ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هاوڵاتییان بە مەرجی هەبوونی کار
وەک دەردەکەوێت، بەهۆی وەستانەوەی ژمارەیەک لە چالاکوانی ژن و ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆشنبیری لایەنگر لە مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی کوردییدا دژ بە پێداگریی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر تێکەڵکردنی ئاین بە سیاسەتی دەوڵەت، هەندێك لە پەرلەمانتاران و کادیرانی ئەو بزوتنەوەیە دەستیان داوەتە داکۆکییکردنێک کە هەندێکیان تائاستی دژایەتییکردنی دیموکراتییەت و دژایەتییکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆی دەچن.
من پێموایە هەندێك زیادەڕۆیی لە داکۆکییەکانی هەندێک لەو ئەندام پەرلەمانانەدا هەیە کە دروست نییە بێدەنگەی لێبکرێت. بۆیە من لێرەدا قسەیەک لەسەر یەکێک لەو لێدوانانە دەکەم و، لە درێژەشدا لە چەند وتارێکی داهاتوودا هەوڵدەدەم قسە لەسەر هەندێکی تر لەو تەبریرانە بکەم کە چەند کادیر و ئەندام-پەرلەمانێکی ئەو بزوتنەوەیە دەیهێننەوە بۆ پێداگریی بزوتنەوەکەیان لەسەر کردنی سەوابتی ئاینی ئیسلام بە بناغەی ڕێکخستنی ژیانی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
من لێرەدا مەبەستمە قسە لەسەر ئەو ڕوانگەیە بکەم کە دەڵێت هەندێک لەو ژنە نووسەرانەی کە ڕەخنەی ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤانە و سیاسەتی نادروستی بزوتنەوەی گۆڕانیان کردووە لە دۆزی یەکسانیی ژن و پیاودا، لە ئەوروپا بێکارن و لەسەر یارمەتیی سۆشیاڵ دەژین.
ئەم جۆرە داکۆکییە هەر درێژەی ئەو جۆرە داکۆکییەیە کە بەڕێز ئیڤار ئیبراهیم لە هەفتەی ڕابردوودا لەبەرامبەر ڕەخنەگرانی ئەو بزوتنەوەیەدا کردی و، پیشانی دا کە ئەو پێیوایە ئەو هاوڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین نابێت مافی قسەکردنیان لە سیاسەتی ناو هەرێمدا هەبێت.
دیارە ئەو قسەیەی ئیڤار خان – پێموابێت بێئەوەی خۆی ئاگای لێبێت – ئارگیومێنتکردنە بۆ لێسەندنەوەی مافی ڕادەربڕینی سیاسیی لە هاوڵاتییانی کوردستان و لە هەر ڕەخنەگرێک کە لەناو هەرێمدا ناژی. گرنگە بزانین کە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان، هەرە سەرکوتگەریان جگە لە زەوتکردنی مافی ڕادەربڕینی سیاسیی لە هاوڵاتییان و سزادانی ئەو هاوڵاتییانەی کە ئەو مافەیان مومارەسە دەکەن، هیچ شتێکی تریان نەکردووە. بۆیە هیوادارم خەڵکێکی زۆر هەبن ئێستا لە دەنگدانیان بەو بەڕێزە پەشیمان بووبێتنەوە کاتێک دەبینن کاندیدە پەسەندەکەیان لە یەکەم لێدواندا دوای گەیشتنە دەسەڵاتدارێتیی، فرسەتەکە دەقۆزێتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە لای ئەو پارێزراویی حیزبەکەی خۆی لە ڕەخنە، لەسەرووی گرنگترین مافی مرۆڤەوەیە کە مافی دەربڕینی بیروڕایە.
بەڵام ئەگەر ئەو قسە بێسەروبەرەی خاتوو ئیڤار بەستنەوەی مافی ڕادەربڕینی هاوڵاتییانی هەرێم بێت بە مەرجی ژیانکردنیانەوە لەناوەوەی وڵات، ئەوا قسەکردن لەسەر بێکاریی و سۆشیال-وەرگرتنی ڕەخنەگرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەوروپا (کە دوێنێ لەلایەن تازە پەرلەمانتار کاک ڕابون مەعروفەوە ووترا)، بەستنەوەی مافی ڕەخنەکردنی حیزبەکەی ئەو و مافی ڕادەربڕینی هاوڵاتیانە بە مەرجی هەبوونی کارەوە.
من لەئاست ئەو قسەیەدا لەخوارەوە سێ خاڵ دەڵێم:
یەکەم: وەک دەردەکەوێت کاک ڕابون مەبەستی ئەو هەشت نووسەر و ئەکادیمیست و چالاکوانە ژنەیە کە هەفتەی ڕابردوو یادداشتنامەیەکی نیگەرانیی و هۆشدارییان ڕووبەڕووی بزوتنەوەی گۆڕان کردەوە و منیش یەکێک بووم لەوان. بۆیە ئەگەر بەڕێز کاک ڕابوون مەبەستی لە ئێمەیە کاتێک باسی وەرگرتنی سۆشیال دەکات لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەوا قسەی ڕاشکاوانەی من ئەوەیە کە بەڕێز کاک ڕابوون درۆ دەکات. درۆیەک کە هەر تا تەواوبوونی ڕستەی داهاتووی من بڕ دەکات و لەوە زیاتر پەتی درێژ نییە: ئێمە ئەو هەشت کەسە کەسمان لەسەر سۆشیال نین و هەموو کاری جێگیری خۆمان هەیە. بۆیە من لێرەدا هیچ زەرورەتێک بۆ ئەوە نابینم قسەیەکی وا کە کەسەکە خۆی دەزانێت بە ووتنی چی کارێکی ناپەسەند دەکات، من بێم بە ووشەی ناڕاستەوخۆ وەسفی بۆ بکەم و ڕاستەوخۆ نەڵێم ئەوە درۆیە و هیچی تر نا.
دووەم: ئەوە نەک هەر بەستنی مافی ڕادەربڕینی هاوڵاتییانە بە مەرجی هەبوونی کارەوە، بەڵکو ئەوە بەکەم-سەیرکردنی کاک ڕابوون بەیان دەکات بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە لەبەر، بۆ نموونە، کەمئەندامیی، نەخۆشیی، نەچوون بۆ قوتابخانە و نەبوونی فرسەتی کاری گونجاو، مافیان بەسەر دەوڵەتەوە هەیە یارمەتییان بدات و نەهێڵێت بێکاریی لەناو ماڵدا گیریان بکات و بەوە گرفتی گەورە بۆ ژیانیان دروست بێت.
دیارە ئەوە جێگەی قەلەقییەکی زۆرە لەناو پەرلەمانی کوردستاندا ئەندامت هەبێت کە سەرباری بیری کۆنەپارێزانەی و سەرباری ئەو نیفاق و جۆلانەکردنەی ساڵانێکە لەنێوان هەردوو جەمسەری لیبراڵییەت و کۆنسەرڤاتیڤییەتدا دەیکات، ئینجاش کەسێک بێت کە پێیوابێت بێکاریی و لەسەرسۆشیالبوون شتێکە کە دەتوانیت وەک ڕەخنەیەک لەبەرامبەر ڕەخنەگرانی حیزبەکەتدا بەکاری بێنیت و، بەو جۆرە ڕەشکردنە کار بۆ ئەوە بکەیت خەڵک گوێ لەو ڕەخنانەیان نەگرێت کە لە حیزب هەیانە.
وەرگرتنی سۆشیال یان هەبوونی کار هیچ لەو ڕەخنە سیاسییە ناگۆڕێت کە کەسێك لە سیاسەتێکی دیارییکراو یان حیزبێکی دیارییکراو هەیەتی. وەرگرتنی یارمەتیی سۆشیال تەنها کاتێک پەیوەندیی بە ڕەخنەی سیاسییەوە هەیە ئەگەر سیاسەتمەداران و خەڵکێکت هەبێت کە پێیانوابێت وەرگرتنی سۆشیال عەیبەیەکی گەورەیە و پێیانوابێت نابێت گوێ لە ڕەخنەی سیاسیی ئەو کەسانە بگیردرێت کە لەسەر سۆشیالن. ئەمەی کاک ڕابون دەیکات لە جەوهەردا (نەک لە پلەی خەتەرناکییدا) هەر هەمان ئەو قسە هەڵبەستنەیە کە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بۆ لێدان لە ڕەخنەگرانی سیاسیی خۆی مومارەسەی دەکات و، بۆ نموونە، چالاکوانێکی سیاسیی ئیعدام دەکات و لە کۆمەڵگادا بەوە ناشیرینی دەکات کە گوایە موعتاد و دەرمانخۆر بوو.
ئەوەی کە پێتوابێت ئەو کەسانەی سۆشیال وەردەگرن نابێت ڕەخنەیان لێ قبوڵ بکرێت، ڕوانگەیەکی دونییە بۆ بەهای مرۆڤ کە لای هەر سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارێک هەبێت و ڕەخنە نەکرێت لەسەری، لەدرێژەدا وادەکات ئەو سیاسەتمەدارە ببێتە سیاسەتمەدارێک کە تەواو شیاو بێت بۆ بوون بە وەزیری داد لەناو حکومەتێکی نادادپەروەری وەک حکومەتی ئێراندا.
سەیرکردنی بێکاریی و سۆشیالوەرگرتن وەک عەیبە، هەمان ئەو ڕوانگە ڕاستڕەوانەیەی سەددام حسێنە بۆ قیمەتی ئینسان کە دەیوت «عملک شرفک. فمن لایعمل لاشرف لە!». هەر ئەو ڕوانگەیە بوو بۆ بەهای ئینسان و بۆ توانای کارکردن کە سەددام حسێنی کرد بە سەددام حسێن. جێگەی نیگەرانییە ئێستا لە کوردستاندا کەسانێک لە ناوەندی بڕیارداندا دانیشن کە ئەگەرچی ساڵانێک تائاستی بوون بە کۆمۆنیستی کرێکاریی چەپڕەوانە داکۆکییان لە مافی بێکاران کردووە، ئێستا حیزبایەتیی و هەلپەرستیی وابکات داکۆکیی لە ڕوانگەیەک بکەن کە مافی ڕادەربڕینی هاوڵاتییان و مافی ڕەخنە لە حیزب دەبەستێت بە هەبوونی کارەوە.
سێیەم: ئەم ناشیرینکردنەی یارمەتیی سۆشیال لەلایەن کادیرێکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پیشانی دەدات کە ئەو کاندیدە و ئەو بزوتنەوەیە بە چی نیفاقێکەوە دۆزی بڕینەوەی یارمەتیی سۆشیالیان بۆ بێکارانی کوردستان کردبووە دۆزی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان و بە چوار دەوردا ئەوەیان پیشان دەدا کە دۆزی بێکاریی خەڵک دۆزی گرنگی ئەوانە. ئەمە پیشانی دەدات کە لای ئێمە چەند مومکینە سیاسەتکار لە ماوەی هەفتەیەکدا لەنێوان چەپڕەویی و ڕاستڕەوییدا بەرگ بگۆڕێت و لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا هەر جێی ببێتەوە. ئەم کۆکردنەوەیەی ڕاست و چەپ و نەریتپارێزیی و لیبراڵییەتەیە کە ئەو بزوتنەوەیە شانازیی پێوە دەکات، بەڵام لای کەسانێکی تر ڕەوایانە بە نیفاقی هەلپەرستانە ناو دەبرێت و ترسیان لە زیانەکانی هەیە بۆ سەر لیبراڵییەتی کۆمەڵگای کوردیی و بۆ سەر مافەکانی ژنان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکان لە هەرێمدا.
12.10..2013
ڕۆزا حسێن