گازندە … …. نەوزاد بەندى
-1-
چەند خێرا فامیلى مۆڵ و
ماجدى مۆڵتان هێنایە سلێمانى
لێرەیشەوە کۆمەڵێ مۆڵ ئەبەنەوە هەولێر..
بە ماوەیەکى پێوانەیى ،
خەونەکانى خۆتان دێننە دى ..
زۆر زوو..
بەشەو ڕۆژ شۆڤڵەکان ..
کرێکارەکان ..
ئەندازیارەکان ..
چەو و
لم و
چیمەنتۆ ..خەونەکانتان بۆ ئەکەن بە ڕاستى ..
بەڵام ئەو خەڵکە نەک خەونیان نایەتە دى ،
بەڵکو واقیعەکەیشیان ،
هێواش – هێواش ئەڕەوێتەوە و
ئێوە بە هەرزان لێیان ئەکڕن ..
ئایا قەت بیر ناکەنەوە لەوەى
ئەو ڕەعیەتە ، ئەمرن و
خەونێکیان نایەتە دى ؟
قەت بیر ناکەنەوە مناڵەکانى نیشتمان ،
ساڵەهاى ساڵ گۆرانى بۆ خاڵخاڵۆکەى خەونێ ئەڵێن و
کەچى نانیشێتەوە لەسەر پەنجەیان .. ؟؟
قەت بیر ناکەنەوە ،
هەموو نیشتمان بووە بە ژێر پێى
خەونە بەدیهاتووەکانى خۆتانەوە ..
خەونەکانتان تەنانەت چووەتە ئاسمانەوە ..
خەونەکانتان خەریکە بانکەکان و
کۆمپانیاکان و
هەوارگەکانى ئەوروپایش داگیر ئەکا ..
( تۆزێکیش خەونى بەدیهاتو،
بەشى دایکى شەهیدان بدەن ..
بەشى بریندارەکانى شۆڕش بدەن ..
بەشى بێوەژنەکانى شۆڕش بدەن ..
بەشى مناڵە بەجێماوەکانى
هەگبەکەى کیمیاوى و
ئەنفال بدەن .. )
تێ بى نى :
لە دنیادا من ڕقم لە دروشمە ،
چى بکەم ؟
ئەڵێم بەڵکو بەو وشانە ،
تۆزێک ڕاچڵەکن ..
پارچەیەک بەردى حەلان ..
لەتێ لایتى زینۆن ..
بخەنە سەر سفرەى ،
لاوێکى گەرمیان ..
کە نە باوکى بینیوە .. نە دایکى ..
مامى تاکو شەش ساڵى بەخێوى کردووە و
ئیتر داویەتیە دەست شەقام .. ..
ستونەکان بوون بە خوشک و براى ..
دینارە دڕاوە
عارەقاوییەکان ،
بوون بە تەنها مۆم و چراى ..
-2-
ئازیزەکەم ..
هەتاکو تۆم دۆزییەوە ،
خۆمم ون کرد ..
-3-
دەوڵەمەند نابى بە قوربان ..
دەوڵەمەند نابى ..بەساقە ..
هەتا بە قازانج نەڵێى قانجاز ..
هەتا بە ئەنتەرناشناڵ نەڵێى عەنتەڕناش ..
بە ملیۆن بڵێ : ملوێن
ڕادیۆ : ڕادوێ ..
مسیۆبوشى : مستەرگوشى ..
هەتا لە پەنجەرەکەوە ،
بوتڵە بەتاڵەکە هەڵنەدەیتە سەر شەقام ..
هەتا هەموو جۆرەکانى جڕت نەزانى..
هەتا لە پەنا و پاسارەکانا بە پێوە میز نەکەى ..
هەتا کتێب لە ماڵەکەتا قاچاخ نەبێ..
هەتا کفر بە خوا و
پێغەمبەر و
شیعر و
هونەر و
نیشتمان نەکەى ..
دەوڵەمەند نابى ..بە قوربان ..
دەوڵەمەند نابى .. بەساقە ..
-4-
ئێمە هەروا بوین ..
لە ناوەڕاستى موناجاتا ،
پێنج دەقیقە سەماحمان کردووە بۆ ماچ ..
لە سێ یەکى ڕەقسى شەرقیدا ،
30 ڕۆژ مۆڵەتمان وەرگرتوە ،
بۆ ڕۆژووى ڕەمەزان ..
لە وەختى ئیزافى براکوژیدا ،
پێنج دەقیقەمان لە مایک خواستوە ،
بۆ ئەوەى کۆمەڵێ دروشمى قەڵەو ،
دەرخواردى میللەتێکى لاواز بدەین ..
ئێمە هەروابووین ..
لە حەرەمى دۆلاردا ،
مۆڵەتمان لە فرانکلین وەرگرتووە ،
بۆ ئەوەى شیعر و
هەڵوێست و
بنەماکانمان بسوتێنین ..
لە بەردەرگاى ڤیلاکاندا ،
یەک چرکە مۆڵەتمان لە خوا وەرگرتووە ،
بۆ ئەوەى پێش بەربانگ ،
ڕۆژووەکانمان بشکێنین ..
پێش جەماعەت ،
دەستنوێژەکانمان بشکێنین ..
ئێمە هەروا بوین ..
هەروایشین
هەروایش ئەبین ..