Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
چارەنووسی فەلەستین لە دوارۆژدا دیار نییە

چارەنووسی فەلەستین لە دوارۆژدا دیار نییە

Closed
by September 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

بەكارھێنانی مووشەكی قەسام

بەكارھێنانی ئەم مووشەكە لە لایەن رێكخراوی حەماسەوە دژی گوند و شارۆچكەكانی باشووری ئیسرائیل وای كردوە، كە كاردانەوەیەك بۆ لەشكری بەرگری ئیسرائیلی پەیدا ببێ، كە بە سەدان جار كەرتی غەززە بۆردومان كردووە و دوو جاریش ھێڕشی ئەم كەرتەی كردووە، بۆیە زیانێكی مەزن بە  بزووتنەوەی فەلەستینی و بە تایبەتی گەلی فەلەستین گەیشتووە. من وەك گەڕۆكێك (سائیح) لە گوندی گێڤیم بووم، كە نیزیكی كەرتی غەززەیە، لەوێ گەلەك جار گوێم لە كەوتنە خوارەوەی ئەو مووشەكانە دەبوو، من بۆ وێنەگرتنی ئەم شوێنانە دەچووم بۆ ئەو جێگەیانە و وێنەم دەگرت و مەبەستم لەم دیاردەیە كە بەكارھێنانی ئەم مووشەكانە تەنیا زیانی بۆ گەلی فەلەستین ھەیە و ھیچی تر. 

 

چەند نیشانەی پرس؟

 ھۆی كوشتنی زۆربەی فەلەستینییەكان لە رۆژھەڵاتی ناڤیندا، خۆی سیاسەتی دەوڵەتی سووریا بووە كە بە سەرۆكایەتی بنەماڵەی ئەلئەسەدە و مرۆڤ لەو نھێنییەدا قەت ناگاتە ھیچ ئەنجامێك. لە كاتی خۆیدا زیاتر لە ملیۆنێك فەلەستینی لە كامپەكانی سووریا و لوبنان ھەبوون و دەوڵەتی سووریا بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەوانی بەكار دەھێنا. ھەروەھا زۆر سەیرە كە لە سووریا زیاتر لە 12 ھەواڵگێری ھەیە و یەكێكیان بە ناوی (ھەواڵگێری بەشی فەلەستین)-ە، كە بە تەنیا بۆ گرتن و كوشتنی فەلەستینییەكانە و لە ھەمان كاتیشدا سووریا ھێزە فەلەستینییەكانی بەكار دەھێنا، كە بە تەنیا لە رێگەی لوبنانەوە شەڕی ئیسرائیل بكەن، كەچی ئەوە زیاتر لە 40 ساڵە شەڕ لە خاكی سووریاوە دژی ئیسرائیل قەدەغەیە. لە ئیسرائیلیش گۆڕی بابیری (باوكی دایكی) حافز ئەلئەسەد ئاشكرایە و ناوی (حاییم ئۆرباخ)-ە و ئەو بە رەگەز جوویەكی پۆلۆنییە، كە لە سالی 1918 دا لە فەلەستین بۆ یەكەم جار رێكخراوێكی پارتی كۆمینیستی پێكھێنا. جگە لەمە (شلۆمی یان سلێمان) خۆی باپیری (باوكی باوكی) حافز ئەلئەسەد و لە شارۆچكەی قەردەاحة-لازقییە بە ناوبانگ بوو. بۆیە سیاسەتی پارتی بەعسی عەرەبی-سووریا و بنەماڵەی ئەلئەسەد جێی سەرسوڕمانە!

 

سیاسەتی ئێران و توركیا

لە ساڵی 1979 وە و تاكو ئێستا، حوكمەتێكی عەرەبی یان ئیسلامی نەیتوانیوە بە قەد حوكمەتی ئێرانی یاری بە كێشەی فەلەستین بكات. كاتی خۆی خومەینی سۆزی دا، كە بۆ رزگاركردنی فەلەستین لە قودس نوێژ بكات و داوای لە ھەموو موسڵمانانی جیھان كرد كە بۆ فەلەستین پێكەوە خەبات بكەن. بەڵام سۆزەكانی خومەینی تەنیا دروشم و وتاری زل بوون. بە راستی ئێران تەنیا بە سۆزی پووچ و ھەروەھا بە ھەڕەشەكانی ئەحمەد نەجاتی بۆ لەناوبردنی جوولەكە و فڕێدانیان بۆ ناو دەریا، ئەمانە ھەمووی تەنیا خزمەتێكی مەزن بۆ ئیسرائیل كردووە و دەكات. ئێران جگە لە دروشم وتار، ھیچ خزمەتێكی بۆ كێشەی فەلەستین پێشكەش نەكردووە. دیاردەی سەیرتر كە ئیمپەراتۆری ئۆسمانی نەتەوەی عەرەبی دەچەوساند و زمانی عەرەبیش لەو كاتەدا قەدەغە دەكرا و مێژووی فەلەستینیش پشتڕاسكەری ئەم دیاردەیە. كەچی بە دروشمێك یان بە وتارێكی ئەردۆغان لەسەر ئابلۆقەدانی كەرتی غەززە، مێژووی رەشی ئیمپەراتۆری ئۆسمانی بۆ ھێزە فەلەستینییەكان بووە بە “سەردەمێكی زێڕین”. ئەوەتا ئێستا نۆرەی توركیای ئەردۆگانە، كە بازرگانی بە كێشەی فەلەستین بكات.

 

وانە و سەربۆر (عیبرەت)

ئەگەر مرۆڤ تەماشای مێژووی دابەشكردنی فەلەستین بكات، باش دیار دەكەوێت كە عەرەب بە گشتی و ھێزە فەلەستینییەكان بە تایبەتی، ھیچ وانە و سەربۆریان وەرنەگرتووە. بۆیە سەرۆكی گەلی فەلەستین مەحموود عەباس ھەوڵی داوە كە بۆ ئیسرائیل تەنازول بكات، ئەویش تاكو گەلی فەلەستین بگات بە ئامانج، چونكە شەڕ دژی ئیسرائیل لە ساڵی 1947-ەوە و تا ئەمڕۆ بۆ گەلی فەلەستین بە تەنیا ماڵوێرانی بوو. كەچی رێخراوی حەماس لە ھەمان كاتیشدا سۆزی داوە، كە خاكی فەلەستین”لە دۆڵی ئوردنەوە تاكو سەر دەریا” پێویستە رزگار بكرێت.

 

بۆ فەلەستینێكی بچووك

ھێزە فەلەستینییەكان بە گشتی بە تاسەی مێژووی ئیسلامی كۆنن و گەلەك ھەوڵیان داوە كە ئەو مێژووە جوانتر بكەن. واتە ئەوان تەماشای رابردوو دەكەن، كە پڕ بووە لە چیرۆك و دروشمی ناراست و بێ بنچینە. ئێدی ئەگەر ئامانجیان كاتی رابردوو بێت، ئەوە چۆن دەتوانن لەم كاتەی ئێستادا بژین، یان بۆ پاشەڕۆژی گەلی خۆیان خەبات بكەن؟ ئەگەر ھێزە فەلەستینییەكان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ چارەسەركردنێكی گونجاو رێك نەكەون، ئەوە ئەو كاتە چارەنووسی فەلەستینی بچووكیش “كەناری رۆژئاوا و غەززە” دیار نابێت، چونكە تاكو ئێستا نیزیكەی نیو ملیۆن جوو لە كەناری رۆژئاوا نیشتەجێ بوونەتەوە. و لە ھەمان كاتیشدا ئێران و توركیا بازرگانی بە كێشەی فەلەستین دەكەن و دەوڵەتە عەرەبییەكان و ھێزە فەەلستینییەكانیش بەرامبەریان ھەر بێ ھەڵوێستن. لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم، چارەنووسی فەلەستین لە دوارۆژدا دیار نییە… 

 

hunername@hotmail.com

بەشیر بۆتانی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.