Skip to Content

Sunday, May 12th, 2024
کاوە محەمەد وەک دیاردەیەکی نوێی ناو ڕوناکبیرانی حیزب

کاوە محەمەد وەک دیاردەیەکی نوێی ناو ڕوناکبیرانی حیزب

Closed
by October 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

 

کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان بوو کاتێک سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان دامەزرا. من ئەو سەردەمە گەنجێکی بیستوو چەند ساڵی ئەکتیڤ بووم، بەردەوام لە ڕۆژنامەکانی دەڤەری سەوز وەکو ” کوردستانی نوێ و پاشکۆ ئەدەبی و هونەرییەکەی، ئاڵای ئازادی، هەرێمی کوردستان و گۆڤارە ئەدەبیەکان…هتد وەک کەسێکی سەربەخۆ بابەت و نوسینی جیاجیام لە بواری سیاسی و ئەدەبی و …هتد بڵاو دەکردنەوە! وامبیست کە مەرجی بوونە ئەندام لەو سەندیکای ڕۆژنامەنوسییە بریتییە لە نیشاندانی ئەکتیڤێتێتی کەسەکە بەوەی کە چەند بابەتێکی نوسینەکانی لە ڕۆژنامەکاندا لەگەڵ فۆڕمی داواکاری پڕکراوەدا بنێری بۆ دەستەی دامەزرێنەران. 

لەبیرمە ئەوەی پێویست بوو ئەنجاممدا لێ وەختێک ناوە پەسەند کراوەکان گەڕانەوە، ناوی منی تێدا نەبوو، چووم بۆ سلێمانی بۆ کوردستانی نوێ تا هەرنەبێت فۆڕم و ڕۆژنامەکان کە بابەتی خۆمیان تێدا بوو وەرگرمەوە، ناردیانمە ژورێک کاک کاوە بەتەنیا لەوێ بوو کە ئەوکاتە سەرنوسەر نەبوو، دوای هەندێک سووکە گلەیی کە بۆچی نەکراوم بە ئەندامی سەندیکا ؟ لە کاتێکدا من بەردەوام دەنوسم و بڵاو دەکەمەوە، خەڵکیش هەیە بۆتە ئەندام کەلە رادیۆیەکی لۆکاڵی کاردەکات و نەناوێکی هەیە نە دەنگێک! هەستم کرد کاک کاوەش بە ئەندازی من  ناڕازییە لەو سیستەمی هەڵبژاردن و دامەزراندنە و گوتی بۆ بە ئەندام بوون لەپاڵ پڕکردنەوەی فۆڕمی داواکاری و بەڵگەی چالاکی نوسین و بڵاوکردنەوە، پێویست بە تەسکییەی ئەو دەزگایە دەکات کە کاری بۆ دەکەی! هەڵبەت ئەو دەمەش هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بینراوو بیستراو نوسراو سەربە حزبەکان بوون! بۆیە لەبەر ئەوەی من بە سەربەخۆیانە کارم دەکردو ئەندامی هیچ حیزبێکیش نەبووم هیچ لایەک تەسکیەی منی نەکردبوو! 

    لەو ڕۆژەوەو لەو کورتە گفتوگۆیەوە کە پێموابێت هەر بەسەر پییانیشەوە بوو، زانیم کاک کاوە کەسێکی ” وەک زۆرێک لەوانی دیکە” مت و سەرکز نییە! هەستم کرد شتێک لە جیددیەت و لە گیانی ناڕازیێتی و قودرەتی دەربڕینی هەقیقەت و قسەی خۆی تێدایە، کەڵکەڵەی سەرڕاستی بەو پیاوەوە دیار بوو کە لانی کەم وەک موسوڵمانێکی تەواو عەیار ئەگەر  لە بەرامبەر نا ڕێکی و ناعەدالەتیەتێکدا،  نەتوانێت ڕووبەڕوو بێتەوە ئەوا پێناخۆش بوون و ناڕەحەتی خۆی نیشان دەدات وەکو هەڵوێستێکی ئینسانی.

ئاشکرایە  حیزبی کوردی کارگەی بەرهەمهێنانی بابای گوێڕایەڵی ئەوتۆیە کە بیرنەکاتەوە و ملکەچی فەرمان و لاڵ بێت لە دەربڕینی ڕەخنەو گازاندەدا، هێندەی لەناو ئەو ‘ بوونەوەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا ”  دیاردەی زیادەڕۆیی لە پێداهەڵدان و جوانکردنی حیزب و بەرپرسەکانی  لەلایەن زۆرێک لە دەستەی خوێندەوارو ڕوناکبیرانی حزبەوە  دەبیندرێت، چارەگێکی ئەوە دیاردەی سەرڕاستی و ڕاستگۆیی و بوێری نابینرێت!

زووربەمان دەزانین  کە حیزبەکانی ووڵاتی ئێمە لە درێژەی مێژووی سیاسی خۆیاندا، ئەگەر دیوێکی خاوێن و ڕوناکیان هەبێت ئەوا دیوێکی گەورەتری تاریک و دزێویان هەیە لێوڕێژ لە خیانەت و ملبەملەی خوێناوی و ناڕەوای ناوخۆیی و دەستتێکەڵکردنی ئاشکراو ژێربەژێر لەگەڵ هەوڵگری ووڵاتانی دەوروبەر لە دژی یەکتری و …هتد، خوێندەوارو ڕوناکبیرەکانی ناو حیزب هەمیشە بە ” چاویلکەیەکی زەڕەبینی ”  تەنیا تەماشای دیووە ڕوناک و جوانەکەی حزبەکەیان کردووە، هەڵبەت بەو جۆرە چاویلکانەش هەر پانتاییەک چەند بەرابەر گەورەتر دەبێتەوە! بۆیە ئەو دەستەیە  قەناعەت و ویژدانی خۆیان  بەوە ئاسودە کردووە کەلە بەرامبەر بەو پانتایی و پەرێزە پان و پۆڕە پاک و ڕووناکەدا ” کەلە چاوی چاویلکەکەوە بینیویانە ”  ئاساییە پانتایی و پەڵەپەرێزی بچوکی پیس و تاریک هەبن لێ ئەو هەڵوێستەیان دواپلەی نائاگایی و بێ هەڵوێستی و بێمۆڕاڵی و ویژدان مردووییان بووە!

 بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت درۆزنانە بژیت پاساو زۆرە کەلە ڕێیەوە ئازاری ویژدانی خۆی بلاوێنێتەوە بەڵام دەوروبەر ئەو پاساوە پوچانە دەبینن کە  ” مرۆڤی ناو ژیانی درۆزنانە ” بۆخۆی گەورەو گرنگی کردوون ! ماکسیم گۆرگی ساڵەها لە ژێر دەسەڵاتدارێتی تاکڕەوانەی ستالیندا درۆزنانە ژیا و هیچ دەمێک ڕەخنەو گازاندەیەکی لەو حوکمە قەرەقوشییەی کۆمۆنیستە سمێڵبابڕەکە ‘ ستالین ‘  نەگرت تا هەرنەبێت ڕووبەڕووی ئەو هەموو سەرکۆنەیەی ڕەخنەگرەکانی نەبێتەوە! لە ئاکامدا شەمەندەفەری یەکێتی سۆڤیەت ڕوویکردە هەڵدێرو هەپڕون بە هەپڕوون بوو!

کاوە محەمەد دیاردەیەکی نوێیە لەناو ڕوناکبیرانی حیزبی کوردیدا کە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردوو درێخی نەکردووە لە ڕەخنەکردنی حزبەکەی خۆی! ویستوویەتی لە ڕێی ڕەخنەوە بەرگری لە هەڵدێرانی حیزبەکەی بکات، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە تەنیا بەدوای سێبەری ئاپۆرەوە دەکەون و قەدەری مەرگ و مانی خۆیان گرێدەدەنەوە بە قەدەری ئەوانی دیکەوە،  لێ وێڕای گوێ لێنەگرتن، پەڕاوێزیشیان خست لەبەرامبەریشدا ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی وازی لە یەکێتی هێنا! 

وازهێنانی کاک کاوە لە حزبەکەی تەنیا چانس نەبوو لەبەردەمیدا بەڵکو ئەو دەیتوانی لەبەرامبەر پەراوێزخستنیدا بێدەنگی ومت بوون هەڵبژێرێت و چاوەڕوانی مەرحەمەتی  هێنانەوە پێشەوەی بکات کاتێک ئاغاکانی سەرەوە ئەهوەن دەبونەوە و لەولاشەوە ئەمنیەتی نان و ژیان و موچەی پارێزراو دەبوو لێ ئەو بەتەنیا بە تۆران ڕۆیشتنەوەی ماڵی خۆی دانەنیشێت وەکو دەیان کەسی دیکەی ناو حیزبەکان بەڵکو وازیهێنا بەوەش دیاردەیەکی نوێ داهێنا لەناو نوخبەی ڕوناکبیرانی حیزبدا! دیاردەیەک کە نیشانی دەدات  ئەندامی ڕاستەقینەی حیزب دەبێت ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆی و خەڵکو حیزبەکەیدا ، ڕاشکاو بێت لە دەربڕیندا جورئەتی هەبێت بە سپی بڵێت سپی و بە ڕەشیش بڵێت ڕەش، کە ماڵی حیزبیشی جێهێشت با دڵنیا بێت لەدەرەوە  تۆفان نایبات و گورگیش نایخوات!

٢٠١٣/١٠/١٠ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.