Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024
هێشتاهەرنائومێدیەکان کۆتاییان نەهاتووە…

هێشتاهەرنائومێدیەکان کۆتاییان نەهاتووە…

Closed
by October 1, 2013 ئەدەب

 

 

 

هێشتاهەرنائومێدیەکان کۆتاییان نەهاتووە وهێشتاهەرتەنیایی پێدەکەنێ

 

( گوزەرێکی خێرا بەکتێبەشیعری ” عەشق نائومێدییەکی خۆشە ” ی ” گۆران ڕەئوف ” دا )

 

 

 

بڕوام وایە شیعر بریتی بێت لە قسەیەک یان هەستێک، بەڵام هەستێکی ڕووکەش نا ، بەڵکو تاقیکراوەو قووڵ. تایبەتمەندی یەکەمی دەقی نەمرو زیندووش لەوەدایە، کەخوێنەر بتوانێت چەندین جار لەسەر ئەودەقە ڕابووەستێت وهەرجارەو شتێکی تازەی تێدا ببینێتەوە، وەبەرلایەنێکی دیکەی پەنهانی دەقەکە بکەوێت.هەربۆیە لەمڕوەوە بەگومانم لەوەی ئەم کتێبەی گۆران ڕەئوف و بەشێکی زۆری ئەو کتێبانەی دی، کەبەناوی دیوانە شیعرەوە دەیانگرم بەدەستمەوە، دەقی زیندوو یاخود نەمریان تێدابێت.

دوور لەم خوێندنەوەیە ” چونکە بڕیار نییە، ئەم نووسینە قسەکردن بێت دەربارەی دەقی زیندوو یاخود نەمر ” بەڵکووهەوڵی خوێندنەوەیەکی خێرای یەکەمین ئەزموونی بڵاوکراوەی شیعری گۆران رەئوفە،لەکتێبێکدا ؛

_ سەرەتا بەرلەهەرشتێک، ناونیشانی دیوانەکە تائەندازەیەک، ناونیشانێکی ناباوو نوێیەو پەیوەندییەکی بەهێزی بەکۆی بابەت و بیری دەقەکانەوە هەیە.

_ کەمتازۆر بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، لەنێو بەشێک لەشیعری نوێی ئەمڕۆی ئێمەداو هاوکاتیش لەنێو دیوانی ” عەشق نائومێدییەکی خۆشە “ی گۆران ڕەئوفدا، تێکشکاندنی ئەو فۆڕمە شیعریەیە کەزیاد لەپێویست گرنگی بەناسکی و جوانی دەدات.

لەڕاستیدا من پێم وایە شتێک نییە بکەوێتە دەرەوەی شیعر، یان نەکرێتە شیعر، یان قەدەغەبێت و بێتە ناو ئەم دونیاوە. وەک چۆن وشەی قەدەغەنییە، بابەتیش هەروا. جا ئیتر بابەتەکە دەرەکی و سروشتییە، یان جیهانی خودو ڕۆحە. ئەوەی جەوهەرییە هەر بەشیعرکردنی ئەو بابەتەیە.

ژیانی هەندێک لە ئێمەی مرۆڤ جیاوازە – زبرە – بێ پەروەردەیە هەربۆیە پێویستە ئەم حاڵەتانە وەک خۆی و وەک بابەت بئاخنرێنە نێو شیعرەوە، تابتوانرێت ڕاستگۆیانە وێنەی واقیعی ئەو ژیانە دەمارگیرو نەخۆشە، بەدەستەوە بدرێت کەکۆڵان و شەقامەکانی ئێمەیان تەنیووە.

شیعری ئەمڕۆی ئێمە پێویستی بەبڕێکی زۆر لەتوندوتیژی و وشەی ناشاعیرانەهەیە، تاڕۆحی بێتەوە بەبەرداو زیندوو بێتەوە .

خۆشبەختانە لەم دیوانەداو لەچەند دەقێکدا، ئیشکردنی گۆرانم بەم فۆڕمە شیعرییە چاوپێکەوت ؛

 لەبیرمە ماوەیەک لەمەوبەر

هاوڕێ کچەکەم لێمی پرسی ؛

بۆ ئەوەندە نیگەران و

نائارامی؟!

من کەمێک دوای بێدەنگ بوون و 

سەرسامبوون ،

… وتم ؛

بڕوا بکە گەواد نییە

بزانێت بۆ وەهام !!

 

_ گۆران ڕەئوف شاعیری نائومێدییەکانە، هەندێک جار چێژ لەنائومێدی وەردەگرێت و هەندێک جاریش نائومێدی بۆ ئەو، گەردەلوولێکی وێرانکەرە .

لەڕاستیدا زۆرێک لەدەقەکانی ئەم دیوانەی گۆران، هەڵگری تەکنیکی شیعری و زمانی شیعری لاوازن و بەگشتیش ناوەڕۆکی دەقەکانی، تاک بابەتییە و زۆرتر کارکردنن لەنێو چەمکی تەنیایی و نائومێدیدا.

پتر هەڵگری ڕازی کەسیک ” ئەوی شاعیرن ” و ڕەنگدانەوەی ویست و خولیاو خەونە کپکراوەکانیەتی ..

دەقی ” پیاوێک هێشتا هەر چاوەڕوانە ” سەرەڕای سادەیی زمان، وەلێ لەباری مانای شاراوەو چینەکانی بونیادو داڕشتندا، پڕو فراوانە. هاوکات لەم دەقەدا فەزاهەیە، کە فەزایەکی غەمگینەوتیایدا نیگەرانییەکی گەردوونی قووڵ، بەداڕشتنێکی بەهێزەوە، باڵی بەسەر تەواوی دەقەکەدا کێشاوە.

گۆران ڕەئوف نائومێدی لێ دەچۆڕێت، دەقەکانی ئەو بەتێڕوانینێکی واقیعبینانەوە، بەهەناوی تراژیدیایەکی گەورەو جەوهەریدا ڕۆچووە، کەئەویش تراژیدیای ” بوون “ە لەڕەهەندە گشتییەکەیدا.

کۆپلەکانی کۆتایی ئەم دەقە، پێشبینی نائومێدبەخشن. هەربۆیە دیدەشاعیرانەکەی شاعیرتائاستی تراژیدیا ڕۆیشتووە، بەوپێیەی لای گۆران جەوهەری خودی ژیان تراژیدیاو نائارامی و ململانێ و پێڕانەگەیشتنە. کەواتە بەختەوەری قسەیەکی پووچە ؛

من ئەوکابرایەم دەتوانم

خۆم نەجاتدەم و ونبم !

بەڵام خەمی ئەو هاوشێوانەمە

کەلەسەدەکانی دواتردا

چاوەڕوانی دەیانکوژێ ! 

 

_ لەزۆر شوێنی دەقەکانی ئەم دیوانەدا، بەرفۆڕمی دەربڕینی تایبەت و خۆیی دەکەوین، کەتا ئەندازەیەکی باش تایبەتکاری گۆرانیان لەخۆ گرتووە. بۆنموونە لەدەقی ” چێژوەرگرتن لەتەنهایی ! ” لەچەند وێنەیەکی شیعری جواندا بەفۆڕمێکی شیعری تایبەت و پەنابردنە بەر کەرەستەی نوێ و تەنی بەرجەستە، لەتەنیایی دەدوێت ؛

دووکورسییەکی جاران،

هەنووکە یەکێکیان شکاوە !

دوو کوپەکە …

قاوەکەیان تیادا وشک بۆتەوە !

گەلە پێکەنینەکان

ئەوەندە چاوەڕێبوون،

ئێستا ترشاون !

 

_ خاڵێکی دیکە کەلەم دیوانەدا سەرنجمی بەرکەوت، بریتی بوو لە ” بەکەسکردن ” ی یاخوود شوبهاندنی چەمک ” واتای ئەبستراکت ” بەمرۆڤ . ئەگەرچی ئەم حاڵەتە لەدەقەکانی ئەم دیوانەداو تەنانەت لەزۆرینەی شیعری نوێی ئەمڕۆشدا تائەوجێگایەی من دیبێتم، زۆر بەکەمی بوونی هەیە.

چەند نموونەیەکی بەکەسکردنی چەمک لەم دیوانەدا دەخەینەڕوو ؛

دەستەواژەکانم …

وەک خۆم بەدبەختن و 

هیچ کەس خۆشی نایە لێیان !

 

یاخوود ؛

 

دەنگی هەناسەی ئەو نامەیە

لەهەوا توڕەکانی 

بەفر سادەتر بوو !

 

یاخوود ؛

هێشتا هەر تەنهایی پێدەکەنێ.

 

_ لەچەند جێگایەکدا گۆران دژی وێنەی شیعری باوو سواو دەوەستێت و پارادۆکس و وێنەی شیعری نوێ ودژە باوو دەخوڵقێنێت. لە دەقی ” وێنا ئاڵۆزەکانی خاتوون ” ئەم حاڵەتە زۆرتر هەست پێدەکرێت ؛

 

کاتێک کە پێدەکەنم …

کاتێک کەدڵم خۆشە …

پێکەنینی چی و دڵخۆشی چی !؟

باشترە بڵێم ئەوکاتانەی

جڕتم بەژیان دێت

تەنانەت تۆشم لەبیر نییە !

 

یاخوود ؛

 

بەهاران کاتێک گوڵ دەپشکوێ …

دەنگی باڵندە کۆچەرییەکان دێ …

نا .. نا باشترە بڵێم 

وەختێ کەمن بێهۆشم 

لەدەنگە دەنگی خەڵک

ڕقم لەتۆشە !

 

_ یەکێک لەخەسڵەتە هەرەدیارەکانی ئەدەبی نوێی ئەمڕۆ، بریتییە لەکاڵبوونەوەو نەمانی سنووری نێوان ژانرە ئەدەبییەکان. واتە هەڵوەشانەوەو نەمانی ئەوقاڵب و یاساوڕێسا تایبەتیانەی کەبەشێوەیەکی گشتی ئەدەبیان لەخۆ گرتبوو، ئەدەبی ئێستا پێکهاتەیەکە تێکەڵ لەگەڵ هەموو ژانرەکانیتر. لەبوونیادی هەر شیعرێکی ئەمڕۆدا، دەتوانین هونەرەکانی گێڕانەوەی وەک ” دایەلۆگ و مەنەلۆگ و فلاش باک و شانۆگەری و سینەما … تاد . ” بدۆزینەوە .هەربۆیە شیعری گۆرانیش لەم ڕووەوە لەو تایبەتمەندییانە بێبەش نییەو ئەم دیوانە، لەچەندین جێگادا سوودی لەتەکنیکی گێڕانەوە وەرگرتووە . لەهەندێک دەقدا تەکنیکی مەنەلۆگ و لەهەندێک دەقی دیکەشدا تەکنیکی دایەلۆگ بەکارهاتوون .

دەقەکانی وەک ” خەیاڵە دۆزەخیەکان و پەیڤەبەهەشتیەکان ، بەلەمی خنکاو ، جیهانەکانی ناوەوەم ئازار مەدەن ، تەنهایی نا ، هەستکردن بەتەنهایی دەمکوژێ ” نموونەی ئاشکران .

_ شیعری ” دالیاو حیکایەتەکانی نامۆبوون ” شیعری نۆستالۆژیایە، شیعری غەریبی و پەرت پەرتبوونی خەون و خەیاڵەکانە. ژیان لەوێدا ڕاوەستاوەو شوێن و زەمەن بێ پەنجەرەن و تروسکایی ئومێدێک لەخۆ ناگرن . ئەم شیعرە زمانحاڵی ژیانی ڕۆژگارگەلێکی ساختەوپڕ لەوەهم و درۆن، ڕۆژگارگەلێکی بێمەودا بۆژیان و ڕاست هاوشێوە بەژیانی ئێستا. گۆران لەم دەقەدا لەڕێگەی تەکنیکی نۆستالۆژیاوە، لەتابلۆیەکی شیعریدا، ژیانی ڕابردووی یەکانگیر بەژیانی ئێستای دەکات .

 

سەرنج ؛

لەخستنەڕووی چەند بۆچوون و بیروڕایەکی شیعریدا سوود لەکتێبی ” فروغ فەروغزاد ژنێ لەبەردەم وەرزێکی سارددا ” وەرگیراوە، کەهەڵبژاردەو کۆکراوەیەکی شیعری فروغی فەروغزادە. لەفارسییەوە ئازاد بەرزنجی ئەم کتێبەی وەرگێڕاوە . 

ناونیشانی بابەتەکە دێڕەشیعرێکی گۆران ڕەئوفە لەدیوانەکەوە وەرگیراوە .

 

ئەم نووسینە لە ژمارە٦٠ هەفتەنامەی ” نسێ ” دا بڵاو کراوەتەوە   

سروشت نەوزاد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.