سەردەشت و هەڵبژاردنەکانی کوردستان
وەک لای هەمووان ئاشکرایە یەکێک لە ڕوداوە دیارەکانی چەند ساڵی ڕابردووی کوردستان ڕفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بوو. ئەو ناهەقی و ستەمە گەورەیەی کە لە خانەوادەکەمان کرا بۆتە سیمبولی ئەو بێدادی و سەرکوتەی کە دەرهەق بە هەموو خەڵکی بێبەش و گشت ئازادیخوازانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە مومارەسە دەکرێت. لەم دۆخەدا خانەوادەی ئێمە وەک بەشی هەرەزۆری جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان خوازیاری ئاڵ و گۆڕن و پێشوازی لەهەر چاکسازیەک و هەنگاو هەڵگرتنێک بەرەو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی زیاتر دەکەن.
بەڵام ئەم ڕاستیە هەرگیز بە مانای ئومێدگرێدان بە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و پشتیوانی کردن لە لیست و لایەنێکی دیاریکراو نییە لەو هەڵبژاردنەدا. ئەم کەیسە، کەیسی سەرجەم خەڵکی کوردستان و گشت ئازادیخوازانی کوردستانە، بەرتەسک نابێتەوە لە هیچ مەبەستی سیاسی بەرتەسک لە هەڵبژاردنەکاندا.
بەم ڕونکردنەوەیە دووبارە تەئکید دەکەینەوە کە دەستبەرداری مافی زەوتکراوی خۆمان و سەردەشتی جوانەمەرگ نابین. داوای دادگایكردنی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت لە دادگایەکی سەربەخۆ دەكەین.
بەكر عوسمان
٥-٩-٢٠١٣