سپارده‌ی ده‌ستی تۆم، مه‌حوی!
له نێو ژووره وێکڕا حه‌مام و ته‌والێته تاریکه‌که‌ی ئه‌پارتمانه‌که‌مدا ده‌رگام له سه‌ر خۆم کڵۆم داوه و به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست گڵۆپه‌که‌ی بان سه‌رم هه‌ڵنه‌کردووه. ئێواره‌یه‌کی دره‌نگم لێ داهاتووه و هاوسه‌ره‌که‌یشم هێشتاکێ له کار نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه. من پتر له ماوه‌ی پێویست له‌م شوێنه خۆمم مژووڵ و گیر کردووه و گوێچکه‌کانیشم به ته‌واویی به‌تاڵ کردوون له پرته و بۆڵه‌یه‌کی ناوه‌ختی سه‌ر له سپێده.
زۆر جوایه‌ز له دانیشتنه پێکه‌نیناوییه‌که‌ی سلاڤۆ ژیژه‌ک له سه‌ر ته‌والێت، من له پاڵ ته‌والێته فه‌خفورییه سپیی و ئیسپانیاییه‌که به دوو قاچی درێژکراوه و پشتێکی که‌مێک چه‌ماوه دانیشتووم، یانیش با بڵێم ڕاکشاوم. له خۆمه‌وه وه‌ها هه‌ستده‌که‌م گه‌لێک له تیپی (رێ) ده‌چم! له تاریکییدا هه‌ر چوار تیپه‌کانی دیکه‌ی ناومم لێ په‌یدا ده‌بن و وه‌ک دیوار چوار ده‌ورم لێ ده‌گرن. دواتر یه‌ک له دوای یه‌ک شێوه‌ی شتگه‌لی نێو ژووی حه‌مام و ته‌والێته‌که وه‌رده‌گرن. تیپی یه‌که‌می ناوم کتومت وه‌ک ته‌والێته‌که ده‌رده‌که‌وێت و وه‌ها شێوه‌کردنی قووڵتر ده‌مباته نێو خه‌یاڵان. نیگای چاوانم ده‌به‌ن بۆ سه‌ر شوێنی بازنه گچه‌که‌که‌ی مه‌نهۆڵی حه‌مامه‌که و وه‌ها ده‌زانم تیپێکی (ه) ی گه‌وره‌یه و له‌وێدا که‌وتووه.
گه‌مه‌یه‌کی خۆش و چێژ به‌خشه و، هه‌روا له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مبات. له بانیۆکه و دوو شێره گه‌رم و سارده‌که‌ی سه‌ریی، تیپێکی گه‌وره‌ی (تێ) ده‌بینم. ئینجا دووشه‌که ئاماده‌یه بمشوات و خۆی ببێت به (ئه‌لف) ه‌که و دوا تیپی ناوم. من به‌ر له‌وه‌ی وه‌ک ئه‌م ئێواره‌یه به‌م شێوه‌یه له تیپه‌کانی (عه‌ین) و (ه) و (تێ)ی ناوم ڕابمێنم، زۆر جاران به‌م (ئەلف) ه شادمان ده‌بووم، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ست بکه‌م رۆژگارێک ده‌مگه‌یێنێته شوێنێک که شایسته‌ی مرۆی سه‌رڕاست و سه‌ربڵنده. به‌تایبه‌ت له کاتی گوتنی ناومدا که ده‌بووایه هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ بۆ نێو ناخت‌دا هه‌ڵبمژیت هه‌تا بتوانیت ئه‌و (ئەلف) ه وه‌ک خۆی بڵێیت. هه‌رده‌م له تێڕامانی ناوم خۆشییه‌ک ده‌خزایه ده‌روونمه‌وه و هه‌ستمده‌کرد ناوم هه‌رده‌م بۆنی به‌خشنده‌یی و مه‌زنی هه‌ناسه‌ی که‌سێکی مرۆدۆستی لێ دێت. به تایبه‌ت له‌م زه‌مه‌نه‌ی که منی تێدا ده‌ژیم، گه‌لێک نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند هه‌ن هه‌ڵگری هه‌مان ناون.
له نێو ئه‌م خه‌یاڵانه‌دام و روندک له چاوانم ده‌که‌ون، ده‌نگی هه‌ناسه‌یه‌ک له ته‌کم دێت و ئه‌وه‌نده ده‌کۆشـم ناوێرم ئاوڕێك بده‌مه‌وه. ده‌نگه‌که تا ده‌هات زیندووتر ده‌هاته نێو گوێچکه‌کانم و منیش له پاڵ ته‌والێته‌که تیپێکی (رێ) ی که‌وتوو و په‌ژمووده و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوبووم.
عه‌تا . . . عه‌تا . . . عه‌تا،. . . عه‌تار!
عه‌تا . . . عه‌تا . . . عه‌تا،. . . عه‌تار!
عه‌تا . . . عه‌تا . . . عه‌تا،. . . عه‌تار!
ده‌نگه‌که چه‌ند جار وه‌ها بانگی ده‌کردم و، ده‌هاته نێو گوێچکه‌کانم . . ده‌هاته نێو ناخم و له‌م تاریکاییه‌دا به ته‌واویی داگیری ده‌کردم.
له ترس‌دا چاوانم به تووندی ده‌گوشین و روندکه قه‌تیسماوه‌کانمم به گوڕ ده‌رده‌په‌ڕاندن. له نکاو پێش چاوانم وه‌ک دونیایه‌کی سپیی و شاشه‌یه‌کی چکۆڵه‌ی سینه‌مای لێ ده‌هات و پڕ ده‌بوو له وێنه و دروشم. رووی پیره‌پیاوێکی گه‌وزێنراوی نێو خوێن ده‌رده‌که‌وت و پێمی ده‌گوت تۆ عه‌تاری نیشاپوریت و له‌م دونیایه‌دا نه‌ماویت. من ده‌ترسام و ده‌گریام و پێیم ده‌گوت که من عه‌تا محه‌مه‌د عوسمانم، نه‌وه‌ک عه‌تار نیشاپوری.
ئه‌و تووڕه ده‌بوو و ده‌یگوت قسه مه‌که . . قسه مه‌که و، زۆریش به په‌له و مکوڕ بوو که ناوی خۆی به منه‌وه بلکێنێت، به‌رله‌وه‌ی سه‌ربازێکی مه‌غۆلی سه‌رگه‌وره و سه‌رشێت به پرچه درێژه‌که، ئه‌و زاته له دوای خۆی ڕابکێشێت و له پێش چاوانم له‌توپه‌تی بکات.
بۆ ساتێک که بیرم له‌م باره سه‌یره ده‌کرده‌وه، باوه‌ڕێکم بۆ دروست ده‌بوو که ئه‌م پێشهاته‌ی تێی که‌وتووم هه‌رگیز ساده و له خۆڕا نییه. چۆن پاش ئه‌وه‌ی به شه‌که‌تی له کار گه‌ڕابوومه‌وه، زوو هاتم ده‌رگه‌ی حه‌مام و ته‌والێته‌که‌م کرده‌وه و له سه‌ر ئاوده‌سته‌که دانیشتم. دواتر هه‌ر که ته‌واو بووم و ده‌نگی ڕاماڵینی پاشماوه‌ی هه‌ردوو کونمم له نێو قورگی ئاوده‌سته‌که‌دا کپ بوو، ده‌رپێ و کاوبۆکه‌م وێکڕا هه‌ڵکێشانه‌وه. ئیتر نازانم بۆ وه‌ک جارانی پێشوو هه‌ردووکیانم له ژێر پێیه‌کانم فڕێ نه‌دان و نه‌چوومه نێو بانیۆ و ژێر دووشه‌که، بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بشۆم.
خۆمم نه‌شووشت و عه‌تار به به‌رگێکی سپیی هاته‌وه و گوتی، ئێستاکه فلیمی پیاوێکت بۆ لێ ده‌ده‌م که وه‌ک تۆ قه‌له‌نده‌رێکی کورده و ناوی مه‌حوییه.
به‌ر له‌وه‌ی فلیمه‌که ده‌ست پێ بکات، هه‌ستمکرد شتێک مووی ده‌ستێکم ده‌خورێنێت. ترسام و له‌م باره په‌شۆکاوه ڕاچڵه‌کییم و به ده‌ستی چه‌پم شه‌قێکی به‌هێزم ئاڕاسته‌ی شوێنه‌که کرد. ده‌نگێکی وه‌ک ته‌قه‌ی ده‌مانچه له نێو گوێچکه‌کانم زرنگایه‌وه و خوران و جووله‌ی زینده‌وه‌رێک له نێو ئازاری ده‌ستی ڕاستمدا ون بوون و نه‌ما.
دوای ئه‌وه‌ی بۆ شه‌وێ هاوسه‌ره‌که‌م له سه‌ر کار گه‌ڕابووه‌وه و زوو (ناین وه‌ن وه‌ن) ی لێ دابوو، ژماره‌یه‌ک پۆلیس هاتبوون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای حه‌مام و ته‌والێته‌که پشکێنن و باره‌که بپشکنن. دواتر من له ئاگاییدا و به حه‌ب و ده‌رمانێکی زۆر، باری ده‌روونییم وه‌ک رۆژگاره‌کانی ساڵی یه‌که‌می هاوسه‌رگیریی لێ هاتبوو له‌گه‌ڵ نیشان پور.
به‌یانییه‌ک چووم به یادی ته‌واوکردنی ئه‌و فلیمه‌ی ده‌رباره‌ی مه‌حوی چه‌ند رۆژێک بوو زۆر به زیندوویی له سه‌ر دیواره سپییه‌که‌ی ژووری حه‌مام و ته‌والێته‌که نیشانم درابوو، له هه‌مان شوێن دانیشتمه‌وه و به ئارامییه‌کی بێ وێنه سه‌یری ده‌وروبه‌رم ده‌کرد. دیتم ده‌یان خاڵخاڵۆکه‌ی زه‌رد و سوور دانه‌یه‌کی په‌ڕ و باڵ شکاویان هه‌ڵگرتووه له سه‌ر لێواری بانیۆکه به مارشێکی گه‌لێک هێمن به‌ره‌وه په‌نجه‌ره‌که گوزه‌ر ده‌که‌ن و ده‌ڕۆن.
به دیتنی ئه‌م دیمه‌نه ئه‌و رۆژه‌م هاته‌وه یاد که به ده ده‌ست ته‌رمی یوسف ئازادی هاوڕێمان هه‌ڵگرتبوو که له سه‌ر وتارێک کوژرابوو که تێیدا باسی سه‌گی گێرمان شیپه‌ردیشی کردبوو. یوسف سه‌ره‌تا که‌سێکی مارکسی بوو و ساڵانێکی درێژ له نێو رێکخراوێکی چه‌پ کاری کردبوو. لێ، تاکه شت من ده‌رباره‌ی ئه‌و هاوڕێیه جوانه‌مه‌رگه له بیرم مابوو ئه‌وه بوو که زۆر حه‌زی له گه‌مه‌کردن بوو به وشه. به هۆیه‌وه بیرۆکه‌یه‌کی سه‌یری بۆ دروست بووبوو که هه‌ر مرۆییه‌ک زاده‌ی دوو دونیایه، یه‌کێکیان بینراوه و ئه‌ویدیکه نه‌بینراو. به‌م پێیه رۆژێک له سه‌ر کاغه‌زێکی سپیی ناوی خۆیشی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کات و ده‌ڵێت، ده‌کرێت له ئێستاوه من ناوم سوفی زاده بێت.
یوسف ناوی (مارکس)ی به (کراسم) ده‌خوێنده‌وه و، وشه‌ی (کفر) ی ده‌کرد به (فکر) و به سه‌عات ده‌رباره‌ی ده‌دوا. ئه‌و ده‌یزانی من مه‌حوییم زۆر خۆشده‌ویست، بۆیه رۆژێک له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی براکوژییدا له گه‌ڕه‌گی چوارباخ هاته سه‌ردانم و، دیوانی مه‌حوی وه‌ک دیاری و یادگارێکی پڕ نرخ پێشکه‌ش کردم. ئه‌و له‌سه‌ر به‌رگی دیوانه‌که ناوی مه‌حوی وه‌ک هی خۆی لێ کردبوو و له جیاتی نووسیبووی (وه‌حیم)! پێی ده‌گوتم ” عه‌تا گیان! ئایا ده‌زانیت له‌و کاته‌ی مه‌حوی ناوی خۆی له مه‌شوییه‌وه بۆ مه‌حوی گۆڕیوه، نیازی هه‌بووه وه‌ها بڵێت!”
یوسف هه‌موو جار له گه‌ڕه‌کی ته‌یراوه به پێ ده‌هاته ماڵمان . . . ئه‌و پێشتر مانای ناوی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی بۆم هه‌ڵده‌وه‌شاندبووه‌وه، ئیتر له‌و رۆژه‌وه یوسف له پێش چاوانم هه‌م مرۆیه‌کی ته‌یر و هەم که‌سێکی تاهیریش بوو!
من هه‌تا نه‌هاتبوومه ده‌روه‌وه و پێشهاتی به‌م شێوه‌یه ناڕوون و سه‌یری وه‌ک بوون به عه‌تار، یان به بینه‌ر بۆ فلیمی مه‌حویییم نه‌بینیبوون. هه‌رگیز وه‌ک ئه‌مڕۆ بیرم له ئاخاوتنه‌کانی یوسف نه‌کردبۆوه، به تایبه‌ت که دوایی که‌مێکی دیکه له چوونه‌وه ده‌ره‌وه‌ی خاڵخاڵۆکه‌کان ده‌چم دیوانه‌که‌ی مه‌حوی ده‌که‌مه‌وه و یه‌کسه‌ر ئه‌م دوو دێره شیعره ده‌خوێنمه‌وه.
فه‌له‌ک هه‌ر گا که‌سێکی هه‌ڵبڕی، وه‌قتی هیلاکه‌تییه
که سه‌ر بۆ گه‌یینه په‌ت بێ، پێ له سه‌ر ئه‌سکه‌مل و کورسی چ بکا؟
ئه‌م دوو دێره که رێگه‌ی چتاقه هه‌ڵاتن و لادانێک ناخاته به‌رده‌می مرۆ، دیاره هه‌مان دوو دێره شیعری مه‌حویین که یوسف ئه‌و وتاره‌ی له ڕووپه‌ڕی رۆژنامه‌یه‌که‌دا پێ به کۆتا هێنابوو و بووبووه هۆکاری کوژرانیی. له ئاست ئه‌م ڕێکه‌وته سه‌یره شپرزه ده‌بم و ده‌سته‌کانم ده‌له‌رزن و دیوانی مه‌حوی له پڕ له ده‌ستم ده‌که‌وێته خوار و به‌ر لێواری مێزه دار گوێزه قولینچک تیژه‌که ده‌که‌وێت و بریندار ده‌بێت. که هه‌ڵیده‌گرمه‌وه یه‌کسه‌ر چاوانم بۆ نووسینه‌که‌ی یوسف ده‌گێڕم که به‌ر له بیست ساڵ له سه‌ر به‌رگی دیوانه‌که‌ی نووسیبوو، ده‌بینم وشه‌که له ناوه‌ڕاستییدا بریندار بووه. هه‌ردوو تیپی (حێ) و (يێ) سڕاونه‌ته‌وه و تیپه‌کانی (واو) و (ه) و . .(میم) وه‌ک وه‌ڵامێکی دوو ددان که‌وتوو له سه‌ر به‌رگی دیوانی مه‌حوی تاق و ته‌نیا و قه‌له‌نده‌ر به‌جێماون. من که هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک ده‌که‌م و ده‌یخوێنمه‌وه و له وشه‌ی (وهم) ی عه‌ره‌بیی بترازێت، ناشێم چ شتێکی دیکه‌ی لێ هه‌ڵبکڕێنم.
ماچی ده‌می له که‌ڵکه‌ڵه‌ما مابوو، چ خۆشی وت:
قرم، ئه‌ی ئه‌سیری واهیمه، خۆش ناکرێ له هیچ
نیشانی هاوسه‌رم له‌گه‌ڵ ده‌نگی که‌وتنی دیوانه‌که زوو گه‌یشته ژووره‌که‌م، چونکه له پێرێیه‌وه که پۆلیسه‌کان منیان ساردوسڕ له نێو ژووری حه‌مام و ته‌والێته‌که ده‌رهێنابوو، ئه‌و هه‌تا بڵێیت نیگه‌رانه. ئه‌و رۆژه نیشان به لێوه پڕه‌کانی گشت فرمێسکه‌کانمی سڕیبوونه‌وه که له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی ئه‌و به‌شه‌ی فلیمی سه‌رگوزشته‌ی مه‌حوی ته‌ڕ و هیشک له‌سه‌ر هه‌ردوو روومه‌ته‌کانم به‌جێمابوون.
من به‌رله‌وه‌ی دیوانه‌که له نزیک مێزه‌که هه‌ڵبگرمه‌وه، له‌وانه‌یه بۆ ساتێک وه‌هام پێشبینیی کردبێت که تیپی (میم) ببینم له نووسراوه‌که‌ی یوسف فڕی بێت و ته‌نها وشه‌ی (و‌حي) به‌جێمابێت. لێ، زوو کورتم هێنابوو که دیتم وشه‌ی (حي) سڕابۆوه و له جیاتی وشه‌ی (وهم) وه‌ک سه‌رابێکی گه‌وره له‌سه‌ر به‌رگی دیوانه‌که به‌جێمابوو.
نیشان کوردیی رۆژهه‌ڵاته و رشته‌ی یاسای له دانیشتگه‌ی کرماشان خوێندووه. بۆیه هه‌موو شتیکی ده‌دایه به‌ر حوکمی ته‌رازوو و، ده‌تگوت چاو و که‌پۆ و لێوه جوانه‌کانیشی هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نه‌خشاون. ئه‌و به له‌لای دایکییه‌وه به چوار پشت ده‌گه‌یشته‌وه سه‌ر مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی، به‌ڵام هه‌رگیز بۆی گرینگ نه‌بوو که من دوای سه‌ودابوونم به دونیای مه‌حوی، هه‌رجار ئه‌وه‌م ده‌درکاند که شیعره‌کانی مه‌حوی له هی گه‌وره باپیره‌ی ئه‌و گه‌لێک قووڵترن. نیشان حه‌زی له ئه‌ده‌ب نه‌بوو وهه‌رگیزیش گوێی لێ ڕانه‌ده‌گرتم و باوه‌ڕیشی به‌م ئاخاوتنه‌م نه‌ده‌کرد، به تایبه‌ت له‌و کاتانه‌ی من به شادمانییه‌کی زۆره‌وه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌م ده‌هێنایه‌وه که له یه‌کچوونی زێدی مه‌وله‌وی به‌لخی و مه‌حوی بالخی هه‌رگیز شتێکی وه‌ها ساده و رێکه‌وت نییه.
نیشان زمانی عه‌ره‌بیی نه‌ده‌زانی چۆن منیش له فارسیییدا له چاو ئه‌و ته‌یرێکی نابه‌له‌د بووم، نه‌وه‌ک له‌و رۆژه‌وەی ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ر به‌رگی دیوانی مه‌حوی خوێندمه‌وه به‌هێزترین به‌ڵگه بوو که وشه‌ی (حي) و وشه‌ی ( وهم) هه‌رگیز له یه‌ک ته‌رازوودا وێکڕا جێگه‌یان نابێته‌وه. هه‌ستم ده‌کرد نیشان ئیگۆیه‌که‌ی زۆر له هی من به‌هێزتره، بۆیه هه‌رده‌م پێم ده‌ڵێت عه‌تا گیان! ناکرێت تۆ زیندوو بیت و له ئه‌وپه‌ڕی شارستانیی رۆژئاوا له‌م وه‌همه گه‌وره‌یه‌دا بژییت.
من وه‌ڵامم پێ بوو و ده‌کرا باسی کلۆدیۆس جه‌یمس ریچی بۆ بکه‌م!
هه‌روه‌ها له پێرێیه‌وه هه‌وڵده‌ده‌م فلیمه‌که‌ی مه‌حوی له نوکه‌وه بۆ نیشان بگێڕمه‌وه و، ژیان بوار نادات. من له به‌یانییه‌وه بۆ ئێواره له کارم و ئه‌ویش له ئێواره‌یه‌وه هه‌تا شه‌و. هه‌ردووکمان ته‌نها له دوو (میم) ه‌که‌ی مه‌وله‌وی و مه‌حوی به یه‌کتریی ده‌گه‌ین یان به یه‌کتریی ناگه‌ین . . هه‌تا ئه‌و بڵێت من ماندووم و منیش بڵێم من ماندووم. به‌م (م . . م . . م . . ) ه رۆژگاره‌کان به‌سه‌ر ده‌به‌ین و زۆربه‌ی جاران دانوومان به یه‌که‌وه ناکوڵێت.
ناچار وا دووباره هاتوومه‌ته‌وه هه‌مان شوێن له پاڵ ته‌والێته فه‌خفورییه سپیی و ئیسپانیاییه‌که به دوو قاچی درێژکراوه و پشتێکی که‌مێک چه‌ماوه دانیشتووم و، یانیش با بڵێم ڕاکشاوم. بێ ئاگام له‌وه‌ی که ماوه‌ی پتر له دوو مانگه من و نیشان پێکه‌وه هیچمان نه‌کردووه و، ته‌نها بۆ جارێکیش چ له ته‌نیشت ته‌باخه کاره‌باییه‌که، مێزه بازنییه‌که‌ی ناندێن، یانیش سه‌ر سۆفا چه‌رمه ره‌شه‌که له‌شمان له هی یه‌کتریی نه‌خشاوه. ماوه‌یه‌که ئیگۆکانمانیشمان له‌گه‌ڵ یه‌کتریی هه‌ڵناکه‌ن. ئه‌وه‌ی من لاوازه و زوو زوو ده‌خزێته نێو تاریکایی و هی نیشانیش هه‌رده‌م زاڵ و زل و روو له منه!
ژووری حه‌مام و ته‌والێته‌که دووباره تاریکه و له نێو دووکه‌ڵدا سه‌رووی ده‌رگایه‌کی توکمه و داریینم لێ دیاره که لێی نووسراوه خانه‌قای مه‌حوی. فرۆکه‌کانی ئینگلیز بۆ جاری چواره‌مه ئه‌م شوێنه بۆردمان ده‌که‌ن و، چه‌ند پڕوشک له ساتمه داغبووه‌کان به‌ر گۆڕی مه‌حوی ده‌که‌ون و ته‌نها له زه‌ینی مندا و له نێو قوڵایی گۆڕه‌که‌دا ئێسکێکی بچووکی په‌نجه گه‌وره‌ی ده‌سته راستی ده‌شکێنن و وردی ده‌که‌ن. پیاوێکی که‌ڵه‌گه‌ت و چوارشانه که ده‌ورپشت به مه‌لا خالید گازیی ده‌که‌ن، پیاوێکی دیکه، که تا ته‌واوبوونی فلیمه‌که رووخساری بۆ من ناڕوونه، ئاراسته‌ی ژوورێک ده‌کات که په‌نجه‌ره‌که‌ی به‌سه‌ر باغی پشته‌وه‌دا کراوه‌یه.
پیره پیاوێک له بنه‌بانی خانه‌قا دانیشتووه و له ژیر ئه‌و باره ناجۆره‌ی بۆمبباران نابزووێت و له پێش خۆی قسان ده‌کات. من به حاڵ هێندێک له ئاخاوتنه‌کانی ده‌بیستم و نابیستم. ئه‌و ده‌ڵێت رۆژگارێک باوانی ئه‌و پیاوشکۆمه‌نده‌ی که له تێڕامان له په‌نجه‌ره‌که‌وه بیری به‌رده قاره‌مان ده‌کات، له‌گه‌ڵ باو و باوانی مه‌لا خالید دژ و ناکۆک بووین.
تروسکایه‌کی زۆر رۆشن له ته‌ماشاکردنه‌وه‌ی فلیمه‌که دامده‌پچڕێنێت و سه‌ری خوێناوی یوسف ده‌رده‌که‌وێت و ده‌ڵێت دیمه‌نه‌کان درۆزنن و هه‌رگیز وه‌ک خۆیان ده‌رناکه‌ون. له ناخی مرۆیه‌کان ڕابمێنێ به‌ر له‌وه‌ی به هۆی رووداو و کاغه‌زه مێژووییه‌کان شت بخوێنیته‌وه. ئیگۆیه‌که‌ت بکوژه و لێ بگه‌ڕێ شته‌کان وه‌ک خۆیان له نادیاره‌وه بێنه نێو ناخت و راستییه‌کانت پێ بڵێن.
به دیتنی ئه‌م دیمه‌نه ده‌تاسێم و ده‌گریم. فرمێسکه‌کانم ڕووی خوێناوی یوسف ده‌شۆنه‌وه و بزه له سه‌ر لێوه‌کانی ئه‌و و هی خۆیشم دروست ده‌که‌ن. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی رووخساری به یه‌کجاری له پێشم چاوانم ون بێت، یوسف به ده‌نگێکی پڕ له جۆش ئه‌م دوو دێره شیعره‌ی مه‌حوی ده‌خوێنێته‌وه و دواتر پێم ده‌ڵێت که له ته‌ماشکردنی فلیمه‌که دانه‌بڕێم.
فه‌له‌ک هه‌ر گا که‌سێکی هه‌ڵبڕی، وه‌قتی هیلاکه‌تییه
که سه‌ر بۆ گه‌یینه په‌ت بێ، پێ له سه‌ر ئه‌سکه‌مل و کورسی چ بکا؟
یوسف یه‌کسه‌ر ون ده‌بێت!
مه‌حوی له ته‌ک موفتی زه‌هاوی دانیشتووه و باس و خواستی رۆژگار ده‌کات و، سه‌ری بۆ ئه‌م هیلاکه‌تییه ده‌خورێت. بۆیه هه‌ر که ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی له موفتی وه‌رده‌گریت له ناخه‌وه به‌ڵێن به خۆی ده‌دات که مرۆیه‌کی حه‌ق بێژ و راست بێت.
لێ، هێشتا زووه بۆ مه‌حویی بڵێت:
له سه‌ر تۆ بوومه په‌ندیی عاله‌مێ وتم و، وتی: مه‌حوی
به‌سی بێ موشریکی به‌س، یا له دنیا لاده یا له من لاده
من هێشتا به دوو قاچی درێژکراوه و پشتێکی که‌مێک چه‌ماوه دانیشتووم، یانیش با بڵێم ڕاکشاوم. دووباره له خۆمه‌وه وه‌ها هه‌ستده‌که‌م گه‌لێک له تیپی (رێ) ده‌چم، یانیش با بڵێم له (هیچ) ده‌چم!
(رێ) و(هیچ) پێکه‌وه زه‌ینم ده‌کۆڵن و له‌رزه له‌رزێک ده‌خه‌نه سه‌ر لێوانم. بارێکم بۆ پێشدێت وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ ناوی خۆم و ناوی عه‌تاردا هه‌مبوو. چه‌ند جارێک رێ و هیچ. . . رێوهیچ. . .رێهیچ له سه‌ر زوبانم دووباره و دووباره ده‌بێته‌وه. له پڕێکدا ده‌نگێکی نامۆ به گوێچکه‌ی راستمدا ده‌چرپێنێت و ده‌ڵێت تۆ ریچییت. . ریچ!
نزیکه‌ی دوو سه‌د ساڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه دوا و هه‌ستده‌که‌م له رۆژێکی مانگی ئایاری ساڵی هه‌زار و هه‌شت سه‌د و بیست دام و، له نێو حه‌مامێکی شاردا خۆم ده‌شۆم. حه‌مامه‌که رووناکه و دیواره‌کانی به‌ره‌نگێکی بریقه‌دار سواغ دراون و، ناوه‌وه‌ی پڕه له حه‌وز و فواره‌ی زۆر گه‌رم و زۆر سارد. من له‌وه‌ته‌ی گه‌ڕاوم نه له ئوتێل، نه له مه‌له‌وانگه، نه له چتاقه حه‌مامی شارێکی کۆندا هاوشێوه‌ی ئه‌م حه‌مامه‌م نه‌بینیووه. ده‌ڵێن حه‌مام له‌سه‌ر داخوازی مه‌حموود پاشا دروستکراوه و دوو وه‌ستای کارامه‌ی له کرمانشانه‌وه هێناوه بۆ ئه‌وه‌ی جوانترین حه‌مامی دونیا له‌م شاره دروست بکه‌ن.
له حه‌وزه ئاوه زۆر گه‌رم و زۆر سارده‌کاندا ڕاده‌مێنم و جودا له بیرکردنه‌وه ده‌رباره‌ی حه‌مام و پاشا، بیر له دوو پیاوی دیکه‌ی ئه‌م شار و نه‌ته‌و‌ه و خاکه جوانه ده‌که‌مه‌وه. مارف و خالید، که هه‌ریه‌کێکیان زاده‌ی دونیایه‌که له هزر و هه‌ژموون و بوونیان پێکه‌وه له یه‌ک زه‌مه‌ندا، من ریچ بم یان هیچ بم، ئه‌وا هه‌تا ئێستاکه‌ش که ساڵی دوو هه‌زار و چوارده‌یه، درێژبۆته‌وه.
من ریچ بم یان هیچ بم، هه‌ستده‌که‌م ته‌نێ ساڵێک و پێنج مانگ ته‌مه‌نم ماوه! ئه‌وه‌تانێ، تارمایی پیاوێکی ئه‌وڕوپایی بیر تیژه هه‌یه وه‌هام پێده‌ڵێت. مسته‌ر یۆنگ هه‌رده‌م ئه‌نگوستیله‌یه‌کی له په‌نجدایه که وێنه‌ی مارێکی له سه‌ره و، حه‌ز ده‌کات ناوی خۆی بگۆڕێت بۆ کۆمۆنمان.
له پڕ ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌رده‌می منداڵیییم و باوه‌ڕ ده‌هێنم که له‌و کاته‌ی له شاری بریستول دوور له رۆژهه‌ڵات ده‌ژیام و لاپه‌ڕه نووسراوه‌کانم هه‌ڵدانه‌وه و به تیپ و رێنووسێکی زۆر سه‌یر و نامۆ ئاشنابووم، زانییم رووداوگه‌لێکی ناساده و ناڕاگوزه‌ر چاوه‌ڕێمن.
ئه‌و پیاوانه‌ی وا تارماییان له‌سه‌ر کاشییه سپییه‌کانی دیواری ئه‌م ژووره‌ی حه‌مام و ته‌والێته ده‌بینم، گشتیان له رۆژگارێکدا هه‌ستیان به‌وه کردووه که ده‌نگێک له نادیار و ناشوێنه بانگی کردوون که کۆچ بکه‌ن. رووخساری که‌سێکی ده‌بینم گه‌لێک نامۆ و په‌ژمووده ده‌بینم به جاده‌کانی شاری ئه‌سته‌نبولدا پیاسه ده‌کات، لێ هه‌تا بڵێیت به‌م کۆچه و ناوی خۆی شادمانه.
که‌یفی جوانڕۆیی!
له حه‌مامه شێوه کرمانشانییه‌که‌ی که وێنای ده‌که‌م و هه‌ستده‌که‌م من ریچم و ته‌نها ساڵ و نیوێکی دیکه ته‌مه‌نم کردووه. دوو پیاو ده‌بینم که له‌به‌ر ده‌رگی خانه‌قا شه‌ره قسه و ململانێییانه دوای ئه‌وه‌ی هه‌م مه‌ولانا و هه‌م خۆیشم ساڵانێکه له شاردا ون بووین و سه‌ری خۆمان بۆ دوا گه‌شت دیکه هه‌ڵگرتووه. ئیتر وه‌ک که‌یفی جوانڕۆیی و چه‌ندانی دیکه رۆیشتووین و له به‌رگ و شارێکی دیکه‌دا درێژه‌مان به‌م ژیانه کورته داوه که بوومانه.
ئه‌حمه‌د ئه‌ربیلی له به‌رانبه‌ر عوسمان بالخی و فه‌رمانی پاشا مل ده‌دات، به‌ره‌و قه‌ره‌داغ سلێمانی به‌جێده‌هێڵت. لێره ده‌که‌ومه گێژاوێک و سه‌ره داوی فلیمی مه‌حوییم لی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌بێت. بیر له‌م دوو موردیده‌ی مه‌ولانا ده‌که‌مه‌وه که چۆن چتاقیان پێشبینیی ئه‌وه‌یان نه‌کردبوو که له‌م خاکه‌ی جوانه‌ی ئه‌وانی تێدا گۆش بووه دواتر کوڕ و نه‌وه‌کانیش به هه‌مان ده‌ردی ململانێ و کۆچ گیرۆده ده‌بن.
لێره‌وه مه‌حویی ده‌بینم، که ده‌ستی یوسفی کۆنه هاوڕێمی گرتووه و ده‌یهه‌وێت له هیلاکه‌تی ڕزگاری بکات. فلیمه‌که وه‌ک خه‌ونێکی سه‌یر و ناجۆره له پێش چاوانم. مه‌حوی له‌م وه‌زیفه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتوو نییه و ناتوانێت یوسف ڕزگار بکات. ئیتر یوسف له سه‌ر ده‌ستی مه‌حوییدا وه‌ک مۆم ده‌توێته‌وه و له پڕ ده‌بێته خاڵخاڵۆکه‌یه‌کی سوور. مه‌حوی له دوای خۆی بۆ دووری دوور به‌لکێش ده‌کات و، ده‌یبات و ده‌یبات. . . له سلێمانی و قه‌ره‌داغ و هه‌ولێر و شامیش دوورتر!
فلیمێکی ناوازه و سه‌یره که له‌سه‌ر دیواری ژووری حه‌مام و ته‌والێته‌که‌مدا ده‌یبینم که تێیدا مه‌حوی کارئه‌کته‌ری سه‌ره‌کییه و خاڵخاڵۆکه‌یه‌کی سووری له سه‌ر ده‌سته. سوڵتان له ئاست مه‌حوییدا له سه‌ر پێ وه‌ستاوه و به شه‌وقه‌وه له ره‌نگیی باڵه‌کانی خاڵخاڵۆکه ده‌ڕوانێت. بۆ چه‌ند ساتێک له خۆیه‌وه هه‌ست ده‌کات تاوانباره له به‌رانبه‌ر خوێنی ڕژاوی که‌سێک به ناوی یوسف که له زه‌مه‌نیکی دیکه به ناحه‌ق ده‌کوژرێت.
سوڵتان هه‌ڵستابووه سه‌ر پێ و رێز و حورمه‌تی زۆری بۆ ئه‌م مه‌لا کورده هه‌بوو. لێ، له تێڕامانی له دیمه‌نی خاڵخاڵۆکه جوانه‌که‌ی سه‌ر ده‌ستیی ترس و نیگه‌رانییه‌کی زۆر له سه‌ر ڕووی نیشتبوو و، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یکرد ئیگۆیه‌که‌ی نه‌یده‌هێشت سه‌باره‌ت به خۆی و دوارۆژی کوڕه‌که‌ی عه‌بدولعه‌زیز پرسیارێک له مه‌حوی بکات.
من بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداریی خۆم بم، له‌گه‌ڵ ته‌ماشاکردنی فلیمه‌که‌دا خه‌ونم به دایکیشمه‌وه ده‌بینیی و پڕ به دڵ غه‌ریبیی بۆنییم ده‌کرد. رووتبووم و، وه‌ک یوسف له نێو بیرێکی قووڵدا که‌وتبووم. دواتر ده‌زانم که کۆمه‌ڵه کێژێک له نێویان گورجی و چه‌رکسی و کوردیشیان تێدابوو له نێو حه‌مامی حه‌ره‌مێکدا به له‌شولاری جوانییانه‌وه به دیارمه‌وه وه‌ستاون و به جامه ئاوی گه‌رم گەرم ده‌مشۆن.
له‌و کاته کیژه جوان و شۆخه‌کان گه‌ره‌کیان بوو رۆحم بهێننه‌به‌ر یانیش رۆحم بهێنه‌ده‌ر، ڕاده‌چڵکێم و ده‌بینم نیشان پوری هاوسه‌رم به چاوی پڕ له گریانه‌وه ده‌سته‌کانی له قژیی ئاڵانده‌وه و هاوار ده‌کات عه‌تا گیان . . . عه‌تا . . عه‌تار. لێره‌دا زمانی له‌ره‌یه‌ک ده‌کات و به ده‌سته ته‌ڕه‌کانی به ده‌موچاومدا ده‌هێنێت و ده‌یه‌وێت بمبوژێنێته‌وه!
من له قووڵایی ناخمه‌وه به خۆم ده‌ڵێم ئیتر رۆیشووم و چیتر به‌رگه‌ی له‌نگیی ئه‌و دونیایه ناگرم.
یانیش به نیشان ده‌ڵێم، مه‌گری گیانه من سپارده‌ی ده‌ستی مه‌حوییم. . . که‌سی دیکه نا:
چیبکه‌م، نه ئه‌و که‌سه‌م که که‌سم له لا به که‌س
خۆشم نه‌گه‌یمه ئه‌و که‌سه ئه‌و من بکا به که‌س
دیدار مه‌سیفی
(کەنەدا)
2012