دەرەنجام … بایز مستەفا
من دەمگووت :
” خۆشەویستی :
موعجیزەی فڕینیی ڕۆحە ،
بە جەستەی ئاسمانەکانی لەزەتدا ! ”
تۆ دەتگووت :
“خۆشەویستی :
گرمۆڵە بوونی جەستەیە ،
لە ناو ڕەحمی فڕیندا ! “
** ** **
من دەمگووت :
” ژوان :
ئاودانی درەختی بەردەوامییە ،
بە پەنجەی شەونمەکانی ماچ ! “
تۆ دەتگووت :
” ژوان :
ڕا گۆڕینەوەیە ،
بۆ نوسینەوەی دەستورێک بۆ ژیان ! “
** ** **
من دەمگووت :
” گوڵ :
لاسایی کردنەوەیەکی ناتەواوی سروشتە ،
بۆ لێوەکانی تۆ ! “
تۆ دەتگووت :
” گوڵ :
پێشنیاری باغەکانە ،
بۆ دیاری نێوان عاشقان! “
** ** **
من دەمگووت :
” گریان :
( نا ، ببورە..ئەوکات گریانمان نەدەناسی ) “
** ** **
لە بیرتە ئەوکات ،
لە ساڵە بێ وەرزەکاندا !
لە شەو و ڕۆژە بێ کاتژمێرەکاندا
پێناسی هەموو ووشەکانمان دەگۆڕی ؟!
** ** **
ئاخ ..
ئێستا دەزانم ،
عاشقەکان
جیهانێکی تریان هەیە ،
زمانێکی تریان هەیە
( بایز مستەفا )