شین، خۆڵەمێشی، رەش
وای ،
باران،
باران،
شیشەی پەنجەرەكان دەشواتەوە.
دەبێت لە دڵی منیشدا،
كێ وێنەی تۆ بشواتەوە؟.
ئاسمان بێ ڕەنگە.
منیش، لەناو قەفەزی ژورەكەمدا دڵتەنگم.
باڵندەیەكیش لە پێش چاوم فڕی، تا شوێنێكی دور.
وای، باران،
باران،
باڵندەكەی ناو چاومی شووشت.
خەوتن، یانی خەونی فەرامۆشی!
خەوم بینی،
ئێرە مەملەكەتی فەرامۆشیە.
تۆ لە خەوی مندا،
ئەو پەری لەزەتی ژیانی.
من شكۆفەی گوڵەكانی ئومێدم لە خەودا دەبینم.
هەژارێكیش پێم دەڵێت:
گەرچی شەو تاریكە،
دڵت بەهێز بێت،
دەمەو بەیان نزیكە.
چ خەونێكە!
كە دێت و دەڕوات.
چ پەیوەندیەكی سادەیە!
كە بەئاسانی گوزرە دەكات.
چ ئومێدێكە، چ ئومێدێك؟
چ جێ خەوێك بدۆزمەوە تا تۆی تیاببینم؟.
دڵی من
بۆ ئەو پەتی سێدارانە ئەسوتێت
هەڵواسراون.
بۆ پێی شكاوی پەرەسیڵكەكان ئەسووتێت.
بۆ كۆترەكان،
ئای، كۆترەكان…
چ ئومێدێكی گەورە بە نائومێدیم دەگەیەنن.
لە نێوان من و تۆدا بۆشاییەك هەیە،
كاتێك بیری لێدەكەمەوە،
دەزانم، تۆ دەتوانی بەیەك زەردەخەنە ئەو بۆ شاییە نەهێڵیت!.
تۆ توانای بەخشینت هەیە
دەستەكانی تۆ توانای ئەوەیان هەیە:
كە ژیان ببەخشن بە من.
چاوەكانی تۆ دەتوانن نوری عەشق و مەستی
ببەخشن بە من.
تۆ وەك نیوە دێری شیعرێكی جوانی،
تۆ ئاسۆی ژیانی منی.
من لە ئاوێنە ڕووی خۆمم دی،
حەق بەتۆ دەدەم.
ئاه، دەبینم، دەبینم،
تۆ بەئەندازەی تەنیایی من خۆشبەختی.
من بە ئەندازەی جوانی تۆ خەمگینم.
من چیم هەیە لە تۆ ڕونتر؟
هیچ.
من چیم هەیە شایەنی تۆبێت؟
هیچ.
تۆ هەمووشتی منی.
تۆ هەموو ژیانی منی.
تۆ چیت هەیە؟.
هەمووشت.
تۆ لە چیت كەمە؟
هیچ.
بێ تۆ،
وەك چنارێكی پیر
بەلادا ئەكەوم.
خۆزگە گیانەكەم، ئەم شیعرە گیانم بوایە.
ئارەزوم دەكرد،
تۆ بیخوێنیتەوە.
نا، ئەفسوس، هەرگیز،
باوەر ناكەم تۆ شیعرەكانم بخوێنیتەوە.
خۆزگە شیعرەكانی منت دەخوێندەوە!.
برێكجار بیردەكەمە،
كێ هەواڵی مردنی من بگەیەنێتە تۆ؟.
خۆزگە ،
ئەوكاتەی هەواڵی مەرگی من،
لە كەسێكەوە دەبیستی.
روخساری تۆم دەبینی!.
شان و باڵت
نمونەی نیە.
جوڵانەوەی دەستەكانت،
ئیتر بەهەر جۆرێك بێت گرنگ نیە.
جوڵەی سەرت
كاتێك دەڵێیت، سەیرە ئاخری مرد.
ئەفسوس!
خۆزگە لەو كاتانەدا تۆم دەبینی!.
من بەخۆم دەڵێم:
” كێ بروا دەكات
دارستانی گیانی من
عەشقی تۆ كردی بە خۆڵەمێش”.
” حەمید مسدەق”
” وەرگێڕانی : نەبەز گۆران ”