Skip to Content

Wednesday, April 17th, 2024
ڕووداوی مەرگی شێرکۆ بێکەس هەنووکەی خۆی هەیە

ڕووداوی مەرگی شێرکۆ بێکەس هەنووکەی خۆی هەیە

Closed
by August 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

مەرگەکەی شێرکۆ بێکەس،کە ڕووداوەمەرگێ برینئامێزە و شایستەی گەلێ تێڕامانیشە،گەلێ شتمان پێدەبێژێ بۆنموونە:گشت ڕووداوێک هەنووکەی خۆی هەیە.کەچی ئەوی ڤیتگێنشتێین لەبارەی ڕووداوی مەرگەوە دەیڵێ کەمەرگ ڕووداو نییە لەناو ژیان،ئێمە ناژین تا مەرگ تاقیکەینەوە گومانەلە تێگەیشتن لە تێژیانی مەرگ.بەڵێ ئێمە بۆئەوەناژین مەرگ تاقیکەینەوە بەڵام ڕووداوی مەرگی کەسێ دیار مەرگ دەکابە ڕووداو نەک ئەوەی کەخودی گشت مەرکێ ڕووداوبێ.ئەم جۆرە ڕووداوانە،بەڕووداوبوونی مەرگ،کە خۆی لە کەسێتی کەسەکە بەرجەستەدەکا،دووبارەنابنەوە.کەوابێت،خودی مەرگی شێرکۆ بێکەسیش هیچکات دووبارەنابێتەوە.ئێمە هەموو یەک مەرگ قەرزارین،مەرگێک کەبە سانای نەبۆ خۆمان و نەبۆ ئەویتریش هەرسدەبێ،وەکیتر مەرک هییچوەخت و بۆ کەسیش هەرسنابێ.بەپێیئەوەی مەرگ مەترسیە بۆسەر مانەوەمان ئەمەوادەکا مەرگ لەلایەن هیچکەسێکەوە هەرسنەکرێ،یان بۆدەبێ مەرگبوون هەرسکرێ لەکاتێکا ئارەزوو بۆ ژیان هەیە؟ سەیرەکەلەوەشایە هەموو لەتەک مەرگ،مەرگی ئەویتر،ڕادێین.ئێمەش وەک شێرکۆ دەمانزانی مەرگ ناپرسێ بێم؟چونکە مەرگ لە واتا و وێنابوونەکانی خۆی پاشگەز نییە.هەروەها مەرگ کە دێ،لەو شێوەیەی بۆ لای شێرکۆ هات،هەمیشە وەک ئەوە دێ کە نەدەبایە بێ.مەرگەکەی شێرکۆ،هەروەک لە دوا کارە شیعرییەکەیدا گۆکراوە،پاش هاتنی ئاوا نە بۆ ئێمە و نە بۆ شێرکۆی پاش مەرگیش گۆنەدەکرا.چونکە مەرگ لە شیعرا یارییە،یاریێ جوانکاریشە.وەکیتریش مەرگ لەشیعرا یاریکردنە بە وشە.لێ مەرگ لەناو ژیانا کەدێ یاریکردنە بە ڕۆح.ئەمەشە جیاوازی نێوان مەرگ لە تێکستدا و مەرگیش لە دەرەوەی تێکست کەئەویش ژیانە.بەڵێ لە شیعریشا،هەروەک لە ژیانا،مەرگ گومڕا و هەستیارە بەس چاندنی مەرگ لەناو بوونمانا بەوپێیەی مەرگ خۆی وەک دژەبەرامبەری بوونمان،ژیانمان،ببینێ مەرگ بێ ئەندازە ترسناکە.بەو پێیەی شێرکۆ لە دوا بەرهەمیدا زۆرترین شیعرگەرای بەسەر مەرگەوە کردووە گەرئێستا لێرەبایە لەهەموان زیاتر لە هەنووکەی مەرگی خۆی دەگەیشت.ئەم جۆرە مەرگانە بۆئەوەی هەنووکەی خۆیان بسەپێنن ماتەمینیێ نەبڕاوە لەناومانا بڵاودەکەنەوە.دید و تێڕوانینە جوانکاریەکانی شێرکۆش بۆ مەرگ،کە داوا لە مەرگ دەکا پەلەبێ و دوا نەکەوێ،مەرگ دەکا بە پێوانەیێ بۆ ژیان.لێرەوە مەرگ فڕێدەدرێتە ناو ژیانەوە و،لێ ئەو دەمەی مەرگ ژیان جێدێڵێ ژیان لەتەکخۆیا دەبا.بۆیشە ئێستا شێرکۆ لەناو ژیان نییە.لێرە نییە،بەڵکو لەوێییە،لەو شوێنەی مەرگ خۆی هەنووکەی دەکا.ئەبیقۆر وتەنیش مەرگ لێرە نییە لەوێیە هەرکە لێرە بوو ئیدی ئێمە لێرە نیین،هەرلەبەرئەوەش مەرگی شێرکۆ خۆی لە شوێنێکا قەتیسکردووە تائەوپەڕی پڕە لە مەرگ.مەرگی ئاوا ڕیزپەڕ خۆی کاوێژناکاتەوە.وەکیتریش مەرگەکان کاوێژبوونەوە نازانن.چونکە هەریەکە و مەرگی خۆی دەمرێ.ئەمەش لەبەرئەوەی مەرگ شتێ تاکییە تەنانەت ئەو دەمانەش پێکەوە لە ڕووداوێکا دەمرین هەر بەتەنیا مەرگی خۆمان دەژین.ڕەنگە هەبێ حەزیکردبێ وەک شێرکۆ بێکەس بمرێ،مەرگ بژی یان لەتەک شێرکۆ بێکەسا بڕوا،بڕوا بۆ مەرگستان بەڵام ئێمە ئەمانە بۆ کێ باسدەکەین؟بۆ مەرگ؟موسیبەتەکە لەوەدایە مەرگ گوێگر نییە،یان کە گوێشدەگرێ تەنیا لەخۆی وبەس گوێدەگرێ.گوێنەگری وەک مەرگ نابێتەوە.گوێنەگری یەکێکەلە ئاوەڵناوە بەرچاوییەکانی مەرگ. لەهەمانکاتیشا ئیشی مەرگ بەوە مەیسەر دەبێ کە گوێنەگربێ.مەرگ هەر ئەوەندە گوێیگرت،ویستی تێبگا و سینگفراوانبێ ئەوە مەرگ نییە،ئەوە مەرگ نییە دەخوازێ حاڵیبێ بەڵکو ئەوە شتێترە.لێ ئێمە لەمدەمەدا دەمانەوێ مەرگ هەڵنەستێ بە کارەکەی،واز لە پیشەکەی بێنێ ولە شوێنێڕا ئۆقرەبگرێ،لەو جێیە چەپبێ شێرکۆی لێنییە،یان دەمانەوێ مەرگ والێکەین بەشتیترەوە،بە کەسێ ترەوە سەرقاڵبێ.گشت ئەمانە لەگەڵ گشت کەس و شتێکا دەکرێ لەگەڵ مەرگا نەبێ.بەپێیئەوەی گشت یەکێ لە ئێمە شەڕێکی لەتەک مەرگا هەیە تاپێیکرێ ئەم شەڕە دوادەخا،خۆی لێنەناسدەکا و بەدواهەمین شەڕی خۆشی لەقەڵەمیدەدا نەکهەرلەبەرئەوەی ئەوە شەڕێ پووچە لەبەرئەوەش،کیرکەگۆرد وتەنی،بۆچوون بۆ مەرگ بەرامبەر بە بۆچوونە بۆ بوون.ئەم جۆرە دیدە پێمان ئێژێ نیگا بۆ مەرگ نیگاشە بۆ بوون کەئەوەش ژیانە.لەسەرێتریشەوە مەرگی شێرکۆ لەناو ژیانەوە سەردەردێنێ و ژیانیش ئێمە بۆئەوە ئامادەدەکا مەرگەکەی شێرکۆ پەسەندکەین.بەمشێوەیە ڕەنگە هەموو حەزمان بەو هێپۆتێزە(گریمان) فەلسەفییە بکردایە کەدەڵێ:بژی بەبێ مەرگ.واتە ژیانێک مەرگی تیانەبێ،ژیانێ هەمیشەی و نەمری.گەر ئەم گریمانە ڕاستیخۆی بەدەستبهێنایە ئێستا گشت شێرکۆکان(خانی،حاجی قادری کۆی،گۆران،عەلی مەردان و…)لەگەڵمانابوون و،ترسیشمان لە لەدەستدانی هێژاکانمان نەدەما.ڕەنگیشە گەر مەرگ نەبایە بەتەنگلەدەستدانی هێژاکانمان نەهاتینایە.مەرگ لەخۆیا ترسێک دروستدەکا ترسی لەدەستدانی ئەویتر،ئەو ئەویترەی نامانەوێ وونبێت. ئێمەش بۆ ئەوانیتر ئەویترین.بۆیە مەرگی خۆمان،هەروەک مەرگی ئەوانیتر،بریتییەلە وونبوون،وونبوونێک هەموان دەگرێتەوە.چۆنیش فێربیین بمرین تاقیماننەکردۆتەوە.ڕەنگە لە فۆڕمی قسەکەی بیرمەندی فەڕنسی مۆنتاینMontaigne  بوون بە فەیلەسوف واتە چۆن فێربی بمری شتێ ڕاستبێ.هەرچی شێرکۆیە مەرگی وەک شاعیر تاقیکردبوەوە ئەڵبەتە لەمیانەی ئەو سەختییانەی لە دروستکردنی وێنابوونەکان لە شیعرا دەبینی.بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ شێرکۆ مەرگی خۆی دی.ئەوە ئێمەین مەرگی ئەو دەبینین.هیچیەکێک لە ئێمە مەرگی خۆی نابینێ.مەرگ بینین واتە نەمان.پاش نەمان تەنیا ئەوانە مەرگ دەبینن کە مردوونیین،واتە ئێمەی زیندوەکان.مەرگ بۆ ئەوانی مردوو مردنی کات و جووڵەیە هەرچی بۆ ئێمەی زیندووە ئەوە کات و جووڵە گڤەیان دێ.ئەڵبەتە بۆئێمەی زیندووش کاتێکبەڕێوەیە مەرگی ئێمەش وەک ئەوی شێرکۆ بێکەس لەناو ژیانا بەهەنووکەبێ بەس گشت مەرگەکان ڕووداو نیین هەروەک گشت لەدایکبوونەکانیش ڕووداو نیین.بۆنموونە مەرگی کانت ڕووداوە چونکە لەدایکبوونەکەی ڕووداوە.وەکیتریش مەرگی شێرکۆ،وەک گشت مەرگەکان،خەوە بەس خەوێ درێژخایەن،خەوێک کەهیچکات مانای بێداربوونەوە نازانێ.ئەم خەوە لە تاریکیەکانا،لەناو بێدەنگیا کاتبەسەردەبا. ڕەنگیشە مەرگ کۆتای ژیان نەبێ و قۆناغێ بێ لە بێدەنگی ژیان.بەس ئەم بێدەنگیە هەمیشەی و یەکجارەکیە.هەڵهاتنیش لە مەرگ هەڵهاتنە لەم بێدەنگیە.بەرگەنەگرتنی ئەم بێدەنگیە سامناکەش بەرهەمی ئەو ترسەیە لە مەرگ هەمانە. ترسناکی مەرگیش لەوەدایە کە نامانەوێ بۆ هەمیشە بێدەنگ بین.کەچی سەیرە مەرگ ترسێ بێ مانایە بۆ ئەنیشتاین لەکاتێکا فرانسیس باکۆن پێیوایە ترس لە مەرگ وەک ترسی مناڵان وایە لەچوونە تارکی بەس ئەم ترسە لەگەڵ زیادبوونی هەقایەتەکان لەمەڕ تاریکی زیاددەکا.ئەڵبەتە هەمانشتیش لەسەر مەرگ ڕاستە.واتە،تا هەقایەتەکانمان لەسەر مەرگ زیادکەن ترسمان لە مەرگ زیاد و زیاددەکا.

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

azadhama500@yahoo.tr

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.