
چه‌ند په‌یڤێک بۆ کۆچی شێرکۆ بێکه‌س
وا هاته‌وه بۆ باخی شار، بۆ دوا جڤینی ماڵئاوایی له ئازیزان، گه‌ڕایه‌وه بۆ زێدی حکایه‌ته‌کانی دایکی و خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی باوکی، واهاته‌وه…ئه‌م جاره‌یان هه‌ر خۆی و هه‌گبه‌که‌ی شانی نیه، هه‌ر خۆی و جانتا ڕه‌شه‌که‌ی ده‌ستی و چاویلکه‌که‌ی چاوی و دووکه‌ڵی جگه‌ری نیه، ئه‌مجاره‌یان ته‌نها و بێکه‌س نیه، (تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست)ه‌که‌ی ئه‌شکی خوێنین به سیمای غه‌مباری یه‌ک به‌یه‌کی هه‌ڵبه‌سته‌کانی دا دێته خوار، (که‌ژاوه‌ی گریان)ه‌که‌ی ڕه‌شپۆشه بۆ ئه‌م کۆچه دڵته‌زێنه. (دوو سرووده کێوی)ه‌که‌ی سه‌ر ئه‌و کێو و شاخانه دوو به دوو به قژ ڕنین و سنگ و سه‌ر کوتان دێنه خوار و هه‌ر هاوار و گریانیانه، ده‌بینم وا هه‌ڵۆکه‌ی (داستانی هه‌ڵۆی سوور) بۆ یه‌که‌م جار لووتکه به‌رزه‌که‌ی جێهێشت له دوای که‌ژاوه‌ی ته‌رمه‌که‌وه ده‌ناڵێنێ و گه‌رمه‌شینیه‌تی، (ئاوێنه بچکۆله‌کان) هه‌موو تێکڕا بوونه سکرینی سه‌رشه‌قامی شاره‌کان مه‌راسیمی پێشوازی و به‌خاک سپاردنی تۆ په‌خش ده‌که‌ن، له ناو (که‌شکۆڵی پێشمه‌رگه)ش دا کۆڕی شین و ماته‌م گه‌رمه، ئه‌مجاره‌یان به‌فری سه‌ر دابان گڕ ناگرێت و ده‌گری له‌گه‌ڵ باران و داستانه‌کانی شاخ له ئیزگه‌که‌وه به‌یاننامه‌ی پرسه‌داری دوای مه‌رگی تۆ ده‌خوێنه‌وه، له‌م که‌رنه‌ڤاڵی به‌خاکسپاردن و ماڵئاوایی له تۆ شاعیر په‌پووله‌کانی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) هه‌موو ده‌ربه‌نده‌کانی ژیانیان جێهێشت له‌گه‌ڵ (نالی) و بادی خۆش مرووردا وا که‌وتنه‌ڕێ بۆ باخی شار، له تۆماری (خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێک) سه‌رجه‌م لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و ڕۆژمێره بووه به دیرۆک و به‌رواری کات و ساتی کۆچ و مه‌رگی تۆ، ئه‌مێستاکه بۆنێکی گه‌لێک ناوازه له گوڵه‌کانی (بۆننامه)که‌ت دێت له‌گه‌ڵ بۆن کردنی هه‌ر یه‌کێک له‌و گوڵانه چاوه‌کانمان پڕ ده‌بێت له ئاو هێدی هێدی به سیمای غه‌مبارماندا دێته خوار، ببینن وا له‌و بیابانانه‌ی خواره‌وه له ئه‌نفالستانی عروبه‌وه له (گۆڕستانی چراکان) 182 هه‌زار چرا به‌ڕێ که‌وتوون و ئێواره‌ی پێش گه‌یشتنی که‌ژاوه‌ی ته‌رمه‌که‌ت گه‌یشته‌نه باخی شار کردیانه چراخان. له‌م ساته‌دا که شیعر کۆستی که‌تووه به‌ده‌ست ڕوومه‌تی په‌یڤ و خه‌یاڵ و وێنه و کێش و سه‌روای ئه‌ڕنێ ئاپۆرای شاعیران و شه‌یدایانی په‌یڤی تۆ له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ری ڕاسته شه‌قامه‌کان له ده‌روازه‌وه تا ده‌گاته باخی شار مات و مه‌لوول، غه‌مبار و دڵشکاو ڕاوستاون خۆت واته‌نی (له‌پۆپه‌وه تا به‌ری پێ) خه‌م و گریانیان لێ ده‌تکێ.. وێنه‌ی تۆ له‌سه‌ر سنگیانه، له‌سه‌ر دڵیانه هه‌ریه‌که‌یان ئه‌م دیوانه شیعریانه‌یان به‌رزکردۆته‌وه (خۆم…ئه‌و کاته‌ی باڵنده‌بووم، ئێوه به‌خۆشه‌ویستی ئه‌سپێرم، کورسی، له‌گووڵه‌وه هه‌تا سووتوو، سرووده به‌ردینه‌کان، زێ و زنه، ملوانکه، ئافات، پایزه میوان، تینوویه‌تیم به‌گڕ ئه‌شکێ) و دواماڵئاوییت لێ ده‌که‌ن. ئه‌مێستاکه له تاراوگه‌وه به‌م چاوانه‌م ده‌بینم ئه‌و کچه‌ی دیوانی (ئێستا کچێک…نیشتمانمه) ڕه‌شپۆش و سه‌ر و قژ شێواو گه‌رمه شینیه‌تی تاوێک بۆ کۆچت ده‌گری و تاوێکیش بۆ ئه‌و نیشتمانه‌ی دوای ئازادی ڕۆژانه به به‌رچاوی خه‌ڵکه‌که‌یه‌وه به‌ش به‌ش و هه‌رزان فرۆش ده‌کرێت. له‌به‌رده‌م دروازه‌وه باخی شاردا مردن گه‌یشت فریای ماڵئاویی کردن نه‌که‌وتی بۆ یه‌کجاری چوویته ئامێزی خۆشه‌ویستی خاک و ڕۆیشتی بۆ سه‌فه‌رێکی ئه‌به‌دی، تۆ ئێستا نه‌ته‌نهایت و نه بێکه‌سی له باخی شار ڕۆژانه خه‌ڵکی دێنه لات، ڕۆژانه کچ و کوڕی عاشق لای داره‌کانی ته‌نیشتی تۆ ژوان ده‌گرن گوڵی سووری ڤه‌له‌نتاین له‌سه‌ر گڵکۆت داده‌نێن و له‌به‌ر چاوی تۆدا ئاوێزانی یه‌کدی ده‌بن و ماچ یه‌کتری ده‌که‌ن و ده‌ڕۆنه‌وه، ده‌ڵێن ئێستا باخی شار ڕه‌نگی گۆڕاوه چراخانێکه شه‌وانه، به‌یانیانیش پۆلێک نه‌وره‌سی به‌فرین له ئاسمانی ئه‌و باخه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه و هه‌ریه‌که‌و دیوانێکی شیعری تۆی پێیه به‌ده‌نگێکی جودا کۆپله شیعرێکت ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌م ده‌نگه ناوازانه و ئه‌م وێنه شیعریانه تێکه‌ڵ و ئاوێته‌ی یه‌ک بوون خه‌ڵکی شاریان سه‌رسام و مه‌ست کردووه.