Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024

سەعات دوانزەى شەو … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

-1-

بەخیلیى بە بەرد ئەبەم ،

کە تەواو خاڵییە لە شیعر ..

 

-2-

بۆم دەرکەوت ،

هەر قسەیەک بکەم شیعرە ..

تەنانەت لاى نانەواخانە و

قەسابیش ..

(گیرم خواردووە ..

نازانم چى بکەم ؟ )

 

-3-

ئێرەیى بە پۆلیسى هات و چۆ ئەبەم ..

تەنها بە ئاماژە و فیکە ،

پەیوەندیمان لەگەڵ ئەکا ..

زمانى بەکارناهێنێ ..

زمانى پیس نابێ بە شیعر ..

 

-4-

بڕوانە لەسەر هەمان وەزنن :

قەهر ..ژەهر .. تەور ..

لەسەر وەزنى شیعرن ..

شیعر ..

 

-5-

هەرچەند کە ئەنفال کرا ،

یەک میسریى خۆى ماندوو نەکرد ،

هەواڵێکمان بپرسێ ..

دوو قسەمان بۆ بکا ..

من هەموو شەوێ ،

چاودێریى هەواڵ ئەکەم ..

تا سەعات دوو ..

تا مەشهەدولمیسریى تەواو ئەبێ

لە کەناڵى ئەلجەزیرە ..

( ئەمە خەتاى شیعر نەبێ ..

خەتاى چییە ؟ )

 

-6-

بۆ کەلاوەیەک ئەگەڕێم ،

تیایدا شیعرەکانمى تیا فڕێبەم ..

( وەک ئەو ژنەى کە بۆ کەلاوەیەک ئەگەڕێ ،

زۆڵەکەى تیا فڕێ بدا .. )

 

-7-

عەیبترین سیفەت ئەوەیە ،

ڕۆژى 3 جار نان ئەخۆین ..

( نیشتمان نیوەى چێشتخانەیە و

نیوەکەى ترى  ئاودەستخاتە )

 

-8-

شەقامەکانیش سەریان لێشێواوە ..

نازانن بمانبەن بۆ کوێ ..

بەردەرگاى ماڵەکانمان تەنەکەیەکى خۆڵى تێدایە ،

بۆ فڕێدانى پاکەتەکانمان ..

 

-9-

ئێستا زانیم ،

بۆچى کە بە مناڵیى قسەم ئەکرد ،

باوکم پێى ئەوتم : گو بخۆ !..

( ئەو کاتەیش شیعرم ئەوت ..

نەک قسەى ئاسایى ..

باوکم ناحەقى نەبوو )

 

-10-

هەندێ ڕەخنەگری حیزبیی ،

ڕەخنەی ئەوەیان لێگرتم ،

 لە بنى هەمانەکە ئەدەن ،شیعرەکانم !

( نەیانزانى شیعر جۆرێکە  لە حەیابردن )

 

-11-

 نازانم لە چ مەلایەک بپرسم ،

ئاخۆ حوکمى خەوتن لە گەڵ شیعرا ..

بۆ ماوەى چل و حەوت ساڵ .. چییە ؟

ئەبێ چەند قامچیم لێ بەن و

چەند ساڵیش ئەبێ بسوتێم ؟ !

 

-12-

 شاعیرێ دە ساڵیش  ون بێ ،

کەس هەواڵێکى ناپرسێ ..

سەیارەى – پاک و خاوێنى شارەکەت بپارێزە – ،

ئەگەر ڕۆژێ دوا بکەوێ ،

هەموو هەواڵى ئەپرسین ..

( بزانە چەند زیادەیە شیعر ..

بزانە چەند بێ کەڵکە  شاعیر .. )

 

-13-

پێویست ناکات سەرە بگرن ..

بە خۆڕاییە 

ش ی ع ر

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.