
كوردایه‌تی.. به‌ڵام له به‌غدا
(به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاپ و په‌خشی كوردی) له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی عێراق كه‌سێكی عه‌ره‌به, فه‌وزی ئه‌تروشی بریكاری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراق كه كورده به ته‌له‌فزیۆنی (ڕووداو)ی گوت: تا ئێستا سێ جار به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گۆڕاوه, هه‌مووشیان عه‌ره‌ب بوونه, گوتیشی: چه‌ند جارێك له كوردستان داوامان كردووه كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته بنێرن به‌ڵام لێره له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی, كه‌م كه‌س هه‌یه بێته ئه‌وێ و ئاماده بێ له به‌غدا كار بكات.
كه‌واته هۆكاره‌كه‌ی كورد خۆیه‌تی كه كه‌سێكی عه‌ره‌ب له‌وێ دانراوه و ڕۆشنبیریی كوردان به‌ڕێوه ده‌بات, نه‌ك ئه‌وه‌ی كه عه‌ره‌ب به‌سه‌ر كوردیاندا سه‌پاندبێ و ڕێگا نه‌ده‌ن كوردێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بكات.
دڵنیام ئه‌گه‌ر پۆستێكی له‌م شێوه‌یه له كوردستان هه‌بێ و بیانه‌وێ كه‌سێكی بۆ دابنێن, ده‌بێته (فڕكان.. فڕكان) و (بۆ من.. بۆ من), چونكه لێره پۆست ته‌نها ئیمتیاز و پارووێكی چه‌وره و ئه‌گه‌ر تۆزێك مه‌ترسی له‌سه‌ر بێ كه‌س به عانه‌یه‌كی سووتاوی ناوێ, ئه‌وه نییه ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان چونكه پارووه‌كه‌ی زۆر چه‌وره, هه‌ر بابا بوو واسته‌یه‌كی ده‌كرد تا ناوی بكه‌وێته لیسته‌وه؟! ئه‌ی ئه‌وه‌ش نییه به‌شێك له به‌ربژارانی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌بیر خه‌ڵك بێنه‌وه, ده‌ستیان كردووه به كۆمێنت نووسین و ده‌ستخۆشانه‌كردن له وێنه و دێڕه‌شیعره‌كانی فێیسبووكی خه‌ڵك و پێشتر كه‌س (ئه‌عجه‌به‌نی)یه‌كی ئه‌وانی نه‌ده‌دیت؟! كه لێشیان ده‌پرسی: چۆن ئه‌و پۆسته‌ت پێدرا؟ یان هه‌ڵبژێردرای بۆ ئه‌م پۆسته؟ هه‌ر زوو كوردایه‌تیت به‌سه‌ردا ده‌فرۆشێ و دڵسۆزی خۆیت پێ نیشان ده‌دا و ده‌ڵێ من كوڕی ئه‌م حزب و ئه‌م نه‌ته‌وه‌م, له حزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مدام, حزب و نه‌ته‌وه‌كه‌م چ ئه‌ركێكم پێ بسپێرن ئاماده‌م بیكه‌م. به‌ڵام كه پۆستێكیشی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا و به دڵی نه‌بوو, نه حزب ده‌مێنێ و نه كورد و نه نه‌ته‌وه, ده‌چێته ماڵ و زیز ده‌بێ, نه كوردایه‌تی ده‌مێنێ و نه نه‌ته‌وه, تا پۆستێكی به دڵی خۆی پێ نه‌درێ, له ماڵ نایه‌ته ده‌ره‌وه.
كه‌واته ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی دڵسۆزی كورد و نه‌ته‌وه و حیزبن, بۆچی ته‌نها له كوردستان و له باوه‌شی پۆست و پاره‌ی ئێره كوردایه‌تی ده‌كه‌ن؟! بۆچی وه‌ك چۆن له په‌نای كورد قه‌سر و خانوو ڕیز ده‌كه‌ن, تۆزێكیش له پێناو كورد ژیانتان ناخه‌نه مه‌ترسی و ئه‌و پۆستانه‌ی ئه‌وێ پڕ ناكه‌نه‌وه؟! (چونكه دڵنیام پۆستی دیكه‌ش هه‌ن, هی كوردن و له‌به‌ر هه‌مان هۆكار پڕنه‌كراونه‌ته‌وه).
هه‌ڵبه‌ت نه‌نگییه‌كی دیكه‌ش بۆ لایه‌نی په‌یوه‌نداری كورده (حیزب, حكومه‌ت) كه ناتوانێ كه‌سانێك بۆ ئه‌و پۆستانه بنێرێته به‌غدا و كادیره‌كانی خۆی وا فێر كردووه كه ته‌نها له‌ناو نیعمه‌تی پاره و پۆست و ئه‌مانه‌تی ئێره كار ده‌كه‌ن و كه‌مترین ماندووبوون و ئه‌رك ده‌خه‌نه سه‌ر خۆیان. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو هه‌ر باسیشی ناكه‌ن كه پۆستی له‌م شێوه‌یه له به‌غدا چۆڵه و خۆیان پڕی ناكه‌نه‌وه, خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م پۆسته به زۆر له لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه به‌سه‌ر كورددا سه‌پێنرابا, دڵنیام به قه‌د عه‌مه‌لیاتی دیجله ده‌یانكرده هه‌ڵڵا و دنیایان تێده‌گه‌یاند كه پۆستی كوردییه و عه‌ره‌ب خۆی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه, ئێمه‌ش هه‌موو ده‌ستمان له سینگ ده‌دا و ده‌مانگوت به‌ڕاستی وایه, به‌ڕاستی به‌ڕۆژی ڕووناك زوڵم له كورد ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه كوردییه‌كانیش ناده‌نه كورد. ئه‌دی ئێستا چ بڵێین؟!!.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com