بلیمەتە شێتەکانی جیهان
زۆرجار سنوری نێوان بلیمەتی و شێتی تەنها تاڵە دەزوویەکە. بەشێکی زۆری فەیلەسووف و پێخەمبەرەکانی جیهان ، لەسەرەتادا لەلایەن کۆمەڵگاوە بۆچوون و هەڵسووکەوتەکانیان ڕەتکراوەتەوە، تەنانەت زۆرجاریش بەتوندترین شێوە سزادراون. دەتوانین لە پێخەمبەرەکاندا، حەزرەتی مەسیح بەنموونە بهێننەوە، ئەو لەسەر بۆچوونە جیاوازەکانی، کۆمەڵگاکەی خۆی لە خاچیاندا. لە فەلسەفەشدا دەتوانین باسی یەکەم شەهیدی فەلسەفە بکەین، کە ئەویش ” سوقراتە”. ئەمیش لەبەر بۆچوون و هەڵسووکەوتەکەی، لەناو کۆمەڵگەی ئەسینای کۆندا جێگای نەبوویەوەو سزای ژەهرخواردنیان بەسەردا سەپاند.
لێ پاش چەندین ساڵ ئینجا نەوەکانی تر توانیویانە بە شێوەیەکی باش، هزر و بۆچوونی فەیلەسوف و بیرمەندەکانی نەوەی پێشوو بخوێننەوەو لێیانتێبگەن.
زۆربەی بیرمەند و فەیلەسووفەکانی جیهان، سەرەتا لەناو کۆمەڵگەکەی خۆیان بەشێت یان کەسێکی پەراوزێخراو تەماشاکراون. زۆرجاریش بەحوکمی ئەوەی کاری سەرەکی فەیلەسووفەکان، بیرکردنەوەو تێڕامان بووە، هێندە لەناو خۆیاندا بوون، خەریکبووە بگەنە ئاستی شێتی ، بۆ نموونە ” دیکارت” هێندە گومانی لە شتەکانی دەورووبەری کرد، تا خەریکبووە شێت بێت. “نیتچە” لە کۆتایی ژیانیدا گەیشتە ئاستێکی ترسناکی دەروونی .
دیارە لەناو گێتی عەرەبدا کەم رەخنەگرهەڵکەوتووە، زیاتر نووسەر و شاعیرەکان ، خاوەنی ناوبانگ بوون، بەڵام لە وڵاتی میسر ، رەخنەگرێکی ئەدەبی و فکری، توانی تارمایی خۆیی بەسەر جیهانی هزر و ئەدەبی عەرەبیدا بکشێنێت ، ئەویش ” رەجائەلنەقاش” ە.
ئەم نووسەرە ڕۆڵێکی ئێجگار مەزنی هەبووە، لە ناو رەخنەی ئەدەبی عەرەبیدا، ئەو یەکەم کەسبوو، کە شاعیری ناوداری عەرەبی” محمود دەروێش” ی بە خوێنەرانی عەرەبی ناسی. یەکێک بوو لەو رەخنەگرە عەرەبە دەگمەنانەی ، کە دەقی نایابی دەناسیی و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکرد.
بەڵام رەجائەلنەقاش جگە لە رەخنەی ئەدەبی ، کۆمەڵێک کتێب و نووسینی تریشی هەیە، کە زیاتر لەناو جیهانی هزردا خۆیان دەبیننەوە. ئەو بە شێوەیەکی ئەدەبیی و ئاسان ، باس لە فەلسەفە و فەیلەسووفەکانی جیهان دەکات . یەکێك لەو کتێبە باشانەی ” بلیمەتە شێتەکانە”.
لەم کتێبەدا نووسەر ، هاتووە گەشتێکی فەلسەفیی و ئەدەبیی و هونەری،بە خوێنەران دەکات . تێیدا خوێنەران بە هزر و ژیانی کۆمەڵێک بلیەمەتی جیهان دەناسنێت ، لەوانە : ( ساڤۆ، مۆلێر،گۆتە، ڕامبۆ،بەلزاک،بۆدلێر، ئەنشتاین، پوشکین، غەسان کەنەفانی،،،هتد،)
ئەم کتێبە بریتییە لە ناساندنێکی کورت و پوختی کۆمەڵێک کەس، کە جێ پەنچەیان لەناو جیهانی ” هزر و هونەر و ئەدەب و زانست “دا دیارە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت :
” ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێندنەوە، چونە ژورەوەیە بۆ جیهانی ڕۆشنبیری بە گڕو تین و ڕۆحێکی مەستەوە، بێ ترس یان بێ هەستکردن بە بێزاری و دڵگرانی. ڕۆشنبیری ئەو ڕەگەزەیە وا دەکات ژیانمان جوانتر و، ڕەفتارمان باڵاتر و ئارەزومان بەرزتر بێت و عەقڵمان توانای هەبێت لە کێشە تایبەت و گشتییەکاندا، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست هەڵسوکەوت بکات. هیوادارم ئەم کتێبە بەشداربێت لە بە دیهێنانی هاندان بۆ خۆشویستنی ڕۆشنبیری و دۆزینەوە گەرم و گوڕیی و سۆز و خۆشبەختی ڕۆح کە لە جیهانی ڕۆشنبیریدا هەیە. ئەم ئامانجە بەشێکە لە خەونەکانم، خەونەکانیش هێزی پاڵنەرە لە ژیانی مرۆڤەکاندا، گەرچی ئەو خەونانە بە شێوەیەکی تەواوەتیش نایەنەدی . ل١٨”
نووسەر هەوڵیداوە لە گونجێکی ژیانی ئەو کەسە ناودار و بلیمەتانەی جیهان، خوێنەر فێری ئەزمونێکی نوێی ژیان بکات. لەهەمانکاتیشدا خوێنەر لە جیهانی نووسەر و شاعیر و فەلەسوف و ئەکتەرە مەزنەکانی جیهان نزیک دەکاتەوە.
بە دڵنیاییەوە وەرگێرانی ئەم جۆرە کتێبانە بۆ زمانی کوردی، سودێکی ئێجگار باشی هەیە بۆ خوێنەری کوردی.
جێگەی ئاماژەیە ئەم کتێبە لەلایەن نووسەر و وەرگێری بەتوانا ” هەورامان وریا قانع” کراوەتە کوردی، لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپکراوە.