Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
هەندێک لە خولیا چەپێندراوەکانی مەحوی

هەندێک لە خولیا چەپێندراوەکانی مەحوی

Closed
by August 26, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ئەم لێکۆڵینەوە هەوڵدەدات لە هەندێک سیمبۆڵ و مەودا و جۆرەکانی چەپاندنی خولیا کۆمەڵایەتی و سێکسییەکان لای شاعیری کلاسیکی کورد مەحوی بکۆڵێتەوە. لێکۆڵینەوەکە لە دیدێکی سایکۆئەنالیزە کردەوە (شیکاری دەروونی) هەوڵی کەشفکردنی هەندێک لەو خولیا و غەریزە دەروونییە ناواخنییە چەپێندراوانە دەدات و باس لەو حاڵەتە نێرگسییانە Narcissism دەکات کە مەحوی لە شیعرەکانیدا مانیفێستی کردوون. هەروەها  و لەو دیدە دەکۆڵێتەوە کە چۆن رۆحی عیرفانیی ئەو فریای ئەو جۆرە بالانسە رۆحییە کەوتووە و، وایکردووە کە وەک جۆرێک لە تەنفیسیی دەروونیی بێت بۆ مانەوە و بەردەوامبوون لە کۆمەڵگایەکی داخراوی باوەڕ بوو بە لە زەمەنی کۆمەڵگایەکی ئیسلامیدا. ئەم لێکۆڵینەوەیە لەڕێی پراکتیزەکردنی مێتۆدی شیکاریی دەروونی Psychoanalysis و تێگەیشتنی فرۆیدانە بۆ  چەمکی خودپەروەردەکردیی یان تەسامی  Sublimationدەگاتە دەرەنجامەکانی.

ئەوەی لەسەر مەحوی نوسراوە بە کلاسیک، بەسۆفیگەر، بە چالکوانێک یان بە خەباتکارێکی کۆمەڵایەتی و، پۆلێن وێنایان کردووە، هەندێک لە ڕێی چەند نوسینێکی ئینشاییانەی سۆزدارانەوە گەیشتونەتە چەند حوکمێکی ڕەخنەیی بە بێ ئەوەی پشت ئەستور بن بە مێتۆدێکی ڕەخنەیی دیاریکراو، بەڵکو وەک دەرەنجامی کاردانەوەی میژوویی زەمەنی ژیاوی خودی مەحوین یان کاردانەوەی کەسانەی خودی نوسەرەکانن بۆ پێکەوە گرێدانەوەی ئەمڕۆی مێژوویی لێکۆڵەر بە دوێنێی داهێنەرانەی خودی مەحوییەوە.

ئەوەی لەسەر کاراکتەری خودی مەحوی نوسرا بێت وەک خەباتوانێکی کۆمەڵایەتی کە دژ بەهەندێک تەقالیدی موئەسەساتی دینیی ئەو کاتە وەستاوە، دژ بە مەلاکان و ئەهلی تەریقەت و ڕییای کۆمەڵایەتی و هتد. لەسەر ئاستی مێژوویی و سیاسیی ئەو زەمەنەی مەحویش گوترا بێت، تۆزێک نزیکبوونەوەی تێدایە بۆ خوێندنەوەی کاراکتەری سیاسی مەحوی لەڕێی لێکدانەوەی شیعرەکانی ئەودەمی، بۆ نموونە سەفەری بۆ ئیستانبوڵ و بینینی سوڵتان عەبدولحەمید و شادومانی و ڕازیبوونی سوڵتان لە مەحوی و بڕینەوەی مەعاشێک بۆی، و دامەزراندنی خانەقای مەحوی لە سلێمانی، هەرچەندە ئەم داتایانە دەتوانرێت وەک هەوێنی لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی تر ببینرێت، بەڵام بۆ ئەم لێکۆڵینەوە تەنها لەو ئاستەدا دەبینرێت کە چۆن خودی مەحوی توانیویەتی نەهامەتی کۆمەڵایەتی میللەتی خۆی لەژێر جەوری حوکمی عوسمانیەکاندا نەبینێت، یان بینویەتی و توانیویەتی خەفەی بکات. ئایا دەتوانرێت دوو تاق چوارخشتەکی مەحوی کەباسی خودی خۆی دەکات وەک “قەلەندەرێکی کورد” وەک هەڵوێستێکی کوردایەتی دەدرێتە قەڵەم؟

بنووسە پیری دڵم ئەمری کرد ئیتاعەم کرد

لە ئیبتیداوە کە بەیتێ موناسیبی دیوان

گەدایەکی وەکو “مەحوی”، قەلەندەرێکی کورد

میسالی پادشەهی فورسە، ساحێبی دیوان 

 

ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵ نادات شوناسێکی سیاسی بۆ مەحوی داڕێژێت، سەرەڕای ئەوە هۆشدارە بەوەی تەواوی شیعرەکانی ئەم شاعیرە مەزنە خۆی دوورگرتووە لە وەرگرتنی کاراکتەرێکی کوردانە لە مەودا سیاسییەکەیدا.

لیرەوە چەپاندنی کۆمەڵایەتی- سیاسی وەک جۆرێک لە چەپاندنی دەروونی لە دوو پارالێڵدا، وەک دوو هێڵی تەنیشت یەکی کاراکتەری داهێنەرانەی مەحوی بەرەو پێش دەچن. لە یەکەمیاندا جۆرێک لە پەیوەندی پێکدادەر لە نێوان کۆمەڵگا و دیدی ڕەخنەگرانەی مەحوی بە ڕوونی دیارە: 

فەزیڵەی ئەسڵ وفەسڵ ئینسانی پێ نابێ بە ساحێب فەزڵ

کە تۆ کۆسەی، بە تۆ چی مامە ڕیشی باب و باپیرت! 

 

لەلایەکی دییەوە بەرامبەربوونەوەی مەحوی بۆ بونیادی موئەسەساتی دیینی و فیگەرەکانی جۆرێکی دی بووە لە دونیادیدی ئەو بۆ دەوروبەری:

واعیزم پرسی، یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە:

وەعزی چی؟! سەرلنگە دەستاڕێ کڕەی دەستاڕی هات

شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقڵ و نوقوولی هیچ و پووچ

من بە توڕڕەی یار ئەسیرم، ئەو بە کۆڵێ توڕڕەهات.

 

لێرەدا پاراڵێڵێ خودی پڕ لەجوانیی و ئەوانی دی، خود وەک زاتێکی بەرەنگاربووەوە، بەرامبەر سیستمێکی کۆمەڵایەتی و بە زمانێکی زبر و تۆزێک نێرانە “یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە” وێنا کراوە.

 

مەودایەکی سیکسواڵی:

زۆر کەم لەسەر منداڵی مەحوی دەزانرێت، ئەوەشی نوسراوە چەند داتایەکن کە ناتوانرێت بە هیچ دۆکیومێنتێک پشتڕاست بکرێنەوە. هیچ شتێک لەسەر چۆنێتی ژیان و منداڵیی و ترۆما Trauma و گرفت و تێکپژانی سێکسی و هتد..ی ئەم قۆناغە هەستیارەی مەحوی نازانرێت. لێرەوە تەنها شیعرەکانی هەن کە ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بەدەرەنجامەکانی بۆ وێناکردنی کاراکتەری ئەو شاعیرە پشتیان پێ ببەستێت، چونکە دۆخ و مەتیریاڵە سایکۆلۆژییەکانی بەشێوازی شاردراوە و کۆدکراو “هەر وەک خەونەکانی” بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێی سیمبوڵەوە وێناکراون. وەک فرۆید تێیگەیشتووە “شتە چەپێندراوەکان خۆیان گۆڕیوە و وێنا کراون و چڕکراونەتەوە”   سەرەڕای ئەوە چەندەها هزر و خەون و خولیا لە وێنەی شیعرییدا کۆکردوونەوە و پرۆسەی وەلاخستن Displacement وەک پرۆسەیەکی سروشتیی ترس و لەرز لە خودا و لە دەوروبەر کەوتونەتە چەندەها وێنەی ترەوە لەئەمەکێکی پلان نەکراوی سروشتیدا لە شیعرەکانی ئەم زاتە بریندارەدا کۆکراونەتەوە:

چ بکەم نە ئەو کەسەم کە کەسم بێ لەلا بەکەس

خۆشم نەگەیمە ئەو کەسە ئەو بکا بە کەس 

 

ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنها تەرکیز دەکاتە چەند نموونەیەک لە تێکستەکانی مەحوی، وەک سەرەتا شیعری ژمارە ٧ و پیتی “م” نموونەییەکی باشە بۆ خوێندنەوە و بەیانکردنی چەند خولیایەکی دەرونیی مەحوی و چەپاندنی. شیعرەکە بە لێکچواندنێ مەعشوق دەکات بە مانگ “ماه” ‌‌‌‌‌‌و لەڕێی پلەدارکردنێکی ئیستاتیکیەوە دەیباتە سەروتر و بە “پەری” دەیشوبهێنێ.

لە مەودا کۆمەڵایەتیەکەدا بە مانگ چواندنی کچێک وەک: دەڵێی مانگە، لەگەڵ مانگدا شەڕ دەکات، دەموچاوی خڕ وەک مانگ و هتد. ئەم دەربڕینانە قوڵاییەکی کولتوریان لە نێو کۆمەڵگای نیشتەجێی سلێمانیدا هەیە، ئەگەر لە شوێنە جیاوازەکانی تری کوردستاندا دەربڕینی وەک ئەوە یان جیاوازتر هەبن. بەڵام بوون بە “پەری” سیفەتێکی تاکانەی ژنانەیە کە دەلالاتی وەک مانگ “دووری و ستەمبوونی گەیشتن پێی” ی هەیە سەرەڕای ئەوە سیمبۆلگەلێکی وەک: سپی بوون، پاکیزەبوون، فڕین و هتد. پەریبوون، بە لۆژیکی مەحوی، بەمەخلوقبوونێکە کە دەستی مرۆڤ نایگاتێ و پاک دەمێنێتەوە. شەیکسپیر لەسەر زمانی هاملێت ڕووەو ئاسمان دەڵێ: “ئەی ئەستێرە پاکیزەکان” واتە ئەم دووریە خوازراوە بۆ ئەوەی ئینسان بەئاسانی نەتوانێ دەستی بیگاتێ و، بتوانێت لە بازنەی پاکیزەیی خۆیاندا بمێنێتەوە. مەحویش هەر وایکردووە، پرۆسەی بە مەهبوون بەرەو فریشتەبوون دەبات بە هۆشێکەوە کە دەزانێ ئەم دووریە قەدەرێکی قەبوڵکراوە سەرەڕای ئەم ئیدیعای فەنابوونەی لە کۆتایی ڕستەکاندا بە “بەسەرچووم” دەیچەسپێنێ.

بەپیر ئەو ماهەوە چووم و بەسەرچووم

پەری بوو، ئەو نەبوو، شەو بوو، بەسەرچووم 

 

 مەحوی هەرگیز ڕاستەوخۆیانە داوای ویساڵ ناکات، بەڵکو لەڕێی گووتنەوەی ئەم هەستی بە قوربانیبوونەیەوە:

 “بەسەرچووم، دەرچووم، هەرچووم، ناموەرچووم، بەبەرچووم” 

خولیایەکی زۆر بۆ ئەوی “پەری” دەردەبڕێ و هەر لەوێشدا قبوڵکردنێکی سەرتاسەری هەر لە یەکەم دێڕی قەسیدەکەوە هەتا کۆتایی هەیە. خولیای ویساڵ لەڕێی وەسفکردنی هەقیقەتی نەگەیشتن و دووریی خودی مەحوی خۆیەوەیەتی. لێرەوە درەوشانەوەی ئیگۆی شاعیر بالانسێکی سەیر بە ئەم هەقیقەتی نەگەیشتن و قەدەری دابڕانە دەدات:

تەڵێ نێرگسم و باغی حیرەتم

بەفەڕهات و وەکو گوڵ زوو بەسەرچووم

سەرەڕای ئەوەی نێرگز جوانە و بۆنخۆشە، دوو ڕەنگی سەرەکی سپی و زەرد ی هەیە. کە لەوەدەچێ چواندنێکی جوان بێ بۆ سەری سپی و دەموچاو زەردهەڵگەڕاوی ناساغی مەحوی خۆی، بەهۆی ئەم هەقیقەتی دوورییەوە. سەرەڕای ئەوە خۆی بە “گوڵ” ێکی تەمەن کورتی ناو “باغی حیرەت” دەچووێنێ. دیسان خۆ بە جوان بینین نیشانەی نێرگسییەتێکی ڕوونە، هەر لیرەوە پارالێڵی نێوان نێرگس و نێرگسییەت Narcissism دەبینرێت.

لێرەوە دیسان پارالێڵێکی سەرسوڕهێنەر پێکهاتووە:

لەنێوان عاشق و مەعشوقدا.

لە نێوان “ماه” کە دەبێتە “پەری” و ئەم “خود”ە کە “نێرگس” ە و دەبێتە “گوڵ”.

کاتێک ئەم ووشانە لەتەنیشت یەکەوە ڕیزببن: “ماه پەری نێرکس گوڵ” ، لە شێوازی دەرەوەدا پارادۆکس نادۆزرێتەوە! ئەم پلەدارکردنە بۆ ئیستاتیکا، ئەم تێپەڕبوونە لە جوانی مەعشوقەوە بۆ جوانی عاشق، تێگەیشتنێکی نێرگسیانە Narcissism دەبینرێت لەم کەشفکردنەی جوانیی خۆیدا. هەروەها لەیەکەم خوێندنەوەدا هزرێکی وەها ناخوڵقێنن کە ئەم چەمکانە لە ململانێدا بن ودژ بەیەک بن. بەڵام لەناوەوەڕا هەستێکی قووڵ بە دابڕان و جەفا هەیە کە ئەم هەموو ئازارەی سەپاندووە. هێمایەکی ناوەکی هەیە لە شیعرەکەدا کە قەدەرێکی گلەیی لێنەکراو سەپاندوویەتی.

غەمی قاتیلمە “مەحوی”! مونفەعیل ما

لە حەشرا کفنی خوێناوی بەبەرچووم

 

قەدەرییەتێکی سەیرە کە لە کۆتاییدا “پەری” بە “قاتیل” دەچووێنێت کە هۆکاری ئەو کۆتاییە خوێناوییەیە. لەم بەیتەدا خودی قسەکەر لە شیعرەکەدا جیادەبێتەوە لە خودی شاعیر “خەمی قاتیلمە “مەحوی”!” پرۆسەی هەستکردن بە قوربانیبوون “بەسەرچووم” دێتە مەیدانی بەزەییەکی سەیردا بە “پەری” بکوژدا. زاتێکی واقیعی عاشقانەی بێ داواکاریی ڕەزامەند بە کوشتنی، لە پرۆسەی خۆ بچوککردنەوەیەکی بێ ئەندازەدا خۆی بە عیسای مەسیح دەچووێنێت. ئەویش لەخەمی ئەوانەی لە خاچدانەکەیان ئەنجامدا ڕوودەکاتە ئاسمان: “بابە، لێیان ببورە، نازانن چ تاوانێک دەکەن”. مەحویش وەها دەکات، لەبڕوایەکی سەیرەوە بۆ خۆفیداکردن بۆ عەشقێک کە تەنها خولیایە لای، خەفەت بۆ هۆکاری ئەو بەیەکنەگەیشتنە دەخوات، هەرچەندە ئیدانەیەکی ڕاستەوخۆی دەکات، بە خۆبچوککردنەوەیەکی بێ وێنەوە، ئازار بۆ داهاتوی “قاتیل”ەکەی دەکێشێت. نموونەی ئەم خۆبچوککردنەوەیە بۆ مەعشوق لە چەندەها شیعری مەحویدا بە ڕوونی دیارن: “دەبمە خاکی ڕێی” پەرەدەسێنێت تا لە چەند دێڕێکی داهاتوودا ” هەتا مردن موحیبەت ئێشی زۆرە ڕێزی لێدەگرم”  

 

گرێێ خۆ بەکەم زانین:

 

خۆبەکەم زانین لە زاستی دەرونناسیدا گوزارشت لە کەسانێک دەکات کەلە ناخیاندا هەستێکی قوڵیان بە “کەمیی” بەرامبەر ئەوانی دی هەیە، کەچی لە کۆمەڵگادا هێزێکی وەها پیشان دەدەن کە وەک کەسانێکی بەرز و پڕ بەها وێنایان بکات. ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوروبەرە – فیزیکییانە یان دەرونییانە بێت، بەمەش بالانسێکی وەها وەردەگرن کە بەهۆیەوە کەمتر هەست بە نوقسانی ناواخنیی خۆیان بکەن، “سیگمۆند فرۆید” ئەمەی بە میکانیزمی بەرگریکردن ناو بردووە.

بەڵام لە ڕوانگەی “ئەلفرێد ئاڵدەر”ەوە ئەم هەستە بە کەمیی لەگەڵ پرۆسەی گەورەبووندا گەشە دەکات کاتێک “لە قۆناغی مناڵیتدا بەراورد بکرێیت بە کەسانێکی باشتر، بەهێزتر، جوانتر، جیاوازتر لە نەژاد و باری ئابووری یان لە جێندەر”    هەروەها ئاڵدەر زیاتر کاراکتەری ئەو کەسایەتییانە شیدەکاتەوە کە هەست بەکەمی دەکەن و هۆکارەکەی لەبەر قورسایی و گیروگرفتەکانی ژیان کاتێک ناتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن دەبینێتەوە. بەڵام ئاڵدەر جیاواز لە فرۆید ئیمکانییەتی زاڵبوون بەسەر ئەو هەستەدا لە ڕێی پابەندبوون بە کۆمەڵگاوە دەبینێتەوە، لە ڕوانگەی ئەوەوە “تاکەکان لە کۆمەڵگادا هێزی بەرەنگاربوونەوە و بەردەوامبوون وەردەگرن”  فرۆید گریمانەی زیاتری بۆ ئەم حاڵەتانە داناوەو جیاواز لە ئاڵدەر گریمانەی نامۆبوونی سەرتاسەری و تاککەوتن و تاق-ژیاویی لە کۆمەڵگادا شیکردۆتەوە و باسی لە گرنگی ئەوە کردووە کە نابێ لە شیکاری حاڵەتە دەروونییەکاندا حوکمی گشتگیرانە بدرێت.

تەنهابوون حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر دیاری مەحوییە. ئەم حاڵەتە کۆمەڵایەتیەش دەرەنجامی ئەو دابڕانە هۆشدارانەیە کە مەحوی لەگەڵ کۆمەڵگای خۆی هەیبووە. هەڵبەتە کاتێک باس دێتە سەر شیکارکردنی باری دەروونی کەسێک مانای ئەوە نییە کەسی نامۆ بە کۆمەڵگاکەی لەهەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی دابڕاوە. مەحویش هەر وەها بووە، ئەو مەلای نێو خانەقا بووە و مامۆستا بووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە زاتێکی بریندار و نامۆ و خولیا چەپێن نەبووە.

سیگمۆند فرۆید دژە پەیوەندی نێوان ئیگۆ و مردن و سێکسوالیتی وەک سێ بنەمای سەرەکی لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە کاراکتەرە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێت. بەو مانایەی ئەم سێ چەمکە لەیەک ساتدا دژ بەیەک کاردەکەن. لەم تێگەیشتنەوە دەتوانرێت زۆر سیفاتی ناوازەی کاراکتەری کۆمەڵایەتی مەحوی وێنا بکرێت.

لای لاکان Lacan مەودای سیمبۆلەکان و چۆنێتی ڕیزکردنیان رەهەندی تاکیی و کۆمەڵایەتیان هەیە. لای ئەو ئەندامی زاووزێی نێرینە Phallus سیمبوڵە بۆ یاساکانی باوک. “هەموو کولتوری ئینسان و هەموو ژیان لە کۆمەڵگادا بەم یەکلەدوای یەکەی سیمبوڵانەدا، هەروەها بەم ئەندامی نێرینەیە کە ڕەمزە بۆ نەبوونیی- نەقس- و بۆ پێداویستی”  لێرەوە ئەو هزرە دروست بوو کە “خەیاڵی پێکهاتوو” وەک جۆرێک لە شپرزەیی دەروونی دەخەمڵێ و”توانای ئەوەی نابێت لە کۆمەڵگادا بەردەوام بێت”  ئەمەش هەمان شێوەی بۆچوونی “بەخەیاڵکراو” ی فرۆید کە بە “پرینسیپڵەکانی لەزەت و یەکبەدواهاتنی سیمبوڵەکان لە هەقیقەتی پرینسیپڵی بوونیدا”  ناوی بردووە. شایانی باسە زۆر کەم فحولەت لە شیعری مەحویدا بەدی دەکرێت، نموونەی بەرەنگاربوونەوە و پێکدادانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ شێخ و خاوەن تەریقەت و فیگەری کۆمەڵگەی ئەودەمدا دەبینرێت، بەڵام کەمتر نموونەی ڕاستەوخۆ بۆ فحولەتی سێکسی دەبینرێت، بەڵام فحولەتی سێکسی لای مەحوی لە فۆرمی سیمبوڵگەلێگدا پێکهاتووە:

سەیری هەیە عەقیقی لەبی، خەت بە دەوریا

بۆ سەر یەمەن لە زەنگەوە لەشکراوە سەوق

شێرێکی پێ لە سیلسیلەدایە ئەسیری عیشق 

مەردی، بزانە زینەتی مەردانە تەوق و رەوق 

 هەموو ئەم ووشانە [لەب- عەقیق- شێر- ئەسیر- مەردی – مەردانە – تەوق] دەلالاتی سێکسییان هەیە؛ لەب و خەت بە دەوریا و هێرشی – زەنگ (ڕەشایی) لە فۆرمی لەشکردا کە سیمبوڵە بۆ هێز و گەورەیی و پانو بەرینی. شێر کە دیسان سیمبوڵی هێز و توانای زۆر و شاهەنشاهییە و تەوقکردنی ئەو شێرە ئەسیرکردنی خولیا بەهێزەکان و توانا ڕۆحیی و سێکسییەکانی خودی مەحوی خۆینی. دانپیانان و سەربەرز بوون بەو ئەسیرییەش پاساوی سایکۆلۆژی ئەو گرێ دەروونیانەن کە مەحوی لەگەڵ دەوروبەریدا هەیبوون، لەسەرو هەموشیانەوە گرێی خۆبەکەم زانین، لێرەدا میکانیزمی بەرگریکردن لە زاتی ئەم شاعیرەدا قبوڵکردنی ئەو دۆڕاندنەیە بەڵام لە فۆرمی بەشکۆدارکردنیدا.¬¬¬¬

 

خود Id:

خولیا غەریزییە ڕێکنەخراوەکانی خود بەشێکی گرنگی تێگەیشتنی فرۆید بۆ شیکاری دەروونی پێکدەهێنێت. خود ئەو بەشە گرنگەی کاراکتەرە کە تێیدا هاندەرە غەریزییەکان Instinctual Drives کاران. بە پێی تێگەیشتنی فرۆید ئەمە “تاقە پێکهێنەری کاراکتەرە کە لە قۆناغی منداڵییەوە بوونی هەیە”   هەروەها وەک سەرچاوەی هەرە گرنگ بۆ خولیا و پێداویستی جەستەیی و، حەز و، هاندەر و، بەتایبەتی جۆش و ئاڵۆشی سێکسی و هاندەری توندوتیژی دادەنرێت. ئەم خولیایانەش تەنها لەسەر پرینسیپڵی لەزەت کار دەکەن و، “ئەو هێزە سایکۆلۆژییەیە هانی ئەو مەیلانە دەدات بەرەو تێرکردنی ئەو هاندانانە بچێت” .  خودخولیای سێکسی Libido ی تێدایە کە غەریزیترین هاندەرە کە وەڵامی داواکارییەکانی بوونە (واقیع Reality) ناداتەوە.

خود لەسەر بنەما و پرینسیپڵی لەزەت Pleasure Principle کار دەکات، ئەویش غەریزەی گەیشتن بە لەزەت و خۆپاراستنە لە ئازار. ئەم بنەمایە تەنها بۆ تێرکردنی پێداویستییە بایۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکانن. خود هاندەری غەریزەکانە و لە پرۆسەیەکی دەستەمۆکردنی کۆمەڵایەتیدا ویستەکانی دەچەپێندرێن. 

خودی مەحوی وەک گشت تاکێکی کۆمەڵگای ئەو کاتە، بەرامبەر هێزی چەپێنەری کۆمەڵگایەکی ئیمانداری داخراو بووەتەوە. پرۆسەی بەرجەستەکردنی خودخولیا سێکسییەکان- لیبیدۆ ئەم شاعیرەی دەکردە نیشانەی ناحەزانی و نەخوێندەواران و ئەو ئەهلی تەریقەتانەی ئەم هەجووی دەکردن. کاتێک هیچ دۆکومێنتێک یان گێڕانەوەیەک نییە لەسەر ئەوەی مەحوی نێو کۆمەڵگا توشی هیچ نەهامەتێەک هاتبێ بەدەست کۆمەڵگاکەیەوە، لێرەوە دیارە کە ئەم شاعیرە نەیوێراوە هیچکام یان زۆرینەی تابووە کۆمەڵایەتییەکان بشکێنێت، سەرەڕای ئەوە مامۆستای نێو خانەقای مەحوی بووە کە بە ئەمری سوڵتان عەبدولحەمید دامەزراوە، یانی خاوەنی جۆرێک لە پاراستنی موئەسەساتی هەبووە، لێرەوە ئەوە دەبینرێت کە هاندەرە غەریزەییە سێکسییەکان لە پرۆسەیەکی چەپاندنی سەرتاسەریدا بوونەتە قوربانیی دەوروبەری کۆمەڵایەتی:

لە دونیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو

بە جارێ ماڵی وێرانم، ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو 

 خود بە شێوازی جیاواز و فۆرمی تێکستیی لێکنەچوو لە تەواوی دیوانەکەی مەحویدا وێناکراوە . 

ئیگۆ Ego :

ئیگۆ بەپێی پرنسیپڵی بوونە Reality Principle کار دەکات. پرینسیپڵی بوونە لە شیکاری دەروونی فرۆیددا بریتییە لەو توانایەی هزر هەیەتی بۆ لێکدانەوەی بوونە و جیهانی دەرەوەی ناخ، بۆ ئەوەی بتوانێت کە بە پێی ئەوە لە کۆمەڵگادا کارا بێت. ئەم پرینسیپڵی بوونەیە بە دژ بە پرینسیپڵی لەزەت کار دەکات و پرۆسەی تێرکردنی خولیاکان، بەتایبەتی خولیا سێکسییەکان دوادەخات .  ئیگۆ هەمیشە لە پرۆسەی تێرکردنی هاندەرەکانی خود Id دایە و ڕێگای ڕیالیستانە دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو مەرامە لە مەودایەکی دووردا بەرجەستە بکات   بەڵام ئیگۆ هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە خود و بوونە رێکبخات. فرۆید دان بەوەدا دەنێت کە ئیگۆ هەندێک جار ناهۆش Unconscious فەرمان بە خود  بە دەکات بۆ داپۆشینی هەستە چەپێندراوەکان بۆ ئەوەی خۆی لە ململانێ لەگەڵ بوونەدا بپارێزێت . پرینسیپڵی بوونە کە ئیگۆ دەخاتەگەڕ ئەو میکانیزمەش ڕێکدەخات کە وا لە کەسەکان دەکات پێداویستی هەنووکەیی خولیا سێکسییەکانیان دوا بخەن و باشتر لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا مامەڵە بکەن. لێرەوە، بۆ نموونە، خەڵکانی ناو کۆمەڵگا دەتوانن بەرگری لەو خولیایانە بکەن کە هەیانە “بۆ  پەلاماردانی شتگەلێک کە موڵکی خەڵکانی ترن و لە بری ئەوە هەوڵی کڕینی ئەو شتانە بدەن” . 

ئیگۆی مەحوی بە تێگەیشتن لەم هەقیقە زمانەوانییانەی خوارەوە باشتر وێنا دەکرێت:

بەکارهێنانی کەسی یەکەمی تاک لە نوسیندا:  بەسەرچووم، م.

بەکارهێنانی وەسفگەلێک  کە خۆی بخاتە سەنتەری مانایەکی زۆر قوڵ و رۆمانتیک وەک “رۆحی عاشق”.

لە حینی نەزحی ڕۆحا، رۆحی عاشق

وتی: ئۆخەی لە میحنەت خانە دەرچووم 

 

بەکارهێنانەوەی نازناوی خۆی “مەحوی” کە تێیدا بەرزبونەوەیەک لەو جیابوونەوەیەدا رەسم دەکات و ناوەکە دەکاتە تارگێتی وەسفگەلێکی وەها تێیدا دۆڕاندنە کۆمەڵایەتییەکان وەک خۆبەخشین و فیداکاری وێنا دەکات.

“م” و بەسەنتراڵكردنی خودی قسەکەر لە شیعرەکەدا هێمان بۆ ئەو زاڵکردنەی خودی عاشق. ئەوەی پەیوەندی بە خولیای مەرگە ئەو دانپیانانە کە هەر لەسەرەتاوە بەڕوونی نوسراوە و هیچ هەوڵێک یان خولیایەک نییە بۆ رەفزکردنی یان بەرەنگاربوونەوەی. هەستێکی ناواخنیی ماسۆشی Masochistic لە شیعرەکەدا هەیە کە بە قبوڵکردنی ئەو زوڵمە و ئەو شەهید بوونە لە کۆتایی شیعرەکەدا بە ڕوونی دەرەوشاوەیە. هەرچەندە خولیا بۆ مەرگ بە ڕوونی لە چەندەها شیعری مەحویدا حازرە:

بەجێماوم لە یاران، نابەجێماوم، ئەجەل! زوو بە

بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم چی بکەم! 

 

سوپەرئیگۆ Super-ego

سوپەرئیگۆ دەرەنجامی تێهەڵکێش کردنی نۆرمە کولتورییەکانە، بەتایبەتی ئەو شتانەی کە لە دایک و باوکەوە وەک ئامۆژگاری و ڕێنومایی کراون . فرۆید پەرەیدا بە چەمکی سوپەرئیگۆ لە ڕێی تێهەڵکێش کردنی بەهاکانی ئیگۆ لەگەڵ “رێکخەرێکی ئەقڵیی کە هەڵدەستێت بە نومایش کردنی چەند کارێک کە لەزەتێکی نێرگسی لە بەهاکانی ئیگۆ دەبینێت، ئەوەی کە پێی دەوترێت هۆش Conscience”  هەروەها پێکهاتەی سوپەرئیگۆ، بۆ فرۆید، وا وێنا دەکرێت کە “ساتێکی سەرکەوتوی دۆزینەوەی هێز و مامەڵەیەکی باوانە Parental بێت”  کاتێکیش پەرە دەستێنێت “سوپەرئیگۆ کاریگەری ئەوانەش وەردەگرێت کە جێی باوانیان گرتووە، وەک فێرکەران، مامۆستایان، ئەو کەسانەی کە نموونەییانە وێنا کراون” . 

سوپەرئیگۆ هەمیشە لە خولیای “کەماڵ” Perfection دایە ، لەوەش پێکهاتووە کە بەشی ڕێکخراوی پێکهاتەی کاراکتەر بەتەواوی ناهۆش Unconscious نییە و، زۆرینەی خولیا کۆمەڵایەتییەکانی کاراکتەر وەک بەهاکانی ئیگۆ، ئامانجە ڕۆحییەکان و ڕێکخەری هەستەکان کە بە هۆش ناسراوە، هەموو ئەمانە ڕەخنەگرن و بەربەستن لە ڕێی پاڵنەرەکان، فەنتازیاکان، هەستەکان و کارەکان. “سوپەرئیگۆ دەتوانرێت بەو جۆرە هۆشە بناسرێت کە سزای بەدڕەوشتی دەدات، لە ڕێی هەستکردنی ناوەکی بە تاوان، بۆ نموونە لەکاتی دروست کردنی پەیوەندی سێکسی لەدەرەوەی بازنەی هاوسەرگیری” . 

ئەی دڵ بناڵە، ساز بدە چەنگی بەزمی عیشق

مەی خوێنی جەرگە، ناڵەی مەحزوونیە گەرەک  

 

ئەم بانگکردنەی دڵ و ملدان بۆ قەدەری ناڵین و سازان لەگەڵیدا، لێرەدا پرۆسەی کەماڵ لە داپیانان بر غەمی “بەزمی عیشق” و چاوەڕوانیی “ناڵەی مەحزوون”. هیچ تێگەیشتنێکی پراگماتیکی بۆ ئەم خولیا ڕۆحییانەی مەحوی نابینرێت، ئەوە نەبێ پێداویستییەکی زۆری هەیە بۆ ناڵە-گریان و دەسەڵاتی سوپەرئیگۆ لێرەدا بە ڕوونی ملی ناوە بۆ پاشەکشێیەکی تر. زنجیرەی پاشەکشێ و قەبوڵکردنی دۆڕاندن لە زۆر شیعری مەحویدا ڕەنگ دەدەنەوە: 

 

شوکر هۆشیارە مەحوی، تێدەگا دنیا خەراباتە

کەبەدمەستی بکا ئەهلێ، خراپەی بۆچی لێدەگرم 

 

گەڕانەوە بۆ هەمان قەسیدە ، ئەوەی پەیوەندە بە خولیا سێکسییەکانیشیەوە لەم شیعرەدا ئەو تەرکیزە سەرەکییەیە لەسەر پاکیزەبوون و سپی بوونەوە.

تەڵی نێرگسم و باغی حیرەتم

بەفەڕهات و وەکو گوڵ زوو بەسەر چووم

هەتا:

غەمی قاتیلمە مەحوی مونفەحیل ما

لە حەشرا کفنی خوێناوی بەسەرچووم

 

پارادۆکسی ڕەنگەکان لێرەدا ئاکتیڤانە کاردەکەن، ڕەنگی پەریئاسای مەعشوق کە هەستێک بە سپیبوون وێنا دەکات، بەتەنیشتییەوە “کفنی خوێناوی” عاشق کە سوور بووە بە خوێن. سەرەڕای سپێتی نێرگز لە تەنیشت ڕەنگی گوڵەوە (کە لەوانەیە سوور بێت). سپێتی لە پاکیزەیی و، کفنی سور وەک سیمبۆڵی دۆڕاندن بەتایبەتی “دۆڕاندنی پاکیزەیی” ئەم دۆڕاندنەش لە مەعشوقدا نییە، چونکە ئەو یا مانگە یان پەرییە کە هەردووک دوورن لەدەستی ئینسان، جارێکی تر ئەمە لەوانەیە وەک هێمایەکی ناڕاستەوخۆ بێت بۆ هەستی پاکیزەیی-دۆڕاندن لە خودی مەحویدا، جۆرێک لە هەستی ئەتککردن لە خودی مەحویدا سەرهەڵدەدات و میکانیزمی بەرگریکردن لە هەستکردن بەکەمیی وا دەکات کە بەمانایەکی بەرز یان بە شەهید بوون پاساوی بدات. دوور نییە تەواوی ئەم چیرۆکی عەشقەی بە دۆڕاندنێکی گەورە نەزانێت بۆ لەدەستدانی پاکیزەیی و سپێتی ڕۆحی خۆی.

چەپاندن وەک باسکرا میکانیزمێکی بەرگرییە لەلای تەمەن باڵقەکان لە فۆرمی تەسامی یان خودپەروەردەکردندا Sublimation ئەویش وەک پرۆسەی گۆڕینی ئەو شتانەی کە لە کۆمەڵگاوە قەبوڵنەکراون بۆ سلوک یان بەرهەمێک کە لە کۆمەڵگاوە قەبوڵکراو بێت، یانی جۆرە کارەوکارە Transaction ێک لە گۆڕێیە لە نێوان خودی کاراکتەر لەگەڵ کاراکتەری کۆمەڵایەتییدا. فرۆید ئەم تەسامییە وەک سیمایەکی پەروەردە بوو بۆ شارستانییەت، وەک هێمایەکی درەوشاوە بۆ پێشکەوتنی کولتوریی دەبینێت، هەر لە ڕێی ئەمەشەوە، بە دیدی فرۆید، چالاکییە سایکۆلۆژییە بەرزەکان بەرجەستەدەکرێن لەو ناخە خودپەروەردکردانەدا. 

لەم دیدگایەوە دەتوانین ئەو حوکمە بدەین کە زۆر جاران، نەک هەموو جارێک، مەحوی خەریکی ئەم پرۆسەی کارەوکارە بووە لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە ئاستی مەعریفی نزمتر بووە لەهی ئەو. پێویستی بەم خۆ ڕێکخستنەوە کۆمەڵایەتییە بووە بۆ ئەوەی خۆی لە نامۆبوونی سەرتاسەری بپارێزێت. زۆر جاریش نەیتوانیوە دڵشکاویی خۆی تا ئەو پەڕی واتا نەبات:

بە زایع چوو لە “ما لا یعنی” یا عومرم هەموو یەعنی

دەبێ وەقتێ لە “بو الوقت” ێ بخوازم تا تیا بمرم 

 

چەپاندن لای مەحوی پرۆسەیەکی خۆڕەخساندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بووە لە دەرەوەی ئاگامەندی خۆی بەدی هاتووە. لەلای فرۆێد عەبقەریەتی لیۆناردۆ دا ڤینشی، چەپاندنی سێکسی ئەو و، ئەم پرۆسەی کارەوکارە Transaction یە کە وای کردووە کارە هونەرییە هەرە گەورەکانی لە ڕەسمکردنی جەستەی پیاودا ئاوا داهێنەرانە ئەنجام بدرێت. ئەم کارە هونەریە داهێنانەرانەش وای لە فرۆید بکات کە بگاتە دەرەنجامی ئەوەی داڤینشی بە کاراکتەرێکی هۆمۆسێکسواڵ تاریف بکات. 

کەواتە پرۆسەی چەپاندنی سێکسی دەبێتە هۆکار بۆ ڕیکخستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگا و لە دەرەنجامی ئەمەشدا کاری ئیستاتیکی داهێنەرانە بەرهەم دەهێنرێت. لێرەوە دەتوانرێت ئەو خەمۆکی و ئازارە قوڵەی مەحوی لەگەڵ دەوروبەری ڕوونتر بخوێنرێتەوە. پرسیارەکانی دەرهەق بوون و جێگای خۆی لەو بوونەدا، مەعشوق وەک ترۆپکی مانایەک بۆ دڵخۆشی و هەروا بە ئاسانی وازهێنان لەو خولیایە. ئەمانە هەموو کاریگەری زۆر گەورەیان هەبووە لەوەی زۆر جاران مەحوی تێکستەکانی بە سیمایەکی ناسێکسییەوە وێنا بکات بۆ مەبەستی خولیایەکی سێکسی.  

هەڵەیە گەر خودی کۆمەڵایەتی مەحوی تەنها وەک زاتێکی عاریفانە و زاهیدانە و دونیا نەویست ببینرێت، هەرچەندە چەند تێکستێکی هەبێت بۆ وێنا کردنی کاراکتەرێکی لەو جۆرە بۆ خۆی. مەرج نییە وێنا کردنی ئەدەبیی بۆ خودی کۆمەڵایەتی هەڵگری گشت هەقیقەتەکان بێت لەبارەی کاراکتەری داهێنەری تێکستەوە. بۆ نموونە لەگەڵ هەموو ئەو خولیا گەورەیەی مەحوی بۆ وێناکردنی خۆی وەک زاتێکی دونیا نەویست: 

لە ناکەس کارییا خاکم بەسەر ڕۆیی بە با عومرم

خودا! تۆ بمژێنە تا لەبەر قاپی کەسێ دەمرم 

 

ئینجا بۆ:

وەک بولبول، ئەی تۆ تازە گوڵم، پڕ بە دڵمە شەوق

وەک قومری، ئەی تۆ سەرو سەهی، پڕ بە ملمە تەوق 

 

ووشەی “تازە” دەلالەتی بوونی کۆنتر دەکات. پرۆسەی بەردەوامی زنجیرەیەکی درێژترە لە هەبونێکی تاکانە لەوەی کە بڵێی “تاقە گوڵم”. هەقیقەتی ئەوەی کە قومری باڵدارێکە هەمیشە جووت جووت پێکەوە دەژین، سەرەڕای هەبوونی “تەوق” ی ئەو عەشقە لێرەدا دەتوانرێت زیاتر کەشفی جووتبون و پێکەوە بوون و ویساڵ بێ لەوەی کە مەحوی-کۆمەڵایەتی دەیەوێ وەک زاتێکی زاهید و دونیا نەویست وێنای بکات.

شایانی باسە کاتێک مەحوی لە دیدێکی عاریفانەوە وێنای خراپی خۆی و وەسفی نێگەتیڤانەی کاراکتەری خۆی دەکات، بۆ نموونە:

لەمن نازانم ئیتر نەفسی بەدخوو چی دەوێ مەحوی

کە بەدکردار و بەدڕەفتار و بەدئەفکار و بەد تەورم 

 

 ئەم هەموو سیفاتە خراپانە وەک هێماگەلی پێچەوانە بۆ دەرخستنی ملکەچی سەرتاسەری ئەو بۆ قیامەت وێنای دەکات. بۆ پیشاندانی پڕبوونی زاتی ئەوە لە ئیمان و لە پەشیمانی لە دونیا ژیاوی خۆی. سوپەرئیگۆ لێرەدا زۆر کارایە و خەریکی پێکهێنانی ئەو هەستە سەرتاسەریەیە کە وێنای مەحوی – کۆمەڵایەتیی بە شێوەیەک دەکات کە سەرەڕای ئەو هەموو زوهدە ئەم زاتە پڕە لە ترس لە خودا و لە رۆژی قیامەت، ئەمەش دیسان وەک رێکخستنەوەیەکی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەرێک کە قەبوڵی ئەم بۆچونانەی کردووە لەو زەمەنەدا، ئەمەش دیسان بەهۆی کارا بوونی میکانیزمی بەرگریکردن و پرۆسەی خودپەروەردەکردنەوە.

بەحەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم وتووە لە ڕۆژێ بووم

وەکوو مەنسوور ئەگەر بیشمکوژن ناکەم لەحەق لادەم 

 

ئەم بەیتەی سەرەوە بەڵگەی ڕوونە لەسەر هەوڵی مەحوی کۆمەڵایەتی بۆ وەرگرتنی پیناسێکی بنەفروانیی قبوڵکراو، یانی بە هیچ کلۆجێ ناتوانین ئەم پێناسەی مەحوی بۆ خۆی وەک حەقیقەتی کۆمەڵایەتی و ویژدانیی ئەو وەرگیرێت، لە کاتێکدا هیچ ناحەقییەکی دەرهەق بە نەتەوەکەی خۆی نەدیوە لە لایەن عوسمانییەکان و فارسەکانەوە، بەڵکو هەندێک جار ووشەی “فورس” ی بۆ لێکچواندنی خودی- نزم بۆ “پادشەهی فورس”ی بەرزتر بەکارهێناوە:

 

گەدایەکی وەکو “مەحوی”، قەلەندەرێکی کورد

میسالی پادشەهی فورسە، ساحێبی دیوان 

 

لە کۆتاییدا، دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر چەپاندن لای مەحوی ئەوەیە کە پرۆسەیەکی کارەوکارە Transaction و ریکخستنەوەی کۆمەڵایەتی بووە بە مەبەستی بەردەوامبوون لە کۆمەڵگادا. بەو مانایەی کاری داهێنەرانەی دەرەنجامی چەپاندنێکی توند لە خولیا سێکسییەکانیدا بووە، وێناکردنی خودی خۆی وەک “قەلەندەر” یان وەک “شێر” گێڕاندنەوەی بالانس بووە بۆ هەستێکی ناواخنی بە کەمیی بەرامبەر کۆمەڵگا و بەرامبەر مەعشوق بە هەموو فۆرمەکانیەوە، لەوانەیە جوانترین هەستکردن بە کەمیی لای مەحوی ئەو هەستە بێت کە هەیبووە بەرامبەر خودا “پەروەردگار” بەڵام ئەم هەستەیان زیاتر وەک مامەڵەیەکی واقیعیانە و رێکخستنەوەی پەیوەندی بووە لەگەڵ دەوروبەرەکەی، درۆیەکی قبوڵکراو بووە لە کۆمەڵگادا، کە تەوواکەری خودیی کۆمەڵایەتی ئەو بووە بەڵام لەسەر حسابی چەپاندنێکی سایکۆلۆژی توند لە خولیا رۆحیەکانی و بەتایبەتی خولیا سێکسیەکانی.

 

عەباس بۆسکانی

boskany@yahoo.com

    ———————————————————-

 

   دیوانی مەحوی. مەلا موحەمەدی مەلا عوسمانی باڵخی. لێکۆڵینەوەی: مەلا عەبدلکەریمی مودەریس و موحەمەدی مەلا کەریم. انتشارات کردستان. سنە. ١٣٩١. لاپەڕە ٣٩٣.

   سپ. دیوانی مەحوی. ١٣٩١. لاپەڕە ١٦.

  Sigmund Freud,. On Dreams. Excerpts. Art in Theory 1900-1990. Ed. Charles Harrison and Paul Wood. Cambridge: Blackwell Pub., Inc., 1993. p.26-34.

   دیوانی مەحوی. ل. ١٨٧.

   سپ. ل.٢٦٦

   هسپ. ل. ٢٦٨.

   هسپ. ل. ٢٦١.

  Alfred Alder. The Science of Living. George Allen & Unwin Ltd. London.UK.1930. p.60.

  Alder. Ibid. p.60.

  Jacques Lacan.Ecrits.A Selection Translation.Sheridan, Alan 1977. Ecrits.London: Tavistock. UK. 1966

  Toril Moi. Sexual/ Textual Politics. Feminist Literary Theory. 2nd edition.Routledge, Taylor & Francis Grop.NY.USA. 2002. p. 97.

  Toril Moi. Ibid. p.98. 

   دیوانی مەحوی. ل:٢٢٥.

  From: http://psychology.about.com/od/theoriesofpersonality/a/personalityelem.htm Retrieved on: 12/07/2013.

  Schacter, Daniel. Psychology. Second Edition. Worth Publishers.USA.2009.p. 481.

   دیوانی مەحوی. ل: ٣٠٥.

   ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵ نادات لە تەواوی ئەو شێوازنانە نزیکبێتەوە کە خود لە فۆرمی تێکستدا هۆشدارانە یان ناهۆشدارانە تێیدا وێنا کراووە. هەوڵدان بۆ جۆرە کارێکی وەها پێویستی بە مەودای لیکۆڵینەوەی ترە کە تەواوی دیوانی مەحوی لە دیدگای کەشفکردنی ئامادەگی خود تێیدا بخوێنێتەوە.

  Sigmund Freud. On Metapsychology. PFL 11. p. 36.

  Janet Malcolm. Psychoanalysis: The Impossible Profession. 1988. p. 76

  J. Adelson, Inventing Adolescence. 2008. p . 175

  Schacter, Gilbert, Wegner, Daniel. Psychology.  1. publ., 3. print. ed. Cambridge: WorthPublishers. UK. 2011

   بۆ ئەم مەبەستە تەنها لە شیعری ژمارە ٧ ی پیتی “م، لاپەڕە ٢٦٧”. وەک نموونە بەکارهێنراوە بۆ گەیشتن بە چەند دەرەنجامێکی رەخنەیی بۆ ئەم بەشەی لێکۆڵینەوەکە، بەڵام لە تێگەیشتن لەم ڕوانگەیە دەتوانرێت نموونەی دی شیعرەکانی تری مەحویدا بدۆزرێنەوە.

   دیوانی مەحوی. هسپ. شیعری ژمارە (١٠) پیتی “م”.

  Schacter & et al. Ibid. p. 481.

  Sigmund Freud, On Metapsychology. p. 89-90

  Sigmund Freud, New Introductory Lectures. p. 95-96

  Ibid. p. 95-96.

  Meyers, David G. “Module 44 The Psychoanalytic Perspective”. Psychology Eighth Edition in Modules. Worth Publishers. 2007

  Arthur S. Reber. The Penguin Dictionary of Psychology.1985.

   دیوانی مەحوی. ل: ٢٣٤.

   سپ. ل: ٢٦٢.

   سپ. ل: ٢٦٧.

  سپ. ل: ٢٦٣.

   سپ. ل: ٢٦٢.

   سپ. ل: ٢٢٤.

   سپ وی. ل: ٢٦٤.

   سپ. ل: ٢٧٠.

   سپ. ل:٣٩٣.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.