مه‌ڕوسیا چوڕای له‌قوربانیه‌كی مێژوو بۆ مه‌جازیه‌تی زینده‌به‌چاڵكردن
له‌ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی نووسراو بۆ ئه‌زموونی شانۆی نه‌ته‌وه‌كان ئه‌و وێنه‌یه چیه كه له‌به‌رامبه‌ر نمایشێكیتردا ڕووبه‌رووی ده‌بینه‌وه؟ ئاخۆ ئه‌و ساتانه‌ی نمایش ڕووبه‌ری نووسراو جێدێلێت ئێمه چۆن سه‌یری شانۆ ده‌كه‌ینه‌وه؟ هه‌ر كاتێك له‌به‌رامبه‌ر نمایشی شانۆیه‌كی ناكوردیی دابنیشین ئه‌و پرسیارانه به‌ر له‌نمایش ڕووبه‌روومان ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نمایشه له‌ئاستێكی باڵا‌و به‌رزی گوتاری شانۆدا بێت، چونكه ده‌شێت له‌بۆنه‌ی جیاوازدا نمایشی كولتوریی جیاواز ببینین، به‌ڵام به‌هۆی ئاست لاوازی گوتاره شانۆییه‌كه شتێكی ئه‌وتۆ له‌لای ئێمه جێنه‌هێلن، لێره‌دا گرنگی له‌ئاستی گوتاره‌كه‌دایه، نه‌وه‌كو له‌بوونی شانۆی كولتورێكیتر.
كاتێ له‌شاری لۆگانسكی ئۆكراینا له‌به‌رده‌م نمایشی (مه‌ڕوسیا چوڕای) دانیشتین، ئه‌و ئاماده‌بوونه به‌ركه‌وتنێكی كولتوری منی بینه‌ره له‌گه‌ل كولتوری ئه‌وی سه‌ر شانۆ، كه له‌دیدی كۆمه‌ڵناسیانه‌مان بۆ شانۆ ئه‌وه ده‌خه‌ینه ڕوو كه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆ ده‌یبینین وێنه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیه، به‌و پێیه‌ی شانۆ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی گوتار ده‌ست نیشان ده‌كات، كه ئیشكردنه‌وه له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵگای ئۆكراینا ده‌بێته ڕووبه‌ری ئه‌م نمایشه كه ئه‌كته‌ر به‌رجه‌سته‌كاری ئه‌م نمایشه، ئه‌مڕۆ خۆی به به‌شێك له‌و دۆخه‌ی ناو شانۆكه‌ی نه‌زانێت، بۆیه ته‌خته‌ی شانۆ ده‌بێته كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ نمایش.
ناونیشانی نمایشه‌كه كاره‌كته‌رێكی مێژووییه كه ژنه شاعیر‌و گۆرانی بێژێكی میللی ئۆكراینایه 1625- 1653، ئه‌و ژنه له‌زه‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی خیمیلینچسكی له‌ڕۆژئاوای ئۆكراینا ژیاوه، چیرۆكی نمایشه‌كه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و خانمه‌یه كه له‌ڕۆمانێكی مێژوویی وه‌رگیراوه له‌لایان سیرگی باڤلۆگ بۆ شانۆ ده‌رهێنراوه، مه‌ڕوسیا چوڕای ئه‌و ژنه جوانه‌ی هه‌موو عاشقی ده‌بن كه‌چی ئه‌و كوڕه جووتیارێك هه‌ڵده‌بژێرێت وده‌یكات به دۆستی خۆی، به‌ڵام به‌هۆی چوونه سه‌ربازیه‌وه ئه‌و دوو عاشقه له‌یه‌كتر داده‌بڕێن، ئه‌و ده‌مه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌شی له‌سه‌ربازی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناگه‌ڕێته‌وه لای ئه‌و، به‌ڵكو كه‌سێكی تر هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ هاوسه‌ری ژیانی، كاتێ كچه‌كه ئه‌م هه‌واڵه ده‌بیستێت په‌نا ده‌باته به‌ر ژه‌هر خواردن، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی دۆسته‌كه‌ی دێت كه ده‌بینێ ئه‌و ژه‌هری خواردووه ئه‌ویش ژه‌هره‌كه ده‌خواته‌وه كه‌چی دواتر ده‌رده‌كه‌وێت كچه‌كه نه‌یخواردۆته‌وه، به‌م ڕێگایه‌ش ته‌نیا كوڕه‌كه ده‌مڕێت، ئه‌و مردنه مردنێكی شكسپیرییمان بیر دێنێته‌وه له شانۆگه‌ری ڕۆمیۆ وجۆلێت، به‌ڵام مردنێك نمایشه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێته‌وه، به‌وه‌ی دوای مردن چیرۆكی دادگایكردن ده‌ست پێده‌كات.
ده‌رهێنه‌ر چیرۆكه مێژوویه‌كه به‌دوو هێڵ ده‌گه‌یه‌نێت به‌یه‌كه‌یه‌كی درامی هێلێكیان په‌یوه‌سته به‌دیمه‌نی دادگاییه‌كه‌وه كه وێنه‌یه‌كی ڕوونی دادگاكان له‌شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌خاته ڕوو، ئه‌وه زه‌مه‌نێكی به‌سه‌رچوو نیه له‌ڕووداودا، به‌ڵكو زه‌مه‌نی نمایشه، هێڵی دووه‌میش كه یاده‌وه‌ری چیرۆك وئێستای دراماكه به‌یه‌كتر ئه‌گه‌یه‌نێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به مۆسیقا‌و سه‌ماكردن كه سه‌ماكان گوزارشت له‌كولتوری ئۆكراینا خۆی ده‌كه‌ن، چونكه یاده‌وه‌ری تێكست زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ری كۆنه‌ستی گشتیه، بۆیه ده‌رهێنه‌ر خۆی هه‌ڵستاوه به دابه‌شكردنی مۆسیقای نمایشه‌كه‌و یه‌كه‌ی گوتار له‌م نمایشه‌دا به‌ره‌و جۆرێك له‌شانۆیه‌كی مۆسیقی ده‌بردرێت كه زیاتر به‌ره‌و ئۆپیرا نزیكمان ده‌كاته‌وه.
گوزارشتكردن جگه له توانا جه‌سته‌یی وده‌نگیه‌كانی ئه‌كته‌ر بریتین له‌سینۆگرافیای نمایشه‌كه، به‌تایبه‌ت ئه‌و چوار چێوه درێژانه‌ی ده‌لاله‌تی جیاوازمان به‌پێی دیمه‌ن پێ ده‌به‌خشن، كه ده‌بنه پایه‌ی شوێن بۆ ره‌هه‌نده كولتوریه‌كان وزه‌مه‌نی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، وه‌ك چۆن له‌دیمه‌نی دادگاییكردنه‌كه‌ش ده‌بنه‌وه تابووت.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی دیمه‌نی گۆڕستانه‌كه كه له‌ڕێگه‌ی ده‌نگی ئه‌كته‌رو ئه‌و دره‌خته ووشكانه وێنه‌ی پرسه بۆ قوربانی له‌گۆڕستان نمایش ده‌كرێت، كه ده‌كرێ به‌جوانترین وێنه‌ی ناو نمایشه‌كه‌ی ببینین كه هێزی بینین ده‌گه‌یه‌نێته ئاستی باڵای چێژ بۆ مه‌رگ، چونكه مه‌رگ كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیه ته‌نانه‌ت له‌كاتی سه‌ماكان تابووته‌كان بۆ سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌كشێن، ئه‌وه‌ش گوزارشته بۆ ئه‌وه‌ی له‌ساتی شادیشدا هه‌میشه ترسی مردن به‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه زاڵه‌وه.
ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بینینه‌وه ئه‌و ترسه ڕووبه‌روومان ده‌بێته‌وه كه ده‌بینین له‌شێوه‌ی جیاواز لم پێشه‌وه‌ی شانۆكه‌ی داگیر كردووه، كه‌چی هه‌ر ئه‌و لمه ده‌لاله‌تی مردن ده‌گۆڕێت بۆ ژیان ئه‌و كاته‌ی له‌ڕێگه‌ی بێژینگه‌كانه‌وه ده‌یكه‌ن به گه‌نم.
ئاره‌زووی ژیاندۆستی ده‌چێته ئه‌و ئاسته‌ی كه ده‌رهێنه‌ر ته‌سلیمی زه‌مه‌نی مێژووی ڕووداو نه‌بێت، له‌لایه‌ك مناڵێكی كوڕ كه له‌نێوان دیمه‌نه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، بازنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه ده‌یسووڕێنێت، كه سووڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ڕیتمی ڕووداوه‌كان ده‌دات، له‌لایه‌كیتریش كچه مناڵكارێك به بووكه شووشه‌یه‌كه‌وه كه له‌زۆربه‌ی كاتدا هاوكارێك وپشت وپه‌نای مه‌ڕوسیا چوڕایه هه‌ر ئه‌و مناڵه‌شه نایه‌وێت بڕیاری دادگاكردنه‌كه به مردن وزینده به‌چاڵكردنی چوڕای كۆتایی بێت، بۆیه بووكه شووشه‌كه‌ی له‌ناو لمه‌كه ڕاده‌گرێت ولمی به‌سه‌ردا ده‌كات، ئه‌و كۆتاییه بۆ ئه‌م شانۆگه‌ریه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو كه مردن مانای مه‌جازی هه‌یه، مانایه‌ك له‌ناو مێژووه، نه‌وه‌ی نوێ قه‌بووڵی ئه‌و مردنه ناكات، بۆیه ته‌نیا وه‌ك یاریه‌كی تراژیدی ده‌یخاته‌وه ڕوو، یاریه‌ك كه ڕێگا ناده‌ن به مرۆڤه‌كان بكرێت.
به‌و وێنه مه‌جازیه‌ی كۆتایی نمایشه‌كه, كۆمه‌ڵگای ئه‌كته‌ر وكۆمه‌ڵگای بینه‌ر له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگایه‌كی تردا ده‌وه‌ستن كه كۆمه‌ڵگای نمایش, ئه‌و كۆمه‌ڵگایه له‌سه‌ر پاشخانی كولتوری كۆمه‌ڵگای ئه‌كته‌ره‌كان درووست بووه, به‌ڵام چیتر ئه‌كته‌ره‌كان نایانه‌وێ ئه‌وه كۆمه‌ڵگای ئه‌وان بێت, به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه دۆگمایه‌ی ئێمه بۆ كو‌لتور هه‌مانه, ده‌بێت ئه‌كته‌ر ببێته‌وه به‌شێك له‌ناو ئه‌و ڕابردووه, كه‌چی له‌م نمایشه‌دا ئه‌كته‌ر به‌شێك نیه له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه, ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و ئاگاییه كولتوریه‌ی ئاماده‌بوونی هه‌یه, ئاماده‌بوونێك مۆسیقا وسه‌ما وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی كولتوره‌كه‌ی خۆی سه‌یر ده‌كات, به‌ڵام كاتێ له‌یاده‌وه‌ری كولتوریی ئه‌ودا مردن هه‌یه, ئه‌و مردنه نایه‌نێته‌وه ناو ئێستامان, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌و مردنه ده‌باته‌وه ناو مانای مه‌جازی, چونكه به‌ته‌نیا ڕووداوێكه له‌ڕابردوو ڕوویداوه‌و نابێت بێته ناو ئێستامانه‌وه.
16-9-2013
لۆگانسك- ئۆكراینا