Skip to Content

Thursday, May 9th, 2024
خود و بابەت !  ….. نەهرۆ

خود و بابەت ! ….. نەهرۆ

Closed
by August 28, 2013 گشتی

 

 

 

 

لێرەدا من باسی خود وەک ئۆبجەکتیڤ و ئیندیڤیدویل و شەخسی و بابەتیش وەک سوبجەکتیڤ و لایەنی عەمەلی دەکەم، لە ڕاستی دا خود و بابەت دوو حاڵەتی جیاوازن بەڵام لە هەمان کات دا یەکتر تەواو دەکەن، ئێمە کاتێ لە رۆژهەڵات دەژیاین، خود کرابوە قوربانی بابەت، ئێمە وەک تاک دەبوایە خۆمان بە فەرامۆشی بسپێرین لە پێناوی بابەت دا، لە زۆر حاڵەتدا چارەنووسی خود نادیار بوو، قسەی لێنەدەکرا یان قسەلێکردنی حەرام و بڤە بوو ! بەشێوەیەکی تر بڵێم فاکتەری خود لاوەکی بوو کەچی فاکتەری بابەت ستراتیژو سەرەکی و پیرۆز بوو !

خودەکان دەتوێنرانەوە بۆ خزمەت کردن و بەرەو پێشەوە چوونی بابەت، بۆ نموونە رێگای رزگاریخوازی نەتەوەیی و بونیاتنانی سوسیالیزم وەک بابەت ئامانج گەلی پیرۆز بوون، ئەوەی بە پێچەوانەی ئەم دووانە قسەی بکردبایە یان تیئوریزەی بابەتێک بکردایە دەکەوتە بەر هیرش و تانەوتەشەر !

لەم پێناوەدا عەیبە بوو جەخت بکرێتە سەر مسائلی شەخسی، پەیرەوکردنی ژیانی شەخسی شێوە ژیانی ئاژەڵی لە خۆگرتبوو بە تایبەتی کاتێ ژیان پێشمەرگایەتی و شاخ، بە چەمکی کۆ مامەڵەیان لەگەڵ روبەروبونەوەکانی ژیانی رۆژانەیان دەکرد !

تاک خرابوە خزمەتی کۆوەوە کۆویش خرابوە پێناوی بابەتەوە. سەرکردەکان تا بۆیان دەکراو بۆیان دەلوا تاکیان وەک کەسایەتی یەکی سەربەخۆ دەکوژاندەوە، تاک لە دوخی مەحو و لە غو دابوو، تەنیا لەو حاڵەتانە روڵی تاکیان بەرجەستە دەکرد کە روڵی ئازایەتی بگێڕابایە، ئەویش وەک گوتم لە پێناو بابەتی بەرزو پیرۆزو دوورئەندازدا بوو، دەتوانم بڵێم لە رۆژهەڵات بەتایبەتی لە کوردستان و سەردەمی شاخ پروسەی تواندنەوەی تاک ئەنجام ئەدرا، تایبەتمەندییەکانی ژیانی تاک پێشێل دەکرا یان بەهۆی باروزروفەکەوە دەبوایە پێشێل بکرێ، لێرەدا نامەوێ وردبمەوەو لە دیوە شاراوەکانی ژیان بدوێم بەڵام بۆ میژوو دەبێ ئەوە بزانرێ کاتێ دەستمان بە ئاو دەگەیاند دەبوایە بە بەردی زبر یان گەڵای بەروو خۆمان خاوێن بکردبایەوە ! ئەگەر ئەسپی و کیچ لە لەشت بگرابایە دەبوایە وەک حەزرەتی ئەیوب دان بەخۆت دا بگری و نەیخورێنی ! ئەگەر یەکی فلچەو مەعجونی بەکار بهێنابایە گاڵتەیان پێ دەکرد، ئاخر لە زۆر شوێن دا بازاری کڕینی ئەو کەرەستانە نەبوو، ئەگەر سێ، چوار رۆژ لەسەر یەک نانت نەخواردبایە دەبوایە خۆڕاکر بیت و نەڵێت برسیمە ! ئەگەر دەیان سەعات بە پێ برویشتیتایە دەبوایە هیلاکی خۆت نیشان نەدەی، ئەگەر بۆ هەر شەڕو هێرشێک دەسنیشانیان بکردبایە دەبوایە بێ چەندوچون پلانەکەت جێ بە جێ بکردبایە ! ئافرەتێ پێشمەرگە هەبوو لە کاتێ عادەو خوێن لەبەرچوون و سوڕی مانگانە لەبەر نەبوونی پەڕۆ گونیەو تەلیسی بەکار دەهێنا ! ئەگەر دانت کلۆر بوایە ئازاری زۆر بوایە ئەوە شیشکەی تفەنگیان گەرم ئەکردوو لە رێگای قەمیشەوە داخیان دەکرد، ئەم حاڵەتەیان بەسەر خۆم هات ! پێشمەرگەی بریندار هەبوو لەبەرنەبوونی دەرزی ڤیتامین کەی نەزیفی دەکرد و گیانی لەدەست ئەدا ! پێشمەرگە هەبوو ماری پێوەی دا لەبەر نەبوونی دەرزی هایدروکورتزن لەشی ژەهراوی بوو ئاکام دەمرد !

پێشمەرگایەتی نەفی خود بوو لە پێناوی ئامانجی گشت دا، گشتێک کە ئێوە تەنیا گرەوتان لەسەر دەکرد، گشتیک کە واتان دەزانی ویژدانیان هەیەو پێ دەزانن، گشتێکی لێڵ و تەماوی، لێرەدا من باس لە سەردەمی پێش ڕاپەرین دەکەم، سەردەمانێک بوو کە جێگای ئیدیعای تیا نەبوەوە، دەبوایە ئەوەی دەیڵێ یان دەینووسی یان داکوکی لێدەکەی دەبوایە بەگیان قوربانی لە پێناو بدەی !

سەردەمێک بوو جێگای ترسنۆک و قسەی گەورە نەئەبوەوە، هەموو چەک لەشانێ لە ئامادەباشی دا بوو بۆ هەر ئەگەرێکی لە ناکاو و کتوپڕ، شەو و رۆژ تەنیا دیاردەیەکی فیزیکی بوو، ئەگەر نە لە کاتێ تەنگانە پێشمەرگە بەشەو دەروێشت بە رۆژ دەحەوایەوە، جەم نادیار بوو، برسیەتی و تینویەتی میوانی ئایندەی زەمەن دا بوو، رێگا هات و نەهات و هەزار بە هەزار بوو، لە نێو پروسەیەکی وا دا، بیرکردنەوە لە خود تەنیا تیڕامانێکی ئاڵوز بوو لە بەرانبەر قەدەری سیاسی و سەربازی نادیار !

ئێستاکەش هەندێ کەس دەڵێن باوی حکایەتە گەورەکان نەماوە، حکایەت کە گەورە بوو لە هەموو زەمان و زەمینەیەک دا گەورەیەو بیر چوونەوەی مەحاڵە، دوو هاوڕێ لە هەرەتی لاوی دا بوون پەیوەندیان بە هێزی پێشمەرگەوە کرد تەنیا بۆ رۆژێک پێشمەرگە بوون، لە کاتێ هێرشی رژیم دا بۆ سەر گوندێک، لەبەر ناشارەزایی چوبوونە نێو خانویەکی بلۆکەوە وشەریان کردبوو ئەنجام بەگولەی توپی تانک و بە پروشکەی بلۆک شەهید بوون! وێنەی تاڵاوی زۆر لە یادەوەریم دایە، خێزان هەبوو دوو براو سێ براو زیاتر لێ یان شەهید بوون، مناڵ هەبوو بە ساچمەی موشەکی فرۆکەی هەنتەر گیانی لەدەست ئەدا، ئەم وێنەی خودە تەنها پێشمەرگەی نەگرتبوەوە بەلکو ئەوانەش دەگرتەوە کە لە ناوچە ئازادکراوەکان دەژیان چ وەک تاک یا وەک خێزان، بێگومان ئەم مەترسیانە رێکخراوەکانی شاریش دەگرتەوە، ئەوانیش گیانیان لە گەرووی گورگ دا بوو، بە ترس و لەرزەوە ئەرکەکانیان ئەنجام ئەدا !

لەم رێگایەدا خودەکان شەهید بوون، ئەوانەی کە مانەوە وەک شەهیدی زیندوو درێژەیان بە خەبات دا، کەوتن و هەڵسانەوە، بەم شێوەیە تا دەهات شکڵ وشێوەی بابەت قەبەترو گەورەتر بوو، ململانیەکە توندتر بوو، لە هەندێ کات و سەردەم دا بابەت تەنها مەسەلەی پێشمەرگەو رێکخراوەکان نەبوو، بە درێژایی میژوو وایلێهات بابەت ببێتە مەسەلەیەکی میللی و بەرفراوان، ئەوە بوو لە شارەکان ڕاپەرین دەکرا، رژیمیش توڵەی چالاکیەکانی پێشمەرگە لە خەڵکی گوندو شارەکان دەکردەوە وەک لە پروسەی ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجەدا بینیمان !

دەتوانم بڵیم جۆرێک لە تێکەڵاوبوونی خود و بابەت هاتە کایەوە کە لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١بەرجەستە بوو !

لە رۆژهەڵات و کوردستان خودی شورشگێڕ بەدبەختە، قورسایی زۆری لەسەرە، لە ململانی یەکی دەرەکی و ناوخویی دا دەژێ، لە کوردستان کاتێ کە بابەت کەوتە سەر رێ ڕاستەقینەی خوی، خاوەنی زۆری بۆ پەیدا بوو، خەڵکانێک هاتنە کایەوە کە هیچ باکگراوندی تاڵاوی شورشگیریان نیە، لە مەحەک نەدراون کەچی دەم و دەست لە کێشەکان وەرئەدەن بەبێ ئەوەی قورسایی میژوویی خویان ڕەچاو کردبێ !

باسی مافی رەوای میللەت دەکەن لە کاتێک بوون و هاتنە کایەوەیان نارەوایە سودیان لە بروای ساکاری خەلک بە هێزی غەیبی وەرگرتووە!

لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە هەندێ کەس بە نەرینی سودیان لە باکگراوندە شورشگێڕیەکەیان وەرگرتووە ئالودەی دیاردەی نەشازی گەندەڵی بوون !

بەڵام زۆریش هەن وەک جاران قورساییان لەسەرەو بە پاکی ماونەتەوە، داکوکی لە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن.

لە ڕاستی دا ئەگەر سەیری خود و بابەت بکەین لە نێو هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکاندا ئەوە بەشێوەیەکی رێژەیی نە خود سەربەخۆیە نە بابەت ئازادە، خود و بابەت کەوتۆنەتە ژێر کاریگەری نفوزو قەلەمرۆی وڵاتانی ئەقلیم و دەسەڵاتی نێودەوڵەتی یەوە ! دەتوانم بڵێم زۆر جار کایەی سیزیف بەسەر خود و بابەت سەپێنراوە، لە وێنەی هەرەس و ئاشبەتاڵ، لە وێنەی پەیمانی سیڤەرو لۆزان، لە وێنەی کۆڕەو، جێگای سەر سوڕمانە کە ئۆباڵێ ئەم شکستانە بە شێوەیەکی دیکۆمینتی ناخرێتە سەر کەس، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی خودەکان لە نێو بازنەی گشتی دەسەڵات دا دیاریکراون !

بێگومان هەر ئازادیخوازێک بگریت حەز دەکا میللەتی کورد لە نێوان شەو و رۆژێک بگات بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی، هەر یەکسانیخوازێک بدوێنی خوازیاری دەستبەجێ بەرقەراربوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی یە !

کەچی وڵاتان جیهان بەدرێژایی میژوو کێشەی میللەتی کوردیان لە بەرانبەر کایەی ماروو پەیژە داناوە، لەلایەک جەستەمان بریندار دەکەن لە لایەکی ترەوە مەرهەم و داوودەرمانمان بۆ دەنێرن، لەلایەک زیانمان پێ دەگەیەنن لە لایەکی دی قەرەبوومان دەکەنەوە ! لە لایەک خەریتەو ئاڵای کوردستانمان پێشان ئەدەن لە لایەکی تر دەمارگیری پەیوەندی کۆمەڵایەتی عەشایری گرژ تر ئەکەن و دیاردەی ئافرەت کوژی برەوی پێ ئەدەن، دیارە من بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی جیهانی تاوانبار ناکەم بەڵکو داروو دەستەکانیان روڵی سەرەکی دەگێڕن لە ناوخۆی وڵات دا !

کەچی لە رۆژئاواو ئەوروپادا خود خراوەتە پێش بابەتەوە، بە شێوەیەکی تر بڵێـم بابەت کراوەتە ئاوێنەو قوربانی خود، بابەت کاتێ جێگای بایەخ دانە کە خود خۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەمان لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم قوناغی پارتیزانی و قوربانی دانیان تێپەڕاند !

ئێستا بەشداری کردنی خود لە پێناوی بابەت دا دیاریکراوە، خۆی لە لە خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانەو مانگرتن بەرجەستە دەکا، خود ئامادە نییە لە جەمێکی خۆی ببورێ لە پێناوی داکوکی کردن لە بابەت دا، ئەوە بابەتەکانن لە شێوەی یاساو مافی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەرجەستە کراون و خزمەتی خود دەکەن، لە رۆژئاوا خود لەسەرەوەی بابەتە، مافی خود پیرۆژو جێگای بەهایە، بابەتیش مەسەلەیەکی رێژەیی یە دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر قسەی لەسەر بکرێ !

 

                                                                      نەهرۆ / نەرویج

                                                                   ٢٧ / ٨ / ٢٠١٣ 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.