Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
ئیخوان موسلمین له‌میسر بۆ قه‌ده‌غه‌كرا!؟

ئیخوان موسلمین له‌میسر بۆ قه‌ده‌غه‌كرا!؟

Closed
by September 27, 2013 گشتی

 

 

 

 

باسی ئیخوان موسلمین و تا ده‌گاته‌ قه‌ده‌غه‌کردنیان، لایه‌نی جۆراوجۆرو باسی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، ره‌نگه‌ بۆ هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆ که‌سه‌رمایه‌داری تا ده‌گات به‌بازاڕی ئازاده‌که‌ی و دیموکراسیه‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ی و چه‌ندین گۆشه‌ی تری وه‌ک ئایین تا ده‌گاته‌ که‌لتورو پیرۆزیه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا، هه‌مووی شت گه‌لێکن بۆ هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی باڵاده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌رمایه‌داران و که‌مایه‌تی کۆمه‌ڵگا،  له‌به‌رامبه‌ر چینی کرێكاردا، به‌ڕیده‌خرێت و بازاڕی سه‌رمایه‌دارانی پیگه‌رمده‌کرێت و گه‌لێک لایه‌نی چه‌واشه‌کارانه‌ی تێدا به‌دیبکرێت که‌راستیه‌کان بشاریته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی که‌دادگای میسری بڕیاری  قه‌ده‌غه‌کردنی ئیخوانی ده‌رکردوه‌، ئه‌مه‌ش درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی بۆرژوازی میسرو هه‌مان سیناریۆیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات و به‌دوای روخانی ده‌سه‌لاتی بۆرژوا قه‌ومی عه‌ره‌بی حوسنی مباره‌که‌وه‌، هاتن و ده‌سه‌ڵاتیان له‌شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک نه‌جاتدا، هه‌ر به‌وه‌ی که‌سوپا ده‌خاله‌تی له‌دژی خه‌ڵک له‌ناره‌زایه‌تیه‌کاندا نه‌کردو هه‌مان ده‌سته‌و تاقمی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی پێشوو هاتن و بۆ به‌ڕێخستی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن، به‌دوایدا له‌هه‌ڵبژاردنی دیموکراسیانه‌ی بۆرژوازی و هه‌وڵی بردنی که‌مایه‌تیه‌ک بۆ به‌رده‌م سندوقه‌کانی ده‌نگدان، ئه‌وه‌بوو ئیخوان موسلمین هه‌ڵبژارد و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ساڵیکی ته‌واو نه‌کرد، که‌وته‌ به‌رده‌م ناره‌زایه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵکی میسرو ئه‌وه‌بوو له‌ ناره‌زایه‌تی له‌25  حوزه‌یراندا ده‌ستی پێکردو له‌ 30 حوزه‌یراندا زیاتر له‌ 30 ملیۆن که‌س رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و ناوه‌ندی شارو مه‌یدانی ته‌حریرو زیاتر له‌ 25 ملیۆن ئیمزا دژیان کۆکرایه‌وه‌، ئیتر هیچ مه‌جالێکی له‌به‌رده‌م سوپادا نه‌هێشته‌وه‌ که‌جارێکی که‌ ده‌خاله‌ت نه‌کات و ئه‌م جاره‌یان نه‌ک ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی کرێکارو زه‌حمه‌تکێشی میسر رزگار بکات به‌ڵکو ده‌بێت شۆڕشیش پاشه‌کشه‌ پێبکات.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا که‌مێک وردتر بچینه‌ سه‌ر سیاسه‌تی حکومه‌تی کاتی ئێستای دوای ئیخوان که‌ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی سوپا ده‌یبات به‌ڕێوه‌، و داموده‌زگاودادگاو سه‌رجه‌م وڵات له‌ده‌ست خۆیاندایه‌، بۆچی دادگاکه‌یان هاتوه‌و بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی ئیخوانی ده‌رکردوه‌و ده‌ستیشیان گرتووه‌ به‌سه‌ر ئه‌و سامان و موڵکانه‌ی که‌له‌یه‌ک ساڵی رابردودا دزیویانه‌!؟ ئایا ئه‌م کاره‌ی حکومه‌تی میسری ئێستا له‌به‌رژه‌وه‌ندی کێدایه‌، واته‌ کێی تێدا سه‌رکوت ده‌کات و کێی تێدا له‌ده‌سه‌ڵاتدا دێڵیته‌وه‌، واته‌ له‌گه‌مه‌کانی پشت په‌رده‌ی ئه‌م سیناریۆیه‌ی بۆرژازی مسیریه‌وه‌ که‌ سوپا نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات به‌ڕابه‌ری سیسی، کێ دۆڕاو ده‌بێت و کێ براوه‌؟

بێگومان بۆرژوازی له‌هه‌موو دنیادا بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی په‌نا بۆ هه‌موو کرداریک له‌سازش و سه‌رکوت و فێلو ته‌له‌که‌بازی و خۆڵکردنه‌چاوی خه‌ڵک و هه‌ڵفریوان و گه‌وجاندن و هه‌تا ده‌ست بۆ سازدانی کوشتارگای ده‌یان هه‌زاریش ده‌بات. بۆرژوازی مسیری بۆ نه‌جاتدانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌میسردا له‌ 30 حوزه‌یراندا زه‌نگی خه‌ته‌ری درێژه‌ی شۆڕشی خه‌ڵک گه‌یشته‌ گوێی دنیا و ناوه‌ندی شاره‌کانی ئه‌وروپا بوه‌ کۆبونه‌وه‌ی بانگه‌وازی ئێره‌ مه‌یدانی ته‌حریره‌، ئه‌مه‌ ترسێکی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی لادروستکردن، به‌ناچار فێڵو ته‌ڵه‌که‌یه‌کیان به‌کارهێنا له‌وه‌ی که‌خۆی کرد به‌ته‌ره‌ف له‌گه‌ڵ ئیخوان موسلمین، پێش ئه‌وه‌ی له‌ئیخوان بدات، فریودانی خه‌ڵک و پارچه‌پارچه‌کردنی ریزی 30 ملیۆنی خه‌ڵک و پاشه‌کشه‌ پێکردنیان بوو له‌درێژه‌ی ‌شۆڕشێک که‌دوو ساڵ و نیو له‌وه‌و به‌ر ده‌ستی پێکردبوو وه‌ به‌رده‌وامبوو، بۆرژوازی میسری و هاته‌ جیهانی له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌مریکا، له‌شۆڕشه‌کانی میسرو تونس و پریشک هاویشتنی بۆ ناوچه‌که‌دا له‌وه‌ی که‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا قه‌ومیه‌ دیموکراسی و سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ناوچه‌که‌، که‌وتنه‌ به‌رهێڕشی ناره‌زایه‌تی و شۆڕشی کرێکاری و بۆ دورخسته‌نه‌وه‌ی چینی کرێکار له‌ده‌سه‌ڵات، هاوکات له‌به‌ر نائاماده‌ییه‌کانی چینی کرێکار له‌نا رێکخراوبوون و نه‌بوونی حزبی کۆمۆنیستی چینایه‌تی چینی کرێكار، له‌ولاوه‌ ئاماده‌ییه‌ پێشتره‌کانی ئیسلامیه‌کان، ئه‌مه‌ شانسی دا به‌ ئیخوان و هاوکاری کران که‌ده‌سه‌ڵات بگرن، واته‌ ده‌سه‌ڵاتگرتنی ئیخوان پێش هه‌موو شت بۆ رێگه‌گرتن بوو له‌شۆڕش و سه‌رکوتی چینی کرێكار.

به‌ڵام ئه‌م رێگه‌دانه‌ به‌ئیسلامیه‌کان چ له‌تونس و میسر و هه‌تا لیبیا، به‌تایبه‌ت بۆ بۆرژوازی ناوخۆی میسرو بۆرژوازی جیهانی، ئه‌وه‌بوو که‌ ئیخوان موسلمین بتوانێت نوێنه‌رایه‌تی به‌رژوه‌ندیه‌کانی سه‌رمایه‌و بۆرژوازی بکات، وه‌ ئابوری وڵات ببوژێنێته‌وه‌، وه‌ڵام به‌ بێکاری و هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا بداته‌وه‌، وه‌ بتوانێت له‌ئاستی ناوچه‌و نێوده‌وڵه‌تیدا هاوپشتی بۆ ئه‌م کاره‌ی راکێشێت و لێره‌وه‌ شۆڕش سه‌کوت بکات. به‌ڵام له‌یه‌ک ساڵی ده‌سه‌ڵاتی ئیخواندا نه‌ک ئه‌مه‌ نه‌کرا یان نه‌یتوانی بیکات، ئه‌گه‌ر سه‌یری کارنامه‌ی یه‌کساڵیان بکرێت له‌خراپبونی زیاتری باری ئابوری، له‌باتی جێخستنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت و یاسا، ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان و یاسای ئسلامی و کاری مه‌حفه‌لی ئیخوان رێنوینیه‌کانی مورشید بۆ مورسی له‌به‌ڕیوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات، بردنی سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگا، گرتنی پۆسته‌کان له‌لایه‌ن ئه‌ندامان و سه‌رانی ئیخوان، هێنانی ده‌یانجۆر له‌یاسای دژی خه‌ڵكی و سه‌کوت؛ هه‌ر له‌یاساکانی دژی ژن، دژی هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌ران، مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگا، تا ده‌گاته‌ جۆره‌ها فتوای مه‌لاکان و قه‌رزاوی و خستنه‌ ژێر کاریگه‌ری ئیسلامی داداگان، به‌جۆرێک مزگه‌وته‌کانیش بوبوه‌ شوێنی کێشمه‌کێش و شه‌ڕی رۆژانه‌ی باڵه‌ ئیسلامیه‌کان، که‌می کرێی کرێکارو ناره‌زایه‌تی زۆر، هه‌وڵدان بۆ تێکدانی ئه‌هرامه‌کان که‌سه‌رچاوه‌یه‌کی داهاتی باشی تۆریستیه‌ له‌و ولاته‌دا که‌ به‌پیی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیان حه‌رامه‌، تا ده‌گاته‌ هه‌وڵدان بۆ زاڵکردنی فه‌زای دینی و ئسلامی وا که‌کۆمه‌ڵگاو فه‌رهه‌نگ و مه‌ده‌نیه‌تی ببریته‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ی سه‌رده‌می سه‌ره‌تاکانی ئیسلام که‌ئه‌مه‌ش ناکۆک ده‌بوو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی میسردا، هه‌ر له‌م ده‌وره‌انه‌داو له‌سه‌ر ئه‌م پایه‌یه‌ی سیاسه‌تی ئیخوان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیسلامی ناوچه‌که‌و ئه‌حزاب ولایه‌نی تر…. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌بوون، که‌ئیسلامی سیاسی ناتوانیت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و له‌سه‌ر ئه‌ساسی هاوڵاتی بونی یه‌کسان و مافه‌ مه‌دنیه‌کان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌مڕۆکه‌ بڕواته‌ رێوه‌، ده‌سه‌ڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران و تێکشکانی خه‌تی پان ئیسلامیه‌که‌ی و خراپی هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵگای ئێرانی پاش نزیک به‌ چوار ده‌یه‌ له‌سه‌ڵاتی ئیسلام له‌و ولاته‌دا، و نه‌توانینی چونه‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌کلایه‌نه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌عێراقی دوای روخانی حکومه‌تی به‌عس و هه‌روه‌ها کارو هێز نواندنه‌کانی حزبوڵای لوبنان، زۆر مه‌سائیلی رۆشنی خستۆته‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی تا ده‌گاته‌ ئیماراته‌ بچوکه‌کانی ئیسلامیه‌کان له‌سوریا.. ناتوانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای ئینسانی ئه‌مڕۆکه‌ بن…

ئیتر هاتوهاواری ئیسلامیه‌کان و دیموکراسی خوازه‌کانی په‌رله‌مانتاریزم، له‌ئاستی دنیاو له‌خودی میسرو هه‌تا ده‌گاته‌ کوردستان، له‌تاوانبارکردنی سوپا له‌سه‌رکوتی ئیخوانه‌کان له‌ 3 رۆژی دوای 30 حوزه‌یراندا، که‌گوایه‌ ئه‌مه‌ به‌دژی ئیخوان موسلمین و ته‌جروبه‌ی دیموکراسیه‌، که‌ده‌بوایه‌ ئیخوان ماوه‌ی 4 ساڵی خۆی ته‌واو بکردایه‌، ئه‌وکات خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتودا بڕیار بدرایه‌، ئه‌مانه‌ هیچ شتێک نیه‌ ته‌نها فریوێک نه‌بێت که‌بۆرژوازی له‌ئاستی دنیادا به‌چوار ساڵی دیموکراسیه‌ په‌رله‌مانیه‌که‌ی بۆ درێژه‌دان به‌ده‌سه‌لاته‌که‌ی سه‌پاندویه‌تی و کردویه‌تیه‌ عه‌قڵیه‌تی زۆربه‌ری زۆری کۆمه‌ڵگا. ده‌سه‌ڵاتێکی ئیخوان موسلمین له‌یه‌که‌مین رۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵات و رۆژانه‌ مۆری خۆی ده‌دا له‌نیوچه‌وانی کۆمه‌ڵگا که‌حزب و حکومه‌تی زۆربه‌ی خه‌ڵک نیه‌، ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان موسلمین و که‌مایه‌تیه‌کی زۆر بچوکه‌ که‌ده‌یه‌وێت خۆی گه‌وره‌ بکات له‌سه‌ر حسابی برسیکردن و سه‌رکوت و داسه‌پاندنی فه‌زای ئیسلامیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگاو داروخانی زیاتری باری ئابوری، وه‌ نه‌توانینی ئه‌وه‌ی شۆڕش له‌کۆمه‌ڵگادا پاشه‌کشه‌ پێبکات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شۆڕش ئیدامه‌ی ده‌بێت و  ناره‌زایه‌تیه‌ رۆژانه‌ییه‌کان و به‌تایبه‌ت ناره‌زایه‌تی و داواو خواسته‌کانی کرێکاران و بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک که‌ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌گه‌ڕه‌کاندا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ناوچه‌یی خۆی دامه‌زرێنێت، به‌جیا له‌وه‌ی که‌ئیخوان ناتوانێت وه‌ڵامی نیازه‌کانی بۆرژوازی و سه‌رمایه‌ بداته‌وه‌ له‌کۆمه‌ڵگادا. هه‌موو ئه‌مانه‌ وایکرد که‌سوپا له‌میسردا ته‌مه‌نێک و ته‌جروبه‌یه‌کی هه‌یه‌ و نوێنه‌رایه‌تی به‌ره‌ژه‌ندیه‌کانی بۆرژازی و سه‌رمایه‌ ده‌کات له‌میسردا، پاشه‌کشه‌ به‌ئیخوان موسلمین بکات و سه‌رانی ده‌ستگیر بکات و حکومه‌تی کاتی سازبدات. له‌ولاوه‌ نه‌زه‌رێکی دژی ئیسلامی و ئیخوان و کاری تیرۆرو  دژی کاری ئینساکوژی و دژی ژن، که‌هێزه‌ ئیسلامه‌کان له‌ئاستی دنیادا کارنامه‌یانه‌، هه‌یه‌ که‌ قه‌ده‌غه‌کردنی ئیسلامیه‌کانی پیباشه‌ و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی چ سیاسه‌تێکی له‌پشته‌وه‌یه‌، تایدی ده‌کات و هه‌تا ره‌نگه‌ که‌سان و لایه‌نی خۆ به‌چه‌پ زانیش بن!

به‌ڵام ئایا قه‌ده‌غه‌کردن بۆ؟ لێره‌دا له‌نموونه‌یه‌کی خه‌سره‌و سایه‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌کردنی حزبه‌ ئیسلامیه‌کان له‌کوردستاندا که‌وتویه‌تی ده‌ستپێدکه‌م که‌ ده‌ڵێ:  له‌سایه‌ی  ده‌سه‌ڵاتی ئێستاشدا، قه‌ده‌غه‌کردنی پارته ‌ئیسلامیه‌کان، به‌‌سه‌رکوتی کۆمه‌ڵگاو ئازادیه‌کانی خه‌ڵک ده‌بینم تا به‌زیانی ئه‌م حزبانه‌. زۆر ده‌قیق هه‌مانشت بۆ ئیخوانی میسریش وایه‌. ئه‌مه‌ هه‌وڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی سوپا له‌میسردا توند ده‌کاته‌وه‌ بۆ سه‌رکوتی شۆڕش، واته‌ قه‌ده‌گه‌کردنی ئیخوان به‌یاسا رێگایه‌که‌ بۆ سه‌رکوتی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی، ده‌ست ئاوه‌ڵاکردنێتی بۆ سه‌رکوتی هه‌ربزوتنه‌وه‌و ناره‌زایه‌تیه‌کی جه‌ماوه‌ری کرێکاران و عه‌لمانی و رادیکال و کۆمۆنیستی کۆمه‌ڵگا. له‌لایه‌کی که‌وه‌ ئه‌مه‌ رێگا له‌به‌رده‌م نا ئه‌منی و مه‌ترسی ژیانی خه‌ڵکدا ده‌کاته‌وه‌ به‌ده‌ست ئیخوانه یاساغ کراوه‌کان، له‌کاری ته‌قاندنه‌وه‌و تیرۆر و هه‌تا ده‌ستگرتنی ده‌یان باندی تیرۆریستی له‌ئاستی ناوچه‌که‌و جهیاندا بۆ ناو میسر.

ره‌نگه‌ که‌سانێکی دژی ئیسلامی و ئیخوان له‌میسرو ده‌ره‌وه‌ بێن و بڵێن ئه‌م کاره‌ی سیسی و سوپاو حکومه‌تی کاتی باشه‌و لایه‌نگریشی بۆ په‌یدا بێت، به‌ڵام پرسیاریک خۆی ده‌رده‌خات ئه‌گه‌ر ئه‌م حکومه‌ته‌ تازه‌یه‌ی میسرو سوپاکه‌ی له‌خستنه‌ لاوه‌ی مورسی و ئیخوان موسلمین و کارنامه‌ی ته‌نیا یه‌کساڵیان که‌له‌سه‌ره‌وه‌و ئه‌و به‌سه‌دان به‌ڵگانه‌ی که‌له‌ده‌وره‌ی دوای 30 حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستکه‌وت له‌ئاستی کۆمه‌ڵگاداو کارنامه‌ی فتوای مه‌لاو مورشیده‌کانیان و ده‌ستدرێژی رۆژانه‌یان بۆ سه‌ر ژنان و لاوان و کوشتنی مناڵان و فڕێدانیان له‌باڵه‌خانه‌کانه‌وه‌، رابگه‌یه‌نرایه‌ نه‌یده‌توانی ماهیه‌تی زیاتری ئه‌وان رونکاته‌وه‌، هه‌ر وه‌ک خه‌سرو سایه‌ ده‌ڵی:  ” رێگا چاره‌ قه‌ده‌غه‌کردن نیه‌، ئه‌مه‌ به‌دژی ئازادی سیاسیه‌، به‌ڵام ده‌بێ هه‌ر حزبێک ده‌ست بۆ په‌لاماری چه‌کدارانه ‌به‌رێت، تیرۆر بکا، ئازادی و ئارامی هاوڵاتیان تێکبدات ده‌بێ تا ئاستی قه‌ده‌غه‌کردن سزابدرێت”. ئایا هه‌ر هه‌موو  ئه‌وانه‌ رێگا نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی کارنامه‌ی ئیخوان موسلمین بخرێته‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ بکرێن،. وه‌له‌سه‌ر ئه‌م کارنامانه‌یان بۆ کۆمه‌ڵگا ریسو بکرێن و له‌کۆمه‌ڵگادا  وه‌لابنرێن.

بۆ سوپاو ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوزیه‌که‌ی به‌کاری قه‌ده‌غه‌کردنێکی ئاوا به‌تێرێک ده‌یه‌وێت دوو نیشان بشکێنێت؛ له‌لایه‌ک ده‌یه‌وێت سه‌رکوتی کۆمه‌ڵگا به‌گشتی و بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی و شۆڕش سه‌رکوت بکات، له‌لایه‌کی که‌ به‌بۆرژوازی ده‌وره‌ی داهاتوو ده‌ڵی ده‌بێ نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی سه‌رمایه‌داران و بۆرژوازی بکه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت وه‌ڵامی سیاسی و ئابوریش هه‌بێت، ئه‌وه‌ی که‌ئیخوان موسلمین نه‌یتوانی بیکات.

 

نوری به‌شیر

         Noori Bashir

Email: nooribashir1@yahoo.com

Mob:   0044 7960 669 896

 

Previous
Next