پرسی بوون‌و ترسی ته‌نیاكه‌وتن
پرسی بوون‌و ترسی ته‌نیاكه‌وتن
له شیعری (پارادۆكسی چێژه‌كانی) گۆران ڕه‌سوڵ دا
نوسه‌ر ئه‌وكه‌سه‌یه كه گرنگی به‌زمان ئه‌دات وله‌ناو زماندا به‌دوای خاڵه قوڵه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت ، نه‌وه‌ك به‌دوای ئامڕزگهرای وجوانی ) ڕۆلان بارت(
شاخه‌وان سدیق
به‌درێژای مێژووی نوسین یه‌كێك له‌كاره سه‌ره‌كیه‌كانی كه مرۆڤی به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردوه. وروژاندنی پرسیار بووه. به‌تایبه‌ت پرسیار گه‌لێك كه به پرسیاری ناكۆتا ناسراون. له‌وانه‌ش پرسه‌كانی (بوون، ژیان، خۆشهویستیو خودا‌و مه‌رگ) هه‌ر بۆیه دهماودهمو لاپه‌ڕه به‌لاپه‌ڕه له سه‌ده‌یه‌كه‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌كی تر‌و له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر قسهكردنو پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئه‌مانه كراون‌و درێژبونه‌ته‌وه. بۆئه‌مه‌ش باشترین شێوازوو ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ ده‌ربڕین به‌لای زۆرێك له مرۆڤه‌كانه‌وه (ئه‌ده‌ب)و به‌تایبه‌ت(شیعر) نوسین بووه، (لورانس پیرین)ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌ڵێت” جودایی نێوان شیعر‌و جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ته‌نیا جودایی پله‌یه، شیعر گوشراوترین‌و چڕترین شێوه‌ی ئه‌ده‌به كه زۆرترین شت له كه‌مترین وشه‌دا ده‌رده‌بڕێت”
لێره‌شه‌وه ئه‌ده‌ب یارمه‌تی تێڕوانین‌و پرس‌و یاده‌وه‌ری مرۆڤ ده‌دات كه ببنه مێژوو ڕووداوی تۆماركراوی زیندوو.بۆ ئه‌وه‌ی به‌درێژای كات وه‌ك بابه‌تێكی ته‌واو نه‌كراوی به‌رده‌وام بمێنێته‌وه بۆیه به‌ختیار عه‌لی پێی وایه” له ئه‌ده‌بدا ڕابردوو له‌وه ده‌كه‌وێت كه ته‌نیا ڕابردوو بێت‌و ده‌بێت به بابه‌تێك بۆ ئه‌به‌دیه‌ت، به كه‌ره‌سته‌یه‌كی سهرهتاییو ماده‌یه‌كی خاو بۆ بوونێكی جاویدی،یاده‌وه‌ری ناتوانێت به‌بێ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر شه‌ڕی دژبه بیرچوونه‌وه بباته‌وه” بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مرۆڤ به‌سروشت پرسیاركه‌ر بووه‌و له‌ناو ئه‌ده‌بیشدا به‌دوای وه‌ڵامه‌كانیدا گه‌ڕاوه. یه‌كێك له‌و پرسانه‌شی كه به‌درێژای مێژوو وه‌ك پرسێكی زیندوو بۆته تێمای زۆرێك له تێكست‌و نوسراو كاره هونه‌ریه‌كان پرسی (بوون) بووه، (ئێمه كێینو بۆ ههینو بوونمان له پێناوی چیدایه‌و له‌كوێوه هاتوینو بۆ كوێ ده‌ڕوین) ڕه‌نگه باشترین نمونه‌ی ئه‌و نوسراوانه‌ش ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه. هه‌ردوو كتێبه به‌ناوبانگه‌ی (مارتن هایدگه‌ر-بون‌و كات و جان بۆڵ سارته‌ر- بون‌و نه‌بوون) بێت، جگه له‌مانه‌ش ئه‌گه‌ر چاولێ بكه‌ین پانتای زۆرێك له نوسراوه‌كانی دنیا ئه‌م پرسه داگیری ده‌كات. له‌كوردستان‌و به‌تایبه‌ت له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه نه‌وه‌یه‌ك له نوسه‌ر به‌تایبه‌ت له‌ناو چینی گه‌نجاندا په‌یدابووه كه زۆرێك له بیر‌و نوسینه‌كانیان ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ته‌رخانكراوه بۆ ئه‌م پرسه‌و تاڕاده‌یه‌ك پرسی فكری ده‌رباره‌ی (بون‌و مردن) پانتای زۆرێك له تێكستهكانیانی داگیر كردووه، هه‌ربۆیه لێره‌وه ده‌مه‌وێت ئیستێك له‌سه‌ر شیعری (پارادۆكسی چێژه‌كان)ی نوسه‌ری لاو (گۆران ڕه‌سوڵ) بكه‌م كه له ژماره (194)ی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و نوسه‌ر شیعره‌كه‌ی به‌مه‌م ڕسته‌یه دهستپێدهكاتو ده‌ڵێ”
بوون له‌وه قورستره
مرۆڤ به‌ته‌نیا بچێته ژێربارییهوه،
سه‌دان جار
به‌ده‌م ڕۆشتنهوهو له‌به‌ر خۆمه‌وه، له‌خه‌ودا
له قه‌ره‌باڵغیدا، له ته‌والێتدا
ئه‌م قسه‌یه‌م دووباره كردۆته‌وه‌و
هێشتا هه‌ر به گۆشه‌گیرییه‌وه ده‌ژیم.
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ین نوسه‌ر له ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌یه‌وه به پرسیاری بوون دهستپێدهكاتو ڕاسته‌خۆ خوێنه‌ر په‌لكێشی به‌رده‌م پرسیاری مرۆڤ له‌كوێی ژیاندایه ڕاده‌گرێت، به تێڕوانینێكی ساده، به‌ڵام قوڵ‌و پڕواتا پرسی گه‌وره‌ی بوون ده‌وروژێنێت، (سارته‌ر) له پرسی بووندا وتویه‌تی ” هه‌موو شتێك بنه‌مای پێش بوونی ده‌كه‌وێت، ته‌نها مرۆڤ نه‌بێت بوونی پێش بنه‌مای ده‌كه‌وێت” بۆیه لای(گۆران) یش پرسی بوون پرسی سهرقاڵیهكانێتی تاڕاده‌ی گۆشه‌گیر بوونی. به‌ڵام بهجیاوز له زمانی قوڵی فكری به‌ڵكو به‌زمانێكی ساده‌ی شیعریانه كه خوێنه‌ر له نوسینه‌كه‌یدا ڕاده‌كێشێت بۆ ناو دنیای تایبه‌تی خۆی و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و دنیاتایبهتهشهوه و به‌گه‌مه‌ی زمانی دیسانه‌وه پرسه‌كانی (ته‌نیایو بێهوده‌ی) وه‌ك دوانه‌ی ته‌واوكه‌ری پرسی بوون دهوروژێنێتهوهو خوێنه‌ر ده‌باته‌وه به‌رده‌م سه‌ره‌تای كۆ پرسیاری ڕه‌ش بینی. بۆیه له به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ”
بهخۆشحاڵییهكی ناچاریانهوه
ده‌ستم خسته سه‌رشانی بێهوده‌ی و
وێنه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ گرت
له‌چوارچێوه‌ی ته‌نیایدا دامناو
له ژووره‌كه‌مدا هه‌ڵمواسی.
هه‌میشه یه‌كێك له پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانی شیعر له‌دوای (زمان، مانا، خه‌یاڵ)ه‌وه (چێژه) ئه‌گه‌ر بڕواشمان به‌وه هه‌بێت كه كاری سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت شیعر گه‌ڕانه به‌دوای جوانیدا وبۆخۆشی هونه‌ری شیعر هونه‌ری دروستكرنی ئیستاتیكایه، ئه‌وا ده‌بێت له نزم‌و ئیقاعی شیعریه‌وه چێژ كاری سه‌ره‌كی خۆی ده‌سپێده‌كات، به‌جۆرێك خوێنه‌ر په‌لكێشی ناو دنیای ده‌ق بكات تا له‌ناو تێكسته‌كاندا دنیا بینیه‌كانی نوسه‌ر له پێكهاته‌ی وێنه‌كانه‌وه بگاته خوێنه‌ر، چونكه په‌یامی نوسه‌ر وورد بونه‌وه‌یه له واتا‌و وێنه‌كان له ڕێگای زمانه‌وه كه دواجار كارله گۆڕینی بیركردنه‌وه‌و دنیابینی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن تا ئاستێك سهیركردنو وێناكردنه‌وه بۆ بوون‌و نه‌بوون پێناسه‌یه‌كی نوێ له فۆڕمێكی جیاوازدا وه‌رده‌گرێت، هه‌ربۆیه (گۆران) له‌م تێكستهیدا جه‌گه له هه‌وڵی پرسیار كردن له ڕێگه‌ی زمانی شیعره‌وه ده‌ست بۆ پرسی (جوان‌و عه‌شق)یش ده‌بات، به‌ڵام بۆ ئه‌و له‌بری مه‌عشوق كاره‌كته‌رێكی دیكه هه‌یه‌و له‌بری یار (سۆزانییه‌ك) ڕۆڵی ژنی ناو خه‌ونه‌كانی ئه‌بینێت، ئه‌مه‌ش دیسان ڕاگرتنمانه له به‌رده‌م پرسی لهناوچونو مردنی عهشقهناكامهكانمان كه سه‌ره‌نجام ده‌بنه‌هۆی ڕوخانی باڵه‌خانه‌ی خهونهكانو له‌ده‌ستدانی هه‌تاهه‌تای ئه‌ویتر، هه‌ر ئه‌م پرسهشه كه كۆی پرسیاری سه‌ره‌كی نوسه‌ری به‌ڕازیلی (پاولۆكۆیلۆ)یه له ڕۆمانی (برێدا)دا‌و ده‌ڵێ” ڕه‌نگه ساده‌ترین شت له‌دنیادا گهڕانبێت به‌دوای نیوه‌كه‌ی تردا، به‌ڵام كێدهڵێت ئه‌وه‌ی كهتۆدهی دۆزیته‌وه نیوه‌كه‌ی تری تۆیه.؟؟؟ بۆیه (گۆران)یش له‌م شیعره‌دا و له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه په‌نا بۆ جسته‌ی ئه‌ویتر ده‌بات به شێوه‌یه‌كی نا ئاشنا و به‌زمانێكی پڕله ئامڕاز ده‌ڵێ”
ده‌چمه باڵهكۆنهكه
ڕه‌نگه ژوانم له‌گه‌ڵ سۆزانییهكدا ههبێو
له چاوه‌ڕوانی ئه‌ودا سه‌یری دوورترین مه‌ودا بكه‌م
سۆزانییه….
كه‌هیچ له زمانی خۆخێك تێناگا
كه ئازاری گهنیوبون ده‌گێڕێته‌وه
سۆزانییه….
كه هیچ سه‌رسام نابێت
به‌و كتێبانه‌ی كه به‌بێ باڵ له ژووره‌كه‌مدا ده‌فڕن
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین زمان له‌م نوسینه‌دا ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌بینێت، چونكه كرده‌ی نوسین بۆ وتنی واتا قوڵه‌كان پێویستی به‌زمانی ئاڵۆزی پڕ له گرێ‌و گۆڵ نییه، به‌ڵكو زمان‌و گه‌مه‌ی وشه‌سازی یارمه‌تیده‌ری گه‌یاندنی ناوهروكو بیر‌و هه‌ستی نوسه‌رن گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی شاعیرانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا،
هه‌روه‌ك ڕۆلان بارت ئه‌ڵێت ” ئێمه ناتوانین به شێوه‌یه‌كی كه بنوسین ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی دیكه بیر نه‌كه‌ینه‌وه، چونكه نوسین مانای ڕێكخستنی دنیایه” له ناو ئه‌م ڕێخستنه‌شدا شیعر وه‌زیفه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌كات، كه تۆماركردن‌وخوێنه‌وه‌ی وێنه جیاوازه‌كانی دنیایه، ئهدۆنیسش ئه‌یوت” شیعر كه‌شف ده‌كات وێنه ناگرێت ” خوڵقاندنی وێنه له ده‌قێكدا وه‌ستاندنی خودی چركه‌یه‌ك له بوون یان ژیان نیه، به‌ڵكو خوێنه‌وه‌ی دووباره‌ی وردكراوه‌كانی ئه‌و چركه ساتانه‌ی ژیانه، چونكه شیعر هونه‌ری لاسایكردنه‌وه‌ی سروشت نیه، به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خوڵقێنهرو دۆزه‌ره‌وه‌ی چركه ئیستاتیكیه‌كانی ناو سروشته، مادام كاری سه‌ره‌ی شیعر گهڕانو كه‌شف كردنه كه‌واته پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تێما له تێكستی شیعریدا پرسیاره، بۆیه كه‌سایه‌تی شاعیر هه‌میشه گوماناویی‌و ئاڵۆزه، ئه‌م گومان‌و ئاڵۆزیانه‌ش هه‌میشه سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌ون به‌وپێیه‌ی خوڵقاندی ده‌ق دووباره دروستكردنه‌وه‌ی جوانیه‌كی خوازراوه كه له له حه‌زه تایبه‌تیه‌كانی شاعیره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
نوسه‌ر له‌م تێكستهیدا به‌ناو هێنانی چه‌ند بیرمه‌ندو نوسه‌رو هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك (مه‌حوی، دیستۆفێسكی، كامۆ، بیكێت، مۆزارت، بتهۆڤن، بیكاسۆو ڤانكوخو لیۆناردۆو فرۆید)وه پشت به پاشخانێكی مه‌عریفی قوڵ ده‌به‌ستێت. ئه‌مه‌ش ئاگای نوسه‌رمان له دنیای نوسین‌و ئه‌ده‌بیاتی جیهانی بۆ دهردهخاتو ناكرێت ئه‌وه له به‌رچاونه‌گرین كه ئه‌م تێكسته له ئیلهام وه‌رگرتن له بهرههمو نوسینه‌كانی ئه‌وانه سه‌رچاوه‌ی وه‌رنه‌گرتبێت كه ئه‌مه‌ش ته‌واوكه‌ری قسه‌كانی سهرهتامانهو ڕاستی درێژكردنه‌وه‌ی پرسه‌كانی (بوون‌و جوانی‌و عه‌شقه) به‌درێژی مێژووی نوسه‌ریش لێره‌داو به‌گه‌ڕانه‌وه‌و ئاماژه‌دان به‌و بلیمه‌تانه‌ی ناو دنیای ئه‌ده‌ب به‌شیعر گرنگی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خاته‌ڕوو هه‌روه‌ك (فلیب حتی)ش ده‌ڵێت” شیعر ده‌توانێت جیاوازیی تاقیكردنه‌وه‌كان بهناسكییو وردییه‌كی ئه‌وتۆ به‌خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێ كه هیچ هونه‌رێكی دیكه بۆی ناكرێت”
(گۆران) له‌م نوسینه‌دا كورته‌دا جۆرێك له بێهیوای به‌رامبه‌ر به (نیوه‌كه‌ی تر) ی له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی وشه‌كانی (ته‌نیای، گۆشه‌گیری، بێهوده‌ی، بێزاری، بێتاقه‌تی، مه‌رگ)وه پێوه‌دیاره بۆ ئه‌و ئه‌وین سه‌ره‌تاو كۆتای گشت ده‌ست پێكهكانه (خۆشبهختیو نه‌هامه‌تی) هه‌ربۆیه ئه‌وین بۆ كچێك كه ئه‌كرێت یاربێت یان سۆزانی گرنگ نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه پێویسته بێت‌و وه‌ك بوركان سه‌ره‌پا دنیابینیهكانمان بگۆڕێ هه‌روه‌ك(لیوبارد)یش ده‌ڵێت” مهرگو ئه‌ڤین دوانه‌ی یه‌كن، شیعرلهیهك كاتدا ئه‌زموونی خۆشه‌ویستیه كه هاتووه یان دێت، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی مردنیشه، كه هاتوه یان دێت، خۆشه‌ویستی ده‌ستده‌كات به‌وه‌ی كه مه‌رگ ته‌واوی نه‌كردووه‌و مه‌رگیش ئه‌وه ته‌واو ده‌كات، كه ئه‌ڤین ده‌ستی پێكردووه، ئه‌ڤین ناكۆتایهو ناشكرێت بگاته كۆتایی”
بۆیه له دواجاریشدا (گۆران) ده‌ڵێ
ئۆرگازمهكانیش تێرمان ناكه‌ن
ده‌بێ فرۆیدیانه چێژ له‌سێكس وهرگرینو
سه‌رله‌نوێ له كۆتاییه‌وه ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه
بگه‌ڕینه‌وه چه‌قی گۆشهگیریو
له‌ناوه‌وه‌ی خۆماندا
ژیان‌و
مهرگو
ئهوینو
مرۆڤ‌و
ئایین‌و
دۆزه‌خ دروست بكه‌ین.
Shxi83@yhoo.com
تێبنی / من بۆ ئه‌م نوسینه چه‌ند بڕگه‌یه‌كی كه‌مم له تێكسته‌كه داناوه، بۆ خوێنه‌وه‌ی ته‌واوی تێكسته‌كه ده‌توانن بگه‌ڕینه‌وه بۆ ژماره(194) گۆڤاری ڕامان.