وتووێژی واڵ ستریت ژورناڵ له‌گه‌ڵ ئالیس مونرۆ
ئه‌م وتووێژه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ر له هه‌ڵبژاردنی ناوی ئالیس مونرۆ وه‌ک براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیاتی نۆبلی 2013
ئالیس مونرۆ Alice Munro له دایکبووی ساڵی 1931 نووسه‌ری که‌نه‌دی یه‌کێک له به‌تواناترین نووسه‌رانی چیرۆکی کورتی هاوچه‌رخ به ئه‌ژمار دێ، هێندێک له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که مونرۆ کۆمه‌ڵگای کتێب‌خوێنی ئه‌مریکای باکووری له‌گه‌ڵ چیرۆکی کورت ئاشت کرده‌وه هه‌رچه‌ند بۆخۆی هه‌رگیز به نیازی ئه‌وه نه‌بووه ببێته نووسه‌ری چیرۆکی کورت. باوکی مونرۆ وه‌رزێر بووه و دایکی مامۆستای قوتابخانه، ئه‌و نووسینی له مێرمنداڵییه‌وه ده‌ست پێ‌کرد و یه‌که‌م چیرۆکی خۆی به ناوی “ڕه‌هه‌نده‌کانی سێبه‌رێک” ساڵی 1950 ئه‌و کات که هێشتا خوێندکاری زانکۆی وسترۆن ئونتارییۆ بوو بڵاو کرده‌وه. مونرۆ ساڵی 1951 وازی له زانکۆ هێنا و شووی کرد، ساڵی 1963 نیشته‌جێی ویکتۆریا بوو و له‌وێ کتێب فرۆشی “مونرۆ”ی کرده‌وه که ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. 10ی ئوکتۆبری 2013 ئاکادێمی سوید ڕاگه‌یاند که خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیاتی نۆبلی ئه‌مساڵ ده‌درێ به خاتوو ئالیس مونرۆ. له کاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵات مونرۆ 82 ساڵی ته‌مه‌ن بووه و یه‌کسه‌د و ده‌هه‌مین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیاتی نۆبل، یه‌که‌مین که‌نه‌دی براوه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته و سێزده‌هه‌مین ژن بوو که له ساڵی 1901وه تاکوو ئێستا ئه‌م خه‌ڵاته‌یان وه‌رگرتووه. ئاکادێمی سوید مونرۆی وه‌ک “مامۆستای چیرۆکی کورتی هاوچه‌رخ” ناساند. ناوی هێندێک له به‌رهه‌مه‌کانی مونرۆ بریتین له: هه‌ڵاتن، کۆمه‌ڵه چیرۆک، خولیای دایکم، ئاسۆی کاسێل ڕاک و…
مونرۆ هه‌رگیز به نیازی بڵاوکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی نییه، ده‌ڵێ: له بیره‌وه‌ریدا باس له زۆر شت دێته گۆڕ، ده‌تانهه‌وێ چۆن سه‌باره‌ت به‌وان ڕاست بدوێن؟! مونرۆ که تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه ده‌ڵێ: هێستاش هێندێک ڕووداوم ده‌بنه هۆی ئه‌وه چیرۆکێکی تر بنووسم. خاتوو مونرۆ له ساڵی 2009 خه‌ڵاتی “بوکێری نێونه‌ته‌وه‌یی” بۆ کۆی به‌رهه‌مه‌کانی وه‌رگرت.
ڕه‌خنه‌گران و نووسه‌ران تاریفی شێوازی ساکار و دوور له گرێ و گۆڵ و په‌یڕه‌نگی چه‌ند لایه و که‌سایه‌تییه ساکار و دیالۆگه شیاوه‌کانی ئه‌ویان کردووه. “جاناتان فرنێزن” نووسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریکی له وتارێکدا له ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز ده‌ڵێ “خاتوو مونرۆ شیاوی ئه‌وه‌یه که وه‌ک باشترین چیرۆک نووسی ئێستای ئه‌مریکای باکووری بناسرێ”. چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی نوێی خاتوو مونرۆ به ناوی “زێده خۆشی” که تازه بڵاو بۆته‌وه، له به‌رامبه‌ر زۆربه‌ی چیرۆکه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و تاریک‌تر و ترس هێنه‌رترن. له چیرۆکه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره زیاتر له مادده خاوه‌کانی ئوتوبیوگرافیک و ناواخنی بنه‌ماڵه‌یی که‌ڵک وه‌رگیراوه. له کۆمه‌ڵه‌ی نوێ‌دا هێندێک چیرۆک هه‌ن که له‌واندا ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه یه‌کتر ده‌کووژن، ده‌ستدرێژی ده‌کرێته سه‌ر ماڵی بێوه‌ژنێک و کورێک که ڕووخسارێکی فۆڕم گوڕاوی نه‌خوازراوی هه‌یه بۆ کچێک ده‌بێته ئیلهام به‌خش تاکوو خۆی بریندار بکات. خاتوو مونرۆ بۆ یه‌که‌م جار له چیرۆکێکی 57 لاپه‌ڕه‌ییدا، له که‌سایه‌تییه‌کی مێژوویی به ناوی “سوفیا کووالۆسکی” که ڕۆمان نووس و ماتماتیکه‌وانی ڕووسه که‌ڵکی وه‌رگرتووه.
مونرۆ له شارێکی زۆر بچووک هه‌ڵکه‌وتوو له “ئونتارییۆ” ده‌ژی. ئه‌و ئێستاش سه‌رسه‌ختانه ده‌نووسێ، بۆخۆی ده‌ڵێ له‌م باره‌وه سه‌رسووڕماوه:”چاوه‌ڕوان بووم تاکوو ئێستا خانه‌نیشین بووبام”.
پ: له زۆر شوێنی چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی نوێی “زێده خۆشی”دا شوێنه‌واری توندوتیژی ده‌بینرێ. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م توندوتیژییه چ بووه؟
و: من بۆخۆم تا ئه‌و کاته‌ی که نووسینی کۆمه‌ڵه‌که نه‌گه‌یشتبووه کۆتایی سرنجم نه‌دابووه ئه‌م بابه‌ته، بۆخۆم ده‌مزانی له یه‌كه‌م چیرۆکی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌دا توندوتیژییه‌کی به‌رچاو ڕۆڵ ده‌گێڕێ، له ڕاستیدا بۆخۆشم نه‌متوانی سه‌رله‌نوێ بیخوێنمه‌وه. ئه‌م چیرۆکه زۆر ترس هێنه‌ره… خواستی من بوونی موتیفی توندوتیژی له‌م کۆمه‌ڵه‌دا نه‌بوو به‌ڵام توندوتیژی له چیرۆکه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه و ئه‌م بارودۆخه ده‌توانێ بێئه‌وه‌ی هۆشتان بێ، له‌خۆڕا ڕووی بدا… یه‌که‌م چیرۆکی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه له ڕووی هیچ ڕووداوێکی ڕاسته‌قینه‌وه نه‌نووسراوه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆر سه‌یره، له شه‌ش مانگی ڕابردوو کوشتنێکی زۆر وێچووی ئه‌م چیرۆکه ڕووی داوه، وه‌ها بووه که باوکێک منداڵه‌کانی خۆی ده‌کوژێ تاکوو له کێشه‌ی دنیا ڕزگاریان بکات و دایکی منداڵه‌کان ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه.
پ: وادیاره ئێوه به‌رامبه‌ر به‌و مۆده ئه‌ده‌بییانه‌ی جارناجارێک ده‌بنه باو له ئه‌مان دان، داخوا ئێوه له ڕووی زانسته‌وه تێده‌کۆشن بۆ پابه‌ند بوونی چیرۆک نووسی ساکار و گێڕانه‌وه‌کانی که‌سایه‌تی بنیات؟
و: من ئه‌وه‌م سه‌باره‌ت به خۆم خوێندۆته‌وه. ئه‌وه‌یکه ده‌ڵێن شێوازێکی ساکار و دوور له گرێوگۆڵیم هه‌یه. دروست وه‌ک وه‌ی وایه که جل و به‌رگی ساکار له‌به‌ر بکه‌ی، به‌ڵام من سه‌باره‌ت به شێوازی نووسینم ئه‌و بڕوایه‌م نییه. هه‌بوونی شێوازێکی وه‌ها به ئانقه‌ست نییه، نووسه‌رانێک هه‌ن وه‌ک نابوکف که ئافه‌ره‌م به به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر به شێوازی ئه‌وانم نووسیبا زۆر دڵشاد ده‌بووم، به‌ڵام ئه‌وه بڕیارێکی هونه‌رمه‌ندانه نییه.
پ: چ ماوه‌یه‌ک له سه‌ر چیرۆکێک کار ده‌که‌ن؟
و: هێندێک چیرۆک هه‌ن که له‌وانه‌یه له ماوه‌ی ساڵێکدا به شێوه‌ی دابڕاو کاریان له‌سه‌ر بکه‌م. که‌مترین ماوه دوو مانگه.
پ: نووسینی چیرۆکێک چۆن ده‌ست پێده‌که‌ن؟
و: به پێنووس له ده‌فته‌رێکدا ده‌ینووسم، له سه‌ره‌تاوه تاکوو کۆتایی چیرۆکه‌که ده‌نووسم، به‌ڵام ئه‌و چیرۆکه به هیچ جۆرێک چیرۆکی کۆتایی نییه. پاشان ده‌فته‌رێکی دیکه ده‌ست ده‌ده‌مێ و سه‌رله‌نوێ به پێنووس ده‌ینووسمه‌وه، ئه‌مجاره‌یان چیرۆک له نوسخهێ کۆتایی و مه‌به‌ستی من نزیک ده‌بێته‌وه، پاشان ئه‌و دوو ده‌فته‌ره ده‌دڕێنم و فڕێیان ده‌ده‌م بێئه‌وه‌ی چاو له شتێک بکه‌م به کومپیوته‌ر چیرۆکه‌که‌ی ده‌نووسمه‌وه. ئه‌و کاته‌یه که چیرۆکێکی شیاو ده‌نووسم.
پ: کار کردن به کومپیوته‌ر بۆ ئێوه ئاسانه؟
و: من سه‌باره‌ت به که‌ره‌سه فهننییهکان مرۆڤێکی ده‌ستوپێ شکاوم، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی زۆر به کومپیوته‌ر کار نه‌که‌م هه‌موو شتێکم له بیر ده‌چێته‌وه و ده‌بێ مێرده‌که‌م بێت و سه‌رله‌نوێ هه‌موو شتێکم بۆ شی کاته‌وه. سه‌رباقی ئه‌وه به‌م زووانه تووشی نه‌خۆشی بووم، نه‌خۆشی شێرپه‌نجه، ده‌رمانی شێرپه‌نجه‌ش جۆرێکه که هێندێک به‌ش له مێشکی مرۆڤ له ناو ده‌با و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا کاتێک که فێری شتێک ده‌بی له مێشکت‌دا نامێنێ و له بیرت ده‌چێته‌وه.
پ: بۆچی هێنده پابه‌ندی چیرۆکی کورتن؟
و: سه‌رده‌مانێک ده‌مهه‌ویست ڕۆمان بنووسم به‌ڵام بێفایده بوو، هه‌میشه ئه‌و چیرۆکه‌ی که ده‌مهه‌ویست له قالبی ڕۆماندا بیگێڕمه‌وه له نیوه‌دا لێکدهدرا و منیش ئیتر هۆگری نه‌ده‌بووم و پێم وابوو ئیتر به که‌ڵك نایه و وه‌دوای نه‌ده‌که‌وتم. ئێستاش به بڕوای من ئه‌و چیرۆکانه‌ی که ده‌یاننووسم شتێکن نێوان چیرۆکی کورت و ڕۆمان هه‌ڵبه‌ت خه‌ڵک پێیان ده‌ڵێن چیرۆکی کورت. به‌ڵام چیرۆکه‌کانی من که‌م هه‌ڵده‌که‌وێ کورت بن و به‌و حاڵه‌شه‌وه ڕۆمان نین. نازانم بۆ ئه‌و چیرۆکانه‌ی که قه‌باره‌یان نێوان چیرۆکی کورت و ڕۆمانه وشه‌یه‌کی تایبه‌ت هه‌یه یان نا. هه‌ڵبه‌ت شتێکمان به ناوی “ڕۆمانی کورت” هه‌یه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌مزانیوه که ڕۆمانی کورت دروست به چ جۆر چیرۆکێک ده‌ڵێن یان ئه‌وه‌یکه داخوا من تا ئێستا ڕۆمانی کورتم نووسیوه یان نا.
پ: ئێوه له وتووێژ له‌گه‌ڵ گۆڤاری “پاریس ریویو” وتتان وه‌ک نووسه‌رێک به‌رده‌وام دڵه خورپه‌ی ئه‌وه‌تان هه‌یه که هێندێک به‌ش له چیرۆکه په‌خش و بڵاو بووه‌کانتان فه‌رامۆش بکه‌ن، ئایا ئێستاش ئه‌م نیگه‌رانییه‌تان هه‌یه؟
و: نا، ده‌بێ بڵێم ئه‌م بارودۆخه له مندا گۆڕاوه. له‌و کاته‌وه که تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووم، به‌س دڵشادم که زیندووم، ئیتر په‌رۆشی ئه‌وه نیم که شتێکی له بیر بکه‌م. مرۆڤ ده‌بێ زۆر خۆش شانس بێت که هێندێک شت بۆ وێنه چیرۆکێکی له بیر بکات، بۆ وێنه “چیخۆف” ئه‌گه‌ر ته‌نیا چیرۆکی “ژنێک له‌گه‌ڵ سه‌گێکی بچووک”ی نووسیبا بایخی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که زیندوو بمێنێ، من ئیتر زۆر به دیدێکی ڕه‌خنه‌گرانه و وردبینانه چاو له کاره‌کانم ناکه‌م.
پ: ئێوه داواتان له به‌رپرسانی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی “گیلێر” که یه‌کێک که بایخدارترین خه‌ڵاته ئه‌ده‌بییه‌کانی که‌نه‌دایه، کردووه که ناوی ئێوه له پێرستی پاڵێوراوانی ساڵی 2009 دا نه‌هێنێ چوون پێشتر براوه بوون و له لایه‌ک به‌م کاره ههویستووتانه بۆ نووسه‌رانێک که جێگیر نه‌بوون و تازه‌کارن ده‌رفه‌ت پێک بێنن، داخوا ئێوه نووسه‌رانی به‌ناوبانگ هان ده‌ده‌ن که له‌م ئاسته‌دا وه‌ک ئێوه بجوڵێنه‌وه؟
و: نا، ئه‌وه کرده‌وه‌یه‌کی تاکه که‌سی بوو. خۆزگه وته‌که‌م وه‌ها نه‌گوتبا چوون مانای قسه‌که‌م ئه‌وه‌یه که پێشاپێش براوه‌ی خه‌ڵاتی گیلێر بووم. بۆ وێنه ده‌بوو وتبام ماندووم، تازه خه‌ریکه شیمی ده‌رمانی ته‌واو ده‌که‌م و له بواری جه‌سته‌یی تووشی گرفت بووم، به‌ڵام چوون نه‌مده‌ویست سه‌باره‌ت به گرفته تاکه که‌سییه‌کان قسه بکه‌م وتم نووسه‌رانی لاوتر پێویستیان به ده‌رفه‌تی زیاتره. خۆزگه به‌م جۆره قسه‌م نه‌کردبا. به‌ڵام له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که نووسه‌رێک پاش تێپه‌ڕ بوونی ماوه‌یه‌ک له چالاکی حێرفه‌یی ئیتر پێویستی به شتێک وه‌ک خه‌ڵات نییه. خه‌ڵات ئیدی بۆتان ورووژێنه‌ر نییه. دڵگیر نیم چوون له کێبه‌رکێی وه‌ده‌ست هێنانی خه‌ڵاتی گیلێر پاشگه‌ز بوومه‌وه.
پ: ئێوه له کۆمه‌ڵه‌ی “زێده خۆشی”دا چیرۆکێکتان هه‌یه که سه‌باره‌ت به “سوفیا کووالوسکی” ماتماتیکه‌وانی ڕووسه. ئێوه سه‌باره‌ت به که‌سایه‌تییه‌کانی مێژوویی چیرۆک نانووسن، چ شتێک بوو به هۆکاری ئه‌وه که ئێوه له سه‌ر ئه‌م ژنه که‌سایه‌تی چیرۆکی دامه‌زرێنن؟
و: ئه‌و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی چیرۆکی وه‌ک شێتانم لێده‌کات. جارێکیان خه‌ریک بووم له قامووسدا له شتێکی تر ده‌گه‌ڕام که چاو به زانیارییه‌کی که‌م له‌وی که‌وت. من له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌ک ئاشنا ببووم که هه‌م ماتماتیکه‌وان بوو و هه‌م ڕۆمان نووس. له حاڵێکدا که ئه‌م دوو ئیشه له حاڵه‌تی ئاسایی‌دا له کن یه‌ک دانانرێن.
پ: پهیڕهنگهکانی چیرۆکیتان چۆن وه‌ده‌ست دێنن؟
و: هێندێک له‌و پهیڕهنگانه له ڕووداوگه‌لێک وه‌ده‌ست دێن که هاتوونه ئاراوه، زۆربه‌شیان به پێی هێندێک ڕووداو نووسراون که خه‌ریک بوو بێنه ئاراوه یان نه‌هاتوونه ئاراوه به‌ڵام بۆی هه‌بوو که بێنه ئاراوه، ڕووداوگه‌لێک که هه‌ر کات له ژیانمدا چاویان لێده‌که‌م به خۆم ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئاوا و وه‌ها بووبا کرده‌وه‌ی من چ ده‌بوو؟ ئه‌م چیرۆکانه به جۆرێک لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ن که خه‌ڵک یان گرووپێکی تایبه‌ت له خه‌ڵک له هه‌لومه‌رجی جۆراوجۆردا چ کرده‌وه‌یه‌ک له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت پرسه‌که ڕوونتر له‌و قسانه‌یه. من ئێستا ده‌توانم ئه‌و شتانه به ئێوه بڵێم چوون ئه‌مڕۆ به‌یانی به ته‌واوی له سه‌ر قۆناغی سه‌ره‌تایی چیرۆکێک خه‌ریکی ئیش کردن بووم.
پ: ئێوه بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کورت وانه‌ی نووسه‌ریتان ده‌گوته‌وه به‌ڵام پاشان وتتان له‌م کاره بێزارن.
و: به ڕاستی بڕوام به وانه گوتنه‌وه‌ی چیرۆک نووسی نییه. ده‌ڵێم که‌سێک که ده‌یهه‌وێ چیرۆک بنووسێ ده‌بێ دانیشێ و هه‌ر چیرۆک بنووسێ و به کاره‌که‌یدا بێته‌وه. کاتێک که ئێوه له‌گه‌ڵ گرووپێک که‌س به‌ره‌و ڕوون، یه‌کێک له مه‌ترسییه‌کان ئه‌وه‌یه که له‌گه‌ڵ چه‌شنێک چیرۆک به‌ره‌و ڕوو ده‌بن. به‌رهه‌مێک که دیاره کاریگه‌ره ئه‌وانی تریش وه‌دووی کاری ئه‌و ده‌که‌ون چوون له کلاس‌دا که‌سایه‌تییه‌کی به‌هێز شکڵی گرتووه. من ڕای تاکه‌که‌سیم وایه که ئه‌م جۆر چیرۆکانه هه‌رگێز سه‌رناکه‌ون.
پ: زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی “زێده خۆشی” بیر له پیر بوون ده‌که‌نه‌وه. داخوا ئه‌و باسه بیری ئێوه‌شی داگرتووه و چوونه سه‌ری ته‌مه‌ن به جۆرێک داماوی له کاره‌کانتان هاویشتووه؟
و: بۆخۆم چاوه‌ڕوان بووم له کاری نووسین ده‌ست هه‌ڵگرم. به‌رده‌وام بیرم ده‌کرده‌وه کاتێک بگه‌مه ته‌مه‌نێکی دیاریکراو ئیتر ویسته‌کانم وه‌ده‌ست هێناوه و خانه‌نشین ده‌بم و چێژ له ژیانی تاکه‌که‌سیم وه‌رده‌گرم، کاتێک که به نووسین نه‌به‌ستراونه‌وه پێویست نییه به‌یانی که له خه‌و هه‌ڵده‌ستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به نووسین بکه‌ن. به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و شته‌م بۆ جێبه‌جێ نه‌بووه، به هیچ جۆرێک و ئه‌مه سه‌رسامم ده‌کات. هه‌میشه وام بیر ده‌کرده‌وه که نووسه‌ره‌کان یان لانیکه‌م هێندێک له نووسه‌ران ڕۆژێک خانه‌نشین ده‌بن، به‌ڵام من هێستاش هێندێک ڕووداوم بۆ دێته پێش که ده‌بێته هۆی ئه‌وه چیرۆکێکی دیکه بنووسم و پاشان به خۆم ده‌ڵێم:”ئه‌وه ئیدی دوایین چیرۆکه. کاتێک که ئه‌و چیرۆکه‌م نووسی ئیتر نووسین وه‌لا ده‌نێم و پشوو ده‌ده‌م.” به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه ڕووی نه‌داوه!
پ: بۆی هه‌یه که کتێبی بیره‌وه‌رییه‌کانتان بنووسن؟
و: نا، نازانم ئه‌و که‌سانه‌ی که کتێبی بیره‌وه‌ری ده‌نووسن چۆن ئه‌و کاره‌ی ده‌که‌ن. کاتێک که بیره‌وه‌ری ده‌نووسن باس له زۆر شت دێته گۆڕ، چۆن ده‌تانهه‌وێ سه‌باره‌ت به‌وان ڕاست بدوێن؟ له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده زیندوو بمێنم که پیر و په‌ککه‌وته بم و ته‌واوی خزم و ناسیاوانم تا ئه‌و کات مردن کتێبێک له بیره‌وه‌رییه‌کانم بنووسم!
پ: کتێبی دیکه‌تان چییه؟
و: من ئێستا چه‌ند چیرۆکی ته‌واوم هه‌یه. ئه‌و چیرۆکانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ساڵانی پێشووتری ژیانی من، چه‌ند چیرۆکیش هه‌یه که ئێستا خه‌ریکم کاریان له سه‌ر ده‌که‌م.
وه‌رگێڕانی هه‌رمان وه‌تمانی