ئه‌م شیعره وازم لێناهێنێ ..!!
زۆر جار حه‌زده‌كه‌م سه‌ری خۆم كزكه‌م .
واز بێنم له چه‌وركردنی وشه به رۆنی خه‌یاڵ ،
له چنینی رسته به ده‌زوی گزنگ .
وازبێنم له چوارچێوه‌گرتنی زایه‌ڵه ،
له باڵكردنی ده‌نگدانه‌وه .
وازبێنم له ئاودانی پرسیار ،
له رنینی وه‌ڵام .
***
زۆر جار پێم خۆشه لارێ بگرم .
دوركه‌ومه‌وه له كۆكردنه‌وه‌ی ..
ئه‌و ئازارانه‌ی له شاخ كه‌وتنه خواره‌وه ،
له گه‌ڕان به دوای ئه‌و دره‌خته‌ی ..
سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت .
دوركه‌ومه‌وه له راماڵینی ئه‌و بۆسانه‌ی ..
بۆ هه‌وریان نایه‌وه ،
له دوباره دارشتنه‌وه‌ی ..
به‌رنامه‌ی گیرخواردن .
دوركه‌ومه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی ..
ره‌شنوسی دۆڕان ،
له ئاوه‌چۆڕكردنی گرێكوێره‌ی خه‌وزڕان.
* * *
زۆر جار حه‌ز ده‌كه‌م ده‌رگا له‌سه‌ر خۆم داخه‌م .
نه گوێم له ده‌مه‌قاڵیی سێبه‌ر و خۆره‌تاو بێ ،
نه چاوم به چاره‌ی ناچاری بكه‌وێ ،
نه بۆنی كزه با له خۆم بده‌م ،
نه تامی ده‌رفه‌ت بزانم ،
نه هه‌ست به شێی ده‌نگ بكه‌م .
* * *
ئه‌م شیعره وازم لێناهێنێت ،
ناهێڵێ سه‌ری خۆم كزكه‌م .
هه‌میشه یه‌خه‌م ده‌گرێ ،
ده‌مكا به‌گژ باڵه‌فڕێدا
ده‌مكا به گژ جێگیری و له‌قبووندا
ده‌مكا به گژ سه‌ره‌تاتكێدا .
ناهێڵێ لا ڕێ بگرم ،
شه‌ڕم پێ ده‌فرۆشێ .
شه‌ڕی مله‌قوتێ
شه‌ڕی نقومبوون
شه‌ڕی وێڵبوون و دۆزینه‌وه
شه‌ڕی جوله‌جول
شه‌ڕی متبوون .
ناهێڵێ ده‌رگا له‌سه‌ر خۆم داخه‌م ،
به‌زمم بۆ ده‌نێته‌وه .
به‌زمی خۆهه‌ڵقورتاندن
به‌زمی مه‌شقی ره‌شه‌با
به‌زمی په‌له‌پڕۆزێ وشێنه‌یی
به‌زمی به‌رده‌ركی به‌ڵا .
هه‌راسانم ده‌كا ..
هه‌راسانم ده‌كا ..
هه‌راسانم ده‌كا و ..
له‌گه‌ڵ ته‌پ وتۆزی شه‌ققه‌ی باڵی خۆیدا ،
بڵاوم ده‌كاته‌وه و ده‌مبا .
نیسان 2013