Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
لە هەڵبژاردندا، براوەو دۆڕاو ناوەندە، یان مرۆڤ و مرۆڤایەتیی؟

لە هەڵبژاردندا، براوەو دۆڕاو ناوەندە، یان مرۆڤ و مرۆڤایەتیی؟

Closed
by September 27, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

پرۆسەی هەڵبژاردن، لە دنیایی دیموکراتیەتدا، وەک یەکەم هەنگاو دادەنرێت بۆ فەراهەمکردنی دیموکراتیەت، دوای ئەم پرۆسەیەش هەنگاوەکانی تری دیموکراتیەتیی بە دوادادێت، وەک، دروستکردنی حکومەت لە لایەن لیستە براوەکانەوە، دابەشکردن و جیاکردنەوەی دەسەڵات بەسەر هەرسێ دەسەڵاتەکەی( پارلەمان و، جێبەجێکردن و، دادوەریی)، هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ ئەوەیە کە دیمکراتیەت فەراهەمبکرێت و پایەکانی ئەو دیموکراتیەتەش لە پێش هەموو شتێکەوە ئازادی و دادپەروەریی و یەکسانییە، بە مانا قوڵ و فراوانەکانییان. دواتریش ماف و ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگاو، پێوەندی تاکەکان لەگەڵ کۆمەڵگاداو، پێوەندی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە کۆمەڵگاوەو، بە گشتی دیارییکردنی فەلسەی حکومڕانیی لە دەستورێکی سەردەمیانەی شایستە بە ژیانی ئەمڕۆی پێشکەوتوو بە راپرسیی و دەنگی زۆرینەی خەڵکی کوردستان تۆماردەکرێت. 

یەکەم مافیش بۆ تاکەکان مسۆگەرکردنی ژیانێکی شکۆمەند و بەختەوەرییە. تاکەکان ئەگەر ژیانیان مسۆگەرنەکرابێت، سەروسامانیان پارێزراونەبێت، ژیانێکی بەختەوەر و شکۆمەندیان بۆ دابیننەکرابێت ئەوا کۆی پرۆسەی دیموکراتیەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە. 

لە حاڵەتێکی وادا، هەڵبژاردن و دیموکراتیەت و ئازادییەکان لە گەمەیەکی سیاسیی و هەڵخەڵاتاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵک زیاتر هیچ شتێکیتر نابێت. ئەم شیکرندەوە کورتە، سەرەتایترین زانین و زانراوە لە لای زۆربەی زۆری تاکەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی لە لای خەڵکانی هوشیارو بە ئاگا. 

ئێستا با پرسیاری ئەوە بکەین، ئایا ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە لە کوردستانی عێراقدا، وەک یەکەم هەنگاوی دیموکراتیەت، ماف و ئازادیەکانی تیا فەراهەمکرا؟ حورمەت و کەرامەتی تاکی کوردی تیا پارێزرا؟ سەرەتایترین ماف کە مافی ژیانی مرۆڤەکانە لەم پرۆسەیەدا پارێزرا؟ ئەخلاقی راستگۆیی وەک خەسڵەتی مرۆڤی شارستانیی و حیزبی پێشەرەو و پێشەنگ و دیموکرات و سۆسیالدیموکراتی تیا هەبوو؟ براوەو دۆڕاویی تیا هەبوو؟

ئەگەر بوێرانەو، دوور لە عاتیفە و خۆ خەڵەتاندن وەڵامی ئەو پرسیارانەبدەینەوە، ئەوە دەبێت هەموو دانبنێین بەوەدا کە پرۆسەیەکی هەتابڵێیی دوور بوو لە شارستانیەتەوە، پڕ بوو لە هاتوهاوار و دەنگە دەنگ و قەرەباڵغی و دروستکردنی حەشامات، بە شێوەیەکی زۆر دواکەوتوانە ئەم پرۆسەیە دەگوزەرا و گوزارشتیی لێدەکرا.  بە جۆرێک کە خەڵک هەراسان ببوو لە ژاوەژاوی سەرشەقامەکان وکۆڵانەکان، ئەو نەخۆشانەی بە ڕێدەکەوتن بۆ نەخۆشخانەکان، سەد خۆزگەیان دەخواست لە ماڵەوە بەدەم ئازارەوە بمانایەتەوەو ئەو هەموو هۆڕێن و دەنگە دەنگ و هاتوهاوارەی سەر شەقامەکان گوێچکەکانی کەڕ و کاس نەکردایەو توشیی ژانە سەرینەکردانایە. 

پرۆسیەک بوو سەرەتایترین ماف، کە مافی بانگهێشتی شارستانیانەیە تیایدا نەبوو، هیچ دایک و باوک و خێزانێک، لە هاتنەوەی کچەکەی یان کوڕەکەی دڵنیا نەبوو کە دەچووە دەرەوە بۆ بانگهێشت بۆ حیزب و لیستەکەی. هەموو کەس لە جێیی خۆیەوە نزا و داوای ئەوە بوو کە کەس نەکوژرێت، کەس خوێنی لێنەیەت، هەرچۆنێک بێت ئەم پرۆسیە بروات و لە کۆڵبێتەوە بێ کێشەو کوشتن و خوێنرشتن. بەڵام ناشارستانیەتیی خەڵکەکەو، حیزبەکان ئەوەندە نزم و نابەرپرسیارانەبوو، تا گەیشتە ئەو ئاستە نەخوازراوەی کە چەندین کەسی تیا کوژرا، دەیان کەس بریندارکرا، جەرگی چەندین دایکیان هەڵقرچاند، سوێیان کردە دڵی دەیان ماڵ و خێزانەوە.

ئەوەی کە وتی داخی دەکەین، راستیکرد، دەیان خێزانی کوردستانیان داخکرد. سەلماندیان کە زۆر نادیموکراتیانە، زۆر بێ شەرمانە، زۆر ناشارستانیانە ڕەفتاردەکەن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا. ئەوانەشی کە بردیانەوە! ئەوەندە بێ شەرمانە، ئەوەندە ناشارستانیانە، ئەوەندە خێڵەکیانە دەستیانکرد بە شایلۆغان و هەڵپەڕکێ، دەستڕێژی گولەکانیان کەسی نەپاراست و تەنانەت لە ئەندامی حیزبەکەی خۆشییان کوشت. 

سەیرە، بەم پرۆسیە بوترێت پرۆسەی هەڵبژاردنی دیموکراتییانە!. سەیرە بە خۆیان بڵێن براوەین!. 

براوە و دۆراو وەک یەک وایە، مادام نەیانتوانی گیانی هاوڵاتیان بپارێزن، مادام جەرگی دایکەکانیان سوتاند، مادام سوێییانکرد بە دڵی دەیان کوڕ و کچی گەنجدا، مادام دوو ژنییان کوشت( یەکەم لە سلێمانی دوەم لە کەلار)، مادام درۆیانکرد، مادام ساختەیانکرد. 

هەموو ئەم کارەساتە دڵتەزێنانەش، جگە لەوەی خۆی لە خۆیدا تاوانە، بێ بروایی و بێ متمانەیی بەو حکومەت و کابینەیە دروستدەکات کە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی هێندە فاشیلەوە دروستدەبێت.

ئاخر خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا کە یەکەم هەنگاوی دیموکراتیەتە، سەروسامانی نەپارێزرێت، بە گولەی گەرمی حیزبە براوەکان دایک و کچ و کوڕ و خوشک و برای بکوژرێت و برینداربکرێت ، چۆن بتوانێت بڕوا و متمانە بە حکومەتێک بکات کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسە فاشیلەوە دێتە ئاراوە؟ 

حیزبێک دێتەوە سەر حوکم، کە دزییکردوە، سەروەت و سامانی خەڵکی بەردوە بۆ خۆیی و بنەماڵەکەی، دەستی سورە بە خوێنی دەیان و سەدان و هەزاران کەس لە ڕۆڵەی ئەم میللەتە، خیانەتیکردوە. چۆن بروابکرێت ئەم جارەیان خۆی بۆ راستدەکرێتەوە!، قەرەبووی زیانلێکەوتوان دەکاتەوە!، هەموو دزراوەکان و سەروەت و سامانی میللەت دەگێڕێتەوە؟!  چۆن برواو متامانەی پێبکرێت هەر هیچ نەبێت ئەم جارەیان دزیی ناکات! خیانەت ناکات! درۆ ناکات! قاچاخچێتییمان پێوەنە کات!

سەیرە بەلامەوە دەڵێن، ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە لە پرۆسەکانی تر باشتربوو!، گوایە کەمترین ساختەی تیا کرا!، ساختە و درۆ چ زۆر و چ کەم هەر ساختە و درۆیە. 

سەیرە بەلامەوە، شایی و هەڵپەرکێ دەکەن بۆ سەرکەوتنەکانیان!، لە کاتێکدا چەندین کەسی بێ تاوان کوژران، دەیان کەس برینداربوون، دەیان ماڵ توشی باری دەرونی خراپ بوون، دەیان منداڵیان تۆقاند و توشی دڵەڕاوکێ بوون. 

سەیرە بەلامەوە، نووسەران، ڕۆشنبیران، رۆژنامەنووسەکان نایەنە سەرخەت و قسەیەکی جددی ناکەن لەسەر ئەو هەموو بێ حورمەتییەی کرا بەرامبەر بە خەڵک، لەسەر کوشتن و بریندارکردنی خەڵکێکی سڤیل و بێتاوان. 

تۆ بڵێیی ئەمانیش هاتوهاوار و قیژە قیژیی حیزبەکانی ناو پرۆسەی هەڵبژاردن سڕیی کردبێتن، سەرسام بووبێتن بەو حەشامات و قەرەباڵغییەی سەر شەقامەکان؟!

یان رۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرە (دیارەکان) هەر ئەوەندەیان دەوێت بانگهێشتکرێن بۆ سەر تیڤیەکان و پرسیاریان لێبکرێت و شرۆڤەیەکی درۆزنانەیی هەڵبژاردن و دیموکراتیەت بکەن، بەناوی رەخنەشەوە جار جار تانەیەک بدەن لە حیزبی بەرامبەر بەڵکو ئەوانیش فریایی خۆیان کەون و چی خێراترە بانگی ئەفەندی ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیریی (دەرکەوتوو)ی ناو کۆمەڵگا بکەن بۆ شرۆڤەیەکی پێچەوانە!

یان ئەمە سەردەمێکە، کە بێنرخترین بوونەوەر، مرۆڤە لە کوردستاندا. مرۆڤیش وەک کاڵا مامەڵی پێوەدەکرێت، دەخەڵەتێنرێت، سەقەت دەکرێت، دەتۆقێنرێت، لە گرێژەنە دەبرێت، نامۆدەکرێت بە دنیایی دەورەوپشتیی و خۆشیی ژیان و نرخیی ژیان، خۆی لای خۆی بێ بەها و بێ نرخدەکرێت، دابەشدەکرێت، هەر وەک چۆن بیر نەوتەکان دابەشکراون. فێردەکرێت بەوەی: ئەم ژیانە هیچوپوچە، بێ بەهایە، مردن لە پێشتە، بژی بۆ ئەو دنیا، لەم دنیایەدا بۆ خۆت هیچت نەوێت تا خۆشەویستبییت لای خوا گیان، ئەوەی کە خۆشییە بە جێییبهێلە بۆ ئاغاکانت، بۆ سەرۆکەکانت، بۆ رابەر و پێشەواکانت.

ئەگەر مرۆڤ و مرۆڤوون ناوەندیی سەرکەیی بێت لە پرۆسەی دیموکراتیەتدا، ئەوە ئەم پرۆسەیە ژێرکەوت نەک سەرکەوت.

حەقمانە بپرسیین: بە ڕاست ئەمەیە پرۆسەی هەڵبژاردن؟! ئەمەیە سەرەتای دیموکراتیەت؟! ئەمەیە سەرەتای گۆڕین؟! ئەمەیە مافی مرۆڤ؟! ئەمەیە پەروەردەی سەردەمیانە؟! 

 

جیهاد موحەمەد/ کوردستان

٢٥/٩/٢٠١٣

 

 

 

Previous
Next