وێنەى شیعریى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
وێنەى شیعریى
کاتێک قسە لە زمانى شیعرى دەکەین، مەبەستمان تەنها قسەکردن نییە، لە کۆى جیاوازى و لادانە رێساییەکان، یان خستنەڕووى زمانى گوزارشتکردنى رۆژانە و زمانى شیعرى… بەڵکو نزیکبوونەوەیە لە فەزاى ئەدەبى، کە لۆژیک تێیدا ئەوەندە کەم خوێنە ناتوانێ هەناسە بدات. بەمجۆرە (زمانى شیعرى) بەرانبەر (زمان) تووندوتیژییەکى سیستماتیزەکراو دەنوێنێ، وەک فۆرمالیستەکانى رووس دەیخەنە بەر چاو، بەرزترین پلەى هەڵایسانى ئەو تووندوتیژییەش لە مەجاز و خزین یان لادانى زمانى و فەزاى وێنەوە دەستپێدەکات.
زمانى شیعرى زمانێکى ئاماژەییە، بۆیە وشە لە شیعردا خودى خۆى تێدەپەڕێنێ، لەوەى کە دەیڵێ زێتر دەردەخات، ئەو توانا مەجازییە وا لە زمانى شیعرى دەکات لە دەلالەتە فەرهەنگییەکانى کراوەتر و تازەتر بدوێ. کەواتە شیعر هەر تەنها وەسفکردنى شتەکان نییە، هەر تەنها رۆڵ و کاریگەرى پرسى سەردەمى لەخۆدا هەڵنەگرتووە.. بەڵکو هارمۆنیەتى نێوان رەگەزە شیعرییەکان بەرجەستە دەکات، شاعیر هەوڵدەدا زمانێک دابهێنێ، زمانێک کە تازەکردنەوەى ئەو پەیوەندییانە نیشان بدات. لێرەوە (ستیڤن مالارمێ 1842-1898 Stephane Mallarme) دەڵێت شیعر لە فیکر دروست نابێت، بەڵکو لە وشە پێکهاتووە. بەو مانایە دەقى شیعرى نوێنەرایەتى (ئاوێتەبوونێکى دەلالى نوێ) و (خزین یان لادانى زمانى) دەکات. بەڵام خزین یان لادانى زمان بەنسبەت شیعر لاى (جان کۆهین Jean Cohen) ئامانج نییە، بەڵکو تەنها وەسیلەیە و لەپاڵ وەسیلەکانى دیکەدا بەشدارى لە بەجێهێنانى نیازى باڵایی شیعریى دەکات، وا دەکات کە هەندێ لە لادانى زۆر بەربڵاوى (شێوە فەرهەنگى) ئەو بایەخەیان بەرنەکەوێت.
بە دیوەکەى دیکە شیعر وەک هەموو هونەرەکانى دیکە، رووداو و بەهاکان بەشێوەیەکى حەرفى پێشکەش ناکات، بەڵکو لە رێگاى خەیاڵەوە دەیانخاتە روو، کەواتە چونکە ئامرازى شیعر خەیاڵە، بۆیە دەتوانین بڵێین شیعر وێنەیەک دەکێشێ، کە بە دنیاى شتەکان و رووداوەکان و بەهاکانەوە بەندە، بەڵام واقیعى نییە، دەشێ واقیعێکى دیکەى داهێنراو بێت..
لە شیعردا وێنە دەکەوێتە نێوان دوو هونەر: گوتنى بیستراو، هونەرى نیگارکێشان. هەڵبەتە شیعر هونەرى گوتنە و ئامرازەکەى زمانە، بەڵام نیگار هونەرى بینینە، ئامرازەکەى هێل و رەنگە. وێنەى شیعرى کۆمەڵێک گوتنە تەعبیر لە دەرککردنە شعورى و هەستیەکان دەکات.. لە دەلالەتدا کورت دەبێتـەوە.. خودى مەجازە.. بە مانایەکى دیکە کۆى ئەو پەیوەندییە (زمانەوانى) و (بەیانى) و (ئاماژەی)یانەیە، کە دەکەوێتە نێوان گوتن و مانا، چیگوتن و چۆنگوتن، هەڵبژاردن و ئازادى، لێوردبوونەوە و هەڵچوون.. ئەوەش وێنەیەکى هونەرى دەخاتەوە. وێنەى هونەریش ئەو وێنەیەیە کە لە زمانێکى “مەعریفى/هونەرى”ییەوە لە زەیندا دروست دەبێت و دەکەوێـتە نێو فەزایەک، کە لۆژیک تێیدا لاوازە.
وێنەى هونەرى لە واقیع و فیکر و سۆز و نەست و خەیاڵ پێکدێت. وێنەى هونەرى لە بنەڕەتدا رەنگدانەوەى هونەرییانەى جولەى واقیعى کۆمەڵایەتییە، بەڵام ناچێتە دووتوێى وێنەى فۆتۆگرافى و فیلمەوە، بەو مانایەش وێنەى هونەرى رەنگدانەوەیەکى میکانیکیانەى واقیع نییە، بەڵکو واقیعێکە هونەرمەند دروستى دەکات. دەکرێ وێنەى هونەرى لە ئایدیۆلۆژیاى هونەرمەند جیا بکەینەوە، ئەگەرچى لە زمانە لاتینییەکانەوە لەسەرووى ئیتمۆلۆژییەوە (etymology) پەیوەندییەکى پتەو لەنێوان وێنە و فیکردا هەیە. وێنەى هونەرى، پەیوەندى بەو فیکرە زەخیرەکراوەوە هەیە، کە لە قۆناغى منداڵییەوە لەگەڵ هونەرمەند گەورە دەبێت.
هەڵبەتە وێنە پێویستى بە فیکرە، ئەگینا لە وڕێنە و فەوزا نزیک دەبێـتەوە، بەڵام نەک بەو مانایە، کە فیکر بەسەر تەواوى رەگەزەکانى دیکەى وێنەدا زاڵ بێت. چونکە ئەگەر فیکر لە هەموو لایەک دەستى بەسەر وێنەدا گرت ئەوە ئامانجى وێنە دەبێتە نمایشکردنى فیکر، نەک هونەر.. بەو مانایە فیکر لە وێنەدا تێکراى ئەو پرۆسانەیە کە مرۆڤ لە پەیوەندى لەگەڵ واقیعى ماددى بەدەستى دەهێنێ، لە ئەنجامى ئەو پرۆسانەش تێگەیشتن دروست دەبێت. بەڵام وێنە پڕشنگ دەبەخشێ، نەک تێگەیشتن..