تاوێک پێش مردن … نەوزاد بەندى
-1-
لە شوراکانى ژیان نزیک کەوتومەتەوە ..
مەرزى مردن ئەبینم ..
نازانم لە کێ بپرسم ،
لە کوێ کەل و پەلەکانم دابگرم ؟
بە پێ ..
یان بە سواریى ،
ئەو هەڵەتە ببڕم ؟؟
-2-
لە پشت پەنجەرەوە ،
گوێم لە هەناسەى مەرگە ..
دەستى خستۆتە گیرفانەکانى و
تى شێرتێکى پەمەیى لەبەردایە ..
زەردەخەنەیەک لەسەر لێوێتى ..
وەک ئەوەى دەمامک بێ ، وایە ..
بە دەرگاکاندا ئەڕوا ..
سەیرى ژمارەکانى ئەکا ..
بزانێ سەرەى کام دەرگایە ..
-3-
ئەمشەو تا بەیانى نانوم ..
بزانم بۆچى ڕۆژگار ئەمانخەوێنێ ..
بزانم ئاسمان چى بە زەوى ئەڵێ ..
ئەى زەوى
هیچ لەبارەى ئێمەوە ئەدرکێنێ ؟
بە پێى پەتى ئەڕۆمە حەوشە ..
کزەبایەک سڵاوێک ئەکا و
ئەڕوا بۆ ئەو سەرى دونیا ..
نازانم دونیا بەسەر ئێمەوەیە ،
یان ئێمە خەریکە ئەپچڕێین لە بنیا ؟؟
-4-
دەست ئەکەم بە گیرفانما ،
هیچ شتێکم پێ نیە بە کەڵکى دیاریى بێ ..
کلیلەکە لەسەر دیوارەکە بەجێ دێڵم ..
نامەیەک بە مۆبایلەکەم ئەنوسم ..
ئەینێرم بۆ هەمو ناوەکان ..
تەنانەت بۆ نانەواخانە و
مریشکفرۆش و
فیتەرەکانى مەعمیلم ..
(کوڕەکەم چمکى کراسەکەم ڕائەکێشێ ..
ئەڵێ :
بابە ! بۆ ڕەنگت زەرد بووە ؟
خۆ تۆ بەشداریى بانگەشەى هەڵبژاردنت نەکرد ! )
-5-
سەر لە ئێوارە ..
گوێم لە دەنگى پۆلێ مراوى کێویى بوو ..
کۆچیان ئەکرد بۆ باشوور ..
( خۆزگەم بەخۆتان ..هەزار جار ..
خۆزگەم بەخۆتان ..
هەم زەمین نیشتمانتانە و
هەم هەموو ئاسمان ..
ڕازى نین زستان میزاجتان تێکدا و ..
هەموو شتێ بەجێ دێڵن :
لە ترسى مردن ..
لە پێناوى ژیانێکى جوانتر ..
خۆزگەم بە خۆتان !