Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کام کاندید دەرچوو ؟ …. ڕزگار عومەر

کام کاندید دەرچوو ؟ …. ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

      هەڵبژاردنەکانی کوردستان کۆتایی هات ، کاندیدەکانی خولی پێشوو ژمارەیەکی زۆرکەمیان دەرچوون ، ئەوانیتر دەم وچاوی تازە دەبن لە پەرلەمان  . بە چاوپۆشین لە پرسی ساختەو تەزویرو وەڵامەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ، هەندێ تایبەتەمەندی دیاریکراو بەشێکی بەرچاوی کاندیدی دەرچووی هەموو لیست و حیزبەکان کۆ دەکاتەوە . لە هەمان کاتدا ئەو تایبەتەمەندیانە لە کارەکتەرەکانی خولی پێشوو ، لەوانەی ئەمسال بۆ یەکەمجار خۆیان هەڵبژارد جیایان دەکاتەوە .

 بە کورتی کاندید هەبوو لە ( پارتی ، یەکێتی  ، گۆڕان  ) بە زۆر پێوەر دەبوایە دەنگی هێنابا ، کەچی نەیهێنا ، کە بە پێوەرە باوەکان بوایە لە بابەتی :- کاراکتەری سیاسی ، باکگراواندی فیکری ، عەقڵ کراوەیی سیاسی لەچەشنی هاوکاری و هەمئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تری حیزبەکانیتر ، ئەکتیڤ بوون لە لیژنەکانی پەرلەمان و دینامیکیەیت لە پۆستە ئیداری و حیزبیەکاندا ئەم جۆرە لە کاندید دەبوایە لەسەرووی براوەی لیسەتەکانی خۆیان بوونایە ، کەچی بە پێچەوانەوە دەرچوو !

 هەندێک لێکدانەوە پێ ی وایە حیزبەکان خۆیان سەپۆرتیان  لە کاندیدەکانی خۆیان نەکردووە ، ئەمە ڕەنگە فاکت بێت ، بەڵام هێشتا ناتوانێ هەموو ئەو دۆخە بە تەواوەتی شی بکاتەوە . بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی بەر لە هەڵبژاردن ، بە تایبەتی ئەم دووساڵەی ژیانی سیاسی لە نێو هۆڵی پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان . 

لە نێو تیڤی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، لە جموجۆڵی سیاسیدا کێ جێگای سەرنج و گەورەکردن بوو ،چ لە دۆخی هەواداریەکی زۆر چ لە دۆخی دژایەتیەکی زۆر ؟؟  لە نێو حیزبەکان دەم و چاوی تازە هەن کە لەم دوو ساڵەی دوایدا ، زمانێکی توندیان هەبوو ، زۆر لە هاوەڵەکانی خۆیان توندڕەوتر بوون ، کە هێرشیان دەکردە سەر سەرکردەکانی حیزبی نەیار ئەتەکێت و سنوریان بۆ نەبوو ، میدیای کوردیش زیاتر بە دوای ئەم جۆرە لە ” قارەمان ” دەگەڕا ، قارەمانەکانیش هیچ دەرفەتێکی دەرکەوتنیان لە دەست دەدا .

 ئەم جۆرە لە پەیوەندی نێوان قارەمانە تازەکان و میدیا لە لایەک دەریدەخا کە کام لە زمانی سیاسی جێگای سەرنجەو کام جۆر لە قارەمانیش بە هۆی ئەو کاراکتەرە سیاسیەی کە هەیەتی دەتوانێ پێویستیەکانی ئەم بازاڕە لە مومارەسکردنی سیاسەت بۆ میدیا ، لە وێشەوە بۆ جەماوەر دابین بکات .

کۆمەڵگەی کوردی بە دەست چەند جۆرێک لە لەتبوون دەناڵێنێت ، لەت بوونە سروشتیەکانی لەبابەتی جیاوازی چینایەتی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لەسەرە ئەمە خەسڵەتێکی بنەڕەتیەو بەردەوام دەبێت ، لەت بوون یان نەرمتر  بڵێم دابەش بوون بەسەر حیزب وئایدیۆلۆژیەکاندا ئەمەش ڕێگریەکی سەرەکیە لەوەی ئەم کۆمەڵگەیە بتوانێ خاوەن جۆرێک لە بیرکردنەوەو لە سەربەخۆیی تێگەیشتن و هەڵوێستی سیاسی بێت . 

ئەم نەتوانینە دۆخێکی مەیدانیی پڕ لە توڕەبوونی پەنگ خواردوی دروست کردووە ، کە بەدوای ئەوە دەگەڕێ کەسانێکی تر هەبن لە جیاتی ئەو نیشان دانی ئەو  توڕەییە لە ئەستۆ بگرن و لە جیاتی ئەو نەیار بشکێنن ، کەسانێک هەبن بەو زمان و ئاکشنە سیاسیەی دەینوێنن ئەرکی خاڵی کردنەوەی ئەو لە ئەستۆ بگرن .

 زۆر کەس بەو نیازە سیاسی – سایکۆلۆژیەی جەماوەر هەڵخەڵەتا ، بەکەرەستەی لە چەشنی قابیلیەتی فیکری ، ئەکادیمی ، کرێدیتی ڕوولەسەری ئەدائی ئەو لە خولی پێشوی پەرلەمان ، هاتەوە مەیدان و جەماوەر دەنگی پێیان نەدا ! جا لێرەشەوەیە بە هانا نەهاتنی حیزب وەکو فاکتێک کە لە پێشەوەدا باسمان کرد ڕۆلێ دوا بزمار دەگێڕێ لەم پڕۆسەیە ، چونکە حیزبیش زیاتر دەچێتە پاڵ ئەو قارەمانە توڕەیەی کە زیاترین ژمارەی دەنگدەر دڵیان پێ خۆشە زۆر زووتر لە ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن جۆرێک لە ساغ بوونەوەی نافەرمی لەسەر هەبووە .

میدیا بە گشتی و حیزبەکانیش بە گشتی پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە ، نەک ئەو پەیوەندیە زۆر قسە لەسەر کراوە بێ تامەی کە کێ تەمویلی کێ دەکا ! بەڵکو ئەو پەیوەندیەی کە لەسەر کاری هاوبەشی دروست کردنی قارەمانی تەلەفزیۆنی ستاندی داکوتاوە بێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک یان پرۆتۆکۆلێک لەسەری ئیمزا کرابێت . زیاتر لە کڕین و فرۆشتن دەجێ کە تەلەفزیۆن و حیزب لە دابین کردنی پاڵەوان بۆ جەماوەر لەگەڵ یەکتر جێگۆڕکێ ی پیشەی کڕیارو فرۆشیار دەکەن . 

 تەلەفزیۆن  تەکنەلۆژیایەکی سیاسیە ، ڕۆڵێکی حەساسی هەیە لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگە و دروست کردنی پاڵەوانی جەماوەریی ( پۆپۆلیستی) ، لە گەڵ ئەوەشدا مەرج نیە تەنیا دەرکەوتنی دوبارە لە تەلەفزیۆن زەمانەتی ئەم پاڵەوان بوونە بکا ، بەڵکو زۆر خەسڵەتی شەخسی هەیە ڕۆڵ دەبینن لەم پڕۆسەیە . بۆ نموونە :-

 بە لەبەرچاوگرتنی توندوتیژی لە کۆمەڵگە ، بەرامبەرکێ ی حیزبەنەیارەکان ، جەماوەری هەردوولا زیاتر ئەو کەسایەتیە سەرنجی ڕادەکێشێ کە نوێنەرایەتی خیتاب وحەماسێکی هێرش بەرانە بکات ، نەک کەسێک کە باسی پێکەوە ژیان بکات .

 ئەم واقیعە تاڵە درێژ دەبێتەوە بۆ خەسڵەتی ئەم دەورانە مێژوییەی کە کۆمەڵگە ژیانی گوزەر دەکا ، کۆمەڵگەی ئێمە کە بە قوڵی بۆتە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر (ئیستیهلاکی ) نە کات نە خوڵقی ئەوەی تیا ماوە بخوێنێتەوە ، یان بە دواچونی هەبێت بۆ ئەو پرسانەی کە ڕاستەوخۆ دەست لە ژیانی ئەو دەدەن ، ئەو لە چەشنی ژەمە خواردن ، حەزدەکا سیاسەت وەکو پاروو حازر بێت لەبەردەمیا ، ئەم پاروە چی تیایە بۆ ئەو جێ ی پرسیار نییە ، گرنگ ئەوەیە برسێتی ئەو بشکێ !

خولی تازەی پەرلەمان ، خولێک دەبێ هێشتا زووە بڵێین دەسکەوت دەتوانێ دابین بکا یان نا ، بەڵام بە دڵنیایی دوای کۆکردنەوەی ئەم جۆرە لە کاراکتەری سیاسی لە یەک هۆڵدا ، پێشبینی ئەوەی لێدەکرێ زۆرزیاتر لە هەموو خولەکانی پێشووی پەرلەمان گرتەی ڤیدیۆی بە یەکاچون و شەڕ بەرهەم بهێنێ ! 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.