کتێبی چه‌مکی مردن له زمانی کوردییدا
چه‌مکی مردن له زمانی کوردییدا یه‌که‌م به‌رهه‌ممه وه‌ک کتێب که ماوه‌ی سێ ساڵ کارم تێدا کردووه.، وه به‌شێک له‌م کتێبه له ڤیستڤاڵی گه‌لاوێژدا خه‌ڵاتی یه‌که‌می بۆ لێکۆڵینه‌وه پێ به‌خشرا. ئه‌م کتێبه له چوار به‌ش پێکهاتووه، که هه‌ریه‌ک له‌و چوار به‌شه چه‌ند وه‌چه به‌ش(پاری) لێده‌بێته‌وه….. له‌م کتێبه‌دا هه‌وڵدراوه سود له بیرۆکه‌و تیۆره فه‌لسه‌فیی‌و زمانییه‌کان وه‌ربگیرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی بیری کورد تایبه‌ت به مردن. واته هه‌وڵدراوه له رێگه‌ی دانه زمانییه‌کانه‌وه له مردن بڕوانرێت چونکه بڕوامانوایه بیری مرۆڤی کورد له نێو زماندا ره‌نگرێژه بۆیه له وێستگه‌ی زمانه‌وه بۆ بیرکردنه‌وه‌ی کورد ده‌ستمان به توێژینه‌وه کردووه…
پێشه‌کی کتێبی چه‌مکی مردن له زمانی کوردییدا
هه‌رێم عوسمان
مردن بابه‌تێكی ئاسان نییه بۆ لێكۆڵینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی ژیان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. تۆ بڵێیت كه‌سێك، كه ده‌مرێت گومانی لێنه‌كرێت، كه سزا دراوه یان گوناهێكی كردووه؟ یان مردن نه‌جاتدانه‌و بۆ ئه‌و كه‌سه بۆ خۆی خۆی خۆشنودبووه به‌و مردنه؟ مردن قوتاربوونه له ژیان یان به‌ره‌و ژیانچوونه؟ ئایا مردنی ئه‌وانیدی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك نییه؟ یان مردنی ئه‌وانیدی ئاسوده‌ییه‌كه، كه من نیم ئه‌مرم و مردن له‌ده‌ره‌وه‌ی منه؟ پێمانوایه مردن ته‌نیا نه‌مانه له چاوی ئه‌وانیدییه‌وه واته مردن دیارنه‌مان بێت له چاوی ئه‌وان یان كۆتاییهاتنه به هه‌موو شتێكی من؟ به‌وه‌ی چیتر من من نیم، من نه‌ماوم نه‌ك له چاوی ئه‌وان به‌ڵكو ئیدی نه لێره‌م نه‌له‌وێم(نه له‌م دنیام نه له‌و دنیا)؟ یان مردن بریتییه له ئازادبوونی رۆح له‌م دنیایه‌ی، كه به‌رده‌وام هه‌وڵی داگیركردنی رۆحمان ده‌دات؟.
ئایا مردن تاكه روداوێكه، كه یه‌كجار ڕوئه‌دات جیاواز له روداو‌و دیارده‌كانی دی، كه ده‌شێ رۆژانه دووباره روبده‌نه‌وه یان مردنیش رۆژانه روئه‌دات؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه زوو زوو ده‌ڵێین مردین؟
جیاوازی مردنی یه‌كجاره‌كی چییه له‌گه‌ڵ مردنی رۆژانه‌یی؟ جیاوازی ئه‌م مردنه رۆژانه‌ییه چییه، كه رۆژانه هاوارده‌كه‌ین “مردین” له‌گه‌ڵ ئه‌و مردنه‌ی چیتر زمانمان نییه بۆ گێڕانه‌وه‌و باسكردنی، به‌ڵكو ده‌شێ ته‌نیا ببینه هه‌واڵێك یان چیرۆكێك… ئایا ئه‌م مردنه، كه یه‌كجاره حه‌قیقه‌تی مردنیشی له‌خۆیدا هه‌ڵنه‌گتووه؟ هاوكات، كه ده‌ڵێین مردن ئازاراوییه، ئایا به ڕاستی مردن ئازاراوییه یان مردنه ده‌بێته هۆی ئازاره‌كه؟ واته ئایا ئێمه نه‌كه‌وتووینه‌ته هه‌ڵه‌وه، كه مردن به ئازاراوی داده‌نێین، هه‌ڵه‌كه‌ش له‌وه‌دایه، كه په‌یوه‌ندی نێوان بكه‌ر‌و كردارمان تێكه‌ڵكردووه، واته ئه‌وه كه‌سه‌كه‌یه، كه ئازاری هه‌یه‌و ئازاره‌كه‌ی به‌ره‌و مردن په‌لكێشی ده‌كات نه‌ك ئه‌وه‌ی، كه كرداره‌كه(مردنه‌كه) خۆی له خۆیدا ئازاراوی بێت؟ یان ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كه له‌نێوان بكه‌ر‌و كرداردا ده‌بێته هۆی دروستكردنی ئه‌و ئازاره، به واتا مردنێك نییه په‌یوه‌ست بێ به مرۆڤه‌وه‌و بێ ئازار بێت؟ یان مرۆڤی بێ ئیراده‌و لاواز ئه‌م ئازاره‌ی له ترس‌دا دروستكردووه، واته ئازارێكی پێش ئه‌زموونییه، چوونكه مردن ئه‌زموون نه‌كراوه تا ئازاره‌كه‌ی بزانرێت؟ گه‌ر له كاتێكدا ئازاراویش بێت، ئه‌ی بۆچی هه‌ندێ مرۆڤی به‌هێز له چه‌شنی عارفان‌و فه‌یله‌سوفان… بێ ئازار زۆر به‌جوانی‌و به عه‌شقه‌وه وێنای مردن ده‌كه‌ن؟
ده‌بێ جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان مردن خۆی چییه، له‌گه‌ڵ مردن بۆ مرۆڤ چییه؟ مردن ئه‌و كرداره‌یه، كه به‌پێی تیۆره‌كه‌ی چۆمسكی ئه‌رگومێنت داواكه‌ره، مردن حوكم ده‌كات، حوكمكراو نییه، ته‌نانه‌ت له خۆكوشتنیشدا، كه مرۆڤ ده‌یه‌وێت حوكم بكات، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا حوكم كراوه. ئه‌م مرۆڤه له لایه‌ن مردنه‌وه حوكم ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مردن بۆ ئه‌وه‌ی بوونی خۆی بسه‌لمێنێت پێویستی به مرۆڤه، واته وه‌كچۆن بوونی مرۆڤ حوكم ده‌كرێت له‌لایه‌ن مردنه‌وه، ئه‌واش مردن بۆ سه‌لماندنی خۆی پێویستی به مرۆڤه. وه‌ك بڵێی مرۆڤ قوربانییه‌كی ناسێنه‌ری مه‌رگ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رگ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌بێ بمرین تا بوونی ئه‌و بسه‌لمێنین، مردن به بێ بوونی ئێمه نا توانێ خۆی بسه‌لمێنێ، ئێمه‌ش ئازاد نین له‌وه‌ی نه‌بینه هۆكاری ناساندنی ئه‌و، سه‌ره‌ڕایی ئه‌مه‌ش هێشتا مرۆڤ له هه‌ندێ باردا باوه‌ڕ به مردن ناكات، گومانی لێده‌كات، نایناسێت، دیاره بۆ مرۆڤ ئاساییه، كه مردن نه ناسێت، واته له‌به‌ر ناساندنی یان سه‌لماندنی مردن نا چاره خۆی مه‌حروم بێت له‌و ناسینه، چوونكه ئه‌و ئه‌ناسێنێت، به‌ڵام ناسینێكه هه‌میشه كورت ده‌هێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماهییه‌تی مردن به‌و چه‌شنه‌یه، كه مرۆڤ توانای ناسینی نه‌بێت! ئه‌مه نا لۆژیكی ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام چار نییه مردن پێویستی ئه‌م نالۆژیكییه ده‌سه‌پێنێت، كه ئێمه ببینه هۆكاری ناساندنی مردن به بێ ئه‌وه‌ی خۆمان ئه‌و مردنه بناسین(ئێمه ناتوانین به ره‌هایی مردن بناسین). له‌به‌رئه‌وه هاوكێشه‌كه به بێ هیچ یه‌كێكیان دروست نییه، به یه‌كه‌وه رسته‌كه ته‌واو ده‌كه‌ن.
مردن خۆی هه‌میشه پێیه‌كی له نێو واقع و پێیه‌كی له‌نێو نادیاردا بووه، به واتایه‌كی دی پێیه‌كی لێره‌و پێیه‌كه‌ی دی له‌نێو میتافیزیكدا بووه. مردن هه‌میشه دیارێكی نادیار بووه، به‌ڵام مرۆڤ زۆركات ته‌نیا به دیوه دیاره‌كه‌ی ئاشنایه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، كه ئایین به‌رده‌وام به گرنگییه‌وه باسی مردن ده‌كات و هه‌وڵده‌دات دیوه نادیاره‌كه‌ی دیارخات! وه‌كچۆن لۆدڤیگ فیۆرباخ له پێناسه‌یه‌كی بۆ ئایین ده‌ڵێت ” ئه‌گه‌ر مردن نه‌بووایه، ئایینیش نه‌ده‌بوو”. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئایین به جۆرێ ئاسانكه‌ری مردنه، ره‌وێنه‌ره‌وه‌ی ترسی مرۆڤه له مه‌رگ، به‌ڵام وه‌ك راستییه‌كی تاڵ ئه‌م ترسه هه‌رگیز به روخساری مرۆڤه‌وه لا ناچێت، گه‌ر ته‌ماشایی روخساری ده‌ق‌و كاره هونه‌رییه‌كان بكه‌ین ئه‌م راستییه‌مان به باشی بۆ روونده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و مرۆڤانه‌ی، كه ئیمانیان به ئایینه‌كان هه‌یه، ئه‌و ترسه‌یان هه‌ر هه‌یه، چوونكه وه‌ك ده‌گوترێت “خۆشترین و ناخۆشترین زانین له دونیادا ئه‌وه‌یه، كه كه‌س نه‌مر نییه، كه‌س له سه‌ر ته‌ختی ژیاندا نامێنێ، ده‌زانم بابه‌تێكی نوێت پێ ناڵێم و تۆش ئه‌مه ده‌زانی، وه‌لێ ئه‌و غه‌مه قووڵه‌ی به روخسارته‌وه ده‌یبینم ئه‌م قسه‌یه‌ی وه‌بیر هێنامه‌وه”.
مرۆڤه ئیمانداره‌كان نه‌ك ترس به‌ڵكو به گومانن له‌وه‌ی مرۆڤ رێبوارێكه له‌م دنیایه وه‌ك پێغمبه‌ری ئیسلام ده‌ڵێت “نمونه‌ی دنیا وه‌ك ئه‌و داره وایه، كه بۆ ساتێ پشوی لێده‌ده‌ین”، به‌ڵام له راستیدا ئیمانداران به ده‌گمه‌ن به‌م جۆره بیرده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وان راسته هه‌وڵده‌ده‌ن بڕوا بكه‌ن‌و به‌رده‌وام كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بڕوا بكه‌ن، به‌ڵام له ناخه‌وه گومانێك هه‌یه، ئه‌م گومانه مرۆڤه ئیمانداره‌كان به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێ بیشارنه‌وه، به‌ڵام ناتوانن چوونكه له شوێنێكدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وان گه‌رچی به‌رده‌وام ده‌ڵێن ئێمه له مردن ناترسین، چوونكه ئه‌م ژیانه راگوزه‌ره‌و رۆح نه‌مره‌و مرۆڤ ژیانێكی نه‌مری له‌و دنیا هه‌یه، به‌ڵام رۆژانه رسته‌و گوزارشتی به‌مجۆره ده‌رده‌بڕن “رۆح شیرینه – رۆحم به قوربانت بێت…”. ئه‌م ده‌ربڕاوانه‌و ده‌یان ده‌ربڕاویتر له‌لایه‌ن مرۆڤه ئیمانداره‌كانه‌وه رۆژانه ده‌گوترێن، كه به‌ڵگه‌ی بێ بڕواییه بۆ نه‌مریی رۆح.
مرۆڤ به خووگرتنی له‌نێو ئه‌م ژیانه‌دا مردنی بیرچۆته‌وه، وه‌كچۆن هایدیگه‌ر ده‌ڵێت بوون له بیرچۆته‌وه، ئه‌واش مردن بیرچۆته‌وه. ئێمه باسی مردن ناكه‌ین، به‌وه‌ی، كه له مردن ده‌ترسین بۆیه به‌رده‌وام باسی ده‌كه‌ین، ئێمه باسی مردن ده‌كه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی بوونی خۆمانی تیا به‌رجه‌سته ده‌بێ، من ده‌مرم، مردن ئه‌گه‌رێكی هه‌ر ئه‌بێی منه، ده‌بێ من ئه‌م ئه‌گه‌ره‌م بناسم، له‌به‌رئه‌وه‌ی بوونی من رووه‌و مه‌رگه. ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی من هایدیگه‌ر وته‌نی ده‌روازه‌ی ره‌سه‌نێتی منه. باسی مه‌رگ ناكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له ژیان بێ ده‌ربه‌ست بین، باسی مردن ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بێ ئاگا نه‌بین له ژیان، راسته ته‌مه‌نێك هاورێیه‌تی ژیانمان كردووه ئاسان نییه گریمانه‌ی ده‌ست به‌رداربوونی ناچاری له‌م هاوڕێیه‌تییه، به‌ڵام گه‌ر ناچاری ئه‌م ده‌ستبه‌رداربوونه بین، ده‌بێ دۆستانه ماڵئاوایی له ژیان‌و بوونی خۆمان بكه‌ین، ده‌بێ ره‌سه‌نانه به‌ره‌و شا ئه‌گه‌ره‌كه‌مان بچین. به‌ڵام پێموایه مه‌رجه بۆ ئه‌وه‌ی له حه‌قیقه‌تی هاوڕێیه‌تی ژیان بگه‌ین ده‌بێ مردن بناسین، ئێمه گه‌ر راستگۆ نه‌بووین له‌گه‌ڵ خۆ ئیدی راستگۆ نابین به‌رامبه‌ر به ژیانیش، راستگۆیی به‌رامبه‌ر به خۆ ئه‌وه‌یه، كه مردن به حه‌قیقه‌تی خۆمان بزانین، ناكرێ مردن به شتێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بزانین، وه‌ك ئه‌وه‌ی “مردن كه‌ی دێ با بێ”. چوونكه تێگه‌یشتنمان له مردن تێگه‌یشتنمانه له بوون، مردنی كه‌س ئاڵوگۆڕ ناكرێ، وه‌ك هایدیگه‌ر ده‌ڵێت: (ئه‌و ساته‌ی دازاین په‌یدا ده‌بێت، به‌ته‌مه‌ن مردن بۆی گه‌وره‌یه… ئه‌و ده‌مه‌ی له مردن وه‌ك بوونی خۆمان لێی تێده‌گه‌ین، ئیدی مردن ئاسانده‌بێت، ئیدی رسته‌ی هێشتا لاو بوو، یان كاتی مردنی نه‌هاتبوو ده‌رنابڕین، چوونكه ئێمه له مردنی ئه‌و تێناگه‌ین، ئه‌وه دیدی ئێمه‌یه بۆ مردنی ئه‌و له‌به‌رئه‌وه خودی مردن دۆڕان نییه به‌ڵكو له‌ئه‌زموونی ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه ده‌بێت به‌دۆڕان. من كه ده‌مرم ئه‌زموونی ئازاره‌كه‌م ده‌رناكه‌وێت. ئه‌وان ناتوانن ئه‌زموونی مه‌رگی من بكه‌ن)
بۆ تێگه‌یشتنی باشتر خراپ نییه گه‌ر له چیرۆكێكی كۆنی گه‌لی ئیرانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، له‌و چیرۆكه‌دا هاتووه، كه (چوار په‌پوله ویستیان بزانن پێناسه‌ی راسته‌قینه‌ی ئاگر چییه؟ په‌پوله‌ی یه‌كه‌م كاتێك له‌دووره‌وه به‌ده‌وری ئاگر ده‌سوڕێته‌وه دێته‌وه و ده‌ڵێت، “ئاگر روناكیه” دیاره ئه‌مه ته‌نیا ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ده‌ره‌كی‌و خه‌سڵه‌تێكی بچوكی ئاگره، له‌به‌رئه‌وه به حه‌قیقه‌تی ئاگر دانانرێت. په‌پوله‌ی دووه‌م، زیاتر له ئاگره‌كه نزیك ده‌بێته‌وه‌و هه‌ست به تین‌و گه‌رمای ئاگر ده‌كات بۆیه ده‌ڵێت “ئاگر تین‌و گه‌رماییه”، دیاره ئه‌مه‌ش ناساندنی خه‌سڵه‌تێكی ئاگره نه‌ك حه‌قیقه‌تی ئاگر. په‌پوله‌ی سێیه‌م، له دوو په‌پوله‌كه‌ی دی زیاتر نزیكی ئاگر ده‌بێته‌وه بۆیه باڵه‌كانی هه‌ڵده‌كڕوزێن‌و ده‌سوتێن، له‌به‌رئه‌وه حه‌قیقه‌تی ئاگر بۆ په‌پوله‌ی سێیه‌م ئه‌وه‌یه كه “ئاگر سوتێنه‌ره” ئه‌مه راستییه، كه خه‌سڵه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی ئاگر توانای سوتاندن‌و سوتێنه‌رییه، به‌ڵام ئه‌مه جه‌وهه‌ری ئاگر نییه، واته حه‌قیقه‌تی ئاگر هێشتا ئاشكرا نه‌بووه، بۆیه په‌پوله‌ی چواره‌م ئه‌م زانیاریه‌ی په‌پوله‌ی سێیه‌میش به‌كه‌م ته‌ماشا ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه بڕیار ده‌دات خۆی بڕوات بزانێت ئاگر چییه؟ چوونكه پرسیاری چییه پرسیاره له جه‌وهه‌رو ماهیه‌ت، بۆیه ناكرێت ئه‌و زانیاریانه‌ی دی له‌سه‌ر ئاگر به‌حه‌قیقه‌تی ئاگر بزانین، په‌پوله‌ی چواره‌م هێند له‌ئاگر نزیك ده‌بێته‌وه تا باڵه‌كانی ده‌سوتێن، پاشان خۆی فڕێده‌داته نێو ئاگره‌كه‌وه پاش روناكییه‌كی گه‌وره، ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه و ونده‌بێت) به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانین بڵێین په‌پوله‌ی چواره‌م له‌حه‌قیقه‌ت‌و جه‌وهه‌ری مردن گه‌یشتووه، په‌پوله‌ی چواره‌م، كه چیدی ناگه‌ڕێته‌وه نایه‌ته‌وه به‌راستی له‌حه‌قیقه‌تی ئاگر تێگه‌یشت، هه‌روه‌ك چۆن حه‌قیقه‌تی مردنیش پێمانوایه هه‌مان شته، كاتێك بمانه‌وێت باسی حه‌قیقه‌تی مه‌رگ بكه‌ین یان كه‌سێ نیازی بێت له‌م په‌رتوكه حه‌قیقه‌تی مه‌رگی چنگ ده‌كه‌وێت كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه، چوونكه حه‌قیقه‌تی مه‌رگ ته‌نیا ئه‌وكات ده‌زانرێت، كه چیدی وه‌ك په‌پوله‌ی چواره‌م توانای باسكردنیمان نییه، ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی له‌حه‌قیقه‌تی مه‌رگ بگه‌ین ده‌بێ بمرین.
كێشه‌ی مردن وه‌ك تاقیكردنه‌وه له‌وه‌دایه، كه له رۆمانی ”بوراق”دا، هاتووه “تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه، كه گه‌ڕانه‌وه‌ی تێدا نییه، ناتوانین تێدا ئیكمال ببین، نه كه‌سیشمان ده‌گه‌ڕێته‌وه تاكو ئه‌نجامه‌كه‌ی ئاشكرا بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تاك لایی شه‌خسیه بێ گه‌ڕانه‌وه، تۆ خۆت و خۆتی كه‌ست له‌گه‌ڵدا نییه تاكو شاهیدی ئه‌م چوونه‌ت بێت بۆ ئه‌ودیو، كه نازانین چییه”.
ئێمه رۆژانه، كه ماندوو شه‌كه‌ت ده‌بین یان ده‌كه‌وینه دۆخێكی ئازاراوی‌و بێزاركه‌ره‌وه هاوارو ناڵه‌ی مردن ده‌كه‌ین، یان جاڕی مردنی خۆمان لێده‌ده‌ین‌و ده‌ڵێن “مردم” به‌ڵام هه‌موو ئه‌م مردنانه وه‌ك تێگه‌یشتنه‌كانی په‌پوله‌كانی(1-2-3) وان بۆ تێگه‌یشتن له‌ئاگر، واته چه‌ند باسی مردن ده‌كه‌ین هێشتا هاوارێك له‌ناوه‌وه پێمانده‌ڵێت، كه ئه‌مه مردن نییه به‌ڵام خه‌سڵه‌تێكی مردنه‌و به‌م هۆیه‌وه له‌جیاتی كه‌مێك ترسمان له‌مردن بڕه‌وێته‌وه به‌بڕوای من به‌پێچه‌وانه‌وه ترسمان له‌مردن زیاتر ده‌كات، واته ئه‌و باسكردنی مردنه رۆژانه‌ییه شتێك له‌و ئازار‌و ترسه‌ی، كه له مردن هه‌مانه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆمان تامی مه‌رگمان كردبێت یان مردنمان ئه‌زموون كردبێ، كه‌مناكاته‌وه، كه بێگومان زیادیشی ده‌كات، وه‌ك ئه‌فلاتون ده‌ڵێ ئێمه مه‌رگ ناناسین ئیدی بۆ لێی بترسین. به‌ڵام به‌بڕوای من هۆكاری ترسمان له مه‌رگ له‌م نه‌ناسینه‌دایه، ئه‌م نه ناسینه ته نیا له مه‌رگ نییه، به‌ڵكو له خودی خۆمانه، گه‌ر خۆ بناسین، بێگومان مردن به شا پێشهاتی خۆمانی ده‌زانین، واته مردن له پێشمانه، ئێمه روومان لێیه‌تی‌و به‌ره‌و رووی ده‌چین، ناتوانین رووی تێنه‌كه‌ین، چه‌ند خۆمان دووره په‌رێز بگرین، دواجار هه‌ر روومان لێیه‌تی، بێ ویستی خۆمان روومان لێیه‌تی.
ئایا ئێمه باسی مردووه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌مردنی خۆمان نه‌كه‌ینه‌وه یان به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێمه‌ی مرۆڤ “مه‌رگی خودا، مه‌رگی نووسه‌ر، مه‌رگی شار، مه‌رگی فه‌لسه‌فه…” راده‌گه‌یه‌نن تا بڵێین ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه بمرێنین، یان ئه‌مانه‌وێت له‌مردنی شته‌كانیتریشدا ئاسوده‌بین به‌وه‌ی، كه ته‌نیا ئێمه نین ده‌مرین، یان ئه‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی مردنی ئه‌وانه‌وه ئه‌زموونی مردنی خۆمان بكه‌ین؟ هه‌روه‌ك ده‌شمانه‌وێت مردن بكه‌ینه ئه‌و چه‌مكه‌ی دنیای پێ راڤه بكه‌ین، یاخود مردن له میتافیزیكه‌وه بێنینه‌وه بۆ دنیای واقع‌و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ته‌مومژی مردن بڕه‌وێنینه‌وه‌و بڵێین ئێمه له‌مردن تێده‌گه‌ین؟ یان وه‌ك فرۆید ده‌ڵێت “مرۆڤ گه‌رچی زوو زوو باسی مه‌رگ ئه‌كات، به‌ڵام له‌ناخی خۆیدا باوه‌ڕی پێناكات” واته مرۆڤ به‌جۆرێك ئاوێزانی ژیان بووه، ئیدی مردن، كه له ژیانكردنه ئاسان نییه باوه‌ڕكردنی، به‌واتایه‌كی تر خووگرتن به ژیانه‌وه، مردنی له‌بیربردووینه‌ته‌وه، دیاره ئه‌م خووگرتنه‌ش هێنده‌ی مه‌ترسیه بۆ سه‌ر ژیانمان هێنده مه‌ترسی نییه بۆ له‌یادكردنی مه‌رگمان، یان ئه‌م ده‌ربڕاوانه بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌یه، كه ناره‌سه‌نانه ده‌ژین، واته گه‌ر ره‌سه‌نانه بژین ئه‌وا مردن به‌دابڕاو له‌خۆیان ته‌ماشا ناكه‌ین. ئه‌م مردنه ده‌بێت چی بێت، كه به‌ئاگایانه و بێ ئاگایانه به‌رده‌وام له‌ناو بیر‌و له‌سه‌ر زمانمانه.
له‌لایه‌كی دییه‌وه مردن ده‌شێت هه‌م به راسپێراوێكی ئه‌مین لێی بڕوانین، كه دێت‌و كار‌و ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێده‌كات‌و هیچ له‌باره‌ی ئه‌ودیوه‌و به مرۆڤ نابڵێت، واته نهێنی پارێزه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ مرۆڤه‌كان جێگه‌ی دوودڵییه. هاوكات ده‌شێت وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارێكی مه‌عریفی لێی بڕوانین ئه‌و به زانینه‌كه‌ی ئێمه كۆیله كردووه، واته زانین لێره‌دا هه‌م پۆزه‌تیڤه هه‌م نێگه‌تیڤ، پۆزه‌تیڤه سه‌باره‌ت به خۆی نێگه‌تیڤه سه‌باره‌ت به مرۆڤ. واته ئه‌و زانینه‌ی پاش مردن چی؟ مرۆڤ هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه مردن بێنێته گۆو بێژێ له پاش مردن چی به‌سه‌ر مرۆڤدا دێت؟ به‌ڵام ره‌نگه پاشا فه‌رمانی كردبێت ئه‌و ته‌نیا ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێبكات به بێده‌نگی؟ ده‌شێت ئه‌و بێده‌نگ خولقابێت، بێ هه‌ست سازابێت له‌به‌رامبه‌ر هه‌ستی مرۆڤه‌كاندا؟ هه‌ستی نه‌بزوێت؟ ده‌شبێت ئه‌وه مرۆڤبێت له زمانی ئه‌و نه‌گات، له ئه‌رك‌و هه‌ست‌و بێده‌نگی ئه‌و نه‌گات؟
ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه بخوێنێته‌وه تێده‌گات به‌ڕاستی مردن له زمانی كوردی‌و بیركردنه‌وه‌ی كورددا ئاماده‌بوونێكی چڕ‌و دیكتاتۆرانه‌ی هه‌یه، هه‌روه‌ك مردن خۆشی دیكتاتۆرێكی دادپه‌روه‌ره، چوونكه دێت‌و خۆی ده‌سه‌پێنێت بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تمان لێ وه‌رگرێت (ئه‌مه دیكتاتۆرییه)، به‌ڵام دادپه‌روه‌ره له‌به‌رئه‌وه مردن بۆ هه‌موو مرۆڤێكه‌و جیاوازییه‌ك ناكات له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا، هیچ مرۆڤێك نییه له‌مردن هه‌ڵبێ. ئاماده‌بوونه دیكتاتۆرییه‌كه‌ی مردن ته‌نیا له‌زماندا بوونی نییه به‌ڵكو له‌كرداریشماندا ئه‌م مردنه ئاماده‌یی ده‌بینرێت، گه‌ر نیگایه‌كی ئه‌م شاره بكه‌یت، وه‌ك چاودێرێك بزانیت تا چه‌ند ژیان لای ئه‌م خه‌ڵكه خۆشه‌ویسته، ئه‌م خۆشه‌ویستییه تا چه‌ند له‌ئاكار‌و كرداره‌كاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌وكات توشی جۆرێك له‌نائومێدی ده‌بیت، له‌رووی مرۆیی‌و ئایینیشه‌وه به‌رپرسیارێتی رۆڵی خۆی نه‌گێڕاوه له‌وه‌ی، كه ئه‌م ژیانه ئه‌مانه‌تێكه دراوه‌ته مرۆڤ، ئێمه ده‌ژین به ئه‌مانه‌ت واته ئه‌مانه‌تێكین یان ژیان ئه‌مانه‌تێكه له‌ده‌ست ئێمه‌دا یان ئێمه ئه‌مانه‌تێكین له‌ده‌ست ژیاندا، به‌ڵام ئێمه ئه‌مانه‌ت پارێز نین، نه‌ژیان ده‌پارێزین نه خۆمان، ئه‌م بڕیاره گه‌رچی گرانه به‌ڵام راستییه‌كی تاڵه، ته‌نیا نیگای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل‌و ژینگه‌و نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ین ئه‌مه‌مان به‌باشی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین نه‌ك بۆ كورد به‌ڵكو به‌گشتی ئه‌م سه‌رده‌مه، وه‌ك كاتی جه‌نگ وایه، مردن به نه‌زانراوی نایه‌ت.