Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
مەزاتخانە .. ویژدان مردوو …. فەتاح حەسەن

مەزاتخانە .. ویژدان مردوو …. فەتاح حەسەن

Closed
by September 13, 2013 هۆنراوە

 

 

 

     -١-

( مەزاتخانە )

 

نووسەرێک وتی:-

وڵاتەکەم، مەزاتخانەیەو

نوسینەکانم

بۆ مناڵانی رۆژئاوا

هەراج دەکەم.

وەرن ..  وەرن

شۆڕشگێرانی چاوچنۆك

سەرمایەدارانی مشەخۆر

وەرن ..  وەرن

پیاوانی ئاینی، مێزەربەسەر

حاجیانی، کەشی لە پشت

کۆببنەوە

هەڕاج ..

 هەڕاج .. 

لەهاواری تەواو نەبوو

کلیلێکیان نایە مشتی

گەنجێك وتی :-

ئەی تڕحێو .. کاکی نوسەر

وتم ، بۆچی ؟

ئەی نازانی خۆیان کڕی ؟!

 

        -٢-                                              

( ویژدان مردوو )

 

 زۆر بەد هەستە 

گوڵی ناوێت، دڕك پەرستە!

بە ئازاری خەڵکی مەستە.

تۆڕی گومان

شەقامی ژینی تەنییوە.

بێ ئەندازە، بەدگومانە

لە هەر شتێك

کە، بە ژینەوە پەیوەستە.

گومان لە خۆی

گومان لە تۆ

گومان ..

گومان ..

بەئاگایی،

بە خەون و خەیاڵ و زیندەخەو

بێ ئارامە

 ئۆقرە ناگرێت.

بەو ساتانە، ئاسودەیە

هێلانەی باڵندە تێك دەچێ،

پاپۆڕەکان، لەنگەر ناگرن.

نوقمی تۆف و زریان دەبن.

رەوە، رەوە، ئاسکە کێویی

لە ترۆپکی چیاکانەوە

هەڵدەدێرێن.

چوار وەرزەی ساڵ

بارانی تف

بە سەر سەریا، داببارێ

هێشتا کەمە

بەر نەفرەتی، مێژوو کەوێت

ویژدان مردوو.

 

………..

 

 

فەتاح حەسەن

دانیمارك/ ڤالبی

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.