ساڵی 1498 ده‌ستگیرکراو و له سێداره‌درا. پاش له سێداره‌دانی ساڤۆنارۆلا، مه‌کیاڤیللی له په‌رتووکی “میر”دا گووتی: مێژوو پێمان ده‌ڵێ که ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی خاوه‌ن هێز و سووپا بوون سه‌رکه‌وتن به‌لام ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی سوپا و هێزنه‌بوون له‌ناوچوون.
———————————–
سه‌رچاوه‌کان:
1- History of Western Philosophy, Bertrand Russell
2- Geschiedenis van de filosofie, Hans Joachim Storig, zevenentewintigste druk 2004
3- The prince, Niccolo Machiavelli