ئایا بەستەلەکی سیاسی کورد ، تواوەتەوە؟
من لە بابەتێکم کە لە ڕۆژنامەی هاولاتی بلاو کراوەتەوە لە ژێر ناو نیشانی با بەستەلەکی سیاسی کورد بتوێنینەوە . مەبەستی من لەو بابەتەم زیاتر بۆ ئەوە بوو کە ئێمە بە پیر هەلبژاردنی نوێ دەبینەوە و لە ڕێگایەوە ئایا دەتوانین بەستەلەکی سیاسی کورد بتوێنینەوە ؟ دەرئەنجامی هەلبژاردنەکان بە ڕەها نا بەڵام سوود بەخشیشە کە توانیبێتی بەستەلەکی سیاسی کوردان ، هەندەک بتوێنیتەوە .
بەو دیوە قسە ناکەم کە لەوانەیە ئەو جارەش یەکیەتی و پارتی و دووبارە خەریکی ئەوە بن کە ڕێکەوتنە سیاسی و حوکمڕانیەکەیان لە ژێر سەقفی ترو ئەو جارەیان بە ٥٦ کورسی دووبارە حوکمی کورد بکەنەوە . کە دەڵێم بە سەقفی تر زیاتر مەبەستم لەوەیە ئەو جارەی حکومەت هەرچوار ساڵەکە بۆ کاک نێچیری حوکم کەری ٤ كابینەیەو بەو جارەیان دەکاتە حوکمی ٥ کابینە بە ساڵیش لێکدەیتەوە خۆی لە نزیکی ۲٠ ساڵ حوکم دەدات ، دەبێت . پەڕلەمانی بێ بڕیارو بەکێشەش تەسلیمی یەکیەتی بکەن و لەوانەیە وەزارەتەکانیش هەمدیسان بە نیوەیی لە گەڵ یەکتر ڕێک کەون بەڵام دەبێ زۆر لە وەزارەتە هەستیارەکان بۆ پارتی بێت . ڕکابەریەکانی نێوانی یەکیەتی و پارتیش ئەو جارە زۆر کاڵ دەبێتەوە ، لە بەر ئەوەی هەردەبێ راعی ئاگای لە رەعیەتەکەی خۆی بێت نەوەکا دەوروبەر زیانی پێ بگەیەنن . بە ڕوونتر دەچمە ناو باس و خواسەکان . پارتی بۆ لەمەو دوا دەبێ چ ترسەکی لە یەکیەتیەوە هەلگریت ، مام بوو پارتی لێی دەترسا ، ئەویش چاوی ئاوا بوو . کورسیەکانیشی بە زیاتریشەوە ئەو جارەی دوو ئەوەندەی یەکیەتیە کەوابێت بۆ ئەو جارەی پارتی نەک نابێت لە یەکیەتی بترسێت ، بەلکو دەبێ ڕەعیەتاتیشی بەسەردا بکات نەوەکا قووت بدرێت . سەرکردە کەییو کراوەکانی ناو یەکیەتیش هەندە زیرەک نینە بڵێن با پارتی بە دەوروبەر بترسێنین با خۆمان بگرخێنن لە پێک هاتنی حکومەت و داوای زۆر لە پارتی بکەین . خۆ من ئەوە دەزانم وەک کورد گوتەنی ، کورتێ و کەژێ لێک وەهەژێ واتە ئەو دوو تەشکیلە سیاسیە قابیلی یەکترن . ڕاستە کورسیەکانی پارتی دوو ئەوەندەی یەکیەتین بەڵام خوا دەزانێ ئایا ئەو هەموو فەرقە لە دەنگدەرەوە هاتووە یان سەین و بەینی تری بە دواوە بوو . پارتیەکان مەبەستم لە زلەکانیەتی . بەڕاستی لە مراوەغەی سیاسی زیرەکن و مێژوویەکی درێژیشیان لەو بارەوە هەیە . ئەخر مام دەرەقەتیان نەهات ، ئەو کوێرە خوێندەوارانە بۆ پارتی چنە ولا هەر ئاگاشیان لە خۆیان نابێت هەر لە بن کەوشی خۆشیان دەنێن . موهیم دەنگ خر کردنەوەو پەیدا کردنی ڕێژەی یاسایی خڕکردنەوەی کورسیان بێت تا پێیەوە بەردەوامی حوکم کردنی پێ بدرێت و لە ناو خەلک و دەوروبەریش بڵێن یاساییەو لە گەڵ پڕۆسیسی دیموکراتی و هەمەڕەنگی دەگونجێ . ئێ چی تێدایە با لە ۳٠ کورسی کەمتر بە دەنگی جەماوەرەوە هاتبێت و ئەوانی تریش بۆ ۳۸ ەکە بە ڕێگەی تر بێت . حەتمیەن کە پارتی دێتە سەر حیساب و کیتاب ، ۱۱ کورسیەکەی نەتەوەکانیش بە هی خۆی دەزانێ و لە ڕێگای دابەش کردنی پارەی نەوتیش بە سەر هەردوو نوخبە و پاراستنی رەعیەتەکەیان لە خوران و دانی پۆستی باش پێیان ، کێ ناڵێ ۱۸ کورسیەکەی یەکیەتیشی بە حیساب و کیتاب ، نەی خستبێتە سەر هی خۆی و بە بیرکاریش لێکی دەینەوە ، دەکاتە ٦۷ کورسی ، ٤ کورسی شوعی و سویالیست و حەرەکەو ئەم و ئەوی تریش دووان هەر دەقرتێنن وای لە سێیان ، کورسی شوعی و لەوانەیە هی سوسیالیستیش بە مسۆگەری بۆ خۆیان دا دەنێن لە بری ئەوەی وەزیری بێ وەزارەتیان دەدەنێ . کەواتە و بەو حیساب کردنە ، ژمارەی کورسیەکانیان خۆی لە ۷٠ دەدات ودەتوانن لە ناو خەلک و مینبەری دووەلیش خۆیان پێ با بدەن و بڵێن حکومەتی ۷٠ کورسی چ عەیبی هەیە .
بەڵام وەرن بە دیوی تر تەماشای مەسەلەکان بکەین . ژمارەی کورسیەکانی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ دەگاتە ٤۲ کورسی . ئەوانە بە قەتعی لە نێو خۆیان بڕیاریان داوە کە بەشداری کردن و نەکردنیان لە کابینەی نوێ بە یەکەوە دەبێت . هەلبەتە ئەوانە ئەگەر بچنە ناو هەر حکومەتەکی و بە پێکەوەیی و ئەگەر بە حیسابی کورسی بکەین کە چواریان لە پارتی زۆرترە و لە ڕێگەیەوە دەبێ پۆستی زیاتر بۆ وان بێت . لە حالەتی وەهادا ئەگەر سەرۆکی حکومەت بۆ پارتی بێت ، دەبێ سەرۆکی پەڕلەمان بەر گۆڕان بکەوێ و جێگرەکەی حکومەتیش هەڵبەتە یەکیەتی پێی ڕازی نابێت و لەو حالەتە هەر دەبێ بۆ یەکگرتوو یان کۆمەڵ بێت . هەرچەندی فکر دەکەمەوە ، پارتی ناتوانێ حکومەتی بنکە فراوان دروست بکات ، لە بەر ئەوەی یەکیەتی بە حیسابی کورسی ، تەنیا جێگری حکومەت و هەندەک وەزارەتی بەردەکەوێ و ئەوەش لە پارتی قبوڵ ناکات . پێشم وانیە پارتی وەها بە سووک و ئاسانی بیەوێ دەستبەرداری یارە کەییوکراوەکەی و چەوربە ناوچە نەوتیەکانی بێت . گریمان وای کرد ، ئەو کات یەکیەتی یان ئەوەتا ناوچەجوگرافیەکەی ژێر کۆنتڕۆلی خۆی تەسلیم ناکاتەوە یان وەک ئۆپۆزسیۆن بە قەسد هەموو بڕیارەکانی پەڕلەمان لە دژی پارتیەوە دەدات . پارتی جگە لەو هۆکارانە دەبێ حیسابەکی تریش بۆ یەکیەتی بکات بەوەی ئەگەر بە چەوراتیەکی زۆر ڕازی نەکات خۆی دەخاتە بن باری ئۆپۆزسیۆن و پێیان دەڵێن ئەگەر بە دڵی مە نەکەن ، خۆمان داوێینە پاڵ معارەزو بە بێ پارتی حکومەت پێک دێنین . هێشتا قسەشم لە سەر پاکێجە هەلپاسراوەکانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن نەکردیە کە مەرجی هاتنە ناو حکومەتیان پەسند کردنی ئەو پاکێجانەو بە کردار کردنیەتی و شتی وەهاش لە عەقلیەتی پارتی ویەکیەتی ناوەشێتەوە . بۆیە هەر دەبێ ئەو دوو یارە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی و ئەگەر بۆیان بچێتە سەر ئەو خولەش بە هابەشی لە گەڵ یەکتر بگوزەرێنن .هەرچەندی فكریش دەکەمەوە ئەو دوانە ئەو خولەیان تا سەر پێ ناچێتە سەر لە بەر کۆمەڵە هۆکارێکەوەو هەندێکیان لەوانە:
۱-نێوانی نوخبەی نەوتی یەکیەتی کە بە جەماعەتی مەکتەبی سیاسی ناسراون لە گەڵ زۆرانێک لە دەزگای ناوەندو بگرە نەفەرێکی زۆری سەرکردایەتیان و بنکەی کادیرانیان و جەماوەریان ، ئەوەندە فراوان بووە ، ئاسان نیە بە نوخبەی یەکیەتی کۆنتڕۆل بکرێت با پارەو بڕیاری سیاسیش لە بن دەستیان بێت .
۲- ئەگەر نوخبە پەنا بۆ پارتی ببەن و داوای هێزی چەکداری لە پارتی بکەن نەوەکا کۆنتڕۆلی ناوچەکە لە دەست بدەن ، ئەوا لە لایەکەوە خراپتر لە باشتر چاوەڕوانیان دەکاو بە هۆیەوە کێ ناڵێ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە تەواوی زۆنەکە دروست نابێت و بەخراپتر بەسەرخۆیان و پارتی ناشەکێتەوە ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە کێ دەڵێ چەکوچ و داسی ئەمەریکی ئەوەیان لێ قبوڵ دەکەن .
۳- یەکیەتی بێ ئۆپۆزسیۆن و لە ژێر هەرناوێکەوە بێت لە گەڵ پارتی بچیتە ناو حکومەت و بە دوایەوە دەنگەکانیان لە هەلبژاردنی پارێزگاکان نیوەی ئێستاشی لێ نامێنێتەوە .
٤- لە حالەتی وەهادا مەترسی لە دەستدانی زۆنەکەیان زۆر زیاتر دەبێ .
٥- یەکیەتی بە ڕوونتر بڵێین نوخبەی نەوت ئەگەر کۆنتڕۆلیان بە سەر زۆنی سولەیمانی وەنەما ، مانای ئەوەیە نە هەر تەنیا بۆ خۆیان بەلکو پارتیشی بخە سەر وایان بەسەر دێت کە ڕیسەکەیان بە تەواوەتی لێ دەبیتەوە خوری و لە ڕێگەیەوە بە پان و بەرینی حوکمی کوردستان گۆڕانی بەسەردادێ .
٦- ترسی ئەوەش لە ئارا دایە کە چەندی ناڕەزایەکانی خەلکی خۆیان زیاتر بێت و لە ڕێگەیەوە زیاتر لە نیوەی ئەندام پەڕلەمانتارەکانیان ، لێیان هەڵگەڕێنەوەو خۆیان بدەنە پاڵ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن و بە هۆیەوە نەسابی پێکهێنانی حکومەتیشیان ، خەلەلی دەکەوێتە ناویەوە .
۷- ئەدی ناڕەزایەتیەکانی شەقام ، هەرواو هۆریای فەیس بووک و ڕاگەیاندنی ئازاد و ئەم و ئەوی تر و دووبارە دەستکردنەوەیان بە خۆپیشاندان و شێوازی تری ناڕەزایی . کورد دەڵێ ئەی ماڵم وێران ئەو حکومەتە بەو هەموو مەلەفە هەرپاسراو و گیرو گرفت و قەیرانانە و دووبارە بە سەقفێکی نزمتر حکومەت بگرنە دەست و دوو ئەوەندەی تریشی بێتە سەر چۆنچۆنی تەحەمول دەکەن . کوردیش دەڵێ گورگ تا لە دەستی بێت گورگاتی دەکات کە هاریش بوو تەمەنی ٤٠ ڕۆژە .
۸- ماوەیەک بەر لە ئێستا و لە ڕێگای لێدوانێکی نوری مالیکی بەوەی کە لە تەشکیل کردنەوەی حکومەتی دادێ هەندێ لە وەزارەتەکان بە تەواوەتی هەڵدەوەشێنینەوەو لە بری ئەوەوە دەسەڵاتی ناوەند کەم دەکەینەوەو دەسەڵاتی زیاتر دەدەین بە هەرێم و پارێزگاکان . حالەتی وەها بۆ زۆنی سولەیمانیش ڕێگا خۆش دەبیتن کە کاری وەها بقۆزنەوە بۆ ئەوەی کەمتر بە هەولێر گرێ بدرێن . بڕیارە کۆنەکەی پۆل برێمەریش لە سەر چەسپاندنی حوکمی ڤیدڕالیزمی پارێزگاکان بە تەواوەتی نەمرێندراوەو ئەگەری زیندوو بوونەوەی هەیەو وەک ئەمری واقیعیش ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ تا ئێستا و تا زۆر ڕادە هەر حوکمی فیدڕالیزمی پارێزگاکانی لێ کەوتۆتەوە بەڵام ئەو جارەیان ئەگەر ڕووبدات بە دیوی ترەوە دەبێت .
۹- بە هەر حال ئەگەری زۆر چاوەڕوانی پێک هاتن و نەهاتنی حکومەتی نوێی کوردیەوەیەو سەرەدەری کردنیش کاخوانەکینێ لە کوێ دەمەیتەوە ، دیار نیەو زۆریش هەڵدەگرێ و با هەموومان چاوەڕوانی بین .
۱٠- مادامەکینێ دەنگدەری کورد لەو هەلبژاردنە توانی بەستەلەکی سیاسی کورد تا زۆر ڕادە بتوێنێتەوەو لە ڕێگایەوە من گەشبین دەکات کە وێڕای تەمومژاویەکان بەڵام پڕۆسیسی دیموکراتی و زیاد بوونی بوێری دەنگدەری کوردی ، کاتەکانی پێشتری تێپەڕاندووەو بە بیری خۆشم و بە دوایەوەو ڕۆژ بە دوای ڕۆژ باری کورستان و لە هەموو ڕوێکەوە باشتر دەبێت . ئەمەریکیەکانیش گوتیان ، وەختی خۆی کوریای باشوریش لە کوردستان گەندەڵتر بوو بەڵام بە زەمەن و لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆمان کۆریای باشوور بە یەکێ لە دەولەتە پێشکەوتوەکانی لێ هاتووە و بە قسەی ئەمەریکیەکان کوردستانیش وەک کۆریەکان باری خۆیان چاک دەکەن و پێش دەکەون .
مەهدی کاوانی
10/10/2013
mahdikawani@yahoo.co.uk