سەیر دەبوو ینک هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی لەم خەوە شیرنەی بە خەونیکی وا هەڵبزڕکاو وەئاگا هینابایەوە!
ئەگەر چی ینک هەر لەگەڵ لە دایک بوون و چاوهەڵینانی، وەک پەرچەکرداری ئاشبەتاڵ و هەرەسی ٧٥ خۆی پیناسە دەکرد، هەر بەم هەناسەیەش هاتە گۆڕەپانی شەڕی چەکدارانەی شاخ و ڕەگەزی بنەڕەتی و پیکهاتەی سەرەکی سەرکردایەتیەکەی لە هەمان مەکتەبی سیاسی دابڕاو و ڕاونراو لەلایەن بارزانی باوک، سەرۆکی دەستڕۆیشتووی ئەوسای پدک- عێراق لە ئەوێ ڕۆژیی شەستەکانەوە هاتبوو. ئەگەرچی لە دریژەی شەڕەکانی ناوخۆی شاخ و شارەکان وەک ڕکابەر و ڕەخنەگری توند و سەرەکی پدک کاری دەکرد. بەڵام دوای هەڕەفانی ڕژیمی بەعس و بە ناو ئاشت بوونەوەی گشتی نیوان خۆیی و پدک و دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەمانی پەنجا بە پەنجا، دواتریش ڕیککەوتنە بەناوبانگە ستراتیژیەکەی، ئیتر بوو بە هۆکاریکی بنەڕەتی بەهیز، بۆ هەرچی زۆرتر بە هێز بوونی پدک لە واری سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ڕێکخستنەوە، حەزی ئاگراوی تاڵەبانی سکرتێری گشتی ینک بۆ کورسیەکەی بەغدا و ناسنامەی سەرۆک کۆماری خاڵێکی تری وەرچەرخانی ئەم گۆڕانکاریانە بوو، بە قازانجی پدک، بە کورتی و بە کوردی بەکردەوە گۆڕەپانەکەی بۆ پدک بە جێهێشت، چاوپۆشی لە هەموو شتێک کرد، بۆ لە دەست نەدانی پۆستی سەرۆک کۆماری، هەر لەبەر هەندێ ینک ڕۆژ بە ڕۆژ تووشی دابڕان و دابڕ دابڕبوون و لاوازی هات، پارتیش تا دەهات هیز و توانای خۆی لەم بۆشایی و پاشاگەردانییە بە دەست دەهێنا، جودا بوونەوەی گۆڕان و دابڕکردنی بەشێک لە کادیر وئەندامانی ینک هێندەی تر ینکی شپرزە و لاواز کرد، پارتی گۆڕەپانی ململانێی نێوان خۆیی و ینکی ڕاسپاردە گۆڕان و بوو بە سەیرکەری گەمە سیاسییەکە و هەندێ جاریش ناوبژیوان. ئەو ئاشبەتاڵەی لەلایەن تاڵەبانی دەستی پیکرا بوو لە ٣٠ی حوزەیران لە لایەن خەلیفەکانی دوای خۆی دوا سەنگەری بەرگری بەجێهێشت و پرۆسەی ئاشبەتاڵی بە گوڕ و تاوتر پراکتیزە کرد، بە پێی پیشبینی زۆربەی چاودیرانی سیاسی ئەمڕۆ تاقە ئەلتەرناتیڤ لە بەردەم ینک سەنگەر گۆڕین و هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە، چ لە دەرەوەی دەسەڵاتی پدک ئەگەر پدک توانی و کارای لەگەڵ هەندێ پارتی تر حکومەت ڕابگەیەنێ، یا ئەگەر پدک لە پیکهینانی حکومەت شکستی هینا و پاشەکشەی کرد، ئەوا بەشداری حکومەتی نوێ ی ئۆپۆزیسیۆن بێ، ئەمەش ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن ڕێچکەیەکی تر نەگرێ!!