شێركۆ بێكه‌س شاعیرێكی نوێخوازو كه‌سایه‌تییه‌كی شۆڕشگێر
كه‌سێك به‌گۆچانێكه‌وه، به‌جووتێ كڵاشه‌وه، بهپاڵتۆیهكی ئه‌ستووره‌وه، بهكڵاووجامانییهكهوه، بهدهشتێكی پڕ ههراوزهنادا گوزه‌ر دهكاو به‌خه‌یاڵێكی بچكۆلانه‌وه به‌دووی مشتێ حه‌رفی رووناكییه‌وه وێڵه، رووناكییه‌ك له‌سێبه‌ری خه‌ونه‌كاندا، چركه ساته‌كانی ژیان ده‌ژمێرێ، رووناكییه‌ك له‌زه‌ریاوه ده‌نگی رووخانی دیوار ده‌ژمێرێ، رووناكییه‌ك له‌ژانی به‌خشینی ههوردایهو باخی گیانی وه‌ریو ده‌ژمێرێ.
په‌یامی ئه‌ده‌ب وبهتایبهتیش ژانری شیعر، گوزارشتكردنه له‌هێزێكی باڵا، كه‌زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندترو به‌هێزترو ده‌ست بڵاوتره له‌خودی ئه‌خلاق، شیعر هێزێكی پیرۆزی به‌هره‌داره كهلهسهرووی عه‌قڵ وتێڕامانی مرۆڤه‌وه‌یه، ئه‌وه شیعره پێمانده‌ڵێت: ژیان له‌سه‌ر كام مه‌یلی گه‌ردوون وێستاوه، كه‌ی له‌به‌ینی قامكهكانهوه تفه‌نگ ده‌ته‌قێ ورۆشناییهك موچڕك دایده‌گرێ، ئه‌وه شیعره پاڵتۆی له‌به‌ری كوێستانێ ناوه‌و تف لهبێهوودهیی دهكاو ده‌بێت به‌هێمای ئاشتی وئازادی، شیعر لهپهرهگرافهكانی تراژیدیاوه هیوای ژیانێكی نوێمان پێده‌به‌خشێ و سیحری دوارۆژمان نیشانده‌دات.
شێركۆ بێكه‌س له‌شیعره‌كانیدا پێمانده‌ڵێت: شیعر ده‌توانێ یاخی بێت وبه‌هه‌موو سنووره‌كاندا گوزه‌ر بكات، ره‌هه‌نده‌كانی جه‌سته تێپه‌ڕێنێت وبه‌های جوانییه‌كان ده‌ستنیشان بكا، شیعر ناسینی رۆحی شته‌كانه له‌وێنه‌یه‌كی جوان‌دا، شیعر گه‌مه‌ی زمانه لهئاوێزانبوونی له‌گه‌ڵ سرووشتدا، شێركۆ بێكه‌س پێمانده‌ڵێت: هه‌میشه له‌ودیوی تێكشكانهكانهوه، ژیانێكی نوێ وگهمهیهكی تر هه‌یه بۆ مرۆڤه‌كان و بۆ ژیاندۆستی.
شێركۆ بێكه‌س له(تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست 1968)ه‌وه تا ئه‌و رۆژه‌ی بۆ یه‌كجاری ماڵئاوایی لێكردین، شاعیرێكی جوانناس وشۆرشگێڕو به‌هه‌ڵوێست بوو، ئه‌و خاوه‌نی ئایدۆلۆژیایه‌ك بوو، ئایدۆلۆژیایه‌ك سه‌ری به‌ماڵی جادووگه‌راندا دهكردو به‌دوای تیشكێكدا ده‌گه‌ڕا ناوی سه‌رفرازی گه‌له‌كه‌ی بوو:
رێ ون ئه‌كه‌م، خۆم ون ئه‌كه‌م، به‌ڵام گیانه
هه‌رگیز خۆری سه‌رفرازیی كورد ون ناكه‌م
ژیان لای من، به‌ره‌و هیوا، كۆڵنه‌دانه
گه‌ر وانه‌بێ، به‌دڵ خواستی، مردن ئه‌كه‌م
هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌و شیعره‌یدا به‌ناوی(زه‌رده‌خه‌نه لهفرمێسكا)ده‌ڵێت:
له‌ژیانی تفتی ئه‌مڕۆی كزرو دێما
سبه‌ینێی ته‌ڕو پاراوی كورد ئه‌بینم
له‌هه‌ورازی سه‌خت وئاره‌قی سه‌ر ڕێما
دوا ئه‌نجامی سه‌رفرازی مه‌رد ئه‌بینم
له‌هه‌ر ئاخێكی ناو سنگی پڕ لهسوێما!
هه‌زار كسپه‌ی جه‌رگی كۆرپه‌ی كورد ئه‌بیستم
له‌ناو هه‌موو هه‌نسكێكی قوڕگی خۆما
ده‌نگی قرچه‌ی دڵی دار‌و به‌رد ئه‌بیستم(دیوانی شێركۆ بێكه‌س به‌رگی 1)
رۆبه‌رت فرۆست ده‌ڵێ(شیعر بیرۆكه‌یه‌كه له‌ئه‌نجامی كردارێكه‌وه خۆی ده‌نوێنێت ودهردهكهوێ)، چونكه بیر بزوێنه‌ری رووداوه‌كانه، له‌ناو هه‌ناوی رووداوه‌كان له‌دایك ده‌بێ، ئه‌نجامێكی حه‌تمی لۆژیكیه تێكه‌ڵ به‌ژیان وململانێكان ده‌بێت، زۆر به‌سه‌ر لێشێواوی له‌دایك ده‌بێ، مێشكی خوێنه‌ر ده‌ورژێنێ، خوێنه‌ر بۆخۆی راده‌كێشێت وئاوێته‌ی ده‌بێ.
خوێندنه‌وه‌ی شێركۆ بێكه‌س وه‌ك شاعیرێكی نوێخوازو وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی شۆرشگێڕ، بۆ زۆر شوێن و زۆر ده‌رگامان له‌ڕوودا ده‌كاته‌وه، خوێندنه‌وه‌ی شێركۆ گێڕانه‌وه‌ی مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ری وقوربانیدانه، به‌ومانایه‌ی ئه‌و له‌سه‌رده‌مێكدا قه‌ڵه‌م وكاغهز به‌ده‌سته‌وه ده‌گرێت، نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌خه‌باتی رزگاریخوازیدایه، گه‌له‌كه‌ی له‌چه‌وسانه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه، گیانبه‌خشین وقوربانیه‌كانی گه‌له‌كه‌ی رۆژ له‌دوای رۆژ باڵا ده‌كات و له‌و وێستگه خهتهرناكهوه، وه‌ك كوردێك و وه‌ك مرۆڤێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست مێژوویه‌كمان به‌شیعر بۆ ده‌نووسێته‌وه، كهسهرلهبهری قوربانیدان وگیانفیدایی وماڵوێرانییه، مێژوویه‌ك هه‌موو جۆره‌كانی پاكتاوی ره‌گه‌زی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌و كه‌سێك هاوخه‌م وپشتیوانمان نیه.
من لێره‌دا له‌دڵته‌نگی به‌هارا
له‌هاواری زامی قووڵی ئازارا
له‌فرمێسكی چاوی دایكی كوردانا
له‌سروودی كوردایه‌تی مه‌ردانا
له‌ناو كڵپه‌ی شه‌و سوتێنی ئاگرا
له‌شه‌قامی چۆڵ وهۆڵی ناو شارا
یان له ده‌غڵی بۆمبا كێڵی جوتیارا
له‌رووخساری بزوڕكاوی مناڵا
یان له‌په‌ڕه‌ی هه‌ڵقرچاوی هه‌واڵا
یان لهخودهی ئاسنینی سه‌ربازا
یان لهمۆڕهی چاوی دوژمن به‌رازا
گشت گه‌لێكی سهربهردهباز ئه‌بینم
هه‌موو دنیای ئازادیخواز ئه‌بینم(كه‌ژاوه‌ی گریان- شیعری من لێره‌دا)
شێركۆ بێكه‌س خاوه‌ن ئایدۆلۆژیایه‌كه كه‌له‌سه‌رده‌می ماركسه‌وه تائه‌وڕۆ گۆڕانكاری زۆری تێپه‌ڕاندوه، ئایدۆلۆژیایه‌ك كه‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیر‌و ده‌لاله‌تی رۆشنبیری ورهگهزهكانی پێكهێنانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌یه كه‌ناكرێ لهرستهیهكدا كورتیان بكه‌ینه‌وه، ئێمه له‌چركه‌ساتێكدا كهبهئازادی بیردهكهینهوهو فێر ده‌بین، له‌هه‌مانكاتدا بێئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكه‌ین، ملكه‌چی ئه‌و یاسا‌و ڕێسایانه ده‌بین كه‌بۆمان داندراون وپهیوهستن به‌سیسته‌مه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، ئێمه‌ش به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌و شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتانه تێماندا ره‌نگده‌داته‌وه، لێره‌وه سیحری ئایدۆلۆژیا وه‌ده‌رده‌كه‌وێ وپابه‌ندی یاسا‌و رێساكانی ده‌بین.
ئه‌گه‌ر له‌ڕووی هێرمینیۆتێكاوه(تێۆری راڤه‌كردن وشیكردنهوه)له‌شیعره‌كانی شێركۆ بڕوانین، ده‌كه‌وینه ناو رێڕه‌وێكی تاریكه‌وه گه‌ر بمانه‌وێ له‌باسێكی ئاوا كورتدا ئاوڕ له‌گه‌وره‌یی شیعره‌كانی شێركۆ بده‌ینه‌وه، به‌ڵام ده‌توانین ئه‌وه بڵێین، شێركۆ ده‌كرێ به‌چه‌ند دیوێك راڤه بكرێ وبخوێندرێتهوه، چ له‌و شیعرانهید كه‌باس له‌شۆڕش و به‌رخودان ده‌كه‌ن، چ ئه‌و شیعرانه‌ی مێژووی ئه‌نفال وهه‌ڵه‌بجه وكاره‌ساته‌كانی دی ده‌گێڕنه‌وه:
مقه‌ستێك بوو
له‌ناو باخی هه‌ژاراندا
به‌بێ په‌روا
گهڵاوگوڵی دهقرتاندو
به‌دیلی ئه‌یبردن بۆ (شا)
شا، پایپێكی سه‌رزل بوو
قاچی ئه‌نایه سه‌ر قاچ و
(ره‌نج)ی چه‌وساوه‌ی (ئه‌كێشا)
رۆژێ خه‌مه نهوتاویهكان
كاسه‌ی پڕیان لێی ئه‌ڕژا.
له‌سه‌ر رێگه‌ی گاورباغی
مقه‌ستیان گرت
گهڵاوگوڵیان لێسه‌نده‌وه‌و
داخی دڵی باخیان پێڕشت
پایپ… له‌ڕقدا ئاگره‌كه‌ی
نا به‌له‌شی گه‌ڕه‌كه‌وه
گه‌ڕه‌ك سووتا
به‌ڵام پایپ هه‌ر به‌و ئاگره‌ی كهنایهوه
خوێنی گڕدا
خوێنی ره‌نجی گڕتێبه‌ربوو
هه‌تا ئه‌هات گه‌وره ئه‌بوو
به‌یانییه‌ك…گاورباغی مقه‌ستی دی
لچ ولێوی ههڵپاچراوهو
به‌دیار لاشه‌ی پایپه‌وه
خوڕ..خوڕ..ئهكریی!.(شیعری گاورباغی 1946)
شێركۆ بێكه‌س جگه له‌و به‌هره شیعرییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی هه‌یه‌تی، هه‌ڵگری ئیراده‌یه‌كی شۆڕشگێڕه، له‌پشت ئه‌وه‌وه به‌هایه‌كی ئه‌خلاقی هه‌یه‌و ئاراسته‌ی ده‌كات، ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقیه‌ی لای شێركۆ به‌ره‌و یه‌ك ئامانج و ده‌رئه‌نجامی ده‌بات، ئه‌ویش بونیاتنانی فه‌زایه‌كه بۆ ئاراسته‌كردن وباڵایی وئهنجامگیری، به‌و مانایه‌ی گه‌لێكی سته‌مدیده‌و ئازادیخواز به مافه ڕه‌واكانی خۆی بگات وله‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا خۆی ببینێته‌وه:
وه‌كوو زریان پشوو ئه‌ده‌م
به‌ڵام نانووم
وه‌كوو هه‌ڵۆ هه‌ڵئه‌نیشم
به‌ڵام لووتكه قه‌ت به‌رناده‌م
ده‌ستیان هێنا ته‌وقه ئه‌كه‌م
به‌ڵام ده‌ستم قه‌ت نافرۆشم
وه‌ك نارنجۆك له‌سه‌ر كه‌مه‌ر
دائه‌نیشم
به‌ڵام هه‌رگیز..
لێوی بێده‌نگی ناكرۆژم
وه‌ك چۆن هاژه‌ی
چه‌م و.. كه‌نار
باڵنده‌و.. دار
جووته دڵدار
له‌یه‌كتری وه‌ڕس نابن
منی قوربانیش له‌شۆڕش
له‌عه‌شقی خاك
له‌خاكی یار
وه‌ڕس نابم(كه‌شكۆڵی پێشمه‌رگه)