Skip to Content

Monday, April 15th, 2024
رۆژئاوای کوردستان و هه‌نگاوه‌ له‌پێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان

رۆژئاوای کوردستان و هه‌نگاوه‌ له‌پێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان

Closed
by September 7, 2013 گشتی

 

 

 

له‌ دوای راپه‌رینی گه‌لانی سوریا دژی رژێمی دیکتاتۆری خێزانی ئه‌سه‌د و پارتی به‌عس له‌ به‌هاری 2011 دا، خه‌ڵکی کوردستان له‌ رۆژئاوای کوردستاندا ئه‌گه‌ری رزگاری و ئازادیان له‌ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی سوریا به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان له‌به‌رده‌مدا کرایه‌وه‌. به‌لام گه‌یشتن به‌ جۆرێک له‌ ئازادی له‌ رۆژئاوای کوردستان هه‌روا ئاسان نییه‌ و نه‌بووه‌، به‌ڵکو کۆمه‌ڵی هۆکاری ناوخۆیی و ده‌ره‌کی هه‌ن که‌ رێگری له‌گه‌یشتن به‌ ئازادی خه‌ڵکی رۆژئاوای کوردستان ده‌که‌ن. هۆکاره‌ ناوخۆییه‌کان که‌ به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بریتین له‌ دیلامای ئاسایشی ناخۆ، مه‌ترسی له‌ گۆڕانی دیمۆگرافیا، گۆرانی سنوره‌ ئه‌تنییه‌کان، گۆران له‌ هاوکیشه‌ ئه‌تنیه‌کانی ناوخۆ،  بوونی بیروباوه‌ری تووندره‌و وه‌کو نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، بوونی سه‌رکرده‌ی تووندره‌و و پشووته‌نگ، بوونی جوداکاری و په‌راوێزکردن له‌ رابردوودا و هه‌بوونی هه‌نوکه‌یی له‌هزری گروپی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌دا، ناره‌واییه‌ مێژوویه‌کان و سوربوونی گروپی نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌ له‌سه‌ری هتد.  ‌هه‌روه‌ها فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کیه‌کان ده‌کرێ له‌ چه‌ند فاکته‌رێک کۆبکرێنه‌وه‌ ئه‌وانیش سیسته‌می دژه‌ کوردی جیهانی و قوربانیکردنی ئازادی کوردان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی داگیرکه‌ردا، دیلامای ئاسایشی ناوچه‌ و ئه‌گه‌ری گۆرانه‌کان، ناره‌واییه‌ مێژوویه‌کان و سوربوونی ولاتانی داگیرکه‌ر له‌سه‌ر به‌کاربوونیان، ئه‌گه‌ره‌کانی جیابوونه‌وه‌، کاریگه‌ری ره‌وشه‌که‌ بۆسه‌ر کورده‌کانی ژێرده‌ستی وڵاتانی دیکه وه‌کو ئیران و تورکیا، کاریگه‌ری گؤرانه‌که‌ له‌سه‌ر هاوکیشه‌کانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست. ‌ئه‌و فاکته‌ره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کیانه‌ هه‌موویان به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان کاریگه‌ری نه‌رێنیان به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌کانی ئازادبوونی کوردانی بنده‌ستی سوریادا هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌ی کورده‌کانی رۆژئاوای کوردستان نزیکه‌ی سه‌دا 15 ی ژماره‌ی گشتی خه‌ڵکی سوریا پێکده‌هێنن، بۆیه‌ به‌ژماره‌ هێنده‌ زۆرنین، خه‌باتی گه‌یشتن به‌ ئازادییه‌ که‌لتوری و رامیاریه‌کان و خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری ناوچه‌یی سه‌خته‌. 

ده‌بێ کورد چی بکات وهه‌نگاوی دروست له‌و قۆناغه‌دا چین؟ هه‌روه‌کو ئه‌گه‌ره‌کانی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی وڵاتانی رۆژئاوا به‌هاوکاری تورکیا رۆژ له‌ دوای رۆژ نزیکده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ دوای کوژرانی زیاتری خه‌ڵکی سڤیل و گۆته‌ی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی دژی خه‌ڵکی بێبه‌رگری ئه‌گه‌ره‌کانی ده‌ستیوه‌ردانی میلیتاری زۆر نزیک بۆته‌وه‌. دیارنییه‌ ئه‌مه‌ریکا چ رێگه‌یه‌کی ده‌ستێوه‌ردان هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ره‌تی ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی بکاته‌وه‌. هه‌رچۆنیبێ ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردان و هاتنی هێزی رۆژئاوایی بۆ سوریا ده‌ستوبردیی کورده‌کان له‌ هه‌نگاوه‌ گرنگه‌کان پێویست ده‌کات و خێرایی هه‌نگاوه‌کان زیاتر ده‌خوازێ، چونکه‌ کات که‌م به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئه‌وان ده‌بێ به‌گورجی به‌خۆکه‌ون. 

به‌درێژایی مێژووی سوریای نوێ کورده‌کان له‌که‌مترین مافدا بێبه‌شکراون، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ هه‌نگاوی گونجاو ئه‌و تابو و شوره‌ ئه‌ستوره‌ی ژێرده‌سته‌یی‌ به‌یه‌کجاری بشکێندرێ،‌ ئازادیه‌ که‌لتوری و رامیاریه‌کانیان مسۆگه‌ر بکرێن. کورده‌کان له‌ سوریادا خاوه‌نی ناوچه‌ی تایبه‌ت، خاوه‌نی زمان، که‌لتور و مێژووی تایبه‌ت به‌خۆیانن، خاوه‌نی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شن، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و به‌ها و مه‌رجانه‌ له‌خۆ ده‌گرن که‌ بوونی نه‌ته‌وه‌بوون و که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ناوچه‌ی دیاریکراودا پێویست ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش ره‌اویی تایبه‌ت به‌ هه‌وڵی ئازادیخوازانه‌یان ده‌دات و واده‌کات که‌ بتوانن له‌ رێگه‌ی پره‌نسیپه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تایبه‌ت به‌ مافی گه‌لانی ژێرده‌سته‌ هه‌روه‌ها مافه‌کانی مرۆڤ بگه‌نه‌ مه‌به‌ست. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر کورده‌کان له‌و قۆناغه‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بوونی خۆیان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌دا و له‌ ئاستی دیپلۆماسیدا له‌ فۆرومه‌ ناوچه‌یی و جیهانیه‌کاندا بسه‌ڵمێنن. کۆنترۆلکردنی ناوچه‌کوردیه‌کان له‌لایه‌ن هێزه‌ کوردیه‌کانه‌وه‌ هه‌نگاوێکی گرنگه‌ به‌ ئارساته‌یه‌کی گونجاودا‌، پاراستنی ناوچه‌که‌ له‌ هاتنی ئیسلامییه‌ جیهادیه‌کان و ڕێگرتن له‌ هاتنی حوکمی شه‌ریعه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ گرنگی له‌سه‌رئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌کیدا هه‌یه‌، به‌جۆرێ هیچ هێزێکی دیموکراسیخوازی ناوچه‌یی و جیهانی دژی ئه‌وه‌ ناوه‌ستێ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ هانی هێزه‌ دیموکراسیخوازه‌کان ده‌دات که‌‌ پشتگیری کورد بکه‌ن. به‌هێزکردن و تۆکمه‌کردنی کۆنترۆلی کوردی له‌ ناوچه‌کوردیه‌کاندا سه‌لماندنی بوونی کورده‌کانه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا که‌ هۆکارێکی بنچینه‌یی هه‌ره‌گرنگه‌ له‌ به‌شداری چاڵاکانه‌ی کورد له‌ پلانه‌ رامیاریه‌کانی سوریای ئێستا و دوای رژێمی ئه‌سه‌ددا. عه‌ره‌به‌ سیکولار و ئیسلامییه‌ ناسیونالیسته‌کان که‌ دژایه‌تی بوونی رۆڵی چاڵاکانه‌ی کوردیان له‌ ئۆپۆزیسیۆنی سوریادا کردووه‌ و نکۆلیان له‌ مافی کورد و بوونی گرنگی کوردان تائێستا کردووه‌، ئێستا به‌ ناچاری ده‌بێ مل بۆ ئه‌‌و راستییه‌ بده‌ن که‌ کورد به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌‌ له‌ هاوکێشه‌ رامیاریه‌کانی ناوخۆی سوریادا، به‌مپێیه‌ ئه‌گه‌ره‌کانی دانپێنان به‌ ئازادی کورده‌کان له‌ سوریای داهاتوودا زۆر زیاتر بووه‌. بۆنمونه‌ تورکیا زۆری هه‌وڵدا ده‌سه‌لاتی کورده‌کان لاوازبکات و تێکیبشکێنی، هاوکاری سوپای ئازاد و جیهادیه‌کانی له‌ دژی کوردا کرد و ئێستاش ده‌یکات، به‌ڵام که‌ نه‌یتوانی له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بگاته‌ ئامانج، ئێستا به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان له‌ کورده‌کان دێته‌پێش و هه‌وڵی دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌لیاندا ده‌دات. تورکیا ده‌یه‌وێ رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ دروستکردنه‌وه‌ی سوریای دوای ئه‌سه‌د بگێریت و نایه‌وێ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له‌ ئێراقدا کردی دووباره‌ی بکاته‌وه‌. بۆیه‌ سوریا هه‌وڵی دروستکردنی که‌ناڵه‌ گونجاوه‌کانی ده‌دات و ده‌یه‌وێ بتوانی له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌یدا کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر هه‌موو گروپه‌کانی ناو سوریادا هه‌بێت و به‌مجۆره‌ سوریای داهاتوو ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی تورکیا بکات.  

خاڵێکی گرنگی دیکه‌ که‌ گرنگی و بوونی کورده‌کان ده‌باته‌ ئاستیكی به‌رزتر، هه‌لسوکه‌وتی کورده‌کانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا. بۆئه‌وه‌ی پشتگیری جیهانی و رۆژئاوا به‌تایبه‌تی بۆ دۆزه‌ ره‌واکه‌یان به‌ده‌ستبهێنن، پێویسته‌ هه‌نگاوه‌کانیان له‌سه‌ر بنچینه‌ و پره‌نسیپه‌ دیموکراسیه‌کان و له‌به‌ر رۆشنایی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ بێت. پێویسته‌ له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵاتێکی به‌ڕێوه‌به‌ری کاتی که‌ هه‌موو هێزه‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پان له‌ خۆ بگرێت، له‌ناوچه‌ کوردیه‌کاندا پێکبهێندرێت. پۆست و ده‌سه‌لاته‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی گونجاو و ره‌وا به‌پێی بوونی پارته‌ رامیاریه‌کان دابه‌شبکرێن و هه‌موو لایه‌ک ملکه‌چی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتیمانیه‌کانی کوردستان بن، وه‌ هه‌نگاوه‌کان دیموکراسیانه‌ و رێکخراوانه‌ بندرێن. پێویسته‌ مسۆگه‌ری پاراستنی که‌مینه‌کانی ناو ناوچه‌ کوردیه‌کان بکرێت و به‌کرده‌وه‌ پیشان بدرێت که‌ گروپه‌ ئه‌تنیه‌ که‌مینه‌کان ده‌توانن ئازادانه‌ له‌ کوردستان بژیندا. پێویسته‌ پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ رێزیان لێبگیرێت و به‌رزبکرێنه‌وه‌، دانیشتوانی ناوچه‌ کوردیه‌کان به‌ بیرێکی پێشکه‌وتووخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی که‌ بنچینه‌ له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌کانی مافی مرۆڤ ده‌گرێت په‌روه‌رده‌بکرێن و گۆشبکرێن. پیویسته‌ ئه‌و پره‌نسیپانه‌ ره‌نگ له‌ ده‌سه‌ڵات و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌ رۆژئاوای کوردستاندا بده‌نه‌وه‌. گه‌یشتن به‌و ئاسته‌ کورد وه‌کو که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزده‌کات و هه‌نگاوه‌کانی داهاتووی ئاسان ده‌کات.  

هه‌روه‌کو تائێستا کورده‌کان له‌ به‌شداری کاریگه‌ر له‌نه‌خشکردنی دواڕۆژی سوریادا بێبه‌شکراون، ئه‌ویش به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌به‌ر پشووته‌نگی لایه‌نه‌ زاڵه‌کانی ناو به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و کاریگه‌ری تورکیا له‌سه‌ریان. هه‌نگاوێکی دیکه‌ی گرنگ کورد بۆیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورده‌کان چاڵاکانه‌ ئاماده‌یی خۆیان بۆ پشتگیری هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنیه‌کانی ئێستا و سوریای دوای ئه‌سه‌د پیشان بده‌ن. گرنگه‌ ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌‌ نه‌خشکردنی دروستکردنه‌وه‌ی ستاتی سوریای داهاتوو به‌شداریان هه‌بێت. رۆژئاوا سه‌رگه‌رمی دۆزینه‌وه‌ی بیانوێکه‌ بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ و ده‌کرێ زۆر نه‌بات ئه‌وه‌ رووبدات. گرنگه‌ کورد پشتگیری خۆی بۆ وه‌رگێرانی رژێمی ئه‌سه‌د پیشان بدات و ئاماده‌یی خۆی له‌ پشتگیری هه‌وڵه‌کانی رۆژئاوا رابگه‌یه‌نێت، به‌مه‌رجێک به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌به‌رچاو بگیرێت. ‌ده‌بێ کورد جه‌خت له‌سه‌ر دیموکراتیزه‌کردنی سوریا و پارێزگاری مافی که‌مینه‌کان له‌ سوریای داهاتوودا بکه‌نه‌وه‌. په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ که‌مینه‌کانی دیکه‌دا به‌هێز بکه‌ن و هه‌وڵ بۆ مسۆگه‌رکردنی مافه‌کان له‌ سوریای داهاتوودا بده‌ن. خۆته‌ریکردن له‌ پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی سوریا، دابڕانه‌ له‌ ره‌وشه‌ رامیاریه‌که‌ و ده‌کرێ له‌ خراپترین باردا ببێته‌هۆی له‌ده‌ستدانی ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا له‌ده‌ستیاندایه‌. 

له‌سه‌ر کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ پێویسته‌ و ئه‌رکه‌ که‌ هاوکاری کورده‌کانی رۆژئاوا بکه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تایی و مرۆییه‌کان  به‌هانایانه‌وه‌ بێن، سه‌باره‌ت به‌ ته‌یارکردنی هێزه‌ کوردیه‌کان و هاوکاری پیویست بگه‌یه‌نن و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی له‌ سوریا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنین. به‌کورتی گرنگه‌ کورده‌کان به‌هێزبمێننه‌وه‌ و توشی شکست نه‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و رێگه‌ و چاره‌سه‌رانه‌ بگرترێنه‌به‌ر که‌ مسۆگه‌ری به‌هێزمانه‌وه‌ی کورد له‌ سوریادا ده‌که‌ن.  

شاخه‌وان شۆرش

28ی ئۆگستی 2013

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.