Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
گوێمان لە نەڕەی شێرەکەی دهۆک نەبوو

گوێمان لە نەڕەی شێرەکەی دهۆک نەبوو

Closed
by October 11, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

شەش مانگێک بەر لە ئێستا لە دهۆک پەیکەری شێرێک دۆزرایەوە ،بەو بۆ نەیەوە ئەم وتارەم لە هاوڵاتیدا بڵاو کردەوە .لەم ڕۆژانەدا پەیکەرێکی تر دۆزراوەتەوە لە هەمان شوێن یان نزیک بەو شوێنەی کە پەیکەری یەکەمی تیا دۆزرابۆوە.شتێکی تازەم نییە بۆ ئەم دۆزینەوە تازەیە جگە لە بڵاو کردنەوەی هەمان وتار. 

پرسیارێک زۆر جار بەڕۆکمان دەگرێت،بەڵام ئەوەندەی عەوداڵی وەڵامەکەین لە سەدا یەکی ئەوە خۆمان بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکەی تەرخان نەکردووە.کۆمەلگای ئەکتیڤ و تەندروست ئەو کۆمەلگایەیە کە لە هەوڵی لێکدانەوەو ڕاڤە کردن و قووڵ بوونەوەیە لە خاڵە لاواز و گەشاوەکانی خۆی، هەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت خۆی بخوێنێتەوەو لە خۆی تێ بگات ،ناتوانێت تەپ و تۆزی دواکەوتوویی لە خۆی بتەکێنێت.کۆمەڵگای تەندروست هەمیشە بە شوێن پەیداکردنی وەڵامە بۆ گرێ و گرفتەکانی،هەمیشە لەسەر ئەو ڕستانەدا ڕادەوەستێت کە لە دوو توێیدا وەڵامی گەورە خۆی مەڵاس داوە.یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمەش بازدانە بەسەر کۆی ئەو ڕووداوانەی کە دەکرێت بەر لە خاڵ دانان لەبەردەم ڕستەکانیاندا،وانەی گەورەیان لێ ئەنجام بهێنین.من دەزانم حیزبەکانی دەسەڵات بە شوێن ئەوەوە نین ئەم کۆمەڵگایە لە خاڵێکەوە بگوازنەوە بۆ خاڵێکی گەشاوەتر و لە حاڵەتێکەوە بازی پێ بدەن بۆ حالەتێکی تەندروست تر ،دەزانم گەورەترین دەست کەوت بۆ ئەم دەسەلاتە ئەوەیە هەموو پرسیارەکان لە زیهنی تاکی ئەم کۆمەڵگایە بسڕێتەوە ،بێ گومان ئەو پرسیارانەی کە دەکرێت تەکانێک بەو بڕە مەعریفەیە بدات کە لە هەگبەی هەر یەکێکیان دایە،بۆیە هەر بۆ خۆی سپاردنی ئەرکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بە دەسەلات خەمێکی گەورەو هەڵەیەکی جەرگ بڕە.

گەورەترین دەستکەوت بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە بیەوێت خۆی بناسێت و خۆی پێناسە بکات و خۆی ئارایش بداتەوە،تێگەیشتنە لە مێژووی خۆی.چی لەوە گرنگترە بزانیت تۆ چی بوویتەو لە کوێی مێژوودا بوویتەو چۆن گەیشتوویتەتە ئەم خاڵە.ئەگەرچی بە تەنها خوێندنەوەو تێگەیشتن لە مێژوو ناتوانێت گۆڕانکاری بهێنێت ،بەڵکو سوود و پەند وەرگرتن لەو مێژووە،بەڵام دیسانەوە ئەو زانین و تێگەیشتنە لە مێژوو پێشمەرجی بەدیهێنانی گۆڕانکاری و چاکسازییە لە بونیاتی هەر کۆمەڵگایەک.پرسیارەکەم لە یاد نەچۆتەوە،ئێمە هەمیشە دەپرسین ( بۆچی کۆمەڵگایەکی نا ئەکتیڤ و سادەو ساوامان هەیە).وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زۆر وورد هەیە،لێکۆڵینەوەی مێژووی ئەم کۆمەڵگایەو ئەو میکانیزمەی کە لەهەموو بوارەکاندا ئیشی پێ کردووە،ئەمەش ئەرکی کەسە سادەکان نییە ،بەڵکو مێژوو نووس و دەروون ناس و کۆمەڵناس و شارەزایانی بوارەکانی تر،بەڵام تاکی سادە دەتوانێت پرسیار بکات ،پرسیار کردنیش پێشمەرجی بەدەستهێنانی مەعریفەیە.دیارە مەعریفەش هەوێنی گەیشتنە بە وشیاری..پرسیار کردن خوو نییە،بەڵکو حەزێکە دەکەوێتە سەرەتای پرۆسەیەک کە بە وشیاری کۆتایی دێت.بێگومان ئەو حەزەش بۆ خۆی بڕێک وشیاری دەوێت ،بەڵام ئەوەی کە لە تاکی ئێمەدا بەدی ناکرێت ئەو بڕە وشیارییەیە کە پرسیار کردن دەیخوازێت.

لەمانگی ئازاردا لە دهۆک پەیکەری شێرێک دۆزرایەوە کە کێشەکەی نزیک بە تەنێک و بەرزییەکەشی لە دوو مەتر زیاتر بوو ،ڕەنگە بۆ زۆرێک لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەی ئێمە ئەم هەواڵە سەرپێیانە تێپەریبێت هەر وەکو ئەو هەواڵانەی کە لە سایت و ڕۆژنامەکاندا دەیان خوێنینەوەو بۆ سبەینێ هەواڵی تر جێیان دەگرێتەوە و لە خانەکانی مێشکماندا دەیان سڕێتەوە،بەڵام بۆ من ئەم هەواڵە هەروا سادە نەبوو .ئەو پەیکەرە بۆ من وەکو ئەو پەیکەرانە نییە کە لە پارکەکاندا دەیان بینین،بەڵکو ئەم پەیکەرە لە چەند گۆشەیەکەوە هەڵگری مانای زۆر گەورەو کەرەستەی دۆزینەوەی زۆر گەورەتر و ڕەنگە دەستپێکێکیش بێت بۆ کردنەوەی دەرگایەک لەسەر مێژووی نەتەوەیەک.ئەو پەیکەرە بەو کێشەی کە هەیەتی هەروا بە ئاسانی لە شوێنێک جێگیر نابێت،بەڵکو دەبێت مرۆڤ ئەو پەیکەرەی لەو شوێنەدا دانابێت،پەیکەرێکی لەو جۆرەش کە بە دڵنیاییەوە لەو سەردەمەدا بەهایەکی زۆری هەبووە بە تایبەتی لە ڕووی هونەرییەوە،دەبێت لە شوێنێک بووبێت کە شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکانێکی زۆر بووە،لێرەوە دەتوانین بڵێین لەو شوێنەدا شارستانی هەبووە،جا ئەم شارستانییە لە چ ئاست و پلەیەکدا بووە ،ئەوە ئەو دۆزینەوانە دەری دەخەن کە لە ئاکامی گەڕانێکی چر و پڕ بەو کەرەستانەی کە ئەمڕۆ لە بواری شوێنەوارناسیدا بەکار دەهێنرێن.

بەرزایی ئەو پەیکەرە پرسیارێکی تر دروست دەکات ،ئەویش ئەوەیە پەیکەرێک بەو بەرزاییە ژێر زەوی کەوتبێت و لە چاو وون بووبێیت ،ئەبێت چیتر لە دەور و بەریدا ژێر زەوی کەوتبێت کێ دەڵێت شارێک ،شارۆچکەیەک یان هەر جۆرێکی تر لە ئاوەدانی لەگەڵ ئەودا وون نەبوونەو ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەدانین کە دەستی ئێمەیان پێ بگات و بیاندۆزینەوە.دۆزینەوەی ئاوەدانییەکیش بە مانای دۆزینەوەی هەموو ئەو ئامێر و کەرستانە دێت کە مرۆڤی ئەو سەردەمە لەو شوێنەدا بەکاریان هێناوە،کە ئەمە خۆی لە خۆی دا دەکات زانینی سروشتی ژیانی ئەو خەڵکەی کە لەوێدا ژیاون.

لە ڕووی هونەرییەوە ئەو پەیکەرە بەهایەکی گەورەی هەیە،گومان لەوەدا نییە کە کەسێکی سادە دروستی نەکردووە،بەڵکو کەسێکی لێزان و بە سەلیقە،کاتێک بوونی کەسێکی وا ئامادەیە ،ئەبێت ئەو پێش مەرجانەش ئامادە بووبن کە کەسێکی وا بەرهەم دێنێت،ئەقڵێک کە لە پشتی دروست کردنی ئەو پەیکەرەوەیە ،ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ وجودی ئەقڵی تر کە توانای داهێنانیان هەبووە لە بوارەکانی تردا.

من نازانم لە پاش دۆزینەوەی ئەو پەیکەرەوە چ هەنگاوێک نراوە ،بەلام ئەوەندە دەزانم کە لە میدیاکانەوە خەبەرێک نییە دەلیلی هیچ جۆرە هەنگاوێکی شایەستە بێت بەو دۆزینەوەیە،ئەمەش نەک هەر ڕۆڵی میدیاکاران دەخاتە ژێر پرسیارەوە ،بەڵکو ئەو گومانەش دروست دەکات کە هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە نرابێت.من پێم وابوو هەواڵی ئەو دۆزینەوەیە،دەبێتە بابەتێکی گەرم و گوڕی میدیا و بۆ ماوەیەکی باشیش ڕۆشەنبیرەکان بەخۆیەوە خەریک دەکات،بەڵام لەوە دەچێت ڕۆشەنبیرەکانی ئێمە کە زۆر جار خۆیان بە بابەتی زۆر بێنرختر لەمە خەریک دەکەن ،نەزانن شوێنەوارناسی ڕەگەزێکی سەرەکییە لە بواری کۆمەڵناسیدا.ڕۆژانە کەمپینگ بۆ پرسی جۆراو جۆر بەڕێ دەخرێت و کۆمەڵێک ئیمزا دەخرێتە سەر کاغەز و دواتر کەمپینگێکی تر ئەوەی پێش خۆی دەسڕێتەوەو یەکێکی تریش ئەم و یارییەکەش هەر بەردەوامە،نازانم چەند کەمپینگ بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ڕوخسارو هەڵس و کەوت و بیر و کردار و شێوازی ژیانی باو و باپیرانمان کە لە دەوری ئەو شێرەدا ژیاون بەڕێ دەخرێت؟ 

بە داخەوە ئەو شێرە بەردینە هەر وەکو بەردێک مامەڵەی لەگەڵدا کرا،بەردێک ڕێک وەکو ئەو بەردانەی کە لە سەیرانگاکاندا وێنەیان لە پاڵ دەگرین.

١٠-١٠-٢٠١٣

 

١١-٤-٢٠١٣    

لە هاوڵاتیدا بڵاو بۆتەوە

نووسینی : موئەیەد مەحمود(کاردۆ)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.