وەفایەک بۆ هاوڕێم بێری غەریب قوربانیەکی تری شێرپەنجە
چەند بێ دەسەڵات بووین ئێمە
کە نەمان توانی زەمەن ڕابگرین
نەمان توانی
دەرمانێک بۆ دەردەکانی تۆ بدۆزینەوە
نەمان توانی
دەرگا لە مردن داخەین و
نەهێڵین قاقا و خەندە جوانەکانت
تا ئەبەد بشارێتەوە
هاوڕێم ؛
بە یارمەتی تۆ
جارێکی تر کە سەفەری هەولێرەکەم دەکەمەوە
مێخەک بەندەکەت بە دیاری
بۆ دایکە دڵسووتاوەکەت دەبەمەوە
تاکوو هەرگیز لە بۆن و بەرامەی خۆشی
گەردنی تۆ بێ بەش نەبێت
هاوڕێکەم ؛
گەر بمدەیتێ
کراسە شینە ئاسمانیەکەت
بۆ باوکە شاعیرەکەت دەبەمەوە
تا گشت شەوێ کە خەمی تۆ
خەو لە چاوەکانی دەدزێ
شیعرێکی شین شین و
پڕ پڕ لە حەسرەت و ژان و غوربەت
بۆ خولیا و تاسەکانی تۆ
بهۆنێتەوە
هاوڕێم؛
گەر ڕیگام بدەی
چەند تاڵێکی قژە خاوە خورماییەکەت
بە دیاری بۆ شۆڕێی خوشکت دەبەمەوە
با بیکاتە ژێیەکانی گیتارەکەی
لەجێی گریان/
شین و ڕۆڕۆ
بابە تاڵی پرچی نەرمت تێر بژەنێ
پێکەنین و قاقا بە سۆزەکانی تۆ
من دەزانم هەرچیت هەیە
بۆ باوانی باوانەکەت دەنێریەوە
بۆیە منیش ئەم جارەیان
لە جیاتی سووراو و ستیان
ئەلبومێک لە یادەکانت
باخچەیەک لە خۆزگەکانت
دەریایەکیش لە خۆشەویستی و
وەفای تۆ بۆ ئەو خوشکە ذل بەخەمەت
دەبەمەوە
بە گەڵای ئومێدەکانیشت
چاوە فرمێسکاویەکانی
نەرم نەرم دەسڕمەوە
کە هاتمەوەش
باوەشێک لە عەشقی قەڵاو
ڕووبارێک لە خۆشەویستی
منارە ڕاوەستاوەکەی وەک خۆت ئاسات
بە دیاری بۆ دەهێنمەوە
بەس بە مەرجێک
هاتووم لە نێو جاوەکانتا تێر تێر بنووم*
بە دەنگە بەسۆزەکەی خۆت
بە هێمنی
بۆ دواجار
بۆم بڵێیتەوە
بۆ دواجار بۆم بڵێیتەوە !
* گۆرانی بۆ بێ لەم چاوە کاڵانەت / وتنی حەمە نێرگز کە یەکەمین جار بە دەنگە خۆشەکەی بێری لە دانیشتنێکی خۆشی هاوڕێانە گوێ بیستی بووم .
خولیا حسێن
٧ی ئەیلولی ٢٠١٣