Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
هەمنگوای لە نێوان ماڵئاوایی لە چەک و  پیرەمێردو زەریا !

هەمنگوای لە نێوان ماڵئاوایی لە چەک و پیرەمێردو زەریا !

Closed
by August 15, 2013 ئەدەب

 

 

 

هەر وەک چۆن تولستوی بە شەرو ئاشتی و ئەنا کارنینا دەناسرێتەوە، دیستوفسکی بە تاوان و سزا و برایانی کارمازۆف، جورج ئوریل بە مەزرای حەیوانەکان و هەشتاو چوار، کامۆ بە تاعون و نامۆ، کافکا بە کۆشک و دادگا، تشارلز دیکنز بە ئولیڤەر تویست، مارکیز بە سەدساڵ تەنهایی و کولونێل کەسی نیە بۆی بنووسێ، کونتەر گراس بە مشک و پشیلە و تەپڵی تەنەکە، شکسپیر بەهاملت، ئاوا هەمنگوای بە ماڵئاوایی لە چەک و پیرەمێردو زەریا ناوبانگی دەرکرد !

لە راستی دا، ماڵئاوایی لە چەک وەک رۆمان ساڵی١٩٢٩ نووسراوە کە دواتر کراوەتە فیلم، دەڵێن ئەم رۆمانە شێوەیەکە لە بیوگرافیای خۆدی نووسەر !

لێرەدا ئەگەر بە کورتی باسی سەرگوزەشتەی فیلمەکە بکەین کە باس لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم دەکا، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥تا وەکو١٩١٨، قارەمانی فیلمەکە مولازمێکی ئەمریکی یە لە هەمان کاتدا شوفێری ماشینی فریاکەوتنی سەربازییە بە ناوی فریدریک هنری، لە سوپای ئیتالی خەریکی خزمەتی سەربازی یە، سەرەتای فیلمەکە بەوە دەست پێ دەکا کە پەرەستارێک دەناسێ کە پێشتر دەسگیرانەکەی لە شەر کوژراوەو دڵی شکاوە !

بەڵام هنری خۆی لێ نزیک دەکاتەوەو دەتوانێ زاڵ بێ بەسەر دوو دڵی کچەکەدا، ئیدی لە رۆژێکی باراناوی دا یەکتریان خۆش دەوێ، بەڵام کچەکە باران بە شووم دەزانێ و ترسی لێ هەیە !

دوای چەند سەعاتێک مولازم هنری لێ دوور دەکەوێتەوە بەرەو بەرەکانی جەنگ پەرەستارەکە بە تەنیا دەمێنێتەوە، لەبەرەکانی جەنگ لەکاتی ئەنجامدانی خزمەت قاچی بریندار دەبێ ! بۆیە دەیگەرێننەوە بۆ پشتەوەی بەرەکانی جەنگ، لەوێ پرسیاری ناو نیشانی پەرستارەکە دەکا ئەنجام دەیدۆزێتەوە، ئیدی کچەکە هەم سەرپەرەشتی یی دەکا هەم لەگەڵیا ڕادەبوێرێ، بەردەوامیش بە دزییەوە خواردنەوەی بۆ دابین دەکا !

بەڵام شیفی پەرەستارەکان پێ ناخۆشەو ئیرەیی بەم پەیوەندی یە دەبا و دەبێتە کوسپ لەسەر رێگایان، کەچی یەکێکی تر لە پەرەستارەکان هاوکاری و پاڵپشتی یان دەکا !

دوای ماوەیەک مولازم هنری قاچی چاک دەبێتەوەو دیسان دەینێرن بۆ بەرەکانی جەنگ، لێرەدا دەبێ ئەوە بڵێم کە لەسەرەتای فیلمەکە مولازم هنری دەڵێ، بۆیە بۆمەتە شوفێری ماشینی فریاکەوتن تاوەکو کەس نەکوژم، ئەم تیروانینەش مەیل و گرایشی ئینسان دوستی هەمنگوای دەردەخا کە تاچ ڕادەیەک جەنگی رەتکردۆتەوە !

ئەمجارە مولازم هنری دەچی بۆ بەرەکانی جەنگ، لەکاتێکدا کە سوپاکەیان شکست دەخوا و پاشەکشە دەکەن، لێرەدا کوڕەوێ سوپاو خەڵکی سڤیل پێشان ئەدا کە زۆر تراژیدی و غەمگینە تەنانەت مناڵی کورپە لەبەر سینگی دایکیان بەر دەبنەوە کەچی دایکان دەسەڵاتیان بە سەریاندا ناشکێ لەبەر هیلاکی و بێ وزەیی ! لە رێگا دا زەلام بەلایا دێت و دەکەوێ بەبێ ئەوەی کەس ئاوەڕی لێ بداتەوە لەکاتێکدا کە باران و قوڕو چڵپاوە !

مولازم هنری لەگەڵ ئەفسەرێکی دیکە دایە کە بەدەنگی بەرز نارەزایی دەربارەی جەنگ دەردەبرێ و پرتەو بۆڵە دەکا، ئەنجام دەیانگرن و دەیانبەن بۆ لای دادگای کاتی سەربازی ئەو سەردەمە، لە ماوەیەکی کورت بریاری گوللە باران کردنی هاورێیەکەی دەرئەکەن، کاتێ نورە دێتە سەر هنری لێ یان دێتە دەست و ڕادەکا، ئەوانیش لە پشتەوە تەقەی لێ ئەکەن بەڵام بە رێکەوت بەر ناکەوێ !

لە کاتێ ڕاکردن پردێکی ئاسنینی تووش دەبێ دەپەرێتەوەو لەو دیوەوە خۆی فرێ ئەداتە نێو رووبارەکە کە پڕە لە لاشەی مردوو، ئەویش کراس و پەنتۆڵی مەدەنی یەکی لە مەیتەکان لە بەر دەکاو سواری شەمەندەفەری سەربازی دەبێت و دوور دەکەوێتەوە بەڵام لە ویستگا بە رێکەوت تووشی شیفی پەرەستارەکان دەبێتەوە کە بێ پایان دڵسوزە بۆ سوپای ئیتالی، یەکسەر کە هنری دەبینێ دەزانێ رایکردوە هاوار دەکا بەمەبەستی بەگرت دانی، بەڵام هنری جارێکی تر ڕادەکا و خۆی لە چاوان ون دەکا !

دوای ماوەیەک پەرەستارە خۆشەویستەکەی ئەدۆزێتەوە کە بەئەسل ئافرەتیکی بریتانی یە، باسی بەسەرهاتی خۆی بۆ دەکا کە چۆن لە دەستی دادگا ڕای کردووە، بۆیە بە هاوبەشی بریار ئەدەن بەبەلەم لە رێگای دەریاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی سویسرا، لە کاتێ پەرێنەو باران دای دەکاو شەو بەسەریان دا دێت، لە قەراغی دەریا تووشی بەلەمی گەریدەی پۆلیس دەبن کە رۆشنایی یان دەخاتە سەر بە رێکەوت رزگاریان دەبێ !

کاتێ قاچ دەنێنە خاکی سویسرا زۆر خۆشحاڵ دەبن، لەوێ لە شارێکی سنوور دەچنە هوتێل و ریستوران، لێرەش پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکا خۆیان بە ئامۆزای یەک دەناسێنن ! دواتر پەرەستارەکە زگی پڕ دەبێ، لەو ماوە کورتەی سویسرا ژیانێکی خۆش دەگوزەرێنن، بەڵام کاتێ ژان گرتنی ژنەکە رووبەرووی ئازارێکی بێ وێنە دەبێتەوە، دکتۆرەکان ناچار دەبن عەمەلیاتی بکەن تاوەکو کورپەکەی دەرهێنن، ئەنجام کورێکیان دەبێ هەردوو لایان خۆشحاڵ دەبن بەڵام مەخابن کورەکە دەمرێ، دایکەکەش لە دوخێکی دژوار دایە ئاکام ئەمیش ماڵئاوایی دەکا، ئیدی هنری خۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە !

لە رێگای فلاش باکەوە هەموو یادەوەری یە تاڵ و خۆشەکانی ژیانی دیتە پێش چاو !

لەم رۆمانە کە کراوەتە فیلم هەمنگوای باسی قەدەری هنری دەکا بە شێوەیەکی درامی ساتەکانی خۆشی و ناخۆشی دەخاتە روو بەڵام ئاکامەکەی تراژیدییە !

بۆ نموونە هنری توانی لەدەست قەدەری سەربازی ڕابکا بەڵام لە لایەکی ترەوە قەدەری کۆمەڵایەتی بەختی لێ سەندەوە ! شایانی باسە ئەم رۆمانە بە باشترین رۆمانی جەنگی لەسەر ئاستی جیهان ئەژمێردرێ !

ئێستا دێمەوە سەر رۆمانی پیرە مێردو زەریا کە هەمنگوای ساڵێ١٩٥١ نووسیویەتی، کوچکردوو شیرکۆ بێکەس تەرجەمەی کردووە بۆ زمانی کوردی، بەندە ساڵی ١٩٨٥ رۆمانەکەم خوێندۆتەوە، لەم ماوەیەی دواییش دا فیلمەکەیم بینی، بەم هەنگاوە زیاتر جیهان بینی هەمنگوایم بۆ ئاشکرا بوو !

سیناریوی فیلمەکە باس لە پیرە مێردێکی ماسیگر ئەکا کە ناوی سانتیاگۆوە لە کەنداوی ( غوڵد ستریک ) بەلەمێکی بچوکی پێیە خەرێکی ماسی گرتنە، مێرد منداڵێک وەک یاریدەدەر لەگەڵ دایە، هەمیشە لە ریستورانی قەراغ دەریا خوادن و بیرەی ساردی بۆ دێنێ، سانتیاگۆ کچێکی هەیە لە کوبا دەژێ زۆر جار داوا لە باوکی دەکا بچێ لەوێ لەگەڵیاندا بژێ بەڵام باوکی ڕازی نابێ !

نووسەرێکی گەنجیش لەگەڵ خۆشەویستەکەی دا لە قەراغ دەریا دەبن، نووسەرەکە سەرنجی خستۆتە سەر چارەنووس و قەدەری سانتیاگۆ، ئەم پیرە مێردە ماسیگرە بە ئەزموونە بۆ ماوەی هەشتاو چوار رۆژ هیچ ماسییەکی نەگرتووە، لێرەدا دەبێ هەڵوەستە لەسەر نهێنی هەڵبژاردنی ژمارەی هەشتاو چوار بکەین، لەبەر ئەوەی جورج ئۆریلیش رۆمانی هەشتاو چواری نووسیوە، لە حاڵی حازر من چەند ڕامام لە رووی مێژووییەوە ڕایەڵی نهێنی ئەم ژمارەیەم بۆ ئاشکرا نەکرا !

دوای ئەو ماوە بێ بەختیە، چی دی مێرد مناڵەکە لەگەڵ سانتیاگۆ ناڕوا بۆ ڕاوە ماسی، سانتیاگۆ خۆی بە تەنیا دەڕوا، دوای هەشتاو چوار رۆژ لە بێ بەختی، بەختی دەکرێتەوە، ماسێ یەکی زۆر گەورە دەبێ بە قولابەکەیەوە، لەم میانە دوو شەوو دوو رۆژ بە تەنیا لە نێو دەریا دەمێنێتەوە، ئەم دیار نەبوونە بوەتە سەرنجی نووسەرەکە کە بۆ چی ئەم ماوەیە ئەم پیرە مێردە ون بوو !

سەرئەنجام سانتیاگۆ دەکەویتە کێشمەکێش لەگەڵ نیچیرەکەی دا، تا وای لێ دێ ناو لەپی هەموو بریندار دەبێ، بە شێوەیەکی مەنەلوج لە کاتی گرتنی ماسیەکە دەکەوێتە دواندنی خۆی، دەڵێ، من و ئەم ماسی یە براین، ئەم ماسی یە باوک و دایک و کەسی هەیە، ئەمە تاوانە، دوایی دەڵێ من چیم داوە لە تاوان، تا لە کوتایی دا ماسیەکە دەگرێ، قورسایی ٧٠٠کیلۆ غرامە، دەیبەستێتە قەراغی بەلەمەکەیەوە ئیدی بە خۆشحاڵی دەگەرێتەوە بەڵام مەخابن لە رێگای گەرانەوە بە نێو دەریا دا ماسی یە قرشەکان بە هوی بۆن کردنی خوێنەوە پەلاماری ماسی یە گەورەکەی سانتیاگۆ ئەدەن، هەر جارەو پاروویەک لێ دەکەنەوە، سانتیاگۆویش ئەکەوێتە کێشمەکێش و بەرەنگار بوونەوەی قرشەکان، سەرەتا سانتیاگۆ تیرێکی ئاسنینی پییە بۆیان فرێ ئەدا کە چی قرشەکان بە برینداری ئەیبەن دواتر چەقۆیەک بە داریکەوە ئەبەستێ و لەگەڵ قرشەکان دا ئەجەنگی، ئەنجام چەقوەکەش دەدورێنێ، ئەوجا سەوڵی بەلەمەکە لێ ئەکاتەوە، بەڵام تێکرای هەوڵەکانی سانتیاگۆ بۆ پاراستنی ماسییە گەورەکە لەلایەن قرشەکانەوە بەتاڵ دەکرێتەوە، جۆرێک لە بێ هیوایی و بێهودەیی روو تێ دەکا، لەکاتێ ململانی و بەرەنگاربوونەوەی سانتیاگۆ لە رێگای فلاش باکەوە قارەمانیەتیەکانی سەردەمی لاویەتی و کاتی ژن هینانی و لاپەرە شکۆدارەکانی ژیانی پیشان دەدرێ، بەشێوەیەک کە سانتیاگۆ ئیلهام لەو دیمەنانەی ڕابوردووی خۆی وەردەگرێ تا لە ئاکام دا سانتیاگۆ خۆی و بەلەمەکەی و سەرو کلکی ماسییە گەورەکە دەگەرێنەوە قەراغ دەریا، لەوێ بە حەشاماتەوە خەڵک چاوەروانن تیایاندا کچەکەی و نەوەکانی، نووسەرەکەو دوستەکەی و خاوەنی ریستورانەکەو مێرد مناڵەکە، هەموویان تێکرا بە چاوی ئیعجابەوە تەماشای سانتیاگۆ دەکەن بەڵام مەخابن نیچیرەکەی سانتیاگۆ تەنیا سەرو کلک و بڕ بڕەکەی ماون !

لەم ساتە کچەکەی باوەشی پیا ئەکاو مێرد مناڵەکەش دەچێ هاوکاری سانتیاگۆ بکا لە کردنەوەی چەتری بەلەمەکە بەڵام سانتیاگۆ لێ ناگەرێ وەک نارەزاییەک بەرانبەر مێرد مناڵەکە بە واتای کە بۆ چی لەم سەفەرە لەگەڵم نەهاتی، ئیدی سانتیاگۆ خۆی بە تەنیا چەتری بەلەمەکە دەکاتەوە لەسەر شان دایئەنێ وەک جاران، دەڵێن گوایا هەڵگرتنی رۆژانەی ئەم چەترە سپی یە نیشانەی ئاشتی دەگەینێ لای هەمنگوای !

بە ئاراستەی ماڵەوە دەڕوا، بەسەر لمی قەراغ دەریاکە بەڵام لە ناکاو خۆی چەترەکەی دەکەون لە ئەنجامی بێ وزەیی دواتر هەڵدەستێتەوە دەڵێ ( ئینسان لەوانەیە تووشی شکست بێ بەڵام کۆڵ نادا ! )

کاتێ کە دەگەرێتەوە ماڵەکەی، خەوی دوای ماندووبوونی لێ دەکەوێ بەڵام خەونی جۆراو جۆر ئەبینی، بۆ بەیانیەکەی مێرد مناڵەکە خواردن و رۆژنامەی بۆ ئەباو پێ دەڵێ تۆ پیاوێکی بە ئەزموونی، دەبێ ئەم جارە بمبەی لەگەڵ خۆت، زۆر شت هەیە دەمەوێ لە تٶوەوە فێر بم !

هەرچەندە دەڵێن ئەم رۆمانە رەمزیە بەڵام من پیم باش بوو تەنیا باسی دیوی دەرەوەی بۆ خوێنەری بەرێز بکەم !


                                                              نەهرۆ / نەرویج

                                                            ١٤ / ٨ / ٢٠١٣


Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.