Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چۆن بوویت بە نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە…؟

چۆن بوویت بە نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە…؟

Closed

 

 

 

 

کاتێ پرسیارم لێ دەکەن چۆن بوویت بە نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە، ئەوا وەک ئەوە وایە لێم بپرسن بە منداڵی چۆن ژیاویت، چونکە لای من هەموو شتێک لەو ساتەوە، ڕاستتر بڵێم لەو شۆکەوە دەستی پێ کردووە، کە چاوم لە دنیایەک هەڵهێناوە، هەر بە تەواوی لە دەرەوەی تێگەیشتن و ویستی خۆم بووە… بە مانایەکی تر کاتێ ئەو مەودایەی نێوان خۆم و دنیام بینیوە، هەستم کردووە پێوەندییەکی ناڕۆشنم پێوەی هەیە… بەڵێ، ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەو ترسە ئەبەدییەی خستووەتە دڵمەوە، ئەوەیە، نەمزانیوە ئاخۆ من تەنیام، یان لەگەڵ ئەوانی ترم… ئایا ئەگەر من لە دنیا دابڕاوم، مانای وایە بوونەوەرێکی تەنیام…؟ ئەی ئەگەر تەنیا نیم، بۆچی هەرگیز ڕایەڵێک، نە باریک و نە ئەستوور نابینم بە ئەوانی دیکەم ببەستێتەوە…؟! باشە، ئەگەر بەوانی دیکەوە نەبەستراومەتەوە، بۆ لە جووڵە و بیرکردنەوەمدا هیچ ئازادییەکم نییە…؟! ئایا هەر بە ڕاستی من دابڕاوم و دەمەوێت بە ئەوانی ترەوە ببەسترێمەوە، یان بە پێچەوانەوە توندوتۆڵ بەوان بەستراومەتەوە و مەبەستمە خۆمیان لێ جیا بکەمەوە…؟! هەرگیز نەمتوانیوە لەو هاوکێشە سەیرە تێبگەم… ئینجا بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان خۆم و دنیا بە شێوەیەکی وا دروست بکەم، کە لە ویستی خۆمەوە نزیک بێت، ئەوا هەمیشە پەنام بۆ خەیاڵ بردووە… تەنیا خەیاڵ توانیویەتی من بە دنیا و دنیا بە منەوە ببەستێتەوە، بەڵام ئەو خەیاڵە نەک هەر دڵنیاییی پێ نەبەخشیوم، بەڵکو زیاتر ترس و نیگەرانیی خستووەتە دڵمەوە و هێندەی دیکە منی کردووەتە بوونەوەرێکی ناحەز و ناپەسەند، بە ڕادەیەک هیچ شوێنێک بە خۆیەوەم نەگرێت، نە ماڵ، نە کۆڵان، نە گەڕەک و نە قوتابخانە… یەکێ لە خەیاڵەکانی منداڵیم ئەوە بوو، لە ئاسمان بەردەدرامەوە خوارێ… ئەوسا لە دوو شت تێنەدەگەیشتم، یەکەم، بۆچی لەوێ بووم و دووەم، چ گوناهێکم کردووە، تاکو لەو بەرزاییەوە هەڵبدرێمە خوارەوە، بەڵام لەوەیش سەیرتر ئەوە بوو نەمدەزانی لە کوێ داببەزم… لە گەڕەکی خۆم…؟! لە شارەکەم…؟! یان لە شوێنێک، پێشتر هەرگیز بە خەونیش نەمدیبێت… ئایا چاکتر نییە یەکێ لەو شوێنانە هەڵبژێرم، کە لام بوونەتە مەتەڵ و ویستوومە بزانم ژیان لەوێ چۆن دەگوزەرێت…؟! ئەرێ من بۆ ئەو دەرفەتە نەقۆزمەوە و بە کەوتنەخوارەوەی خۆم گەورەترین نهێنیی ئەم دنیایە ئاشکرا نەکەم…؟! دوایی بیرم لەوە دەکردەوە ئایا من خۆم بڕیار دەدەم لە کوێ بکەومە خوارێ، یان هێزێک لەسەرووی منەوە هەیە و ئەو لە شوێنێک بە زەویم دادەدات، ئینجا ئەو شوێنە شاخ بێت، دۆڵ بێت، یان بیابانێکی وشکوبرنگ… هیوادارم نەکەومە ناو ئاو، چونکە هیچ شتێک بە قەدەر ئاوی گۆم، ڕووبار و دەریا نامترسێنێت… ئەو ترسەیشم لەوەوە هاتووە، کە ئاو ڕێ لە ئارەزووەکانم دەگرێت، بەڵام خۆڵ دنیایەکی گەورەم پێ دەبەخشێت… هێشتا لە قوتابخانە دەستم بە خوێندن نەکردبوو، کە ڕۆژانە لەگەڵ (ڕێبوار عەلی بابە)ی هاوڕێم بە قوڕ ئاژەڵم دروست دەکرد و لە بەر هەتاو هەڵمدەخستن، تاکو وشک ببنەوە… ئینجا گەوڕیشمان هەر بە قوڕ بۆ دەکردن، نەبادا سەرمایان ببێت… مەڕ، بزن، مانگا و سەگ بوون… شەوان تا خەوم لێ دەکەوت، بیرم لێ دەکردنەوە… ئاخۆ تۆ بڵێی سەرمایان نەبێت…؟! ئایا ژیانیان لە مەترسیدا نییە…؟! ئەرێ گیانەوەری دڕندە لەو دەشت و کێوانە نایەن و پەلاماریان نادەن…؟!  لە لایەک دەترسام و لە لایەک چێژم لەوە دەبینی، کە سەگەکان چۆن بەرگرییان لە مەڕ، بزن و مانگاکان دەکرد… چۆن لەگەڵ ئەو دڕندانە دەجەنگان… بیرم دەچووەوە ئەوانە لە قوڕ دروست کراون و گیانیان لە بەر نییە، بەڵکو وا لە دڵم دەچەسپی ئاژەڵی ڕاستەقینەن… ئەگەرچی هەموو شتێک لەژێر دەستەڵاتی خەیاڵی مندا بوو و دەکرا نەهێڵم یەک مەڕ قاچی بریندار ببێت، دڵۆپێ خوێن لە لووتی بزنێکەوە بڕژێت، بگرە هەر نەهێڵم تاقە دڕندەیەک لەو دڕندانە لەو دەشت و کێوانە بێت و بگاتە ئەوێ، بەڵام هەمیشە چێژم لە ڕووداوی ئاوا ترسناک دەبینی، بۆیە هیچ جارێک نەبوو لە ئەنجامی ئەو شەڕانەوە سەگێک نەخنکێت، سێ چوارێک بریندار نەبن، حەوت هەشت سەر مەڕ و بزن نەخورێن، هەناوی مانگایەک دەرنەهێنرێت و پەراسووەکانی وەک قەفەز نەکەونە بەرچاو، بەڵام لە ئەنجامدا هەر دڕندەکان دەبەزین و لاشەیان لەوێ جێ دەما… بەیانییان هەر بە ڕاستی چاوم بۆ شوێنەواری شەڕەکە دەگێڕا و دەمویست خوێنی ئاژەڵەکان لەسەر ئەو زەوییە ببینم… ئەمەیە هێزی قوڕ و ئەوەیە ئەو خەیاڵەی پێمی دەبەخشێت…!! بەڵام وەک گوتم ئاو دەموەستێنێت، بۆیە نائومێدییەکی گەورەیە، ئەگەر من ئەو هەموو ئاسمانە ببڕم و دواجار بکەومە ناو جۆگەیەک، گۆمێک، یان ڕووبارێکەوە… ئەرێ بە ڕاستی من دەکەومە کوێ…؟! ئایا من سزا دراوم، یان ئەوە تەنیا یارییەکە و هیچی دیکە…؟! لە لایەک دەترسم و لە لایەک چێژێکی بێئەندازە دەبینم، کە ڕاستییەکەی ئەو دووانە (ترس و چێژ) هەمیشە بە یەکەوە ڕوو لە من دەکەن و هەرگیز یەکێکیانم بە تەنیا نەبینیوە، وەک بڵێی ناخی من ئەو شوێنە بێت، کە ئەو دووانە یەکتری تێدا ببینن… بەڵێ، من لە هەموو شتێک دەترسم… لە بیرکردنەوە، لە ڕامان، لە گوتن، لە چپە و لە دەنگهەڵبڕین، بەڵام چێژ لە سەرتاپێشیان دەبینم…. ئینجا ئەو ساتەم دەهێنایە بەرچاوی خۆم، کە کەوتوومەتە خوارێ… ئەگەر لە گەڕەکی خۆمان بێت، دەبێت چییان بۆ بگێڕمەوە و ئەگەر لە شوێنێکی تر بێت، کە نەمناسن، چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەکەن…؟! ئەرێ بە ڕاست من بە درێژاییی ڕێگا شتێکم دیوە بۆ گێڕانەوە دەست بدات، یان دەبێت خۆم کۆمەڵێک چیرۆک هەڵببەستم…؟! هەر چۆنێ بێت دەتوانم لەبارەی کەوتنمەوە قسە بکەم، بەڵام لەوە دەترسم پرسیاری سەرکەوتنم لێ بکەن، چونکە من هەرگیز لەو بارەیەوە هیچ ئەزموونێکم نییە و نازانم چییان بۆ بگێڕمەوە… نەخێر، من هەزاران جار کەوتووم، بێ ئەوەی یەک جار سەرکەوتبێتم… ئەی چۆن گەیشتوومەتە ئەو بەرزاییە…؟! وەڵامی ئەوەیانم هەر بۆ نادرێتەوە… بەڵام ئایا من دڵنیام ئاوا بە ئاسانی دەکەومە سەر زەوی و بە ساغی دەمێنمەوە..؟! ئەی ئەگەر نامێنمەوە، چیم بە سەر دێت..؟! ئایا ئەگەر بە ساغی دەرچووم و هیچ نیشانەی شکان و ڕووشان بە گیانمەوە دیار نەبوو، چۆن بۆیان بسەلمێنم من ئەو ئاسمانە بەرزەم بڕیوە…؟! چۆن باوەڕم پێ دەکەن کەوتوومەتە خوارێ و بەڵایەکیشم پێ نەگەیشتووە…؟! خۆ من بەوە ناسراوم لە خەیاڵی خۆمدا چیرۆک هەڵدەبەستم و بۆ منداڵانی گەڕەکی دەگێڕمەوە… هەندێجار باوەڕم پێ دەکەن، بەڵام هەندێجار جڕتم بۆ دەکێشن… ماوەیەک بۆم دەگێڕانەوە من لە لادێ ئەسپێکم هەیە، زۆر جوانە و غاری پێ دەدەم… دەچمە ناو ئەو کێوانە و بەچکەگورک لەناو ئەشکەوتەکان دەدۆزمەوە… دایکوباوکی بەچکەکان دوام دەکەون، بەڵام من تیژتر غار بە ئەسپەکەم دەدەم… ئەنجام دەیانهێنمەوە ئاوەدانی و بە خێویان دەکەم… ئەوان هەستیان لە خۆیان دەبڕی و تەنیا گوێیان دەگرت، هاوکات دیمەنەکانیان دەهێنایە بەرچاو و موچووڕکیان پێدا دەهات، بێ ئەوەی یەکێکیان لێم بپرسێت ئایا ئەو لادێیە ناوی چییە و کەی دەچیتە ئەوێ…؟! ئەرێ تۆ باوکت ڕێگات نادات تاکو سەری کۆڵان بڕۆیت، ئەی چۆن دەگەیتە ئەو کێوانە…؟! نەیاندەپرسی، نەبادا ئەو دنیایەی هێناویانەتە بەرچاویان وەکو تەم بڕەوێتەوە، کە سەرتاپێی لەسەر خەیاڵ دامەزراوە… سەیرەکە ئەوەیە من کاتێ ئەوانم بەو شێوەیە دەبینی، کە متەقیان لە خۆیان بڕیوە و کاریگەریی چیرۆکەکان لەسەر سیمایاندا دەرکەوتووە، خۆیشم خەیاڵەکانی خۆمم لێ دەبوونە ڕاستی و بە هەمان ئەندازەی ئەوان باوەڕم بەو هەڵبەستنانەی خۆم دەکرد… هێندەی ئەوان دەترسام و چێژم دەبینی، بەڵام جارێکیان بۆ کۆمەڵێک منداڵم باس دەکرد، کە من دەتوانم مرۆڤ بە بچووکی لەسەر دەستم بخوڵقێنم و ئەوانە هەر بە ڕاستییش گیانیان لە بەر بێت، بەڵام ئەوان باوەڕیان بەوە نەدەکرد، بێ ئەوەی پێم بڵێن ئادەی پێشانمان بدە… تەنیا دەیانگوت: ((درۆیە، درۆیە…!! ئەمە درۆیەکی زۆر گەورەیە…!!))… لە دۆخێکی زۆر نالەباردا بووم… باش بوو (کەمال عوسمان)ی هاوڕێم گوتی: ((ڕاست دەکات و من بە چاوی خۆم دیومە))… ئیتر لەمەوە وازیان لێ هێنام، بگرە چووە ئەقڵیان، بە تایبەتی (کەمال) بە حوکمی کەسوکارەکەی لەناو منداڵان ئۆتۆریتەیەکی گەورەی هەبوو و گوێی لێ دەگیرا… ئەمساڵ لە کوردستان (کەمال عوسمان) و من لەگەڵ هاوڕێیانمان (دلۆڤان محەمەد سەرسپی) و (نەوزاد زانکۆ) باسی ئەو شتانەمان دەکرد و وامان لێک دەدایە، کە دوور نییە ئەم بە ڕاستی ئەوانەی دیبێ، چونکە یەکەم، زۆر بە گێڕانەوەکانی من سەرسام بوو و دووەم، لەو تەمەنە منداڵ ناتوانێت جیاوازی لەنێوان خەیاڵ و واقیعدا بکات… دەشێ هاتبێتە بەرچاوی و وای زانیبێت ڕاستییە… من دەبووایە لە ڕێگای گێڕانەوەوە ئەو ئۆتۆریتەیە بە دەست بهێنم، کە هەندێک لە هاوڕێیەکانم بە هۆی خانەوادەکانیانەوە هەیانبوو… من تەنیا بووم، بێکەس بووم و هیچ بەهرەیەکم لە خۆمدا شک نەدەبرد… بۆ ئەوەی گوێم لێ بگیرایە، دەبووایە چیرۆک هەڵببەستم و تا بکرێت بە شێوەی سەرنجڕاکێش بۆیان بگێڕمەوە، چونکە نەمدەتوانی لەو پەراوێزەدا بژیم و بەرگەی ئەو ژیانە سارد و بێدەنگەم نەدەگرت… چیرۆک لای من تەنیا مانای دۆزینەوەی ڕێگا بوو بۆ ڕزگاربوونم لەو ئەشکەوتە تاریک و لاتەریکە و گەیشتنم بەو بەرزاییەی، کە هەر چاوێک دەیتوانی، (بگرە هەر دەبووایە) بمبینێت، تاکو واز لە هەموو شتێک بهێنێت و بزانێت یەکێک هەیە دەیەوێت بەسەرهاتی خۆیی بۆ بگێڕێتەوە… پێشتریش گوتوومە، کە هەرگیز نەمدەزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبمە چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، کە ئەمە بۆ هەموو نووسەرانی دنیایش ڕاستە و هیچ کەسێک ناتوانێت گریمانی ئەوە بکات، کە لە ئاییندە دەبێتە نووسەر… ئەوە جۆری ئەو تێڕوانین و سەرنجانەمانە بۆ ئەم دنیایە بەو ئاڕاستەیەماندا دەبات… من بە منداڵی ژیانێکی زۆر سەختم چ لەناو خێزان و چ لە قوتابخانەدا بە سەر بردووە، بۆیە ئەگەر بڵێم باوکم و هەندێک لە مامۆستاکانم منیان کردە نووسەر و بە تایبەتییش نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە، ئەوا هەست ناکەم بە هەڵەدا چووم… من چ لە کتێبی (منداڵیم ئاسکێک بوو بە سەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد) و چ لە گفتوگۆکانیشمدا کەم و زۆر باسی ژیانی منداڵیی خۆمم کردووە، بەڵام ئێستا ئێوە منداڵێک بهێننە بەرچاوتان، کە باوکی ڕێگای هەموو شتێکی لێ دەگرێت، بێجگە لە کتێبی قوتابخانە… دەبێت بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و نووسینەوە بێت… ئەو منداڵەیش ڕقی دنیای لە هەر شتێکە، کە دوور و نزیک پێوەندیی بە قوتابخانەوە هەبێت… لە ماڵ و لە کلاسی خوێندن بەردەوام دنیایەکی دیکەم دەهێنایە بەرچاو، جیاواز لەو دنیایەی تێیدا دەژیام… وەک لە گفتوگۆیەکمدا گوتوومە من کە بستێ خاکی ئەم واقیعەیان پێ ڕەوا نەبینیم، دنیای گەورەی خەیاڵم کردە هیی خۆم… منی منداڵ، کوڕی باوکێک، کە تەنیا دەیزانی نان پەیدا بکات و شەق بوەشێنێت، دنیام هەندێک لەو ڕووبەرە گەورەتر دەبینی، کە لێم دیار بوو، بەڵام بەردەوام دنیایەکی دیکەم دەهێنایە بەرچاوم… دەمگوت دەبێت کەسانی دیکەی وەک ئێمە هەبن، بەڵام لە شوێنێکی دوورن… هێندە دوورن ئێمە پێیان ناگەین… وام دەهێنایە بەرچاوم، کە کەسێکی دیکەی وەک من هەیە لەو دنیایە و بە هەمان شێوەی من دەژیێ، بەڵام هاوکات یەکێکی دیکە هەیە ڕێک پێچەوانەی منە… کەسێکی ئازادە، نە لێدان دەخوات و نە ڕێگای هیچی لێ دەگیرێت… لەو درزانەی دیوار ورد دەبوومەوە، یان کاتێ ئاو لە حەوشە دەڕژا و نەخشی سەیر سەیری دروست دەکرد، من لێیان ڕادەمام و لە ناویاندا ون دەبووم، بەڵام خۆم لە دنیایەکی دیکەدا دەدۆزیەوە… نەمدەزانی زمانی من ناوی چییە، نیشتیمانم چۆنە و بە چ ناوێک بانگ دەکرێت، لەسەر نەخشەی جیهان چەند سانتیمەتری داگیر کردووە و سنوورەکانی لە کوێ دواییان دێت، بەڵکو دنیام بەو جۆرە دەبینی، کە خۆم لە ڕێگای خەیاڵەوە خوڵقاندبووم… ئێستایش لە نووسیندا گوێ بەوە نادەم ئەو زمانەی پێی دەنووسم چییە… باوەڕم وا نییە بوونی زمانەکان مانای گەورەییی مرۆڤ و دنیا بگەیەنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دنیا بچووک بووەتەوە و بووەتە زمانی عەرەبی، بچووکتر بووەتەوە و بووەتە زمانی ئینگلیزی، بچووکتر بووەتەوە و بووەتە زمانی دانمارکی… بچووکتر بووەتەوە و بووەتە زمانی کوردی… بچووکتر و بچووکتر و بچووکتر بووەتەوە و سەدان زمانی دیکەی لێ کەوتووەتەوە… هەر بەم شێوەیە زمانەکان هەموویان بچووکن و یەکێکیان لەوی دیکەیان گەورەتر نییە، بەڵام زمان هەیە هەوڵ دەدات خۆی گەورە بکاتەوە و هەیە دەوەستێت، یان هێندەی دیکە خۆی بچووک دەکاتەوە.

منی منداڵ، کوڕی گەڕەکی سەیداوەی تێکەڵ لە کۆن و نوێ، ئەگەرچی شەرمن بووم، بەڵام چێژێکی سەیرم لە جوانیی سیمای مرۆڤ دەبینی، بە ڕادەیەک ئەو چێژە ئازاری دەدام، بەوەی نەمدەتوانی ئەو جوانییە بکەمە هیی خۆم و بەربەستێکی گەورەم لەنێوان ئەو و خۆمدا هەست پێ دەکرد… لەناو ئەو وەهمەدا دەژیام، کە مرۆڤ جوانترین بوونەوەرە… ئەو چێژەم هێندە گەورە بوو، بە ڕادەیەک وام دەزانی ئەوان هەستم پێ دەکەن و ئاگایان لێمە چۆن سەرنجی قووڵ قووڵیان لێ دەدەم، لە کاتێکدا بۆم نییە وا بکەم… ئەمە وای لێ دەکردم هەمیشە بە دزی لێیان بڕوانم، کە ئەو ڕوانینە ناڕاستەوخۆیە دەبووە هۆی ئەوەی خۆم لە ڕێگای خەیاڵەوە بیانبینم و بە دوای ئەو نهێنیانەیاندا بگەڕێم، کە لە من شاراوەن… بە مانایەکی تر دەبووایە ئەو بەشە نەزانراوەیان بە شێوەی چیرۆک بۆ خۆم بگێڕمەوە… هەندێجار تراجیدیا بوو و هەندێجار کۆمیدیا… پێشتریش گوتوومە چه‌ند لێدانم به‌ ده‌ستی باوکم و مامۆستاکانم خواردبێت، هەموویان پێوه‌ندییان به‌و خەیاڵانەوە‌ هه‌بووه‌، که‌ له‌ ماڵ و لە کلاس بۆم هاتوون و نەیانهێشتووە ئاگام لە دەوروبەرم بێت… هەر کاتێ باوکم ئامۆژگاریی دەکردم، من لە خەیاڵی خۆمدا قسەکانیم لێک دەدانەوە و دەبوونە کۆمیدیا… لەناکاو لە قاقای پێکەنینم دەدا… ئەو چونکە لەوە تێنەدەگەیشت، تووڕە دەبوو و دارکارییەکی خەستی دەکردم… لە پۆلیش هەروەها… بۆ نموونه‌ جاری وا هه‌بوو نه‌خشی بلووزی یه‌کێ له‌ هاوپۆلەکانم بۆ شوێنی ئه‌وه‌نده‌ دووری ده‌بردم، که‌ ئه‌گه‌ر زه‌بری داری مامۆستا نه‌بووایه‌، له‌وێ گوم ده‌بووم… له‌ ڕووم نه‌ده‌هات له‌ هاوپۆله‌کانم بپرسم ئاخۆ خوشکیان هه‌یه…‌ ئه‌گه‌ر هه‌یانه‌، ته‌مه‌نیان چه‌نده…‌؟ شێوەیان چۆنە…؟ جلی چۆن ده‌پۆشن…؟ قژی دایکیان درێژه‌، یان کورت، بەڵام خۆم دەمهێنانە به‌رچاو… کاتێکم ده‌زانی وا له‌ناو ماڵیانم… به ‌ئاره‌زووی خۆم له‌ ژووره‌کان ده‌گه‌ڕام و کەلوپەلەکانم دەپشکنی… دووباره‌ مامۆستا به ‌ئاگای ده‌هێنامه‌وه‌… من ئه‌گه‌رچی وه‌کو جه‌سته‌ له‌و پۆلە بووم، بەڵام لە خەیاڵی خۆمدا‌ وانه‌یه‌کی جیاوازم له‌ هیی هاوپۆله‌کانمم ده‌خوێند و هه‌ر خۆیشم مامۆستای خۆم بووم… دیمه‌نی سه‌یر سه‌یرم له‌و شتانه‌ پێک دەهێنا، که‌ خۆیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا زۆر ئاسایی بوون، بەڵام من بۆ شێوه‌ی دیکه‌ی نائاساییم ده‌گۆڕین… هه‌ندێکجار هێنده‌ کۆمیدی بوون، که‌ نه‌مده‌توانی به‌ر له‌ شاڵاوی ئه‌و پێکه‌نینه‌ گه‌وره‌یه‌ بگرم، ده‌ته‌قییه‌وه‌ و دارکاری ده‌کرام، بەڵام هه‌ندێکجاریش به‌ شێوه‌یه‌ک تراجیدی بوون، دەیانگریاندم… ئەو سێ ڕەگەزە، هێنانەبەرچاو، کۆمیدیا و تراجیدیا لە نووسینی ئەدەبی گێڕانەوەدا زۆر گرنگن و بەردەوام کۆمەکی منیان کردووە… واتە کاتێک وێنەیەکم لە واقیع بینیوە، ویستوومە شتی دیکەی بۆ زیاد بکەم، زەمەنەکەی بگۆڕم، لە شوێنی خۆی دوور بخەمەوە و تێکەڵی کۆمەڵێک وێنەی ناو خەیاڵمی بکەم… (داڤید هێربێرت لۆرانس) لە سەرەتای ڕۆمانی (دۆستی لەیدی چاتەرلی)دا دەڵێت: ((سەردەمەکەمان لە جەوهەردا تراجیدییە، بۆیە نابێت بە تراجیدی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین))… منیش باوەڕم وایە وەکو چۆن تراجیدیا ڕێگایەکە بۆ بینینی دنیا، ئەوا کۆمیدیایش ڕێگایەکی دیکەیە و هەردووکیشیان لە بنەڕەتدا یەکێکن… ئەگەر تراجیدیا لە سەردەمی زوودا، بە تایبەتی لای گریگەکان لە ململانێی نێوان مرۆڤ و خواوەنددا ڕەنگی دەدایەوە وەک لە ئۆدیپ و سیزیفدا دەیبینین، ئەوا لە ڕۆماندا، کە بەرهەمی دنیای نوێیە، لە ململانێی تاک جارێک لەگەڵ خودی خۆی و جارێکی تر لەگەڵ کۆمەڵگادا دەردەکەوێت… مرۆڤی مۆدێرن، کە غەرقی نیگەرانی، دڵەڕاوکێ، تەنیایی و نامۆییە، ئەو مرۆڤەیە، کە ڕۆماننووس ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەموو خەسڵەتەکانی تراجیدیای لە خۆیدا هەڵگرتووە… مادام ڕۆمان دەتوانێت فرەدەنگی بهێنێتە کایەوە، ئەوا دەبێتە زەمینەیەک بۆ دەرخستنی ئەو خەسڵەتانە… (نیتشە)، کە تا سەر ئێسقان بە تراجیدیای گریکی سەرسامە، لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا پێی وایە تراجیدیا نەک هەر ڕێگای بەرگرییە لە مەرگ، بەڵکو سەرچاوەی ژیانی ئەبەدییە و ئاڕاستەیە بۆ ئاسۆ نەزانراوەکان، بەوەی وامان لێ دەکات چێژ لە ئازار ببینین… دەکرێت بڵێین تراجیدیا شوناسی سۆپەرمانی (نیتشە)یە… واتە تراجیدیا ئەو ڕێگایەیە، کە بەرزەمرۆڤ خۆی پێ لە کەسانی ئاسایی جیا دەکاتەوە… ئەگەر (شۆپێنهاوێر) و (نیتشە) لەبارەی چەمکی تراجیدیاوە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، ئەوا لەوەدا یەک دەگرنەوە، کە تراجیدیا بزوێنەری ئیرادەی مرۆڤە… هەموو قووڵبوونەوەیەک لە بیرکردنەوەدا قووڵبوونەوەیە لە تراجیدیادا، بگرە بیرکردنەوە هەر خۆی پرۆسێسێکی تراجیدییە… ڕۆمانە هەر گرنگەکانی دنیا ئەوانەن، کە بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ تراجیدیادا کردووە… تراجیدیا لای من وێنەیەک نییە لە دەرەوە هاتبێت، بەڵکو خودی ڕاستەقینەی خۆمە و بووەتە زمان و بیرکردنەوەم… بە بێ تراجیدیا ناتوانم نە خودی خۆم و نە دەرەوەیش هەست پێ بکەم… هیچ کارەکتەرێکم نییە بە تراجیدیا لە دایک نەبووبێت، بە تراجیدیا پێوەندیی بە دنیاوە نەکات و بە تراجیدیا لە کات و شوێن نەڕوانێت.

دیوەکەی دیکەی تراجیدیا، کۆمیدیایە… کۆمیدیا بەوە دەناسرێتەوە، کە لەناکاو و بێ هیچ پێشەکییەک دەردەکەوێت… هەرکە دەریشکەوت سیستێمەکان تێک دەدات… هەر حیکایەتێک بگریت لەسەر کۆمەڵێک پایەی سێسنیبڵ (مەعقول)دا وەستاوە، کە ئەوانە حیکایەت دەکەنە ڕاستییەکی چەسپاو، بەڵام کۆمیدیا ئەو پایانە دەڕووخێنێت و بونیادی حیکایەت هەڵدەوەشێنێتەوە… هەر لەبەر ئەوەیە کۆمیدیا لە فانتازیا نزیک دەبێتەوە… هەموومان چیرۆکی ئەو باوکەمان بیستووە، کە دەیەوێت لە ڕێگای حەوت شولکەکەوە کوڕەکانی فێری تەبایی و یەکییەتی بکات… کاتێ حەوت شولکەکە بە یەکەوەن، بە کەسیان ناشکێن، بەڵام تاک تاک بە ئاسانی دەیانشکێنن… باشە با وای بێنینە بەرچاومان کوڕی یەکەم کاراتێیە و ئاوا دەکات، دەیشکێنێت… ئەوسا چی ڕوو دەدات…؟ پایەکانی حیکایەت دەڕووخێن و بونیادی حیکایەت هەڵدەوەشێتەوە.

کۆمیدیا میکانیزمێکی به‌رگرییه‌ له‌ دژی هه‌ر دەستەڵاتێک، که‌ کۆنترۆڵمان ده‌کات… ئێوە سەیر بکەن له‌ پۆل به‌ شتی وا قاقا لێ دەدەین، که‌ مه‌حاڵه‌ له‌ کاتی ئاساییدا به‌و شتانه‌ هەر پێبکه‌نین… ئه‌مه‌ بۆچی…؟ چونکه‌ مه‌به‌ستمانه‌ خۆمان له‌ کۆنترۆڵی مامۆستا ڕزگار بکەین… یان له‌ پرسه‌کان بێ ئه‌وه‌ی بزانین هۆکار چییه‌، پێکه‌نیمان دێ، چونکه‌ ئێمه‌ کۆنترۆڵ کراوین… له سه‌رمان کراوه‌ خۆمان خه‌مبار پێشان بده‌ین، بۆیه‌ له‌ ڕێگای کۆمیدیاوه‌ له‌ژێر ئه‌و کۆنترۆڵه‌ دێینه‌ ده‌رێ… بە گشتی ئەوانی دیکە بۆ ئێمە کۆنترۆڵن و دەمانەوێت لە ڕێگای نوکتەوە خۆمانیان لێ ڕزگار بکەین… ئێمە لە سەردەمی هەرزەکاریدا خەون و زیندەخەو بە هاوسەرێکەوە دەبینین… وای دەهێنینە بەرچاو تاکو بەیانی لەسەر ئەو تەختی نووستنە لە باوەشی دەگرین، کەچی کاتێ ئەو خەونە دەبێتە ڕاستی، هەست بە کۆنترۆڵێکی گەورە دەکەین… هەتا پشت لەو هاوسەرەمان نەکەین، خەومان لێ ناکەوێت، چونکە ئەو پێوەندییە جۆرێکە لە کۆنتڕۆڵ و ناچارت دەکات، خۆت وا پێشان بدەیت خۆشت دەوێت.

من خۆم بە کۆمیدیا دەستم پێ کرد… سەرەتا شیعری پێکەنیناویم لەبارەی خەڵکی گەڕەک و مامۆستاکانمەوە هەڵدەبەست و دواییش هەر لە شێوەی نوکتە شتی کورت کورتم دەنووسی، بێ ئەوەی ناوی چیرۆکیان لێ بنێم… زۆربەشیانم لە ژیانی ڕۆژانەی خۆم و هاوڕێکانم وەردەگرت و دەستکاریم دەکردن… ساڵی هه‌شتا له‌ باخی گڵکەند دووربینێکم دۆزیه‌وه‌ و تا بڵێی به‌وه‌ دڵخۆش بوووم… زۆریش ده‌ترسام له‌گه‌ڵ خۆمی ببه‌مه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وسا دووربین قه‌ده‌غه‌ بوو… به ‌هه‌رحاڵ بردمه‌وه‌، بەڵام به ‌داخه‌وه‌ دووربینێکی زۆر ئاسایی بوو،‌ شتی نه‌ نزیک ده‌کرده‌وه‌ و نه‌ دووری ده‌خسته‌وه‌… ئینجا بیرۆکه‌ی ئه‌و دووربینه‌یشم کرده‌ نوکته‌یه‌ک، که‌ کوڕێک ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ دووربینێکی سیحریی هەبێت و هه‌موو دنیای پێ ببینێت… کاتێ دەزانێت لە سەربازگەیەک دووربینێکی لەم شێوەیە هەیە، شەوێک گیانی خۆی دەخاتە مەترسی و دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بیدزێت… پلانەکەی سەر دەگرێت، بەڵام ئەو ئامێرە‌ هه‌ر ناوی دووربینه‌، ئه‌گینا ناتوانێت هیچ شتێکی پێ ببینێت… هه‌رچه‌ند به‌ چاویه‌وه‌ ده‌نێت و بۆ دوور ده‌ڕوانێت، هیچ نابینێت… چه‌ند ڕۆژێکی پێ ده‌چێت، خه‌ڵکی زۆر دوور به‌ لێشاو دێن و لای باوکی سکاڵا ده‌که‌ن، که‌ کوڕه‌که‌یان سه‌یری کردوون… تمه‌ز ئه‌وان له‌ دووره‌وه‌ بینیویانه‌، که‌ ئه‌و کوڕه‌ به‌ دووربین سه‌یری کردوون، بەڵام خۆی که‌سی نه‌بینیوه‌… هەندێکیان ژن بوون و لەو کاتەی لە حەمام خەریکی خۆشۆرین بوون، ئەو بەو دووربینە سەیری کردبوون… کاتێ ئەمانەم بۆ هاوڕێکانم دەگێڕایەوە، ئەوان قاقایان لێ دەدا و منیش شانازیم بە خۆمەوە دەکرد، کە توانیومە بە پێکەنینیان بهێنم، بەڵام براده‌رێکمان، که‌ له‌ خۆمان گه‌وره‌تر بوو و زۆر خوێنه‌رێکی باشیش بوو، ئەوسا ئێمە لە سێی ناوەندی بووین، ئەو لە شەشەمی ئامادەیی بوو، گوتی ئه‌مه‌ هیی خۆت نییه‌، به‌ڵکو هیی نووسه‌رێکی ئینگلیزه‌ و ناوی (جاک هیلمان)ه‌… من چونکه‌ سوور ده‌مزانی خۆم دامناوه‌، گوتم ده‌ باشه‌ ئه‌و چیرۆکه‌م بۆ بهێنه‌ با بیخوێنمه‌وه‌… گوتی ئاخر به‌ ئینگلیزی هه‌یه‌ و نه‌کراوه‌ته‌ کوردی و عه‌ره‌بی… ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و‌ ئینگلیزییه‌کی پێرفێکتی ده‌زانی، بۆیه‌ که‌وتمه‌ گومانه‌وه‌ تۆ بڵێی هیی ئه‌و نووسه‌ره‌ بێت و من بیستبێتم، که‌ وام زانیوه‌ هیی خۆمه‌…!! دوایی بۆم ده‌رکه‌وت هیچ نووسه‌رێک به‌ ناوی (جاک هیلمان) بوونی نییه‌، به‌ڵکو ئه‌و کوڕه‌ حه‌زی نه‌ده‌کرد که‌سمان شت بزانین.

من دەستم بۆ هەر هونەرێک دەبرد، بە هۆی نەبوونی کاتی پێویست، نەمدەتوانی درێژەی پێ بدەم، چونکە لەگەڵ خۆرئاوابووندا، نەخێر زووتریش، دەبووایە لە ماڵ بم، ئەگەرچی هیچ شوێنێکم هێندەی ماڵ پێ ناخۆش نەبوو… دەچوومە سینەما، ئاخر شێتی بینینی فیلم بووم، بەڵام کۆتاییی زۆربەی ئەو فیلمانەم نەدیوە، چونکە دەترسام دەرەوەیش وەک ناو هۆڵی سینەما تاریک داهاتبێت، بۆیە دەهاتمە دەرێ، بە تایبەتی زستانان، کە ڕۆژ پێچەوانەی حەز و خولیاکانی من، کورت بوو… هەندێجار دەمبینی دنیا هێشتا ڕووناکە… ئینجا داخم بۆ ئەوە هەڵدەکێشا، کە فیلمەکەم تا کۆتایی نەبینی… نەمدەزانی ڕقم لە ڕۆژ بێت، کە هێندە زوو ئاوا دەبێت، یان لە شەو، کە ئەوەندە خێرا دێت، یان لە هەردووکیان کە واز لەو یارییە بێتامە ناهێنن و منی پێ هەراسان دەکەن… ئەم دەست و ئەو دەستم دەگرن و بۆ ماڵەوەم دەبەنەوە، تاکو دەمخەنە ناو چنگی باوکم… ئەوسا لە من و لە یەکتریش جیا دەبنەوە… هەر دەڵێی بۆ ئەوە یەکیان گرتووە، تا ئەو کارە لەگەڵ من بکەن… شەو تەنیا دەمێنێتەوە و لە بەردەرگای ئێمە وەک ئێشگر دەوەستێت، نەبادا سەرێ لە کۆڵان بکێشم… ڕاستییەکەی خودی سینەما لە لایەن باوکمەوە قەدەغە نەکرابوو، ئەو دەیزانی من دەچمە سینەما و لە ماڵەوە ڕووداوی فیلمەکانیشم دەگێڕایەوە، بەڵکو ئەوەی قەدەغە بوو، ماڵ بوو، کە لەگەڵ خۆرئاوابووندا دەرگای دادەخرا… نازانم چ خۆشییەکم لەو ماڵە دەبینی، تاکو لە داخستنی بترسم…!! ئەرێ بۆچی هەرگیز ئەو بڕیارەم نەدەکردە ڕاستی، کە دەمویست سەر هەڵبگرم و تا ماوم ڕوو لە ماڵی ئاوا نەکەمەوە…؟ من هەمیشە خۆم کۆتاییم بۆ فیلمەکان دادەنا، کە جیاواز بوون لەگەڵ ئەوانەی نووسەر و دەرهێنەرەکان دایان نابوون و بۆ بەیانییەکەی لە زمانی هاوڕێیەکانمەوە دەمبیستن… سەیرەکە ئەوەیە بەوە ناسرابووم، کە دەتوانم لە چاو ئەکتەرەکان بکەمەوە، بە تایبەتی هیی (کلینت ئیستوود) و (ئیلی والاش)… ماوەیەک زۆر سەیر و شێتانە بە وەرزشەوە گرتبووم و لە تیمێکی فوتبۆڵ وەرگیرابووم، بەڵام ڕاهێنەرەکەم دوای یەک دوو ئاگادارکردنەوە، دەریکردم، چونکە تا کۆتاییی یارییەکە، یان مەشقەکە نەدەمامەوە، ئەگەرچی کاتێ ئەو ستادیۆمەم جێ دەهێشت، دەتگوت منداڵێکم تازە پێم گرتووە و دایکم جێ دەهێڵم… ڕاهێنەرەکەم هەقی بوو… کۆیلە و یاریی فوتبۆڵ، کۆیلە و سینەما، کۆیلە و زۆر هونەری دیکەیان نەگوتووە…!! من نووسین، بە تایبەتی ئەدەبی گێڕانەوە لە کۆیلایەتی ڕزگاری کردم، بۆیە یەکەم شوێن دوای ئازادبوونم بۆی گەڕامەوە، هەر منداڵیم بوو، چونکە لەوێ بە دیل گیرابووم و دوور خرابوومەوە.

دواجار دەڵێم منداڵی بۆ من ئەو ڕوانگەیەیە، کە دەتوانم لێیەوە هەموو ئاستەکانی زەمەن و سەرجەم ڕەهەندەکانی شوێن ببینم، بۆیە زۆربەی گێڕانەوەکانم ئەگەر لەوێیشەوە دەست پێ نەکەن، ئەوا هەر بەوێدا تێدەپەڕن.

 

* وەڵامی پرسیاری گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ)یە. لە کوڕێکی (ماڵی وەفایی)شدا خوێندراوەتەوە.

 

 

کاروان عومەر کاکەسوور

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.