دنیا له به‌هه‌شت جوانتره!
بیره‌وه‌رییه‌کانی ئوسووڵییه‌کی میسری
پێشه‌کییه‌کی کورت:
ئه‌م کتێبه‌ی وا لێره‌دا به‌خوێنه‌ری کوردی ده‌ناسێنم، ئیسلاممان له دیدو بۆچوونی گرووپێکی ئیسلامیی توندڕۆوه پێ ده‌ناسێنێ. ده‌توانین بڵێین خوێندنه‌وه‌یه‌کی تاریک ونووته‌ک و توند‌و تیژه بۆ ئیسلام. به‌ڕاده‌یه‌ک نه‌ئه‌م وه‌چه‌یه‌ی ئێستا‌و نه‌باب و باپیرانیشمان ڕۆژێ له ڕۆژان، به‌خه‌یاڵیاندا نه‌هاتووه، که ئیسلام بریتی بێ له‌م چه‌مک و پره‌نسیپانه‌و به‌م جۆره ڕاڤه‌و پیاده بکرێ! وه‌نه‌بێ ئه‌م گرووپه‌ش هه‌وایی و له خۆڕا بۆڕا قسه‌بکه‌ن. به‌ڵکو ئه‌مانیش پشتیان به ئایه‌ته‌کانی قورئان و فه‌رمووده‌کانی محه‌مه‌د و ڕای ڕابه‌رو ئیمام و ڕاڤه‌کارانی قورئان به‌ستووه.
نووسه‌ری ئه‌م کتێبه بۆخۆی ساڵانێک ئه‌میری کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی (الجماعة الاسلامیة) بووه. ئه‌م ڕێکخراوه چۆن هه‌ڵکوتووه ئاوه‌هاش بۆمان باس ده‌کات. واته له ناوه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌که‌وه قسان ده‌کات نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی. بۆیه ڕایه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌م گرووپه، جێی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستان و به‌هه‌ندگرتنن. بۆچی بڕوایان به تیرۆر، یان وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن به جیهاد هه‌یه؟ ئه‌م بڕوایه‌یان به‌کام پاساو و کامه به‌ڵگه پشتئه‌ستووره؟ ئه‌دی له سۆنگه‌ی چییه‌وه بوو دواتر نووسه‌ر لێیان ژیوان بووه‌وه؟ کتێبه‌که بەگشتی به‌خۆدا چوونه‌وه‌یه. ڕه‌خنه‌یه له تیرۆر و تیرۆریستان، که ئه‌وان به‌نای ناهه‌ق زاراوه‌ی جیهاد و موجاهیدیان له به‌رامبه‌ردا به‌کاربردووه. جێی باسه هه‌ر ئه‌م گرووپه بوون، له ساڵی 1981دا ساداتی کۆنه سه‌رۆکی میسریان کوشت. ئه‌م کتێبه‌یش له‌و جۆره به‌ڵگانه‌یه، که له بواری خۆیدا ده‌گمه‌نه. ئه‌م کتێبه پێمان ده‌ڵێ: با خوداوه‌ند چلۆنی خه‌لق کردووین، ئاوه‌ها بژین و ئاوه‌هاش هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین. نه‌ک بێین خۆمان و خه‌ڵکیش له قاڵببده‌ین.
لە سه‌رێکی ترەوە، زۆربه‌ی توێژه‌رو ڕۆشنبیرانی کورد، له دیوی ده‌ره‌وه، له‌سه‌ر ئه‌م جۆره گرووپانه‌یان نووسیوه و بیستووه. هه‌ندێک جاران بێ بناغه و پاشخانی ده‌وڵه‌مه‌ند گه‌نگه‌شه‌یان له‌سه‌ر کردووه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم: ئاگاداری ئه‌وه نین له‌نێو خودی ئه‌م ڕێکخراوانه‌دا ڕێ و ڕه‌سمه‌کان چلۆن به‌ڕێوه‌ده‌چن؟ کاروباری ڕێکخراوه‌یی، فتوا و جیاوازییه‌کان، چین و له‌کوێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه؟ پشت به‌کامه ئایه‌ت و فه‌رمووده ده‌به‌ستن و چلۆن ئه‌م سه‌ر‌ده‌مه‌ی ئێستامان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
پێم وایه ئه‌م کتێبه‌یش وه‌ک زۆرێک له بیره‌وه‌رییه‌کان، له خانه‌ی جۆرێک له ئه‌ده‌بدا پۆلێنده‌کرێ، که له ئه‌وروپا ئه‌م ژانره به (فاکشن) ناوده‌برێ. واته (فیکشن) نییه. چونکه خه‌یاڵی تێکه‌ڵ نابێ. نووسه‌ر دوور له فه‌نتاسیا مێژووی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕوویداوه. کاتێک نووسه‌ر له‌م جۆره ژانره‌دا ده‌په‌یڤێ و ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک به‌کارده‌با، ئه‌وه مه‌به‌ستی پێ خۆیه‌تی. وه‌لێ له چیرۆک و ڕۆماندا (بۆ نموونه) کاتێک نووسه‌ر ڕاناوی که‌سی یه‌که‌م، یان هه‌ر ڕاناوێکی دیکه‌ی (دیار و نادیار) به‌کاردێنێ. ئه‌وه خودی نووسه‌ر نییه، که حیکایه‌ته‌که ده‌گێرێته‌وه. به‌ڵکو نووسه‌ر هاتووه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی یان ڕۆمانه‌که‌ی به‌و ڕاناوه سپاردووه.
کاتی خۆی (چه‌رچل) ی سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌ریتانیا له سه‌روه‌ختی جه‌نگی دووه‌می جیهاندا. له‌سه‌ر کتێبی [بیره‌وه‌رییه‌کانی چه‌رچڵ] خه‌ڵاتی نۆبڵی له ئه‌ده‌بدا وه‌رگرت.. ئه‌وی ڕاستی بێ ئه‌م کتێبه‌ی خالید ئه‌لبه‌ڕی، هینده به شێوازێکی ناسک و ورد‌و سه‌رنجکێش نووسراوه، له باریدا هه‌یه خوێنه‌ر بخاته داوی خۆیه‌وه و هه‌تا ته‌واوی نه‌کات ده‌ستبه‌رداری نه‌بێ. سه‌نجکێشیی ڕووداو و ڕاو بۆچونه‌کانیش دنه‌ی خوێنه‌رده‌دن. تۆی خوێنه‌ر هه‌رچۆنێک بیرده‌که‌یته‌وه ئازادی. به‌ڵام پێموایه ئه‌م کتێبه‌ی وا لێره‌دا به‌کورتی پێتی ده‌ناسێنم شایه‌نی ئه‌وه‌یه بیخوێنیته‌وه.
*
دنیا له به‌هه‌شت جوانتره[الدنیا أجمل من الجنة]، کتێبێکه ئه‌مڕۆ له‌کن خوێنه‌ری عاره‌ب ڕمێنی زۆری له‌سه‌ره. به ڕاده‌یه‌ک، له‌ماوه‌ی دوو ساڵاندا دوو جاران چاپبووه. نازانم ئێستا گه‌یشتۆته کوێ. به‌ڵام دڵنیام چه‌ندین جاری دی چاپده‌کرێته‌وه. هۆیه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه، که (خالد البري) ی نووسه‌ری ئه‌م کتێبه، ساڵانێک له گرووپی توندڕۆی کومه‌ڵه‌ی ئیسلامی‌دا (الجماعة الاسلامیة)، له‌شاری (ئه‌سیوت) ی وڵاتی میسر، چاڵاک بووه‌و به ته‌مه‌نێکی که‌مه‌وه تا پله‌ی (ئه‌میر) سه‌رکه‌وتووه و پاشان زیندانی کراوه. دوای ئازادبوونی له زیندان، کۆلیجی نوژداریی خوێندووه. به حوسن و ڕه‌زای خۆی له‌م گرووپه کشاوه‌ته‌وه‌و ژیوان بووەته‌وه. دواتر به‌ره‌و هه‌نده‌ران کۆچی کردووه. نهۆ وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس. له ده‌سته‌ی ڕادیۆی به‌ریتانیادا کارایه.
پێم وایه هۆی سه‌ره‌کی ڕمێنی ئه‌م کتێبه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕیته‌وه. که خالید ئه‌لبه‌ڕی دێت ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی تاکو ئێستا به‌عەره‌بی نووسراون و هه‌ره به‌ناوبانگترینیان بیره‌وه‌رییه‌کانی (محه‌مه‌د کورد عه‌لی) یه، ده‌په‌یڤێ. ئه‌م دێت به ته‌واوی ڕاشکاوییه‌وه بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه. خۆتان ئاگادارن، که یه‌ک له‌باری کۆمه‌ڵی پاشڤه‌ڕۆی وڵاتانی عەره‌ب به‌گشتی و میسر به‌تایبه‌تی. هه‌روا ئاسان نییه تۆ بێی له دیدی کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامییه‌وه باسی (سێکس) بکه‌ی؛ بیورووژێنی و بچیته بنج و بناوانی، که بۆخۆی تابۆیه، واته له قه‌ده‌غه کراوه‌کانه‌و زۆریش بڤه‌یه!
ئه‌م کتێبه پێمان ده‌ڵێ: مرۆڤ کاتێک له گرووپێکی وه‌ها تیرۆریستدا ده‌بێته ئه‌ندامێکی کارا، ئیدی هه‌ر به‌جارێک له پێستی ئینسان ده‌چێته ده‌ره‌وه. سه‌رله‌به‌ری گفت و لفت و ڕه‌وتاره‌کانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێ. به‌ڕادیه‌ک وه‌ک خالید ئه‌لبه‌ڕی ڕوونی ده‌کاته‌وه. ته‌نانه‌ت نان خواردنیش وه‌ک خه‌ڵکی ئاسایی ناخۆن. وه‌ک ئه‌و عاله‌مه به‌ڕێدا ناڕۆن. چ جای چالاکی سێکس و پۆلیتیک و ده‌ستکاریی سه‌روسه‌کوت. وه‌ک ڕدێن تاشین و سمێڵ هه‌ڵپاچین و هه‌ڵبژاردنی پۆشاک و بۆ ژن ڕوانین… هتد
ئه‌وان به‌م دیارده‌ی جیاوازییه، که به‌لایانه‌وه زۆر گرنگه‌و نابێ ئاکار و هه‌ڵسوکه‌وتیان له هیچ گرووپێکی دیکه‌ی ته‌نانه‌ت ئیسلامیش وه‌ک (التکفیر والهجرة، التوقف والتبین، إخوان المسلمین، أنصار السنة…) بچێ، ده‌ڵێن (التمایز). نووسه‌ر دوای چه‌ند ساڵێک کشانه‌وه ئه‌وجا بۆی ڕوونده‌بێته‌وه و تێده‌گات چه‌ند دزێو دنیای دیوه؟ چه‌ند ناجۆر ڕه‌فتاری کردووه؟ چه‌ند که‌سێکی شاز (١) بووه؟ ڕێ و ڕه‌سم و نه‌خشه‌کانی چه‌ند ناڕیاڵ و نالۆجیک بوون؟ به‌ڕاده‌یه‌ک وه‌ک کورد ده‌ڵێ: هیچ ئاکارێکیان له ئۆمه‌تی محه‌مه‌د نه‌چووه! دواجار ئه‌گاته ئه‌و ڕاستییه‌ی، که دنیا به‌و ڕاده‌یه‌ش دزێو نییه وه‌ک ئه‌و له خه‌یاڵی خۆیدا وێنه‌یکێشاوه!
زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م گرووپه‌ش ئه‌وه نه‌بوون وه‌ک پێشه‌نگ سه‌یریان بکرێ و ڕێزیان لێ بنرێ! به‌ڵکو ئه‌و لاوه تووڕه‌و ئازایه‌ی، که سه‌ره‌تا ده‌چێته بن کڵیشه‌ی خودی (خالید)ه‌وه، دنه‌ی ده‌دات و بۆناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی ڕایده‌کێشێ و زنجیری پایسکلی ده‌داتێ تاکو له‌کاتی شه‌ڕدا نه‌یارانی پێ داپڵۆسێ و سام بنێته دڵی خه‌ڵکه‌وه، که ئه‌م له‌لای خۆیه‌وه وه‌ک پاڵه‌وانێکی نه‌به‌ز و ئه‌فسانه‌یی ناو حیکایه‌ته‌کان وێنه‌ی کێشابوو؛ دوای ساڵانێک تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێکخراوه‌دا، بۆی ده‌رده‌که‌وێ که‌سێکی شازی دووده‌رکییه. کاتێک به به‌ڵگه‌وه ده‌یگرن، زۆر به‌زه‌بوونی ددانی پێداده‌نێ و سه‌ربورده‌ی دووچاربوونی به‌م په‌تایه له نووکه‌وه ده‌گێڕێته‌وه!
که‌چی بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئەم مرۆڤە شازە خاوه‌ن زنجیرە، ده‌چن پیشانی نوژداری ده‌روونیی ده‌ده‌ن. دیاره ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی (زانستییانه) مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا ده‌که‌ن. له‌کاتێکدا دینی کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی یان با بڵێین ڕێبازی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه وه‌ک دیارده‌یه‌ک سه‌رنجی (له‌وواتی و هۆمۆساکسوال) ده‌ده‌ن و مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا ده‌که‌ن، که قابیلی چاره‌سه‌ر نه‌بێ. به‌ڵکو به لایانه‌وه تاوانێکه و ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی بدات، ده‌بێ سزای خۆی وه‌ربگرێ. [جێی باسه کۆمه‌ڵه بۆ پرسی ـ النهي عن المنکرـ سه‌ره‌تا زنجیری پایسکلیان به‌کارهێناوه!] ئه‌میش، واته خالید ئه‌لبه‌ڕی به‌زه‌یی پێدا دێته‌وه. به‌مه‌رجێک کاتی خۆی یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی پاڵی به خالید ئه‌لبه‌ڕیی مێردمنداڵه‌وه ناوه بچێته ڕیزی ڕێکخراوه‌که‌وه، بێهێزی و لاوازیی جه‌سته‌یی بووه. ده‌نا وه‌کیدی ئه‌م هه‌میشه قوتابییه‌کی زیره‌ک بووه.
هه‌ر بۆیه‌کا ئه‌م له بواری وتاربێژیدا ده‌رده‌که‌وێ و ده‌ناسرێ. له ماوه‌ی چه‌ند پشوویه‌کی هاویندا ته‌واوی قورئان و فه‌رمووده‌کانی محه‌مه‌د و سه‌ربورده‌ی ئیمامه‌کان و فه‌رمووده‌کانیان ئه‌زبه‌ر ده‌کات. کاتێکیش ده‌بێت به ئه‌میر، به‌م پۆسته قه‌ره‌بووی لاوازیی جه‌سته‌یی ده‌کاته‌وه و ئه‌و بۆشاییه پڕده‌کاته‌وه. ئه‌گه‌رچی دوای ئه‌زموونێک بۆی ده‌رده‌که‌ێ، که ئه‌و جۆره هێزه هه‌تا بڵێی ناجۆره و هیچ پێویست ناکات ده‌وروبه‌ر لێی بترسن. له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ((له ڕووی توانای جه‌سته‌ییه‌وه، من بێهێزترین منداڵی شه‌قامه‌که بووم.))
ئه‌م گرووپه به‌پشت به‌ستن به‌م ئایه‌ته: ((ومن لم یحکم بما أنزل الله فأولئک هم الکافرون.)) پێی وایه هه‌ر ده‌سته و تاقمێک به‌پێی ده‌قی قورئان فه‌رمانڕه‌وایی نه‌کات، ئه‌وا به‌کافر حیسابه. به‌م پێیه کوشتنیان به‌جیهاد حسابه و سه‌ر و ماڵیشیان به‌کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی حه‌ڵاڵه.
[إبن کثیر] که یه‌کێکه له پایه‌کانی ڕاڤه‌کردنی قورئان؛ له ته‌فسیره‌که‌ی خۆیدا، ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ی به‌کافر داناوه، که به‌پێی ئایه‌ته‌کانی قورئان فه‌رمانڕه‌وایی ناکات. له کورتی به‌پێی دیدی ئه‌مان هه‌موو سیستمه دیموکراتییه‌کانی جیهان و نزیکه‌ی هه‌موو حکومه‌ته‌کانی ڕووی زه‌وی کافرن و خوێنیان حه‌ڵاڵه و چاریان ته‌نیا جیهاده!
ئه‌م گرووپه به‌نیازی په‌یداکردنی پاره و پوول تاکو چه‌کی پێبکڕن، به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ په‌لاماری دووکانی کۆمه‌ڵێک زه‌ڕه‌نگه‌ری قیبتییان دا. کوشتیانن و دوکانه‌کانیشیان تاڵان کردن. پاساویشیان ئه‌وه‌بوو، که سه‌ره‌تای ئیسلام خودی حه‌زره‌تی محه‌مه‌د و یارانی په‌لاماری کاروانی قوره‌یشیان داوه. پێویستیی خۆیان، له بژێویی و که‌ره‌سته‌ی جه‌نگ پێ دابین کردووه. ئه‌مانیش ئه‌مڕۆکه به‌م کاره‌یان هه‌م شوێنپێی حه‌زره‌تیان هه‌ڵگرتووه و هه‌م به پاره‌که‌ی ده‌بن به خاوه‌نی چه‌کوچۆڵ.
ئه‌مان دنیا به‌دوو جۆر دەپۆلێنن: یان ئه‌وه‌تا جاهیلییه، که ده‌بێ به زه‌بری هێز به‌گژیدا بچیته‌وه. چونکه ڕۆژگار سه‌لماندوویه‌تی، که ڕێگه‌ی گفتوگۆ و ئامۆژگاریی له‌گه‌ڵیاندا بێ سوود و بێ ئه‌نجامه. یان ئه‌وه‌تا دنیای موسوڵمان، که به‌ته‌نیا خۆیانن. واته ته‌نیا [الجماعة الاسلامیة] ئیسلامن! جیاوازیی سه‌ره‌کیشیان له‌گه‌ڵ ئیخوان دا ئه‌وه‌یه: ئیخوان خۆیان بۆ ئه‌نجومونی گه‌لی میسر ((مجلس الشعب)) ده‌پاڵێون و بڕوایان به‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه. له کاتێکدا کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی هه‌ر به‌پێی ئایه‌ته‌که‌ی پێشتر باسمان کرد. ده‌سته‌ڵاتی میسر به په‌ڕله‌مانه‌که‌شییه‌وه ده‌خاته ڕیزی کافرانه‌وه و بڕوای پێی نییه! چونکه به‌پێی کتێبی خودا فه‌رمانڕه‌وایی ناکات.
ئه‌مان ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه به حه‌تمی ده‌زانن. ((لا وعض ولا إرشاد، دي قلوب خبیثة مالهاش غیر الجهاد.)) واته ئه‌وانه ئامۆژگاری و به‌سه‌رداهاتن کاریان تێناکات، چاریان ته‌نیا جیهاده! ئه‌مان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ که‌سوکاری خۆیشیاندا حه‌ددی و کاربڕانه مامه‌ڵه ده‌که‌ن. له پێناوی بڕوای خۆیاندا قوربانی به‌هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ک ده‌ده‌ن. سەبارەت بەم هه‌ڵوێسته یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌یە، پشت به‌ئاکاری ((مصعب بن عمیر)) ده‌به‌ستن، که یه‌کێک بوو له‌یارانی (صحابه) محه‌مه‌د. موسعه‌ب کاتێک خه‌ریک بوو مه‌ککه چۆڵ بکات و به‌ره‌و شاری مه‌دینه کۆچ بکا،ت هه‌واڵیان بۆ هێنا، که دایکی بڕیاری داوه هیچ نه‌خوات و هیچ نه‌خواته‌وه هه‌تا موسعه‌ب نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆلای. ئه‌میش ڕایسپارد له زمانی ئه‌مه‌وه به دایکی بڵێن: ((دایه، ئه‌گه‌ر حه‌فتا ڕۆحت هه‌بێ و ڕۆح به‌شوێنی ڕۆح‌دا ده‌رچن، من ده‌ست له‌م کاره هه‌ڵناگرم.))
به بۆچوونی ئه‌مان((رب و اله)) له یه‌ک جیاوازن. هه‌ر به‌م پێیه دوو جۆره تاک خواوه‌ندێتی هه‌ن. ((توحید الربوبیة)) واته: دان به‌وه‌دا بنێی، که خواوه‌ند خالقی گه‌ردوونه. ڕزقی به‌شه‌ر ده‌دات و کاروباری به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌م جۆره یه‌کتاپه‌رستییه‌ش به‌لای ئه‌مانه‌وه ناته‌واوه و به‌شی ئه‌وه‌ناکات مرۆڤی پێ ببێت به موسڵمان. چونکه کافرانی مه‌ککه‌ش بڕوایان به‌م جۆره ته‌وحیده هه‌بووه.
ئه‌وی دیکه‌یان ((توحید الالوهیة))، که مانای وایه: خواوه‌ند خۆی تاکه یاسادانه‌ره. چونکه خۆی گه‌ردوونی دروست ئه‌فراندووه. هه‌ر به‌م پێیه‌ش خۆی چاکتر ده‌زانێ چی بۆ نه‌فسی مرۆڤ شیاو‌و گونجاوه. هه‌موو نامیلکه‌کانی ئه‌م گرووپه له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن، که جڤاکه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌ق له کۆمه‌ڵگه‌ی شاری مه‌ککه‌ی سه‌رده‌می ڕیساله‌ی محه‌مه‌دی ده‌چن. کاتێ بڕوایان به‌وه هێنا، که خواوه‌ندی تاک خالق و ڕازیقه. واته: هه‌م دروستی کردووین و هه‌م ڕۆژووشمان ده‌دا. که‌واته بڕوایان به‌ته‌وحیدی ڕبووبی هه‌بوو. به‌ڵام سیفه‌تی حاکمییه‌تیان لێ سه‌نده‌وه و دایانه ده‌ست به‌شه‌ر. ئه‌مان جیاوازیی نێوان ((قتل و قتال))یش ده‌که‌ن.
ده‌توانین پرۆگرامی کۆمه‌ڵه له ڕسته‌یه‌کدا چڕ بکه‌ینه‌وه که ئه‌مه‌یه:((هه‌ر تایه‌فه‌یه‌ک پارێزی ـ من‌ع ـ له ڕاپه‌ڕاندنی یه‌کێک له یاسا و فرمانه‌کانی خواوه‌نددا کرد، ئه‌وا واجیبه له دژی بجه‌نگیت و گوێڕایه‌ڵی نه‌بیت. به‌ڵکو جه‌نگین له دژی، له جه‌نگی کافران له پێشتره.))
به‌لای ئه‌مانه‌وه ڕژێمی میسر کافره، چونکه هه‌ر ئیماندارێک بیه‌وێ خواستی خواوه‌ند به‌جێبێنێ، ئه‌و ڕژێمه ده‌یچه‌وسێنێته‌وه. به‌لای ئه‌مانه‌وه یه‌که‌م کرده‌وه ده‌بێ گۆڕینی مونکه‌ر بێ. ئه‌لبه‌ڕی، کاتێک ده‌بینێ له کۆڵانه‌که‌یاندا کچان و کوڕانی منداڵ پێکه‌وه تۆپانێ ده‌که‌ن و تۆپانێش کارێکی مونکه‌ره، ده‌ست ده‌داته تفه‌نگ و له بانیژه‌که‌ی خۆیانه‌وه نیشانه له تۆپه‌که ده‌گرێته‌وه و به‌گولله‌یه‌ک یه‌کاڵای ده‌کاته‌وه. تۆپ ده‌دڕێ و گرمه‌یه‌کی گه‌وره کۆڵان ده‌هه‌ژێنێ. منداڵ تا ماوه‌یه‌ک ئه‌وقده‌بن. ئه‌میش به‌و به‌رزاییه‌وه هه‌ست به‌ده‌سته‌ڵات و هێز و ((عیززه‌ت)) ده‌کات. ئه‌مێک وه‌ک پێشتر باسمان کرد، بێهێزترین منداڵی شه‌قامه‌که بووه. که‌چی نهۆ هه‌رچی منداڵه له‌به‌ری ده‌له‌رزن و ناشزانن مه‌سه‌له‌که چییه! له‌لای ئه‌مان گۆڕین ئاوەهایه، ده‌بێ ترس و تۆقین بنێته دڵی به‌رامبه‌ره‌وه.
خالید ئه‌لبه‌ڕی پێی وایه ڕۆشنبیریی ئایینی وه‌ک وشه یه‌کتر بڕه‌کان ((الکلمات المتقاطعة)) وه‌هایه. وه‌همی ئه‌وه‌ت پێده‌دا، که تۆ هه‌موو شتێک ده‌زانی. له کاتێکدا تۆ جیهانێکی مه‌عریفی چکۆله‌ت بۆ خۆت خولقاندووه، که هه‌موو ڕۆژێک کاوێژی ده‌که‌یه‌وه. ئه‌مانیش وه‌ک گرووپه ئیسلامییه توندڕۆکانی دی، کتێبه‌کانی سه‌ید قوتب و محه‌مه‌د قوتب به‌سه‌رچاوه ده‌زانن و به‌هه‌ندیان ده‌گرن.
خۆشه‌ویستی له‌دیدی کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامییه‌وه:
ئه‌مان پێیان وایه سه‌رنجدان و سه‌یرکردنی ئافره‌ت کارێکی ته‌واو ناجۆره. سه‌رنج پۆستی زینایه. ((النظرة برید الزنا)) ئه‌لبه‌ڕی ده‌ڵێ: تێکه‌ڵبوونم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی‌دا، له‌گه‌ڵ جێهێشتنی ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌یشتن به ته‌مه‌نی باڵق بوون، واته چوارده ساڵی، هاوکات بوو. وه‌ک هه‌موو هاوڕێکانم له‌م ته‌مه‌نه‌دا، ڕۆمانسییانه سه‌یری کاره‌کانم ده‌کرد. پێم وابوو سێکس شتێکه له‌گه‌ڵ که‌سانێکدا ده‌یکه‌ین، که خۆشمان ناوێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆشم بوێ، ده‌بێ کرده‌وه‌م له‌گه‌ڵیدا سه‌رو ئه‌م کرده‌وه شه‌رماوه‌رانه بکه‌وێت. پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌تی: ((ئه‌گه‌ر یه‌کێکتان پشکۆیه‌ک بخاته ده‌ستییه‌وه، له‌وه باشتره ده‌ست له ده‌ستی ئافره‌تێێکه‌وه بدات ،که پێی حه‌ڵاڵ نییه!))
به‌لای ئه‌مانه‌وه چاره‌سه‌ری ئیسلام بۆ کێشه‌ی سێکس ڕۆژووگرتنه. ((ئه‌ی توێژی لاوان، ئه‌وه‌ی دکارێ با ژن بێنێ، ئه‌وه‌شی ناتوانێ با به‌ڕۆژوو بێ، که ڕۆژوو ده‌توانێ بیپارێزێ.)) شتێکی باش نییه مرۆڤ سه‌یری عه‌وره‌تی خۆی بکات. چه‌نکه عوسمانی کوڕی عه‌فان، که له هه‌موو یارانی پێغه‌مبه‌ر به‌ئابڕوتر و به‌شه‌رمتربوو، هه‌رگیز سه‌یری عه‌وره‌تی خۆی نه‌کردووه! هه‌روه‌ها نابێ ده‌ستی ڕاستمان به‌ر عه‌وره‌تمان بکه‌وێ. برایان ئاگاداریان ده‌کردینه‌وه، که ده‌بێ به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌ته‌ک لاوی بێ موودا ((أمرد)) بکه‌ین!
ئه‌و که هێشتا مووی لێ نه‌ڕواوه نابێ له کاتی ده‌ستگوشیندا له ئامێزی بگرین! وه‌ک چۆن ئاسایی له‌گه‌ڵ هه‌ر برایه‌کدا ده‌یکه‌ین. هه‌روه‌ها نابێ به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵیاندا کۆببینه‌وه ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌ی قورئانیشدا بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌کتێبی ((تحفة العروس)) دا هاتووه، که به‌ناوبانگترین ئافره‌تی نازونووک که‌ر له ئیسلامدا ((عائشة بنت طلمة)) یه. ئه‌م ئایشێیه له هونه‌ری ((الهزر)) دا وه‌ستا بووه. ئه‌م توانیوێتی له‌کاتی جوو‌تبووندا هه‌ندێک ده‌نگی تایبه‌تی ئه‌وتۆ ده‌ربێنێ بتوانێ به‌هۆیانه‌وه زیاتر پیاو بورووژێنێ… ((شێخ طارق))ی له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵه هه‌رده‌م ده‌یوته‌وه: برام ئافره‌ت ده‌نگیشی فیتنه‌یه! ئافره‌تان داوی شه‌یتانن! ژن سه‌ربازی ئیبلیسه! ئه‌وه‌ی بۆنی ئافره‌تی کرد ئیدی بۆنی به‌هه‌شت ناکات! بۆنی ئافره‌ت پێنجسەد ساڵ ڕێ کارده‌کات!
له لایه‌کی تره‌وه ((التبرج))، واته گوێ نه‌دان به داپۆشێنی له‌ش و له‌به‌رکردنی جۆره پۆشاکێ، که ئه‌ندامه‌کانی له‌شی ئافره‌ت به‌زه‌قی به‌دیاربخات، له‌سه‌ر ئافره‌تی کۆیله فه‌رز بوو. به‌ڕاده‌یه‌ک عومه‌ری کوڕی خه‌تاب له‌و ئافره‌ته کۆیلانه‌ی ده‌دا، که سه‌رپۆشیان ده‌کرد. چونکه به‌م ئاکاره‌یان لاسایی ئافره‌تی ئازادیان ده‌کرده‌وه.
له‌سایه‌ی ده‌وڵه‌تی دادپه‌روه‌ریدا، به‌سه‌رکردایه‌تی خه‌لیفه عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز، پیاوێکی جاڕچی هه‌بوو ئاوا جاڕی ده‌دا: ((هۆ خه‌ڵکینه، کێ بوخچه‌ی نه‌کراوه‌یه تا ژنی بۆ بێنین!)) که‌چی ئه‌وه‌بوو له‌سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا پیاوێکی باڵقی نه‌دۆزییه‌وه بێژن بێت!
خالید ئه‌لبه‌ڕی، که بۆخۆی یه‌کێک له ئه‌میره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی بووه. له گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانیدا هیچ شه‌رمی نه‌کردووه. هه‌ر ئه‌مه‌یشه بووەته هۆی ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌و ڕاده‌یه سه‌ری تێبکه‌ن و بیخۆێننه‌وه. جا توخوا ئیتر من، که له‌سه‌ر کاره‌که‌ی ئه‌و ده‌وێم له‌پای چی شه‌رم بکه‌م؟ یان له کاتێکدا عاره‌به موسوڵمانه‌کانی به‌رایی ئیسلام هیچ شه‌رمیان نه‌کردووه، هه‌موو ئه‌مانه‌یان به (ئایشێ)ی له‌مه‌ڕ هونه‌ری [الهزر] یشه‌وه باسکردووه و بۆ وه‌چه‌ی دوای خۆشیان تۆمارکردووه، ئیتر کوردێکی وه‌ک منی سه‌رده‌می جیهانگیری، بۆچی به‌لایه‌وه شه‌رم بێ له زمانی یه‌کێکی دیکه‌وه بیگێڕێته‌وه؟
له لاپه‌ڕه ٥٤ دا هاتووه ((الصلاة رکعتین قبل الدخول في الزوجة. والتسمیة قبل الایلاج والتکبیر ساعة القذف، کی لا یتلبس الشیطان الطفل الذی قد یکون في رحم الزوجة.)) مه‌به‌ستی له‌وه‌یه: سوننه‌ته به‌رله‌وه‌ی بچیته لای ژنه‌که‌ت، دوو ڕکاعه‌ت نوێژی سوننه‌ت به‌جێبێنی. به‌رله‌وه‌ی بیللامانێ چووکت داخڵ شه‌رمی بکه‌ی، ناوی خوا بێنه. له کاتی ڕه‌حه‌تبوونیشدا ته‌کبیر بکه. واته بڵێ: (الله أکبر) نه‌بادا ئه‌و منداڵه‌ی که ڕه‌نگه له منداڵدانی ژنه‌که‌تدا بێ، له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه بله‌وتێ!
ئه‌لبه‌ڕی ده‌ڵێ: جارێکیان پێیان ڕاگه‌یاندین، دوو لاوی عیسایی به دوو کچه موسوڵمانی له‌چک به‌سه‌ر ((محجبة))، که باوکیان له‌وڵاتی سعودییه کارده‌کات فێربوون و بیللامانێ سێکسیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن. وه‌ڵڵا کۆمه‌ڵه‌ش نه‌یکرده نامه‌ردی، یه‌کێکیانی کوشت و گوێی ئه‌وی دیکه‌یانی بڕی و پشتیشی شکاند!
کۆمه‌ڵه ئێمه‌یان ئاوا په‌روه‌رده کردووه: هه‌رکاتێک ژن و پیاوێک پێکه‌وه کۆبوونه‌وه، ئه‌وا شه‌یتان سێیه‌میانه! نابێ میوانیش له ماڵی خانه‌خوێدا خۆی بشوات، نه‌بادا خاوه‌نماڵ گومانی ئه‌وه‌ی لێ‌بکا، له‌گه‌ڵ ژنه‌که‌یدا نوستووه!
ئه‌لبه‌ڕی ده‌ڵێ: ئێمه وه‌هایان ئاماژه پێداوین، که جووتبوون له کرده‌وه‌کانی به‌هه‌شته. له‌به‌ر ڕۆشنایی مۆم و له نێو بۆن و به‌رامه‌ی گوڵدا ئه‌نجام ده‌درێ، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی پیاو خۆی بۆنخۆش ده‌کات و ژن جه‌سته‌ی خۆی له گوڵاو هه‌ڵده‌کێشێ!
بیرۆکه‌ی جیاوازی:
ده‌بێ کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه له خه‌ڵکی ئاسایی جیاواز بن. ئه‌م جیاوازییه پشت به فه‌رمووده‌یه‌کی حه‌زره‌ت ده‌به‌ستێ، که ده‌ڵێ: ((من تشبه بقوم فهو منهم)) واته ئه‌وه‌ی لاسایی خه‌ڵکانێکی کردووه وه‌کو ئه‌وه وایه له‌وان بێ. ئیدی ئه‌مان له پۆشاک و شێوازی نانخواردن و بگره له‌هه‌موو جۆره چلاکییه‌کدا خۆیان جودا کرده‌وه. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئیمانداران له که‌سانی دی جیا بکرێنه‌وه. هه‌روه‌ها که‌ڵک له سووره‌تی یونس، ئایه‌تی ٨٧ وه‌رده‌گرن، که ده‌فه‌رموێ: ((وأوحینا الی موسی وأخیه أن تبوأ لقومکما بمصر بیوتا واجعلوا بیوتکم قبله وأقیموا الصلاة وبشر المؤمنین)) هه‌ردوو ڕاڤه‌کار [ ابن عباس و سعد بن جبیر] ئاوا ئه‌م ئایه‌ته لێکده‌ده‌نه‌وه: خواوه‌ند داوای لێکردوون خانووه‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک دروستبکه‌ن. ئه‌مه‌یش به‌و نیازه بووه، که خۆیان له خه‌ڵکی دیکه جیابکه‌نه‌وه. ئه‌مان پێیان وایه، که دیارده‌ی جیاوازبوون له خۆیدا گوێڕایه‌ڵی و دلۆڤانی په‌ره‌پێده‌دا.
برایان داوایان له تاکه‌کانی خۆیان کردووه، سنوورێک بۆ په‌یوه‌ندی گرێدان به که‌سانێکه‌وه، که بێده‌ربه‌ست بن ((غیر ملتزم)) دابنێن. واته نابێ تێکه‌ڵاوی ئه‌وانه ببن، که پێوه‌ندییان به‌کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامییه‌وه نییه. چونکه ((مرۆڤ له‌سه‌ر دینی هاوڕێکه‌یه‌تی. ده‌بێ براکه‌تان ئاگادار بێ هاوڕێیه‌تی کێ ده‌کات.)) ئه‌م ڕایه‌ش پشت به‌و فه‌رمووده‌یه ده‌به‌ستێ، که [داود الترمذي] گێڕاوێتییه‌وه: ((المر‌ء علی دین خلیله، فلینظر أخوکم من یخالل.))
هه‌روه‌ها برایانی کۆمه‌ڵ ده‌بێ ڕکیان له یاریزانی تۆپی پێ بێته‌وه. چونکه ئه‌و یاریزانانه ناوهێنانی خواوه‌ند له بیری خه‌ڵک ده‌به‌نه‌وه! گۆرانی بێژه‌کانیش به سترانچڕین، له خودا یاخی ده‌بن! ئه‌مان کاتێک بۆ خواردن له‌سه‌ر خوان داده‌نیشن. ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ڕۆنیشن. قاچی چه‌پ له ژێر خۆیاندا بنوشتێننه‌وه. لاقی ڕاستیش له‌شێوه‌ی ژماره هه‌شتدا بێ. گه‌ره‌که به سێ په‌نجه نان بخۆن نه‌ک به‌دوان وه‌ک (المتأفف)). هه‌روه‌ک ناشبێ به‌پێنج په‌نجه وه‌ک ((المنفر)) نان بخۆن! ده‌بێ له درێژایی ژه‌مه خواره‌نه‌که‌دا سێ جارانیش ئاو بخۆنه‌وه. هه‌روه‌ها نابێ ده‌ستی چه‌پ بۆ خواردن و خواردنه‌وه به‌کاربێنن. کاتێکیش چوونه مزگه‌وته‌وه، ده‌بێ پێی ڕاست پێشبخه‌ن.
خالید ده‌ڵێ: ئێمه (گه‌له‌بییه)ی کورتمان له‌به‌رده‌کرد نه‌ک درێژ، هه‌تا دیارده‌ی خۆبادانمان پێوه دیارنه‌بێ. ڕدێمنان بێ ده‌ستکاری و قه‌ڵه‌م کردن و بڕین به‌رده‌دایه‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له مسته‌کۆڵه‌یه‌ک درێژتربوایه. سمێڵمان هه‌ڵده‌پاچی، تاکو له مه‌جووسی جیاواز بین. برۆمان هه‌ڵنه‌ده‌گرت، تاکو له ئافره‌ت خۆمان جیابکه‌ینه‌وه. پرچمان به‌رنه‌ده‌دایه‌وه، ئه‌گه‌رچی پرچ به‌ردانه‌وه سوننه‌ته. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له لاوانی له‌وچه‌و ((مائع)) هه‌روه‌ها له به‌ره‌ڵڵاو حه‌ره‌ڵڵا ((المستهتر)) جیابکه‌ینه‌وه! هه‌ووه‌ک به‌زار فیکه‌مان نه‌ده‌کێشا، تاکو پێچه‌وانه‌ی کافران بین کاتێک ئەوان به ده‌وری مه‌ککه‌دا فیک و هووڕیان بوو! به‌ڵام میسواکمان به‌کارده‌هێنا و به هه‌ندێک بۆنی دیاریکراو خۆمان بۆنخۆش ده‌کرد. کاتێکیش ده‌ڕۆیشتین به ڕێوه بێلاف ده‌ڕۆیشتین، تاکو وه‌ک خۆ به‌زلزان و شانازیکا‌ر ده‌رنه‌که‌وین. ((ولا تمشی في الارض مرحا. إنک لن تخرق الارض ولن تبلغ الجبال طولا)) سووره‌تی ئیسرا ئایه‌تی ٣٧.
سه‌رچاوه: الدنیا أجمل من الجنة، سیرة أصولي مصري، خالد البري، دار النهار للنشر، ط (٢)، آذار ٢٠٠٢))
(١) وشه‌ی شاز، که ده‌کاته (شاذ)ی عاره‌بی، له لایه‌ن کورده‌وه به‌گشتی و شاری سلێمانییه‌وه به‌تایبه‌تی هه‌میشه به هه‌ڵه لێکده‌درێته‌وه‌و له ڕسته‌دا به‌کاردێ.