Skip to Content

Sunday, May 19th, 2024
ژنان و منداڵانی سوریا گەورەترین قوربانی جەنگی ئەو وڵاتەن

ژنان و منداڵانی سوریا گەورەترین قوربانی جەنگی ئەو وڵاتەن

Closed
by September 1, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

بەدوای بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ڕەوای خەڵکی سوریا بە دژی حکومەتی فاشیستی ئەم وڵاتەو دەخالەتی زلهێزەکانی جیهان و گۆڕینی بە شەڕی ناوخۆ خەڵکی بێتاوانی ئەم وڵاتە قوربانی گەورەبوون، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردودا زیاتر لە سەد هەزار کەس کوژراون و بەسەدەها هەزاریش کەم ئەندام بوون. نزیکەی ٦ ملیۆن کەس ئاوارە بووە لەوانە دوو ملیۆنیان ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بونەو چوار ملیۆنیش لەناو وڵاتدا ئاوارەی ناوچەکانی تر بوونە.

لە زۆربەی ئەم شەڕانەی کە لەوڵاتە دواکەوتوەکاندا ڕوودەدات دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان کاریگەرترین چەکە بۆ بریندارکردن و تۆڵە لە دوژمن، لەبەرئەوەی لەم وڵاتانەی بەتایبەت کلتوری ئیسلامی، پیاوسالاری و ناموسپەرستی بەسەریاندا زاڵە. ئەو دەستدرێژیانە بە هەڵکەوت نییە بەڵکو ئامانجەو بەپێی پلان جێبەجێدەکرێت.

لە سوریا هەر لایەنێکی جەنگ دەستی بەسەر ناوچەیەک داگرتبێت ئەوە کاری یەکەمی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان بووە، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە avaaz.org  بڵاوبۆتەوە بەشی هەرە زۆری ژنانی سوریا لە ترسی دەستدرێژیکردن ئاوارەیی هەڵدەبژێرن و خۆیان دەدەنە دەستی قەزاو قەدەرو دەست بۆ چارەنوسی نادیار دەبەن و ڕوو لە وڵاتانی دەوروبەر دەکەن.لایەنێکی سەرەکی ئەم شەڕە حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکانن کە بە ئاشکرا شرعیت بە خۆیان دەدەن کە دەستدرێژی بکەنە سەر منداڵان و ژنان. بۆ نمونە بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر چەند ڕۆژنامەوان و میدیاکارێکی ژن لەلایەن سەرانی ئەحزابی ئیسلامیەوە. 

لەلایەکی ترەوە جیهاد بەرامبەر نەیارەکانی خۆیان ڕادەگەیەنن و بەپێی سورەتی ئەنفال دەبێت پیاوەکان بکوژرێن و دەست بەسەر ماڵەکانیانە بگرن. دیارە ژنیش لە ئیسلامدا کاڵایەو بەشێکە لەو ماڵ و موڵکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت، هەربۆیە لە مانگی ڕابردودا چەندین ژنی کورد زمان دەستدرێژیان کرا سەر.

لە زۆر لاوە ژنان لەژێر ناوی جۆراو جۆرەوە بونەتە قوربانی گەورەی ئەم جەنگە. بەدوای فتوای جیهادی نیکاح ئیسلامیەکان توانیان مێشکی چەندین کچی ژێر تەمەنی یاسایی و هەرزەکار بشۆرنەوەو بیانێرن بۆ شۆڕشگێڕانی سوریا و بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزوە سێکسێەکانی شۆڕشگێڕانی ڕێگای خوا، ئەمەش شەرمەزارترین دیاریدەی بەکارهێنانی ژنانەو ئەوە دەگەیەنێت کە ژنان کاریان تەنها دامرکاندنەوەی خواستە سێکسیەکانی پیاوانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی حەزو ئارەزوو یاخود هەست و خۆشەویستی.

کەمپی ئاوارەکان و بارودۆخی ژنانی سوری لە وڵاتانی دەورەبەر

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتوەکان دوو لەسەر سێی ئاوەرەکانی سوریا پێکهاتووە لە ژن و منداڵ. ئەوان لە بارودۆخێکی دەرونی و ئابوری خراپدا دەژیەن، زۆر لەو ژنانە کورەکەی یاخود هاوسەرەکەی لەبەرچاوی کوژراوەو خۆی یاخود کچەکەی دەستدرێژی کراوەتە سەریان. 

سەرانی وڵاتە شێخنشینەکانی دەوروبەرتەنها بە فتوای جیهادو جیهادی نیکاح، ناردنی پارە و مجاهیدی کەلەپوت، چەکو تەقەمەنی، تەرخانکردنی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانیان نەوەستاون بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی بێ تاوان بەڵکو لە ڕێگای بازرگانەکانیانەوە  دەستیان گەیاندۆتە خەڵکە ئاوارەکەش. بارودۆخی خراپی ئەوان بە هەل وەردەگرن و خەریکی کڕین و فرۆشتنی کچانی منداڵن لە  چەشنی دەورانی کۆیلایەتی سەدەی ناوەڕاست. بە نرخێکی کەم کچەکانیان دەکڕن بەپێی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ هەندێک جار وا هەڵکەوتووە کە پیاوێک دوو خوشکی بەجارێک کڕیوەو لە خۆی مارە کردون.

بەجیا لەمانە ژنانی سوری لە بازاری لەشفرۆشی، سەما، کلوپی شەوانە بەبێ خواستی خۆیان بەکاردەهێندرێن و ناچارن بەخاتری پەیداکردنی بژێوی و مانەوەیان هەموو بارودۆخێک قبوڵ بکەن.

بە ورەی ڕوخاوو گیرفانی بەتاڵەوە خەڵکی بێتاوانی ئەم وڵاتە ئاوارە بوونە، جێگەو ڕێگای نیشتەجێبونیان نیەو لە بچوکترین مافە ئینسانیەکان بێبەشن.

ئەمەی لەسوریا ڕودەدات، ئەم بارودۆخە خراپەی کە بۆ ئینسانەکان بە گشتی و ژنان و منداڵانی بێتاوان بەتایبەتی خولقاوەو وەک و کاڵاو وەسیلەی تۆڵەسەندنەوە بەکاردەهێندرێن وە لە هەمانکاتدا کڕین و فرۆشتنیان لە کەمپی ئاوارەکان پێدەکرێت ، لە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە بانگەوازی مافی مرۆڤ و ژیانی ئینسانی دەکەن شەرمەزارییە بۆیان. 

پێچەوانە بوونی سیستەمی سەرمایەداری لێرەدا ڕون و ئاشکرا دەردەکەوێت، هەموو ئەم فەلاکەت و ماڵ وێرانییە بە سەرفکردنی ملیاردها دۆلار دروستکراوەو بەپێی پلان هاتۆتە ئاراوە، ئەگەر لە جیاتی ئەم سیستەمە پێچەوانەی بۆرجوازی سیستەمێکی ئینسانی باڵا دەستبوایە دەیتوانی دنیایەکی چەندە جوان و ڕەنگین و پر لە خۆشی بۆ ئینسانەکان بهێنێتە ئاراوەو بیکاتە ئەمری واقیع لە جێگای جەنگ، ماڵوێرانی و ئاوارەبوون.

لاوژە جواد   
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.