
ئیسلامی سیاسی له ژێر پاڵتۆی دیموكراسی خۆی حه‌شارداوه
ئیسلامی سیاسی وه‌ك گروپگه‌لێكی گۆشكراو به ئایدۆلۆژیای ئیسلامی له ده‌رئه‌نجامی پێشكه‌شكردنی چه‌ندین ئه‌زموونی حوكمڕانێتی شكستخواردوو و فێنده‌مێنتالیانه به‌هه‌ره مه‌ترسیدارترین رێكخراوگه‌لی سیاسی ئیسلامی له‌ناوه‌نده جیهانی و ئیسلامییه‌كاندا هه‌ژمار ده‌كرێن، چونكه به‌پێی ده‌ركه‌وته‌كانی ئیسلامی سیاسی، كۆمه‌ڵگه‌كانی ژێرچنكی ئه‌و گروپانه سه‌ره‌ڕای نائارامی و ترۆپكی توندوتیژییه‌كان به‌رانبه‌ر به‌تاك و كۆی كایه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بوونه‌ته فاكته‌ری هه‌ره سه‌ره‌كی له برسێتی و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه گشتی و تاكییه‌كان بۆ سه‌رجه‌م په‌یڕه‌وانی ئایین و ئایینزاكان و گروپه سیاسییه‌كان، ئه‌وان واته گروپ و رێكخراوه ئیسلامییه‌كان هه‌میشه له‌ئاماده‌گیدان بۆ دروستكردنی كه‌شێكی ئاڵۆز له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵگه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو پشێوی و فه‌وزادا گه‌شه بكه‌ن، ئه‌زموونی تالیبان نموونه‌یه‌كی زیندووه له‌وه‌ی بن لادن سوودی له‌ناكۆكییه‌كانی ناو ئه‌فغانستان و ژینگه ئاڵۆزه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته داخراوه وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ڕه‌گ داكوتێت و پێگه‌كه‌ی به‌هێزتر بكات، به‌مه‌ش توانی به‌هه‌زاران كاره‌كته‌ری فێنده‌مێنتالی گۆشكراو به‌ئایدۆلۆژیای ئیسلامی له‌چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی به‌ناوی ئه‌لقاعیده كۆبكاته‌وه، ده‌رئه‌نجام ئاڵۆزییه‌كان له‌ناوچه‌ییه‌وه بوون به‌ململانێی جیهانی به‌ره‌ی رۆژئاواوو رۆژهه‌ڵاتی كه رۆژئاواییه‌كان به‌ناوی شه‌ڕی دژه تیرۆره‌وه به‌زه‌بری هێزه‌وه هاتنه ناو رۆژهه‌ڵاته‌وه، ئه‌م شه‌ڕه‌ش تاكو ئه‌م چركه‌ساته ئاماده‌گی هه‌یه‌و له‌دواییدا به فۆڕمی جیاوازتره‌وه كاردانه‌وه‌كانی ده‌بینین، چونكه بن لادن هه‌ڵه‌ترین كارتی دایه ده‌ست رۆژئاواییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی بێنه ناو وڵاتانی ئیسلامییه‌وه.
ئه‌زموونی ئیسلامی سیاسی له وڵاتانی ئیسلامی‌دا
به‌وپێیه‌ی ئیسلام به یه‌كێك له ئایینه داخراوه‌كان داده‌نرێت و كرانه‌وه تێیدا به‌لادان له ئایین هه‌ژمارده‌كرێت، ده‌وڵه‌تانی ئیسلامیش بۆ ڕازیكردنی زۆرینه‌ی تاكی موسڵمان هیچ هه‌نگاوێك له‌باره‌ی كرانه‌وه‌و گونجاندنی ئایین له‌گه‌ڵ دونیای سه‌رده‌مدا ناوێن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ترس له كۆمه‌ڵگه تا دژی نه‌وه‌ستنه‌وه، كه‌واته ئه‌م فاكته‌ره به‌هێزه بۆته هۆی گه‌شه‌كردنی گروپه ئیسلامییه‌كان كه به‌رده‌وام بانگه‌شه ده‌كه‌ن گوایه ئیسلام له‌مه‌ترسیدایه، تاكی داخراوی موسڵمانیش باوه‌ڕ به‌گوتاره چه‌واشه‌كارییه‌كانیان ده‌كه‌ن و دواتریش له‌چوارده‌وری رێكخراوه تونده‌ڕه‌وه ئیسلامییه‌كان كۆده‌بنه‌وه.
ئه‌زموونی رێكخراوه ئیسلامییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا به‌فاشیلترین ئه‌زموونی حوكمڕانێتی هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه له‌دوای خۆیاندا ته‌نیا نائارامی و توندوتیژی و برسێتی و ژینگه‌یه‌كی ترسناك به‌جێده‌هێڵن، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌فغانستان و پاكستان و جه‌زائیرو میسری یه‌ك ساڵه‌ی ژێرچنگی ئیخوانه‌كان و ئێرانی سه‌رده‌می نه‌ژاددا پێشكه‌شكران به‌فاشیلترین و ترسناكترین ئه‌زموونی حوكمڕانێتی ئیسلامی هه‌ژمارده‌كرێن كه تێیاندا ئازادی و دیموكراسی و رێزگرتن له‌شكۆی هاووڵاتییان و سه‌روه‌ری دادگه‌و گه‌شت و گوزارو بژێوی خه‌ڵك له‌ترۆپكی خراپی تا ئاستی مه‌ترسیدایه، كه‌واته ئیسلامی سیاسی به‌كه‌ڵكی حوكمڕانێتی نایه‌ن و ده‌بێت موسڵمانه‌كان ئه‌م راستییه قه‌بوڵ بكه‌ن له‌وه‌ی ئه‌وان واته رێكخراوگه‌له ئیسلامییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هاتوون و مه‌به‌ستیان داكۆكی له ئیسلام وه‌ك ئایین نییه.
ئایا ئیسلام پێویستی به داكۆكی ئیسلامی سیاسی هه‌یه
یه‌كه‌م دروشمی چه‌واشه‌كاری رێكخراوه ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه گوایه بۆ داكۆكی له ئایینی ئیسلام هاتوون به‌و بیانووه‌ی ئایین له‌ژێر مه‌ترسی كاڵبوونه‌وه یاخود نه‌ماندایه، ئه‌مه‌ش ئه‌و قسه‌گه‌له چه‌واشه‌كارییانه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه داخراو‌و گۆشكراو به‌هه‌ستی ئایینی ده‌كرێن و بۆیه‌ش زووتر له‌حیزبی دیكه‌ی سیاسی خه‌ڵكیان له‌چوارده‌وردا كۆده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئایین پێویستی به پاسه‌وان و داكۆكیكار نییه، مه‌گه‌ر به قسه‌ی ئه‌وان خودا خۆی ئایینه‌كه‌ی ناپارێزێت، كه‌واته چ پێویست ده‌كات له‌پێناویدا حیزب و گروپی سیاسی دروست بن، نموونه‌ی حیزبی شیوعی و كۆمۆنیسته‌كان و یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌هه‌رێمدا نموونه‌ی نزیك و زیندوون، ئاخر شیوعییه‌كان نزیك به70 ساڵ له‌كوردستاندا هاوشانی حیزبه‌كانی دیكه به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌بات ده‌كه‌ن، به‌وپێه‌ی مێژووی دروستبوونی ئه‌و دوو حیزبه له یه‌كه‌وه نزیكن و له‌باشووری كوردستان به دوو حیزبه سه‌ره‌تاكان داده‌نرێن، به‌ڵام چونكه شیوعییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گۆشكراو به‌ئایدۆلۆژیای ئیسلامی‌دان و ناتوانن ببنه خاوه‌نی دوو كورسی په‌رله‌مانی، به‌پێچه‌وانه‌وه یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ به‌ئاسانی به‌به‌راورد به شیوعیی و كۆمۆنیسته‌كان به كۆمه‌ڵێك كورسییه‌وه ده‌گه‌نه په‌رله‌مان و له‌رێگه‌ی په‌خش كردنی گوتاری چه‌واشه‌كارییه‌وه ده‌یانه‌وێت بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، ئاخر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی دڵسۆزی و زیره‌كی كاره‌كته‌ره‌كانی ئیسلامییه‌كان نییه، به‌ڵكو ژینگه ئایینییه‌كه وای كردووه زووتر ئیسلامییه‌كان گه‌شه بكه‌ن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی تردا، ئه‌گینا رووانینی حیزبه عه‌لمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ حوكمڕانی تاراده‌یه‌كی باش دیدگه‌یه‌كی ئینسانی و دیموكراسیانه‌یان هه‌یه بۆ ده‌وڵه‌تداری كه ئیسلامییه‌كان نیانه، بگره به‌رده‌وام دژی ئه‌و فۆڕمه له رێزگرتنه له ئازادی و مافی تاك ده‌بنه‌وه كه خۆی له به‌جیهانی بووندا ده‌بینێته‌وه به‌هۆی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ كولتووری وڵاتانی رۆژئاوا.
ئایا ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌توانن ئه‌زموونێكی باشتر له‌وه‌ی تاڵیبان پێشكه‌ش بكه‌ن؟
سه‌یركردن یاخود چاودێری كردنی یه‌ك هه‌فته‌ی میدیای ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و راستییه‌ی ئه‌وان واته ئیسلامییه‌كانی كوردستان ئه‌گه‌ر گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات هه‌مان نموونه‌ی ئه‌فغانستان و ئێران پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، چونكه له‌گوتارو تێڕوانینیاندا بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌مان دنیابینی ئیسلامییه‌كانی میسر‌و ئه‌فغانستان و ئێرانه، ئاخر ئیسلامییه‌كان بوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوون تێزابیان به جه‌سته‌ی ژناندا ده‌كردو فه‌توای كوشتنی رۆشنبیرانی كوردیان ده‌رده‌كردو له “خێلی حه‌مه” سه‌ری ئینسانیان له جه‌سته‌ی جیاكرده‌وه، ئه‌مه‌ش له‌مێژووی كورددا نه‌بووه، واته ترسناكترین ئایدۆلۆژیاییه‌و به‌داخه‌وه خه‌ڵك و دادگه‌كانی كوردستان بێده‌نگیان له‌و كاره مه‌ترسیداره‌دا نواند‌و ئه‌مه‌ش وای كرد زیاتر بێنه ناو كۆمه‌ڵگه‌وه به‌فۆڕمی جیاوازتره‌وه كه دیارترینیان خۆحه‌شاردانه له‌ژێر پاڵتۆی دیموكراسییه‌وه.
ئه‌و ژینگه‌یه‌ی ئێستاكه به‌ناوی ئۆپۆزسیۆن بوونه‌وه ئیسلامییه‌كان خوڵقاندوویانه خراپترین ژینگه‌ی سیاسییه كه كوردستانی خستۆته به‌رده‌م گه‌وره‌ترین مه‌ترسی جیدییه‌وه له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی ئایینه‌وه، گوایه ئیسلام له مه‌ترسیدایه، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ده‌یان رێكخراو‌و باره‌گه‌و رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆن و ماڵپه‌ڕی توندڕه‌ویان كردۆته‌وه له پشت ئه‌و له‌شكره رۆژنامونووس و ده‌زگه میدیایانه‌وه كۆمه‌ڵێك مه‌لاو كاره‌كته‌ری توندڕه‌وی ئیسلامی هه‌ن ده‌زانن چۆن كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ناو گۆمی لێخنی ئایدۆلۆژیای ئیسلامییانه به‌رن و عه‌لمانییه‌كانی كوردستانیش له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌دا خاوه‌ن پرۆژه‌ی جیدی نین و بگره بوونه‌ته هۆكارێكیش له‌سه‌رخستنی ئه‌و گروپگه‌له ترسناكه‌دا، ئاخر ئه‌مه له كۆمیدیا ده‌چێت یه‌كگرتووه‌كان یان كۆمه‌ڵی ئیسلامی به پارتی و یه‌كێتی بڵێن ئێمه دیموكراسیترین له ئێوه‌و رۆشنبیره عه‌لمانییه دژه پارتی و یه‌كێتییه‌كانیش ته‌نیا بۆ شكاندنی هه‌یبه‌تی ئه‌و دوو حیزبه بێده‌نگی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و قسه‌یه ده‌نوێنن، ئاخر كه‌ی حیزبی ئیسلامی بڕوای به دیموكراسی هه‌بووه تاوه‌كو بانگه‌شه‌ی بۆ بكات، دیموكراسی لای ئیسلامییه‌كان تا ئه‌و شوێنه‌یه كه ده‌یانگه‌یه‌نێته سه‌ر كورسییه‌كه‌و ئیدی په‌یڕه‌وی له‌ئایدۆلۆژییه داخراوه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و وه‌ك مورسی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه په‌ك ده‌خه‌ن و فه‌زایه‌كی ته‌واو ئایینی رێك وه‌كو سه‌رده‌می عوسمانی كوڕی عه‌فان و خه‌لیفه عه‌لی دروست ده‌كه‌ن كه ناكۆكییه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌یشتنه ترۆپك و رووی راستی خه‌ڵكانی موسڵمان بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وت.
ئیسلامییه‌كانی كوردستان و دادوگه‌شه‌پێدان له توركیا
هه‌ركه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ده‌خرێنه به‌ر ره‌خنه‌ی جیدییه‌وه له‌باره‌ی بڕوانه‌بوونیان به دیموكراسی و رێزنه‌گرتن له ئینسان و نموونه‌ی حوكمڕانێتی سه‌ركه‌وتوو و سه‌رده‌میانه كه بتوانێت له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته تازه‌كانی ده‌وڵه‌تداری و جیهانی سه‌رده‌م بگونجێت، یه‌كڕاست بۆ خۆدزینه‌وه له‌و ره‌خنه‌یه، ئه‌زموونی دادوگه‌شه‌پێدان به‌نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی ئیسلامی سیاسی ده‌هێننه‌وه، ده‌یانه‌وێت بڵێن ئێمه‌ش هاوشێوه‌ی دادوگه‌شه‌پێدان حوكم ده‌كه‌ین، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وه‌ی له توركیادا هه‌یه زۆر جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له كوردستاندا هه‌یه، ئاخر دادوگه‌شه‌پێدان هاتۆته سه‌ر خه‌رمانی دیموكراسی، واته ئه‌و ژینگه دیموكراسی و عه‌لمانییه‌ی له توركیادا هه‌یه دادوگه‌شه‌پێدان خوڵقێنه‌ری نییه‌و ناتوانێت تێكیشی بدات یاخود به‌ئاراسته‌ی ئیسلامییانه‌ی دابه‌رێته‌وه، چونكه توركه‌كان به‌ئاراسته‌یه‌كی كراوه‌تر به‌مه‌به‌ستی نزیكبوونه‌وه‌یان له رۆژئاوا هه‌نگاوی سیاسی و سه‌رده‌میانه ده‌هاوێن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كورد‌و عه‌ره‌ب و فارسه‌كان، ئه‌وان واته توركه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می نه‌ته‌وه‌ییانه بۆ گه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان به ترۆپكی سیاسه‌ت و ئابووری به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تی” ئه‌وه‌نده ئاگایان له ئایین نییه، به‌ڵام ئیسلامییه‌كانی كوردستان به‌خه‌یاڵیش له خه‌می پێشكه‌وتنی كوردستاندانین ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می ئه‌وه‌دان له فلانه مزگه‌وت مه‌لایه‌ك بكه‌نه یه‌كگرتوو یان كۆمه‌ڵ یان بزوتنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی عه‌لمانییه‌كانی پێ بكه‌ن و تاوه‌كو له‌و جۆره رێگه‌یانه‌وه بگه‌نه حوكم.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین ئه‌و گروپگه‌له ئیسلامییه‌ی له كوردستاندا هه‌ن ناتوانن دیموكراسی بن، چونكه دیموكراسییان وه‌ك كولتوور قه‌بول نییه‌و ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنه‌وه كورتی ده‌كه‌نه‌وه، له‌به‌رانبه‌ریشدا عه‌لمانییه‌كان خاوه‌ن پرۆژه‌نین بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له رێگه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه‌و فیكری و میدیاییه‌وه، ئاخر كاتێك میدیایه‌كی عه‌لمانی بۆ رازیكردنی جه‌ماوه‌ری موسڵمان هه‌مان گۆرانی كه به‌رده‌وام كه‌ناڵه فێنده‌مێنتاله ئیسلامییه‌كان په‌خشی ده‌كه‌ن له كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه په‌خشی ده‌كه‌نه‌وه گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به ڕه‌وتی ئه‌و گروپگه‌لانه ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش ناتوانن پێمان بڵێن كه پرۆژه‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی‌یان هه‌یه.
شیكاریی: شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا