چه‌ند مێژوو و چه‌ند ناوێكی تایبه‌تمه‌ند و جیاكار له نه‌خشه‌ی شیعری نوێی كوردیدا
(1)
پاش ئه‌و شۆڕشه شییعرییه‌ی (گۆران) ڕایگه‌یاند و پێشه‌نگایه‌تی كرد به به‌شداری له‌گه‌ڵا شاعیری نوێخواز (شێخ نووری شێخ ساڵح)، زۆر له سه‌رچاوه‌كانی ڕۆشنبیری كوردی به تیوری داڕێژه‌ری ئه‌و شۆڕشه‌ی داده‌نێن و لای خۆیه‌وه (گۆران)یش ئه‌و پێشه‌نگایه‌تییه‌ی (شێخ نووری شێخ ساڵح) له‌و شۆڕشه‌دا ناشارێته‌وه و ڕه‌تیشی ناكاته‌وه، كه له كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له جوگرافیای شیعری كوردیدا سه‌ری هه‌ڵدا و تا ڕاده‌یه‌ك له لاسایی كردنه‌وه‌ی چه‌ند باره و له‌و كێش و سه‌روایه‌ی ڕزگار كرد، كه به هۆی دووباره‌كردنه‌وه و جوینه‌وه‌وه سوابوون، پاش ئه‌و شۆڕشه شیعری كوردی دووچاری سستی و دامركان هات و هیچ ناوێكی شیعری هاوچه‌رخی (گۆران) و (شێخ نووری شێخ ساڵح)، یان پاش ئه‌وان ده‌رنه‌كه‌وت تا كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو نه‌بێت، له‌و ناوانه‌ی، كه سه‌رنج به‌لای خۆیاندا ڕابكێشن ته‌نیا هه‌رئه‌ودوو شاعیره نه‌ته‌وه‌ییخوازه ناسراون (كامه‌ران موكری) و (محه‌مه‌د ساڵح دیلان) ، به‌ڵام هه‌ر لاسایی شێوازی (گۆران) و ئامرازه شیعرییه‌كانی ئه‌ویان ده‌كرده‌وه و بیریان له‌وه نه‌كرده‌وه شێوازی (گۆران) و شێوه شییعرییه‌كانی تێپه‌ڕێنن. بۆیه شیعری كوردی (وێڕای زۆری ژماره‌ی شاعیران و ئه‌وانه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌كێشا و لافی شیعر و میعریان لێ ده‌دا)، هه‌ر له شوێنی خۆیدا چه‌قیبوو، یان با بڵێین هه‌ندێك جار به هه‌نگاوی خێرا به‌ره‌و دواوه پاشه‌كشێی ده‌كرد، ئه‌وه‌یش شتێكی سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێوازی نوێخوازانه‌ی (گۆران) و چامه‌كانی، كه مۆركی نوێی شیعریان له‌خۆ گرتبوو، بوون به هۆی بێزاری زۆر له خوێنه‌ران و شاعیره هاوڕێبازه‌كان، ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گرێكی ناوداری ئه‌و قۆناغه (ڕه‌فیق حیلمی) جارێكیان سه‌باره‌ت به یه‌كێك له چامه‌كانی (گۆران) وتارێكی نووسی تێیدا گوتبووی: ئه‌گه‌ر ئه‌م چامه‌یه له نووسینی (گۆران) نه‌بووایه ئه‌وه په‌سه‌ندمان نه‌ده‌كرد. ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه ڕووپۆشراوه جۆره پیرۆزكردنێكی هه‌موو شتێكی كۆن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی نوێ له‌خۆده‌گرێت. له ئاكامی ئه‌و مشت‌ومڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌مه قاڵێ و ڕه‌خنه بازاڕییانه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا (گۆران) نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ شێخی شاعیران و نووسه‌ران، ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی ئاگادار له ئه‌ده‌بی تورك و فارس و عه‌ره‌ب و ئه‌وروپا (پیره‌مێرد) كرد، تێیدا تكای لێ كرد لای ئه‌وه‌وه ددان به چامه‌كان و به شێوازی نوێی شیعرییدا بنرێت و ڕه‌گه‌زنامه‌ی شه‌رعی و یاسایی پێ ببه‌خشرێت، چونكه به بێ ددان پێدانانی ئه‌و شێوازه‌كه‌ی به (بیژی ـ زۆڵا) داده‌نرێت و كه‌س له جوگرافیای شیعری كوردیدا ددانی پێدا نانێت.
ئه‌وه‌بوو شێخی كۆنه پیشه‌گه‌ر و تێراو به ڕۆشنبیری نوێی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆی، ناسنامه‌ی كه‌سی و بڕوانامه‌ی شه‌رعی و یاسایی له‌دایكبوونی به چامه‌كانی (گۆران) به‌خشی. له‌م خاڵه‌یشه‌وه ناشێت ناوی شێخی شاعیران و ڕۆشنبیرانی ئه‌و سه‌ردمه (پیره‌مێرد) پشت گوی بخرێت، بۆیه هه‌ر كاتێك ناوی (گۆران)، یان (شێخ نووری شێخ ساڵح) ببه‌ین، ئه‌وه ده‌بێت ناوی (پیره‌مێرد) ببه‌ین، چونكه ئه‌ویش به‌رده‌وام سێیه‌میانه له نوێخوازی شیعری كوردیدا، ئه‌گه‌ر ددان پێدانانی (پیره‌مێرد) نه‌بووایه، ڕه‌نگه ئه‌و شۆڕشه شیعرییه، له ترسی لایه‌نگران و پشتیوانانی كۆن، سه‌ری نه‌گرتایه، یان پاشه‌كشێی بكردایه. له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌یشدا من نهێنییه‌ك ئاشكرا ناكه‌م، ئه‌گه‌ر بڵێم (گۆران) زۆر له بڕگه‌كانی شۆڕشه شعرییه نوێخوازییه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد و ته‌نیا تازه‌كردنه‌وه‌یه‌كی سنووردار و له چوارچێوه‌ی بازنه‌یه‌كی سنوورداردا ئه‌نجام دا ئه‌ویش خۆی له نێوان نوێ و كۆندا ده‌نوێنێت. هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیه‌تی نوێی خسته ڕوو و ده‌سته‌به‌رداری جۆره مۆركێكی شیعری كۆن بوو، ئه‌ویش بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی هه‌ندێك پردی دۆستایه‌تی له نێوانی و نێوان لایه‌نگرانی كۆندا.
ئاشكرایشه، كه له سه‌رده‌می (گۆران)دا ده‌یان شاعیری جۆره‌كی و هاوڕێباز و ئاسایی هه‌بوون، له‌وانه‌ی هیچ شتێكیان له‌باره‌ی نوێخوازییه‌وه نه‌ده‌زانی، یان هه‌رگیز به‌ر گوێیان نه‌كه‌وتبوو، بیریشیان له تێپه‌ڕاندنی شێوازه باوه‌كانی شیعر نه‌ده‌كرده‌وه، به‌ڵكو به چاوی ڕێز و پێرۆزییه‌وه لێیان ده‌ڕوانی. له ناویشیاندا (گۆران) چوون (عیسا) له ناو (جووه‌كان) و (ساڵح) له‌ناو (سه‌موود)دا بوو، وه‌ك چۆن (موته‌نه‌بی) له هه‌ندێك له چامه نایابه‌كانیدا باسی خۆی ده‌كات.
تا ڕاده‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك له شاعیره‌كان به‌ره‌و كه‌ناری نوێخوازی كشان، به‌ڵام تا دوا هه‌ناسه‌یش ته‌نیا هه‌ر به لاساییكه‌ره‌وه‌ی (گۆران) مانه‌وه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕهێنانه (گۆران) تا سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو لای زۆربه‌ی خوێنه‌رانی شیعری كوردی (نامۆ)، یان (نیوچه نه‌ناسراو) بوو. مه‌به‌ستم له خوێنه‌رانی شیعر، خوێنه‌رانی ئاساییه له‌وانه‌ی ڕۆشنبیرییه‌كی سنوورداریان هه‌یه، چونكه هه‌ندێك له شاعیره میللییه‌كانیان له (گۆران) به‌باشتر ده‌زانی، له‌وانه‌ی سه‌رقاڵی ڕازاندنه‌وه و هۆنینه‌وه‌ی دروشمه حزبی و چینایه‌تی و نیشتمانییه‌كان بوون. بۆیه ئه‌م شاعیره داهێنه‌ره ته‌نیا له ناو هه‌ندێك له ڕۆشنبیر و هۆشمه‌نده‌كاندا ده‌ناسرا، به تایبه‌تی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی پابه‌ندی ئایدیۆلۆژیای چینایه‌تی و ماركسی بوون، به‌ڵام پاش چاپبوونی سه‌رجه‌م شیعره‌كانی به زمانی كوردی، هه‌موو ئاره‌زوومه‌ند و عاشقانی شیعر و لایه‌نگرانی نوێخوازی ئاگاداری چامه‌كانی ئه‌م نوێخوازه پێشه‌نگه‌ی شیعری هاوچه‌رخی كوردی بوون و بوو به ناوێكی ده‌ركه‌وتووی دیار له مێژووی شیعری كوردی به گشتی و مێژووی شیعری نوێی كوردی به تایبه‌تی.
(2)
له كۆتاییه‌كانی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا له ئه‌تڵه‌سی شیعری كوردیدا دوو گرووپی ئه‌ده‌بی سه‌ریان هه‌ڵدا. گرووپی (كفری: له‌تیف حامید، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، فه‌رهاد شاكه‌لی، ئه‌حمه‌د شاكه‌لی.)، گرووپی (ڕوانگه: شێركۆ بێكه‌س، جه‌لالی میرزا كه‌ریم، حوسێن عارف، جه‌مال شارباژێڕی، كاكه‌مه‌م بۆتانی.)، یه‌كه‌مین گرووپ (كفری) یاخیگه‌ری و سه‌ركێشی ئه‌زموونگه‌ری و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌موو شتێكی كۆنیان پێوه دیار بوو. له‌و ڕێبازه‌یشدا له‌ژێر كاریگه‌ری كولتووری ڕۆشنبیری (دادیزم) و (سوریالیزم) و بیرۆكه و هه‌ڵویسته‌كانیاندا بوون، كه شێتایه‌تی و گێچه‌ڵا پێ كردن و مشتومڕی ئه‌ده‌بییان له‌خۆ ده‌گرت، له‌وباره‌وه به‌یاننامه‌ی گرووپی (كفری)، كه له 14ی ته‌ممووزی ساڵی 1971دا بڵاوبووه‌وه، به‌یاننامه‌یه‌ك بوو هه‌موو كه‌له‌پووری ئه‌ده‌بی كوردی زاره‌كی و نووسراوی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه و گاڵته‌ی به‌وه ده‌كرد، كه (به كولتووری ڕۆشنبیری، یان ئه‌ده‌بی) ناو ده‌براو، شیعری كوردی به مه‌یموون ده‌چواند. پێویست بوو ئه‌م مه‌یموونه دواكه‌وتووه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ندامانی گرووپه‌كه ببێته مرۆڤێكی هۆشمه‌ند و هزره‌ڤان، واته گرووپی (كفری) وه‌ك له به‌یاننامه‌ی ناوبراودا ئاماژه‌ی پێ كراوه. ئه‌م گرووپه به شێوه‌یه‌كی نوێخوازانه ده‌یاننووسی و شێتگیرانه به‌رگرییان لێ ده‌كرد و له‌گه‌ڵا ڕێڕه‌و و كاروانه‌كه‌یدا به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاویان ده‌هاوێشت، به شته نه‌رێنی و ئه‌رێنییه‌كانیشییه‌وه.
هه‌رچی گرووپی نوێخوازی (ڕوانگه)یه، ئه‌وه به‌یانامه‌كه‌ی خۆیان له 25/4/1970دا له شاری سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیری كوردی و قه‌ڵای نه‌به‌ردی و پاڵه‌وانیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌ركرد، به‌یاننامه‌كه‌یش به شێوه‌یه‌ك بوو هه‌ندێك لاوازی تێدا به‌دی ده‌كرا، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێك ڕێبازی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرابوو، كه بانگهێشتی بۆ یه‌كگرتن و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد و به‌رگری كردن له ئازادی گه‌ل و نیشتیمان و به‌پیرۆز زانینی كه‌له‌پووری كوردی ده‌كرد، پاشان شۆڕش كردن و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له هه‌ندێك ڕێباز و جۆری سواوی ئه‌ده‌بی و ده‌روازه كردنه‌وه له‌به‌رده‌م نوێخوازی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری له جیهاندا، ئه‌ویش له پێناوی گه‌یاندنی ڕۆشنبیری كورد به‌و لووتكانه‌ی ڕۆشنبیری جیهانی پێیان گه‌یشتووه. به كورتی ده‌توانین به‌یاننامه‌كه‌ی گرووپی (ڕوانگه) به به‌یاننامه‌یه‌كی (نه‌ته‌وه‌یی ـ ڕۆشنبیری) نوێخوازی و نوێكردنه‌وه ناوببه‌ین، كه هه‌موو شتێكی كۆن ڕه‌ت ناكاته‌وه، ئه‌ویش له تێڕوانینێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌وه.
هه‌ردوو گرووپه‌كه له‌لایه‌ن سه‌له‌فییه‌كان و پابه‌ندبووانی ئایدۆلۆژییه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه جۆراوجۆره‌كانه‌وه دووچاری شه‌ڕ و گێچه‌ڵا پێ كردنێكی دژوار بوونه‌وه و له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانی ناودار و نیوچه ڕه‌خنه‌گر و خوێنه‌رانی زیره‌ك و نیوچه خوێنه‌رانه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی توندیان لێ گیرا، هه‌ردوو گرووپه‌كه ده‌مه‌قاڵێیه‌كی توندیان له‌گه‌ڵا نه‌یارانی نوێخوازی و لایه‌نگرانی كۆندا كرد، به‌ڵام ئاكام هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتن و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه چه‌ند ده‌قێكی نوێخوازانه‌ی نه‌مریان له جوگرافیای ئه‌ده‌بی نوێی كوردیدا تۆماركرد، جێی ئاماژه‌یشه، كه ده‌مه‌قاڵێیه‌كی دژواریش له نێوان هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه، گرووپی (كفری) و گرووپی (ڕوانگه)دا به‌رپابوو، كه تا ئێسته‌یش ئاگره‌كه‌ی لێره و له‌وێ دووكه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر گرووپه له لایه‌ك و هه‌ندێك له ئه‌ندامانی هه‌ردوو گرووپه‌كه‌یش خۆیان له پرۆسه‌ی نوێخوازی كوردی له ڕووی تیوری داڕێژی و جێبه‌جێكردنه‌وه به پێشه‌نگ ده‌زانن.
له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو گرووپه‌یش له‌و ساڵانه‌دا چه‌ند ناوێكی ده‌ركه‌وتووی شیعری په‌یدابوون له گرنگترین ئه‌و ناوانه‌یش: (ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د)، (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) ،(سه‌ڵاح شوان) ، (سه‌لام محه‌مه‌د) (ڕِه‌فیق سابیر) ،(عه‌بدوڵڵا عه‌باس) ، (سامی شۆڕش) ، (دڵشاد مه‌ریوانی) ، (محه‌مه‌د حه‌مه باقی) ، (سه‌عدوڵڵا په‌رۆش) ،(فه‌رید زامدار) (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان)….. تاد، هه‌ر یه‌كه‌یان توانییان نوێخوازی خۆیان له بواری شیعردا له‌و چامه و كۆشیعرییانه‌وه بسه‌لمێنن، كه له‌و ساڵانه و پاشتر بڵاویان كردنه‌وه. هه‌ر یه‌كه‌یشیان به شێوازی تایبه‌تی خۆی بوون به به‌شێك له جه‌سته‌ی نوێخوازی كوردی. ناشێت باسی شیعری نوێی كوردی و هه‌وڵه‌كانی نوێخوازی و نوێكردنه‌وه له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو بكرێت بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ڕۆڵ و هه‌وڵ و كۆششه‌كانی ئه‌و ناوانه نه‌كرێت له ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی شیعری نوێی كوردیدا. شان به شانی ئه‌و ناوه پرشنگدارانه له كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا چه‌ند ناوێكی دیكه په‌یدا بوون، به‌م شێوه، یان به‌و شێوه، له سه‌رخستن و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی نوێخوازیدا به‌شدارییان كرد، بۆیه داوای لێبوردنیان لێ ده‌كه‌م، كه له‌به‌ر كورتیی ئه‌م وتاره نه‌متوانی ناویان بهێنم و باسی ڕۆڵی هه‌ر هه‌موو ئه‌و ناوه به‌هره‌دارانه‌ی میرنشینی نوێخوزای شیعری كوردی له باشووری كوردستان بكه‌م، كه له یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانییه‌وه به زۆر به ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه لكێنراوه، یان با به ڕوونی بڵێین له ئاكامی پیلانی بریتانیا بۆ ڕازی كردنی ڕژێمه كۆنه‌په‌رسته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناوچه‌كه، هه‌روه‌ها بریتانیای نامه‌زن له‌وه‌یشدا درێغی نه‌كرد به بۆمبه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانی خاكی كوردستان به گشتی و شاری (سلێمانی) به تایبه‌تی بۆردومان بكات، له پێناوی نه‌هێشتنی هه‌موو كۆسپه‌كان بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پیلانه ڕه‌شه.
(3)
له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا له هه‌ولێر گرووپی شیعریی (پێشڕه‌و: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف، جه‌لال به‌رزنجی، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، هاشم سه‌ڕاج، محه‌مه‌د باوه‌كر.) له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و كۆمه‌ڵه شاعیره دامه‌زرا، كه به هیوابوون وه‌رزێكی باشتر بۆ شیعری كوردی بێننه كایه‌وه. هه‌ندێك له شاعیرانی ئه‌م گرووپه توانییان گۆڕانكاری نوێ له نه‌خشه‌ی شیعری نوێی كوردی به‌رپابكه‌ن، ئه‌وه‌بوو (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) له ناوه‌ڕاست و له كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا دوو كۆشیعری پڕ له ته‌كنیك و ته‌كتیكی نوێخوازانه‌ی بڵاوكرده‌وه بریتی بوون له (ئاو: 1974) و (لم نیازمه: 1978)، هه‌ردوو كۆشیعره‌كه جێی په‌سه‌ندی لایه‌نگرانی نوێخوازی و گاڵته‌پێكردنی لایه‌نگرانی كۆن بوون. ئه‌و دوو كۆشیعره له ده‌رگه‌دانێكی نوێی ده‌روازه‌كانی نوێخوازی شیعری كوردی بوون له‌و ماوه‌یه‌دا.
له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌م گرووپه‌یش چه‌ند ناوێكی دیكه‌ی شیعری ده‌ركه‌وتن له‌وانه‌یش (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، كه چامه درێژه نایابه‌كه‌ی (زێوان) ناوه‌ندی شیعری كوردیی هه‌ژاند. (قوباد جه‌لی زاده) ، (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ) ، ( نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) ، (كه‌ریم ده‌شتی) ، ئه‌وانی دیكه، كه بوار نییه لێره‌دا ناویان بهێنین..
حه‌زم ده‌كرد به دوورودرێژی له‌باره‌ی هه‌ر یه‌ك له‌و شاعیرانه‌وه بدوێم له‌م وتاره‌دا ناویان براوه، به‌ڵام ئاكام به باشم زانی لێره‌دا به كورتی له‌باره‌ی شاعیری تایبه‌تمه‌ند و جیاكار (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) و چامه درێژه‌كه‌ی (زێوان) به تایبه‌تی و كۆشیعره‌كه‌ی به گشتی، كه له‌م ڕۆژانه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه، بدوێم.
(زێوان) له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1988 بڵاوبووه‌وه و به بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و شیعری كوردی هه‌ژاند و ناڕه‌زامه‌ندی و ڕه‌خنه لێ گرتنی هه‌ندێكی لێ كه‌وته‌وه له ئاكامی زێده‌ڕۆیی و ئه‌وپه‌ڕگیری له به‌كارهێنانی زمانێكی ته‌جریدی و په‌ل كوتانی به‌ره‌و كه‌ش و مه‌ودای ناواقیعیانه‌ی نامۆ له ڕۆشنبیری و بۆچوونی ئه‌و چه‌ند كه‌سه، چونكه ئه‌م جۆره زمانه و ئه‌م جۆره وێنه شیعرییانه و نغرۆبوونی ته‌م و مژاوی له ئه‌ندێشه و وێناكردن و ڕامان و تێڕوانین جۆره شۆكێكی لای خوێنه‌ران و ڕۆشنبیره ئاساییه‌كان دروست كرد:
مندالێێ هێشتان ناونه‌نراوم له‌سه‌ر ڕانی
ئه‌و ڕێیانه‌ی ده‌بنه حه‌كایه‌ت
خۆی ده‌گێڕێته‌وه
باوكه باڵنده بۆ سێبووری باڵه ئاره‌قه كردووه‌كانت
له‌ناو لكه‌كانی دره‌ختی نێوان
دوو شه‌قامی نیوه چۆڵ هه‌ڵخه
ئه‌و ئاوه‌م له‌گه‌ڵا زیاد و كه‌مكه
له گه‌شتێكی دووبه‌ختی هاوڕێم بوو
دایكه باڵنده تۆش ئه‌و ئاوێنه نووستووه‌م
بۆ بهاوێ ناو قه‌دی دووگرد
قیژه‌ی یه‌كه‌مین كتێب
له‌ناو چاڵه به‌فره‌كان گوێی زرینگاندمه‌وه
به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م چامه‌یه سه‌رنجی زۆر ڕۆشنبیر و خوێنه‌رانی به‌لای خۆیدا ڕ‌اكێشا و ئه‌ندێشه و وێنه و تێڕوانین و ڕێتمه گۆكراوه نوێیه‌كان، كه شاعیر له (زێوان)دا به‌كاری هێناون واق وڕماوی كردن. ژماره‌یه‌ك له شاعیر و ڕه‌خنه‌گر و خوێنه‌رانی شیعر به خراپی و به باشی له‌باره‌ی چامه‌كه‌یان نووسی.( من به خۆم ئه‌و چامه‌یه به یه‌كێك له دیارترین چامه‌كانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو و به یارییه‌كی ئه‌زموونگه‌ری جوان و هه‌وڵێكی شیعرییانه‌ی ڕاستنه‌قینه داده‌نێم بۆ ده‌رچوونێكی دیكه له بازنه‌ی لاساییكردنه‌وه و هه‌نگاو هاویشتنه ناو زه‌مینه‌یه‌كی نوێی دیكه‌وه شان به شانی هه‌وڵه نوێخوازییه‌كانی دیكه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م)، كه له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك له شاعیره لاوه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌دا ڕوویان دا: (عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف) ، (هاشم سه‌ڕاج) ، (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی) ، (جه‌لال به‌رزنجی) ، (قوباد جه‌لی زاده)، (نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ) ،(نه‌وزاد ڕه‌فعه‌ت) ، (محه‌مه‌د باوه‌كر) ، ئه‌وانی دیكه. به بۆنه‌ی ده‌رچوونی ته‌واوی كۆشیعری شاعیری تایبه‌تمه‌ند و جیاكار (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، كه كۆشیعرێكه له دوو به‌شی گه‌وره پێكدێت به‌سه‌رناوی(سی ساڵ شیعر) ده‌ڵێم: خۆزگه (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر) ده‌یتوانی له‌و شێوازه شیعرییه‌ی خۆی تێپه‌ڕێنێت، كه له نۆبه‌ره شیعرییه تایبه‌تمه‌ند و جیاكاره‌كه‌ی (زێوان)دا تاقی كردووه‌ته‌وه و شێواز و قاڵب و جۆری دیكه‌ی شیعریی تاقی ده‌كرده‌وه تا له‌ناو یه‌ك جۆره شێوازی شیعریدا گیری نه‌ده‌خوارد، چونكه شیعر هێڵێكی ته‌ریب نییه، به‌ڵكو دره‌ختێكی پێگه‌یشتووه، ڕه‌گ و ڕیشه‌كانی چه‌سپاو و جێگر لكه‌كانی په‌رت و بڵاو و بێ شومارن. پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌واوی كۆشیعرییه‌كه‌ی. كاتی ئه‌وه هاتووه شێواز و جۆری نوێی دیكه‌ی شیعری تاقی بكاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی گوێی خوێنه‌رانی پێ بهه‌ژێنێت و پێپلكه‌ی ژێر پێ و هه‌ست و نه‌ستیان بله‌رزێنێت، به خۆی شیعر هه‌ژان و له‌رزین و له‌و جۆره شته‌یه.
كانوونی دووه‌می 2012 سلێمانی
سه‌رچاوه:
گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ ـ عه‌ره‌بی)، ژماره (32)، ساڵی 2012، ل: 74 ـ 78.