Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
نامەیەکی کراوە بۆ سێ کاندیدی گۆڕان … لاوژە جواد

نامەیەکی کراوە بۆ سێ کاندیدی گۆڕان … لاوژە جواد

Closed
by September 7, 2013 ژنان

 

 

 

بەڕێزان/ ئێڤار ئیبراهیم، شەرمین کەریم و مونیرە ئیسماعیل ئەم کاتەتان باش.

بەڕێزان لە بەرنامەیەکی تایبەت سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن  ئێوە م بینی کە دەربارەی کێشەکانی ژنان و پڕۆژە تایبەتەکانی خۆتان بۆ دەورەی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان قسەو بۆچونی خۆتان خستەڕو، بەپێویستم زانی ئەم نامەیەتان بۆ بنوسم و چەند پرسیارێکتان ئاراستە بکەم. 

سەرەتا لەوێوە دەستپێدەکەم کە تێکڕا بە پێشکەشکاری بەرنامەو میوانەوە قسەتان لەسەر پرۆژەیەک دەکرد کە گوایە پرۆژەی گۆڕانە، سەیر ئەوەبوو کە قسەکانتان هیچ هاوئاهەنگیەکی لەگەڵ کرداری چوار ساڵی ڕابردوی گۆڕان نەبوو، پێدەچو زۆر پێ ئاگابن لە سیاسەت و کردەوەی چوار ساڵی ڕابردوی پەرلەمانتارەنی گۆڕان، بەڵام گۆڕان هێزێک نییە کە یەکەمجاری بێت بچێتە پەرلەمانی کوردستانەوە، لە چوار ساڵی ڕابردودا لە پەرلەمان بووەو ژمارەیەکی بەرچاویشیان ژنان بوون، بۆچی کاری جدیان لەسەر ئەم پرسە نەکردوەو؟ بۆچی نەیانکردۆتە بەشێک لە بەرنامە سەرەکیەکانی خۆیان؟ بۆچی شەڕی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە هەشتیان نەکردوەو سەبارەت بە بەرەنگاریبونەوەی توندو تیژی خێزانیانی؟ چەندین جار پەرلەمانتارەکان مانیانگرتووە، لە هۆڵی پەرلەمان هاتونەتە دەر تا کار گەیشتوتە هاویشتنی دەبەی ئاو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گشتی، بۆچی یەکجار نەمانبینی سەبارەت بەو هەموو بێمافیەی کە بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگادا ڕودەدات نارەزایەتی دەرببرن و هۆڵی پەرلەمان جێبهێڵن؟ ئایا پێویست نەبوو؟ لەکاتێکدا کە بارودۆخی ژنان لە قۆناغێکی ترنسناکدایەو ئەوەی لەبەرامبەر ژنان ڕودەدات لەم کۆمەڵگایە جینۆسایدە. تەنها یەکجار لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بودجە بینیمان چەند پەرلەمانتارێک نوسیبویان موچە بۆ کابانی ماڵ!

لە میانەی بەرنامەکەدا  تیشکتان  خستە سەر گۆشەیەک لە کێشە سەرەکیەکانی ژنان بۆنمونە ئابوری سەربەخۆی ژنان، بەرپەرچ دانەوەی توند و تیژی و ڕەخنەگرتن لە مەکتەبە کۆمەڵایەتیاکان و سەروەرنەبونی یاساو چەند پرسێکی تر، بەڵام دەست نیشانکردنی گرفتەکان بە تەنهایی هیچ داهێنانێکی تێدانیە و پێش ئێوە کەسانێکی تر زۆر واوەتر چوون، ئێوە دەبێت کۆنکرێت و تۆکمە بە ڕونی بیخەنە ڕو لە چ ئاستێکدا بەرەنگاری ئەم کێشانە دەبنەوە و چەندە بە ئەرکی خۆتانی دەزانن خەباتی بۆ بکەن؟

دیارە یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی کێشەی ژنان مەسەلەی ئابوری سەربەخۆیە، کاتێک ژنان ئابوریان سەربەخۆ بوو دەتوانن کەسایەتیشیان سەربەخۆ بێت و خۆیان لەسەر ژیان و چارەنوسی خۆیان بڕیار بدەن و ناچار نین کە هەموو کۆیلایەتی و ژێردەستەیەک قبوڵ بکەن. ئێوە زۆر باسی موچەتان کرد بۆ کابانی ماڵ بەڵام  ڕونتان نەکردۆتەوە بە چ میکانیزمێک  ژنان دەکەنە خاوەنی ئابوری سەربەخۆو موچەی تایبەت بەخۆیان ؟ وەهەروەها باسی کەرتی تایبەت کرا لەم بەرنامەیە کە هانی ژنان بدرێت لەوێ کاربکەن، دیارە ئەمەش بیرۆکەیەکی باشە بەڵام لەژێر بارودۆخی گونجاودا، وەک ئینسان چاویان لێبکرێت و لە هەموو گێچەڵ و دەستدرێژیەک بە دور بن. ئەمڕۆ کێشەی ژنانی کرێکار لە کەرتە تایبەتەکان کێشەیەکە لە کۆمەڵگادا، بۆ نمونە توشی گێچەڵ/ دەستدرێژی دەبنەوە، ڕۆژانە لەگەڵ مادە کیمیاویەکان ڕوبەڕون ئەمەش خەتەری گیانی بۆ سەریان هەیە، بەجیا لەمانە هەقی ئیجازەی دایکایەتی و پشویان نییە، ناچارن ڕێگا لە دوو گیان بونیان بگرن، یاخود دەست بۆ منداڵ لەباربردن بەرن، وەهەروەها هەقی خانەنشینیان نیەو هیچ یاساو ڕێسایەک نایانگرێتەوەو هەرکاتێک بیانەوێت لەسەر کار دەردەکرێن بەبێ ئەوەی هیچ یاسایەک هەبێت بیانپارێزێت. پلان و بەرنامەتان بۆ ئەم کێشەیە بەڕۆشنی چی یە؟

ژنان ڕۆژانە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی عەینی ڕوبەڕون، وەک منداڵ لەباربردن، ژنانی کرێکار، لەشفرۆشی بۆتە دیاریدەیەکی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی و هەزاران کێشەی تر، ئەی بۆ ئەمانە دەڵێن چی؟

ئێوە قسەی بەرەنگاریبونەوەی توندو تیژیتان کرد دیارە قسەکانتان باش بوو بەڵام نەچونە ناو بنچینەی هۆکارەکانی توندو تیژی. بۆنمونە توندو تیژی دژی ژنان کاردانەوەی خراپی وەزعیەتی ژنانە. ئێوە نەتانوت چارەسەرتان بۆ ئەم کێشانە چی یە کە دەبێتە هۆکاری توندو تیژی؟

هەر لە درێژەی قسەکانتان کە باسی یەکسانی نێوان ژن و پیاوتان کرد، بەوردی نەچونە سەر بنچینەی کێشەکان، کە بەڕای من  یاساو سیستەمی دادپەروەری، پەروەردەو سیستەمی خوێندن کولتورو پەیوەندیە  کۆمەڵایەتیەکان کەدەسەڵات بۆ هێشتنەوەی خۆی دەستیپێوەگرتون و لە کۆمەڵگادا پەرەیان پێدەدات، ئایا ئێوە کە چونە دەسەڵاتەوە هەوڵی ئەوە دەدەن کە یەکسانی ژن و پیاوو ماف و ئازادی تاکەکان بکەن بە بەشێک لە سیستەمی پەروەردەو فێرکردن؟  هەر لەسەرەتای خوێندنەوە منداڵان فێربکرێن کە جیاوازی نێوان کچ و کوڕ نییەو یەکسانن ؟ یاخود ئێوە کار بۆ هەڵوەشانەوەی مادەی شەشی دەستور دەکەن کە دەڵێت بنەما یاساییەکانی دەستور بەپێی ئاینی ئیسلامە، لەکاتێکدا لە ئیسلامدا ژنان دەرجە دوو کەم عەقلن دوو ژن یەکسانە بە پیاوێک؟ 

بەڕێزانم: پرسیارێکی تری زۆر جدی کە دەمەوێت لێتانی بکەم ئەوەیە کە ئێوە لە چوار ساڵی ڕابردودا هاوپەیمانی حیزبە ئیسلامیەکان بونە وەک ئۆپۆزشیۆن، ئەگەر ئێوە بچنە دەسەڵات گومانی تێدانییە کە  بەتەنها ناتوانن حکومەت پێک بهێنن دەبێت دوبارە هاوپەیمانی ئەوان بن، ئەوان بەئاشکرا دژی بڕگەی یاسایی یەکسانی ژن و پیاون هەرچەندە کە یەکسانی وجودی نییە، چۆن دەتوانن بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامیەکان کار بۆ ئەم پرسە حەساسە بکەن کە پرسی ژنانە. مەسەلەی دین و دەوڵەت، مەسەلەی یەکسانی ژن و پیاو مەسائیلی زۆر بایەخدارن بۆ ئەوان چۆن ڕێگاتان پێدەدەن کە کار بۆ ئامانجەکانتان بکەن لە مەجالی ژناندا؟

هیوادارم بتوانن ڕاشکاوانە وەڵامی ئەم پرسیارانەم بدەنەوە.

 

لەگەڵ ڕێزم بۆتان

لاوژە جواد

چالاکەوانی بزوتنەوەی یەکسانی ژن و پیاو

٦/٩/٢٠١٣

Previous
Next