شکەست سەرەتایەک بۆ بەخۆداچونەوە ….1
بەشی یەکەم ….
گومان لەوەدا نیە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەڕلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و بەم شێوەیەی کە بەڕێوە چو ( بەدەر لە شەڕە پەڕۆی بێ ئاڵای کوردستان !! ) ناکرێ نادیدە بگیرێت و بە دەستکەوتێکی میژویی و سیاسی گەورە بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان هەژمار نەکرێت ، لەمساڵدا پانتایی ئازادی دەربڕین و شێوەی پیادەکردنی دیمکراسی بە بەراورد بە خولەکانی پێشوتر ، هەر لە دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە تا چونی دەنگدەران بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەزمکردنی ئەنجامەکانی بە ڕوحێکی وەرزشی شارستانیانە لە لایەن لایەنە سیاسیەکانەوە وە بە تایبەتی ( سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) وە بە هەنگاوێکی ئەرێنیانەی گەورە و دڵخۆشکەر بەرەو چەسپاندنی دیمکراسی و قبوڵکردنی یەکتری و دورکەوتنەوە لە زمانی زبر و پەنابردن بۆ کارتەکانی توندوتیژی و خۆچەسپاندن و ناشرینکردنی سیمای نەتەوەکەمان و ئەزمونە نیمچە سەربەخۆکەی ( بەومانایەش نا کە بوترێ پرۆسەیەکی ١٠٠% بێگەرد و تەندروست بوە ) بەڵام ڕەنگە چاوەڕوانی کاردانەوەی زۆر مەترسیدار کرابێت لە لایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەیان لە گەڵ شکست و دۆڕاندا .
ئەنجامە بەراییەکانی ئەمڕۆ و فەرمیەکانی سبەیی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان کە لە ڕۆژی ٢١ / ٩ / ٢٠١٣ بەڕێوەچو بۆ هەر یەک لە لایەنێکی بەشداربوی نێو کێبڕکێی گرتنە دەستی دەسەڵات پەیامێکی تایبەت بوو ، لەوانەش( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان ) وەک ڕکەبەرە سەرەکیەکان کە لە نێوئەم ململانێ سیاسیە گەرمو گوڕەدا دەبینران ، بۆ سەرکەوتوەکان پەیامی شادی و خۆشی و بۆ ئەوانەشی کە دۆڕان و توشی شکستخواردن هاتن پەیامێکی تا بڵێ تاڵ و تفت بو .
لێرەدا مەبەستی سەرەکیم یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیە وەک یەکێک لە دوو کۆڵەکە سەرەکیەکەی دەسەڵاتی چەند ساڵی ڕابردو، کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕوبەڕوی شکستێکی گەورەی سیاسی و ئیداری بەرچاو بوەوە و بەمەش یەکێتی و یەکێتیەکانی توشی جۆرێک لە ڕاچڵەکین کرد .
ڕەنگە ئەمەی کە ڕویدا ، شتێکی چاوەڕوانکراو بوبێت بە تایبەت بە لای خودی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەم حیزبەوە ( چونکە خۆیان بەدگومان نەبون لەوەی کە چیان چاندوە و بۆیە ناکرێ نەزانن چی دەدورنەوە ! )
کۆمەڵێک فاکتەر و لەوێشدا هەندێ فاکتەری سەرەکی هەن کە بە دوری نابینم پێشوەختە پێشبینیکردنی ئەم شکستخواردنەی ( یەکێتی ) لە سەر هەڵچنرابێت ، لەوانە پەتای گەندەڵی و تێوەگلانی کەسانێکی زۆر لە بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان بە گەندەڵی و گەندەڵکاری و بەکارهێنانی یەکێتی لە خزمەتکردنی بەرژەوەندە تایبەتەکان ، بونی تەکەتولاتی بەهێز و دەستەگەری ، قایل بون بە داماڵینی کەرکوک و کەرکوکیەکان لە هەرێمی کوردستان ، توشبونی مام جەلال سکرتێری گشتی بە جەڵتەی مێشک و ونبونی ئەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی یەکێتی ، لە غیابی تاڵەبانیدا ، سەرکردایەتی یەکێتی پاشگەز بوەوە لە ڕێکەوتننامەی لوتکەیی دەباشان ، بردنە پێشەوەی کەسە نزیک و خزمەکان بە بێ گوێدانە تواناو و شیاوی و کارایی کەسەکە ، پاڵاوتنی کاندیدەکانی یەکێتی لە سەر کۆمەڵێک بنەما و بنچینەی ناشارستانی خزم خزمێنە و ناوچەگەری و باڵ باڵێنە ، کە خەڵکانێکی زۆری توڕەکرد ، بایەخ نەدان بە هەندێ ناوچە بە تایبەت لە ڕوی ڕوماڵکردنی هەواڵ و چالاکیەکانیانەوە لە لایەن میدیاکانی یەکێتیەوە و زۆر خاڵی تر لە داهاتودا بە درێژی تیشکیان دەخەمە سەر . چاوەڕوان بن !!
لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ٢٢/٣/٢٠١٣ لە سلێمانی بەسترا و مەبەست هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی دەرئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن بوو کە یەکێتی تێیدا شکستێکی تۆمار کرد و بەوەش مەسیجێکی سوری لە هەوادارانی خۆیەوە بە دەست گەیشت ! مەکتەبی سیاسی بە قایل بون بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن سەرکەوتن و دەستکەوتێکی نوێ تۆمار دەکات ( گەر گۆڕانی بەسەردا نەهێنێ ) و بیر لە هیچ هەنگاونانێکی نایاسایی و نادەستوری نەکاتەوە و بەڵکو ژیرانە بەرخورد لە گەڵ واقیعەکە بکات ( ڕەنگە هەزمکردنی ئەم دۆخە نەخوازراوە بەلای لایەنە سیاسیەکانی ترەروە ئاسان نەبێت ) ، م.س ڕاشکاوانە ئۆباڵەکەشی گرتە باڵای خۆی ، پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو ئۆباڵ لە ئەستۆگرتنە لە لایەن سەرکردایەتی حیزبێکی وەک یەکێتیەوە ئەبێ چی ببەخشێت ؟ ئایە هەر وەک فێنک کەرەوە و هێورکەرەوەیەک لە بەرامبەر جۆشوخرۆشی گەرمی یەکێتیەکان درکێنرا یان بەومانایەی خۆیان ڕادەستی دادگای ویژدان دەکەن و سوێند بە بەها پیرۆز و سەروەریەکانی یەکێتی دەخۆن کە هەر یەکەو لەخۆوە دەست بە چاکسازی و دەرهێنانی لوی گەندەڵی بکات ( ئەوەی بە جەستەوەی بێت ) و بەڵێن بە جەماوەرو هەواداران بدەن کە ئیتر جیا لەبەرژەوەندی ( گەل و خاک و یەکێتی و یەکێتیەکان ) بیر لە هیچ بەرژەوەندیەکی تر نەکەنەوە و یەکێتی وەک ئامرازێک بۆ خزمەتی خۆیان و شکاندنی توینێتی ( حەز و هەوەس و سیخناخکردنی گیرفان و دەنگ کڕین ) بە کارنەهێنن و نەفرەت لەو شێوە بەڕێوەبردنە سیاسیە نا تەندروستەی ئەمڕۆیان بکەن و چاو بکەنەوە ، گوێ هەڵبخەن بۆ هەر دێرێک وهەر دەنگێکی یەکێتیەک کە خاڵێک بۆ چاکسازی ڕیشەیی پێشنیار بکات ، دەبێت حیساب بۆ وورد و درشت بکرێ و لەڕێگەی دروستکردنی چەند لیژنەیەکی شارەزا و کارا و لێهاتو بۆ بەدواچون بەدوای ڕاستیەکان و سەردانیکردنی ڕێکخستنەکانی دەرەوە و دوبارە ڕێکخستنەوەیان ببێتە یەکێک لە ئەولەویاتی کارەکانیان بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان ، سەرکردایەتی و بنکردایەتی یەکێتی نابێت ئەم شکستە بە کۆتا هاتن و وێران بونی دونیا و هەرەسهێنانی یەکێتی بزانن و دەستی نائومێدی بە ئەژنۆوە بگرن ، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت وەک وانەیەک بۆ بەخۆداچونەوە و خوێن جمانێکی نوێ و خۆنوێکردنەوە و خۆ لە بێژنگدان بقۆزێتەوە و کەسانی سست و مشەخۆر لە هەر ئاستێک و پلەیەکی حیزبی و حکومیدا بێت پێویستە بە ئاشکرا لێپێچینەوەی یاسایی و تەندروستی لە گەڵدا بکرێت . لێرەدا چەند خاڵێک وەک هۆکارەکانی هەڵوەرینی دەنگەکانی یەکێتی دەخەمەڕو :
١ / نەخوێندنەوەی نامەی یەکتر : ماوەیەکی زۆرە کادیرانی ئاستەکانی خوارەوە و تەنانەت کادیرانی پێشکەوتو و ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەست بە بونی کەلێنێکی گەورەی ناو ماڵی یەکێتی دەکەن کە دەیگەڕێنمەوە بۆ سەرقاڵی سەرکردایەتی بە دابینکردنی بژێوی ژیان ! و چارەسەری کێشەگەلێک کە پێویستی بەخۆتێهەڵقورتاندن یەکێتی یەکێتی وەک حیزب نەدەکرد ( بەتایبەت لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری لە لایەن جەنابی سکرتێری یەکێتیەوە ، بە لای زۆرینەوە ئەو دورکەوتنەوەیەی مام لە کوردستان و هەرەمی دەسەڵات و سەرکردایەتی و سەرقاڵی بە بەڕیوەبردنی کاروباری عێراق و تا دەهات زیاتر هەست پێ دەکرا ) ، هەست کردن بە لە سکەلادانی سەرکردایەتی لە ڕێبازی پیرۆزی یەکێتی و پەێڕەو پرۆگرامی پەسەندکراوی کۆنگرەی دوو بە ئاستێکی مەترسیدار ڕوەو زڕاندن و لەکەدارکردنی ناوو ناوبانگ و ڕابردوی پڕ لە شانازی و خەباتی سەخت و ڕوبارێک خوێن فرمێسک ، هەست بە دوو دەموچاوی و دوو ووتاری بەشێک لە کەسایەتیە دەست ڕۆیشتوەکان ، درکی تەواو بە لا ساییکردنەوەی ئەو شێوازە خەبات و ڕەفتار و سیاسەتانەدەکرێ کە لە ڕابردودا بەگژیاندا دەچوینەوە و خەباتمان لە پێناو سڕینەوەیاندا دەکرد ، کەچی لە ئەمڕۆدا نەک تەنانەت بەگژیاندا ناچینەوە ، بەڵکو لە مەسەلەی سەرکردایەتی خێڵ و بنەماڵەوە گواستراوەتەوە بۆ سەرکردایەتی خێزانێک و کەسە نزیکەکانی خانەوادەیەک ، هەست بە نەخوێندنەوەی نامەکانی یەکتری نێوان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی دەکرێ ، هەست بەو مشتومڕ سڕمسڕم و ململانێ و ڕکەبەرایەتیەکانی ناو هەرەمی دەسەڵاتی حیزب دەکەین کە بەهۆی ئەو دومەڵە شیرپەنجەیەی تەکەتولات و دەستەگەری و ناوچەچێتیەوە دروست بوەوە و شیرازەی ڕێکخستنی دوچاری لەبەر یەک ترازان کردوە و شۆڕیشکراوەتەوە بۆ نێو ڕێکخستنەکان و ئۆرگانەکانی خوارەوە و لە هەناوی ئەمەشدا هەم بەشێوەیەک لە شێوەکان پچڕانێ لە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان خوارەوە و سەرەوە و هەمیش ڕۆژ بە ڕۆژ پردی متمانەی نێوانیان لە ڕوخان نزیکتر بۆتەوە ، بۆیەش پێویستە لە سەر سەرکردایەتی یەکێتی بیر لە وەرگرتنی هیچ پۆستێک و دروستکردنی هیچ جۆرە هاوپەیمانێتیەک نەکاتەوە نە لە گەڵ گۆڕان و نە پارتی و نە ئیسلامیەکان ، وازیش لە هەر جۆرە دژایەتیەکی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی تر بهێنێ و دوژمنی تر بۆ یەکێتی دروست نەکرێت ! بەڵکو هەمو تواناکان بخرێنە خزمەت دوبارە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی یەکێتی و دروستکردنەوەی پردی متمانەی نێوان سەرکردایەتی و قاعیدە .
٢ / بەڵێندانی گەورە و جێبەجێ نەکردنی : کەسمان نیە بە جێی جارێک ، بە جێی لە کەسێکەوە لە چەند باڵا دەستێکەوە گوێمان لە دەیان بەڵێنی گەورە و بچوک نەبوبێت ، من نامەوێ باس لەو خەرمانە گەورەیەی بەڵێنەکانی سەرکردایەتیەکەمان بکەم ، کە لە مەڕ بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و نوێژەنکردنەوە ، دراون و جێبەجێ نەکراون .
بەڵێنی چاکسازی و پاکسازی کە خاڵێکی جەوهەری و گرینگە بە نمونە دەهێنمەوە کە دەبوو یەکێتی ئێستا کۆتایی بەو مەلەفە بهێنابایە ! بەڵام بەداخەوە لەوەتەی ئەو بڕیارە دراوە هەموو دەزانین کە نەک هەر جێبەجێ نەکراوە ، بەڵکو گەندەڵی خەریکە هەموو جوبگەکانی حیزب بگرێتەوە ، خەریکە گەندەڵکاری ناو یەکێتی چاوی خەڵکانی هەژار و سادەی ئەم وڵاتە دەردەهێنن ( بە ئاستێک گەیشتوە کە ئومێدی چارەسەر و بنبڕکردن تروسکایی لێ بڕاوە ) ، ئەگەر ئەمە ڕەفتار و کردار و سیاسەتی حیزبێکی سۆشیال دیمکرات بێت ، حیزبێک کە ئەندام بێت لە ڕێکخراوی سۆشیال ئینتەرناشناڵ ، سکرتێرەکەشی جێگری سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیە بێت ، ئاخر چی مانایەک بۆ ماهیەت و پیرۆزی ئەم حیزبە ماوەتەوە ؟ دەبێت حیزب لەوە حاڵی بێت ، کە جەماوەر نەیتوانی ناهەقی لە ڕژێمێکی وەک سەدام قبوڵ بکات ، ئاخر چۆن دەتوانێ چاو لە ئاست ئەم هەموو ( ڕاوەڕوت و تاڵانکاری و بێمەنەتی و نان بڕین ، دەرکردن ، تڕۆکردن ، ئەتک کردن و سوکایەتی پێکردنە بپۆشێت ؟ بۆیە ئەوەی پێی دەکرێت کە بیکات ، پاڵدانیەتی بە لایەنێکی تر و هەڵوەرینی خۆیەتی لە باڵای حیزبێک کە خوێن و ژیانی لە پێناویدا بەخشیوە !
٣ / کابینەی شەشەم و شەرکردایەتی : متمانەی پێکهێنانی کابینەی شەشەم لە لایەن یەکێتیەوە بەخشرایە بە بەڕێز دکتۆر بەرهەم صالەح ، لە کاتێکداهێشتا کلیلی بەشێک لە ژورەکانی وەزارەتخانەکەی لە گیرفانی کابینەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا بوو ، کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە کە بەهۆی مانەوەی ماک و شوێنەواری دوو ئیدارەییەوە لە قەڵەمڕەوی زونی زەردا توشی دەست کورتی و بێدەسەڵاتی کردبو ، لە هەمان کاتدا کە ئەمەیان جێگای نیگەرانی یەکێتیەکان بوو ، لە لایەن بەشێک لە دەستڕۆیشتوەکانی حیزبەکەی خۆیەوە بە جای پشتیوانی و کۆمەککردنی مەخابن کەوتنە دورە تەقە لێی و کابینەکەی بە دەستی هەردو لاوە موفتەلا بو و دەستیان وەک دەستی کەروێشک لێکردبو ! بۆ یەکێتیەکان ئەمە هەم جێگای نیگەرانی بوو هەمیش جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ هیوایی دروستکرد و تا ئێستاش شوێنەواری نەسڕاوەتەوە .
٤ / بە پاشکۆ کردن و هێنانەخوارەوەی ئاست و کێش و قورسایی و پێگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە بەراورد بە مێژوی پڕ سەروەری و گەورەیی و فریادڕەسی ئەم حیزبە و ئەو بنکە جەماوەریەی کە هەیبو ، دیارە بەر لە هەموان سەرکردایەتی یەکێتی بەرپرسە لەم حاڵەتە و چاککردنەوەی ، چونکە قبوڵکردنی ئەم بارودۆخە بەلای یەکێتیەکانەوە کارێکی ئاسان نیە و لێکدانەوەی جیاوازیشیان هەیە بۆی ! وەرگرتن و قایل بونی یەکێتی بە چەندین پۆستی پاشکۆیی لە گەڵ حیزبە هاوپەیمانەکەی لەوانە ( جێگری سەرۆکی هەرێم لە لایەن بەڕێز کاک کۆسرەت ڕەسوڵ وە ) کە بەدگومانین لەوەی کە توانیبێتی یا ڕێگەی پێدرابێت کە وەک جێگرێکی ئاسایی هەڵسوکەوتی کردبێت ، جگە لە دەرکردنی یەک دوو بەیاننامەی لاواز ! جا پڕکردنەوەی وەها پۆستێک چی لە هاوکێشە و باڵانسی هێز دەگۆڕێت بە دەر لە لاوازی نمایشکردنی یەکێتی کە ئەمەش بۆ یەکێتیەکان هەرسکردنی کارێکی ئاسان نیە و بە مەترسیەکی گەورەی دەزانن بۆ سەر ئایندە و مێژوی حیزبەکەیان کە لە ڕابردودا لە شەوەزەنگدا لەدایک بوو ، لەوپەڕی بێ ئومێدیدا چاوی پوشکا ، دەیان هەڵدێر و تۆڕ و پلانی تێک شکان ، بو بە خاوەنی جەماوەرێکی دڵسۆز و بێ هاوتا ، بو بە ئەندازیار و فابریکەی دەیان داهێنانی نوێ ، جا ئەم شکۆداریەی ئەم حیزبە لە کوێ و بونە پاشکۆیی لە کوێ ؟ ناکرێ هاوپەیمانێتی و ڕێکەوتننامەی ستراتیژی ببنە زادەی بە پاشکۆکردنی یەکێتی .
mehdi.mm@wmail.fi
ماویەتی