تا كه‌ی ئێوه (هه‌مووتان!) كه‌ركووكی پرسه‌دار له بیر ده‌كه‌ن؟
ڕكابه‌ریی و ته‌مماع بۆ ده‌سه‌ڵات وای كرد، كه هه‌مووتان كه‌ركووك له بیر بكه‌ن. له دروشمه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌شدا، هیچ لایه‌كتان باسی كه‌ركووكتان نه‌كرد و ئه‌م شاره پرسه‌داره‌تان نه‌لاوانده‌وه و وه‌ك بڵێی ئه‌م شاره له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه و ستراتیژی كاری سیاسیتان بێ و هه‌ر به ته‌واوییش ده‌ستتان لێی شووشتبێ. جه‌خار، كوا خه‌می كوردستانیه‌تی كه‌ركووك؟ له ڕاستیدا خه‌ریكه – زۆر به خێرایی – كه‌ركووك ده‌بێته شوێنێكی له بیركراو و له بیرچووه‌وه، له نه‌خشه‌ی سیاسی جوگرافیای كوردستان و له زه‌مه‌نی سیاسی ئه‌م جوگرافیایه‌دا. ئه‌م شاره خه‌ریكه وا ورده ورده ده‌بێته به‌شێك له یاده‌وه‌ریی سیاسیمان. ده كه‌واته كوا ئیراده سیاسییه ڕاسته‌قینه‌كان له ئاست كێشه‌ی كه‌ركووكدا؟ كوا ئه‌و ڕۆحه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی، كه خه‌می كه‌ركووكیه‌تی و ئه‌م شاره له باوه‌ش ده‌گرێ؟ یاخود كوا ئه‌و ڕۆحه دیموكراسییه‌ی، كه باوه‌ش به هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ی (نه‌ته‌وه‌كانی) ئه‌م شاره‌دا ده‌كا؟ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كه‌ی بێ، مێژووی پتر له ده ساڵ چاوه‌ڕوانیی له باس و خواسی گه‌ڕانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵكی ئێمه‌ی ته‌واو له ئاست ئه‌م شاره‌دا بێ تاقه‌ت و نا‌ئومێد كرد و له هه‌مان كاتدا گومانیش ده‌خاته سه‌ر خه‌مخۆریی و جدییه‌تی پارتی و یه‌كیه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته (پێده‌چێ لای ئه‌مانه خه‌می حزب و سه‌ركرده له هه‌موو خه‌مێك گه‌وره‌تر بێ).(1) ئێمه ده‌بێ بزانین، ئه‌گه‌ر به فیعلی ناوچه دابڕێندراوه‌كان كوردستانیین، ئه‌دی بۆ به فیعلی و به جددیی كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان ناكرێ؟ (هه‌رچه‌ند ئێمه ده‌زانین له‌به‌ر پێكهاته ئیتنیكییه‌كه‌ی، ئه‌مه كارێكی ئاڵۆز و دژوار و سه‌خته؛ به‌ڵام له‌به‌رده‌م دڵسۆزیی و كاری دپلۆماسییه‌تی سه‌ركه‌وتووانه و سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ی دیموكراسیدا، هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه). باشه ئه‌دی ئه‌لته‌رناتیڤ چییه؟ خۆ ئه‌گه‌ر وای دابنێین ئه‌لته‌رناتیڤێكی واقیعیش بۆ مادده‌ی (140) هه‌یه، ئه‌وا پێویسته سه‌ركرده‌كانی كورد – ئینجا له هه‌ر لایه‌نێكدا بن – بوێرانه ته‌رحی بكه‌ن؛ نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو پێویسته له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌شدا پرس و ڕاوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن. ئیدی به‌سه، ئه‌م چاوه‌ڕوانییه بێ به‌رهه‌م و نه‌زۆكه تا كه‌ی؟ به داخه‌وه، ئێمه ئێستا هه‌ست ده‌كه‌ین له ئاستی تیۆریشدا (واته له ئاستی گوتاری سیاسی و دروشمیشدا)، بایی پێویست بایه‌خ به چاره‌سه‌ركردنی ڕه‌وشی قه‌یراناویی ئه‌م شاره و ئه‌م ناوچانه نادرێ. ده‌شێ بڵێم، به بارته‌قای ده‌سه‌ڵاتیش، ئۆپۆزۆسیۆن له‌م پرسه‌دا بێ خه‌م و كه‌مته‌رخه‌م و به‌رپرسیاره. ته‌نانه‌ت ئه‌وان له كارنامه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا {به تایبه‌تی من مه‌به‌ستم بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) ـه} هیچ دروشمێكیان بۆ كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه دابڕێندراوه‌كان نه‌بوو {هه‌تا ئه‌گه‌ر كه‌ركووك له چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی (هه‌رێم) یشدا نه‌بووبێ، به‌ڵام ئه‌م شاره ڕه‌هه‌ندێكی یه‌كجار گرنگی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هه‌یه}. ئێمه هه‌ندێ جار، كه گوێ له گوتاری سیاسی و له میدیای گۆڕان ده‌گرین، وه‌ك بڵێی ته‌ڤگه‌رێكه (هێزێكه) له وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆدا كار و چالاكی سیاسی ده‌كا و ده‌ژی. به ڕوواڵه‌ت هیچ خه‌مێكی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆی ڕاسته‌قینه، نه له گوتاری سیاسی و نه له گوتاری ڕاگه‌یاندنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا به‌دی ناكرێ (بێگومان من لێره مه‌به‌ستم له باشوری كوردستانه). پێده‌چێ ململانێ و كێشه ناوخۆییه سیاسی و حزبییه‌كانی هه‌رێم، زیاد له پێویست كاریان له ئاڕاسته‌ی كاری سیاسی گۆڕان كردبێ. هه‌ڵبه‌ت گۆڕان، كه هێزێكی لیبراڵی دیموكراتیخوازه، ده‌بێ به‌م ڕاده‌یه‌ش ته‌ڤگه‌رێكی نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌یی بێ، كه ڕۆحی ئینتیما بۆ هاووڵاتی كورد بگه‌ڕێنێته‌وه. من هه‌میشه ئاگام له‌وه‌ش هه‌یه، كه ئه‌م ڕۆحه ده‌بێ ڕۆحێكی ئازادیخواز و دیموكراتیخواز بێ و دوور بێ له‌و ڕۆحه ڕه‌گه‌زپه‌رسته ناسیۆنالیسته‌ی، كه گوتاری سیاسی هه‌موو هێزه ته‌قلیدییه ناسیۆنالیسته فاشیسته‌كانی پێ ده‌ناسرێته‌وه (من باوه‌ڕ ناكه‌م تا ئێستا ئه‌م ڕۆحه ناسیۆنالیسته فاشیسته له‌ناو كورددا هه‌بێ. هه‌ر هیچ نه‌بێ، وه‌ك گوتارێكی سیاسی ڕێكخراو و به‌رجه‌سته بوونی نییه). هه‌ڵبه‌ت ئێمه ده‌بێ مافه دیموكراسییه‌كانی نه‌ته‌وه، له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناسیۆنالیزم جودا بكه‌ینه‌وه: ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژیایه‌كه، ده‌شێ له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، فه‌لسه‌فه‌ی كه‌مالیزم و به‌عسیزم و راسیزم و نازیزم و فاشیزم… به‌رهه‌م بهێنێ. له ڕاستیدا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته ناتوانێ گوتاری سیاسی باڵاده‌ستی فاشیزم به‌رهه‌م بهێنێ. ئه‌م گوتاره تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌نده به بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌وه ده‌وڵه‌ته‌كانن، كه ده‌توانن له ئاستی پراكتیكدا ده‌وڵه‌تی ئایدیۆلۆژیی ڕه‌گه‌زپه‌رست و فاشیست بن (به‌نموونه وه‌ك هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆماری توركیا). به‌هه‌رحاڵ گۆڕان نابێ له ئاست بانگه‌شه‌ی به هێزی بۆ پرسه دیموكراسییه‌كان، پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له بیر بكا؛ ئه‌گه‌رنا – من پێموایه – له ئاینده‌دا، له ئاست ده‌نگی هاووڵاتی و لایه‌نگرانی خۆشی‌دا زه‌ره‌ر ده‌كا. گۆڕان وه‌ك لایه‌نه ئیسلامییه‌كان نییه، كه ئه‌وه‌نده خه‌می ئازادی نه‌ته‌وه‌یان له‌به‌ردا نییه. هه‌ڵبه‌ت نابێ لاسایی گوتاری سیاسی حزبه ته‌قلیدییه ناسیۆنالیسته‌كانیش بكاته‌وه. ئه‌و گوتاره‌ی عه‌وداڵی دروشمه سیاسی و ڕه‌مزه سیاسیه‌كانه (ئه‌مه‌ش وا ده‌كا، كه دیموكراسییه‌ت ببێته شتێكی بێ به‌ها و گاڵته‌جاڕ). گۆڕان ده‌بێ هه‌وڵ بدا سنووره به‌رته‌سكه جوگرافییه‌كان (سلێمانی) ببه‌زێنێ، ئه‌مه‌ش به گوتارێكی دیموكراسی نه‌ته‌وه‌یی به‌دی دێ. (2) ڕاسته گۆڕان له ده‌سه‌ڵاتدا نییه، به‌ڵام هێزێكی كاریگه‌ره و ده‌توانێ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی ناو هه‌رێم و ناوچه دابڕێندراوه‌كانیش هه‌بێ. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ش بێ (واته بێ هێزیی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بێ)، كه له ناوچه دابڕێندراوه‌كاندا گۆڕان پێگه‌یه‌كی به هێزی ئه‌وتۆی نییه. هه‌ر به‌نموونه ده‌ڵێم: من تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئاگام لێی بێ، له میدیای گۆڕان گوێم له وشه‌ی (داگیركه‌ر) نه‌بووه. ئه‌مه‌ش دیسان پێده‌چێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌ته كه‌مته‌رخه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بێ.(3) هه‌ر سه‌باره‌ت به‌مه‌شه، وه‌ك زۆر جاران ده‌بیستین، كه پارتی و یه‌كیه‌تی گۆڕان به‌م سیاسه‌ته تاوانبار ده‌كه‌ن (به تایبه‌تی له به‌غدا)؛ بۆیه من پێم وایه لێره به دواوه، به تایبه‌تی له دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌وه، ده‌بێ گۆڕان له‌م بواره‌دا سیاسه‌تی خۆی بگۆڕێ؛ سیاسه‌تێك بێ نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ خواسته دیموكراسییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردیش بگونجێ (من مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، كه گۆڕان موزایه‌ده‌ی سیاسی نه‌ته‌وه‌یی بكا، به‌ڵكو ده‌بێ به جدییه‌وه بیر له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكاته‌وه و هه‌ر له ئێستاشه‌وه به گوفتار و به كردار هه‌وڵی بۆ بدا). گۆڕان ده‌بێ هه‌وڵ بدا كه‌مینه‌كانیش بۆ لای خۆی ڕابكێشێ. هه‌وڵیش بدا هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته دیموكراسیخوازه فشارییه‌شی به‌رده‌وا بێ، كه ده‌یكاته سه‌ر هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار (وه‌ك بینیمان یه‌كیه‌تی باجی ئه‌م فشاره‌ی دا). (4) ده‌مه‌وێ بڵێم: كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌موو لایه‌نه‌كان (به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزۆسیۆنیشه‌وه)، ئه‌گه‌ر خۆیان به خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی دۆزی كورد و كوردستان ده‌زانن، باشتر بیر له چاره‌نووسی كه‌ركووك و ناوچه دابڕێندراوه‌كان بكه‌نه‌وه.
به‌ختیار محه‌مه‌د
په‌راوێزه‌كان:
1- به‌نموونه ده‌ڵێم: له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی باسی ئه‌فسانه‌ی نه‌خۆشیی به‌ڕێز مام جه‌لال كراوه، ئه‌گه‌ر نیو هێًنده باسی كه‌ركووك بكرابایه ئێستا ئه‌م شاره ڕه‌وشێكی دیكه‌ی ده‌بوو.
2- من باس له ده‌ڤه‌ری بادینان ناكه‌م، كه تایبه‌تیه‌تیی مێژوویی و سیاسی و ڕۆشنبیریی خۆی هه‌یه. ته‌نانه‌ت لێره ده‌شێ زمان (شێوه‌زار) كاریگه‌ریی هه‌بێ له‌سه‌ر ئینتیمای سیاسی و حزبایه‌تی و ناوچه‌یی… لێره‌ش وه‌ك ده‌بینین لایه‌نه هه‌ره نه‌رێنییه‌كه‌ی نه‌بوونی زمانی ستاندارد به‌ده‌رده‌كه‌وێ.
3- ڕێكه‌وتێكی خۆشبه‌ختانه بوو بۆ من، كه ئه‌م گوتاره‌م ته‌واو كردبوو، له سایتی لڤین پرێس ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ی (ویكیلیكس) م خوێنده‌وه، كه باس له جۆرێك له هه‌ڵوه‌سته نه‌رێنییه‌كانی ڕیكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كا له ئاست پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا (من كه ئه‌م قسانه ده‌كه‌م، خوا نه‌خواسته مه‌به‌ستم له دڵسۆزیی و كوردپه‌روه‌ریی كاك نه‌وشێروان نییه، به‌ڵام پێده‌چێ هه‌ندێك جار، له ڕقی سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات، پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان فه‌رامۆش كرابن). له بڕگه‌یه‌كی ئه‌م به‌ڵگه‌نامه نهێنیه‌دا هاتووه: ((… كه نه‌وشیروان مسته‌فا جدییه له هه‌وڵه‌كانیدا بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفۆرم و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ڵام ئاماده‌ش بووه سازشی گه‌وره بكات له‌سه‌ر داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه)). هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ((هه‌رچه‌نده كورده‌كان له كوردستانی عیراقدا دڵخۆشن به‌وه‌ی {ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه كاك نه‌وشێروانیش ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه (كوردستانی عیراق) زۆر به‌كار ده‌هێنێ – نووسه‌ر}، كه ئه‌و دژی گه‌نده‌ڵییه و داوای دیموكراسی زۆرتر و یه‌كسانی ده‌كات، به‌ڵام نایانه‌وێ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌غدای له هه‌ولێر پێ باشتر بێت. دروست وه‌ك تاڵه‌بانیش كه گوتبووی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ خه‌ونی شاعیرانه. نه‌وشیروان مسته‌فاش به ئه‌مریكییه‌كانی گوتبوو ((سه‌رده‌می نیمچه ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر چوو))، هه‌روه‌ها داوای كردووه كورد به ته‌واوه‌تی بچنه ناو عیراقێكی دیموكراتیه‌وه))؛ ((هه‌روه‌ها ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان پێیوابووه پێویسته بۆ كه‌ركووك بڕیار له‌سه‌ر ڕه‌وشێكی تایبه‌ت بدرێت)). ئاخۆ ئه‌م ڕه‌وشه له خه‌یاڵی كاك نه‌وشێروان – دا ده‌بێ چی بێ؟ هیوادارین ڕۆژێك بێ ته‌رحی بكا.
4- كه‌س ناتوانێ نكوڵی له ده‌وری كاریگه‌ر و شۆڕشگێڕانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكا. له چوار ساڵی ڕابردووی به‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی ئه‌رێنیی له كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی ئێمه‌دا ڕوویان داوه. جارێ به‌ر له‌هه‌ر شتێك ده‌سه‌ڵات فێره ئه‌و ئاكاره سیاسییه بووه، كه حیساب بۆ به‌رانبه‌ر (ئه‌وی دیكه، كۆمه‌ڵگه، ئۆپۆزۆسیۆن) بكا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به ڕاده‌ی یه‌كه‌م له ژێر فشاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه. هۆشیارییه‌كی سیاسی جوداوازی فراوانیشی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا بڵاو كرده‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار ده‌سه‌ڵاتیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، ئه‌م هۆشیارییه سیاسییه به‌كار ده‌هێنێ.