Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
چوار چیڕچیرۆک … محەمەد فەریق حەسەن

چوار چیڕچیرۆک … محەمەد فەریق حەسەن

Closed

 

 

 

 

 

 

 

گۆرەویی خوری

کۆڵە کنگرەکانیان دانا، ڕووەو شار، پاڵیان بە زنارێکەوە دا. یەکەم، تاڵە سپییەکانی ناو پرچە خورماییەکەی، لەبەر هەتاوی بەهار دەبریسکانەوە، چاوە کاڵەکانی بۆ ئاسمانی بان شار هەڵبڕی، درێژەی بەگێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی داو بە دەستەخوشکەکەی وت: یەکەمجار بە نەزاکەتەوە لێم نزیک بووەوە، وتی: جووتێک گۆرەویی خوریم بۆ دەچنی، ئامین گیان؟ ئەو کە لەسەر سێ ئامۆزاو چوار پورزای کچە عازەبدا دڵی بە من دەکرایەوە، نەمتوانی دڵی بشکێنم. وەختێ جووتە گۆرەویی لێ وەرگرتم، بە بەزارو بەچاو سوپاسی کردم و دەستەکانمی وەک دوو چۆلەکە خستە ناو دەستە گەرم و بەهێزەکانییەوە، بڕێکیش گوشینی. دووەم جار لەسەر مەزرا، بە چەپکێک شەتڵە تووتنەوە، هاتە پاڵمەوە، وتی: ئامین گیان، دیسان تەزبیحەکەم پچڕاوەتەوە، ئەگەر بۆت بێنم، بۆم دەهۆنییەوە؟ بەچاو ئەرێم پێمداو سەریشم بۆ لەقان. دوو دانە گوڵینکەی زەردی ئاوریشمینیشم بۆ لێبەستبوو. وەختێ هات لەگەڵ خۆیدا بیبات، سێوێکی گەورەی سووری بۆ هێنابووم، نەمزانی چۆنی پەیداکردبوو، سێوی لای خۆمان تازە هەڵیپێچابوو، کە دایەدەستم، پەنجەکانی ئەو زبرو پەنجەکانی من نەرم و لووس بڕێک تێکئاڵان. لەو دەمدا، هەم سیوەکەی من بەربووەوە، هەم تەزبیحەکەی ئەو. دەمزانی ئەگەر سێیەم جار بهاتایە، دوای چیی لێ دەکردم. بەڵام ئەو ڕۆینەی ڕۆی نەهاتەوە، نازانم گۆڕەکەیشی لەکوێیە، نسیبمان وابوو!

کۆبنهاون

٢٩|٨|٢٠١٣

 

بەسەر ئەسپی باڵدارەوە

بەسەر پەڕەکەی هەورەوە، لە درزی گەواڵە هەورەکانەوە، ئاواییەک لەنێو پشتێنەی سەوزایی و جۆگەی ئاودا دەبریسکایەوە، ئاماژەم بە نۆزینی باڵدار دا، لە کەناری ئاواییەکە داهاتەوە. ژن و مێردێکی گەنج بەدەم زەردەخەنەوە لە مەزرا دەگەڕانەوە، من پرسیم و ئەوان بە ئاماژەی دەست وەڵامیاندامەوە، کە هیچیان لێ حاڵی نەبووم. مێرمنداڵێک بەرەوڕووم هات. ناوی ئاواییەکەم لێپرسی، بەرزونزم دەستی لە هەوادا جووڵان، هیچ لەویش حاڵی نەبووم. ڕۆیشتم و کەڕو لاڵم بینی. خۆم بە یەکەم قاوەخانەدا کرد. دوو لاوی ڕێکپۆش، بەرانبەر لەسەر مێزێک دانیشتبوون. دەفتەرێک لەنێواندا، سەرو قەڵەم بە دەستەوە، من بەدەست سڵاوم کرد، ئەوانیش دەستیان بۆ هەڵبڕیم، بە ئاماژەی دەستیش خوڵکیانکردم. ئەوان سەرقاڵی باسێک بوون. ئەمیان پرسیاری بۆ دەنووسی ئەویان بەنووسین وەڵامیدەدایەوە. منیش قەڵەمم دەرهێنا، بەزمانی ئینگلیزی، کە لێم ڕادەبینین بیزانن نووسیم: ((چ کارەساتێکە، تێکڕای خەڵکی ئاواییەک کەڕولاڵ بن؟)) ملبەند لە مەلەکەیان زەردە گرتی، لەسەر پەڕەیەکی سپیی نووسی: ((نا کارەسات نییە، بەڵکو نیعمەتی خوایە کاکی غەریب!)) من بستێک زارم کردەوە، نووسیم: ((چۆن؟)) ئەو نووسی: ((ڕۆژانە لەم شارۆکەیەدا شەڕو هەرابوو، کەس لە ژیان و ماڵی خۆی دڵنیانەبوو، تا ئەم شارەدارە نوێیە گەیشت، توانی بە هاوکاریی زاناو نوژدارانی وڵات، سیستمی گفتوگۆی هەموومان پەکبخات، دواتر خولی زمانی ئاماژەی بۆ کردینەوە. لەوساوە کە ئێمە بە زمانی ئاماژە لەگەڵ یەکدا دەدوێین، یەک شەڕیش ڕووینەداوە، مەگەر لەنێوان ئاژەڵاندا، ئەم شارۆکەیەی تۆ دەیبینی، تەنیا مەخفەرێکی تێدایە، کە شەوو ڕۆژ پۆلیسەکانی بێکارن!))

کۆبنهاون

١|٩|٢٠١٣

 

تاریکستان

ئەوان بەنیازی پرۆڤە، بەدەم قاقای پێکەنینەوە، گەیشتنە دەروازەی ئاسنینی هۆڵەکەو لەپڕ کارەبای گەڕەک کوژایەوە. شوفێرێکیش لەوبەرەوە، زەردەخەنە پەڕییووە سەر لچ و لێوە بێ سمێڵەکانی، لە دووری شەست حەفتا هەنگاوەوە ورد سەرنجی دەروازەی هۆڵەکەی دەدا. دەرهێنەر گورزەیەک کلیلی دەرهێنا، بەشارەزایی یەکێکیانی لەکونی کێلوونی دەرگەکە ڕۆکرد، شوفێری سمێڵ تاشراوی ڕیشن، لەجێ خۆیەوە دیقەتی دەداو تاکسییەکەشیی لەکاردابوو. دەرهێنەر خڕەخڕ کلیلی لە کونی کێلوندا گێرا، بەدەم تەقوهووڕەوە دەرگا کرایە. سێ ئەکتەرو دەرهێنەرێک بەدوای یەکدا جوڵان. وەختێ ئەوان ئەودیوبوون، شوفێرەکە هێشتا لەناو تاکسییەکەوە، لەبەر ڕۆشایی مانگەشەو، چاوی لە بریسکوهووڕی خەنجەری هەڵکێشراو و چەقۆی تازەساو بوو، بەرز دەبوونەوە، بۆ سەرشان و کۆڵنج و سینەی دەرهێنەر و ئەکتەرەکان دادەهاتنەوە. جگە لە تاکسی شوفێری بەڵمەڕیش، کەسی تر گوێی لە ناڵینیان نەبوو، وەختێ ئەوان، لەدەم دەرگەی کراوەی شانۆکەدا، لەناو سوورایی خوێنی خۆیاندا دەگەوزان. سێ خورتی دەمامککردوو، دەست بەخەنجەرو چەقۆی خوێناییەوە ڕووەو تاکسییەکە چوون، تاکسی شوفێر، هەر بەدەم قاقای پێکەنینەوە، لە پێچەڵپێچی کۆڵانەکانی شارەکەدا غەیبیکردن. 

کۆبنهاون

٤|٩|٢٠١٣

 

 

شمشێر

هەر دەمێک دوژمەنەکەی بهاتایە خەون و خەیاڵی، یانژی دوور بەدوور بیدیایە، تایەکی نەفرەتی جەستەی گەرم ڕادەهێناو لە حەسەن قەتاری دەخواست، کە حەوت ساڵی ڕەبەق خزمەتکاری بوو، شمێرەکەی بۆ بهێنێ، تاوێ بیساوێ. میزرا موراد خان، کە منداڵی نێرینەی نەبوو، حەسەنی وەک کوڕی ماڵێ سەیردەکرد. حەسەن وەک کێچ ڕادەپەڕی، فەرمانی گەورەی خۆی ڕادەپەڕان. میرزا چەند جارێک خڕژنی لە شمشێر لێهەڵدەسان، هەتا دەستەکانی ماندودەبوون دەیساوی، ئەوجا لە کێلانی دەنایەوە. حەسەنیش بەدیواری دیوەخاندا هەڵیدەواسییەوە. حەسەن خدەی پێوەگرتبوو، هەتا میرزا لە ساوێنی شمشێرەکەی دەبووەوە چاوی لەسەر هەڵنەدەگرت. شمشێری تاین لالا مووی دەکرد. دەبریسکایەوەو ئاوی چاوی دەبرد، میرزایش هەر دەیساوی.

ئەو شەوە، میرزا بە حەسەنی وت: ((جۆی زۆر بە ئەسپەکان بدە!)) سپێدەی ئەو ڕۆژە زستانییە، میزا موراد خان لەخەو ڕابوو. حەسەن قەتاری بەئاگاهیناو داوای لێکرد ئەسپی بۆ زینبکا، شمشێری بۆ بهێنێ، خۆیشی بۆ جەنگ ئامادەبکات. حەسەن قەتار ئەسپی بۆ شەتان، پێویستییەکانی بۆ لە خورجەزین کرد. شمشێری لە دیواری دیوەخان کردەوەو بۆ هێنا. میرزا موراد خان پێی لەسەر ئاوزەنگی داناو قنج لەسەر زین جێگیربوو. حەسەن بە شمشێری تاینەوە هاتە پاڵ میرزاو خڕژنی لێهەڵسان. هەتا هێزی تێدابوو لە قەبرغەی میرزا موردخانی ڕۆکرد. میرزا چاوەیلی زەق کرانەوە، وردە دڵۆپی ئارەقە نیشتنە سەر ڕووی و لەسەر زین بەربووەوە. حەسەن، شمشێری خوێناویی بە جلکە گرانبەهاکانی میزرا موراد خان سڕی، لە کێلانی ڕۆکردەوە. لەپشتی خۆی بەست و گەڕایەوە ماڵ. ژنی میرزا موراد خانی بەئاگا هێنا. ژن بە بوخچەیەک جلکەوە، سواری ئەسپەکەی حەسەن بوو. حەسەنیش خۆی هەڵدایە سەر زینی ئەسپەکەی میرزا. بەو سپێدەیە بەرەو جێیەکی نادیار هەیپایان لێکرد.

کۆبنهاون

٥|٩|٢٠١٣ 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.