Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا …  هه‌ندرێن شێخ راغب

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا … هه‌ندرێن شێخ راغب

Closed
by October 23, 2013 گشتی

 

 

 

 

به‌هاری عه‌ره‌بی، روداوێكی میللی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كانه‌، له‌ناو سه‌مون فرۆش وده‌ستگێرو سیاسیه‌ خۆماڵیه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدا، شۆڕشێك به‌ جوڵه‌ی سیاسیه‌ میللیه‌كان وخه‌ڵكه‌ ساده‌و هه‌ژاره‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد. ئه‌م شۆڕشانه‌ چه‌نده‌ دژی بن عه‌لی وحوسنی موباره‌ك وقه‌زافی وبه‌شار ئه‌سه‌د بوون، هێنده‌ی ئه‌وه‌ش دژی ئه‌مریكاو رۆژئاوا بوون، چونكه‌ به‌م رژێمه‌ عه‌ره‌بیانه‌ ده‌گوترا، پیاو یان به‌كرێگیراو یان دۆستی نزیكی ئه‌مریكاو رۆژئاوا. به‌كورتی پێیان وابوو ئه‌م دیكتاتۆره‌ سه‌پاوانه‌ به‌سه‌ر گه‌لی خۆیاندا، به‌ پشتیوانی ئه‌مریكاو رۆژئاوایه‌،  به‌ڵام له‌گه‌ل خرۆشانی شه‌قامه‌كان، له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی ناڕه‌زایه‌تی میللی، سه‌ركرده‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ زۆر به‌توندی رووبه‌روی خه‌ڵكی خۆیان بوونه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌ركه‌وت هێزی شه‌قام وخه‌ڵك وسیاسیه‌كانی ناوخۆو جه‌ماوه‌ر، پێویستیان به‌هێزی دیكه‌یه‌، ئه‌م هێزه‌ش ناتۆ یان بڵێم سه‌ركردایه‌تیكردنی ئه‌مریكا بوو!، له‌ لیبیا قه‌زافی به‌هۆی ئه‌مریكاو هێزی ناتۆ له‌ناوچوو، كۆتایی پێهات. هه‌ر بۆیه‌ش رێكخراوی قاعیده‌ كاتێك زانی گه‌لی لیبیا له‌بری قاعیده‌ په‌نایان بۆ هێزی ئه‌مریكاو ناتۆ برد، ده‌ستی كرد به‌چالاكی نواندن له‌دژی هه‌بوونی ئه‌مریكا له‌ لیبیا، روداوی كوشتنی دبلۆماته‌كانی ئه‌مریكاو سوتاندنی باره‌گای ئه‌مریكیه‌كان شاهیدی ئه‌م رقه‌ی رێكخراوی قاعیده‌ن، سه‌یره‌ له‌كاتێكدا رێكخراوی قاعیده‌ خۆی راسته‌وخۆ ناتوانێت روبه‌روی هیچ هێزێكی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ببێته‌وه‌، ناتۆو ئه‌مریكا دێت ده‌یڕوخێنێت، كه‌چی دوایی قاعیده‌ ده‌یه‌وێت به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه‌. به‌هه‌رحاڵا قسه‌كه‌ له‌سه‌ر باڵاده‌ستی ئه‌مریكایه‌ له‌ روداوه‌كانی گۆڕانكاری له‌ناو نه‌خشه‌ی سیاسی عه‌ره‌بی وده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان. ئه‌مریكا به‌ هێزو جبه‌خانه‌كانیه‌وه‌ رژێمه‌كان ده‌ڕوخێنێت، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ تازه‌یه‌ی حوكمڕانی دروست ده‌بێت، هه‌ستێكی دوژمنایه‌تی سه‌یری به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا هه‌یه‌! كه‌ هه‌ندێجار جێگای خۆیه‌تی ورد پرسیار بكه‌ین وبڵێین جه‌مسه‌ره‌كانی سیاسه‌ت لای ئه‌مریكیه‌كان وایه‌و به‌مجۆره‌ خۆیان نه‌خشه‌ داده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ی چنگیان له‌زۆر شت گیرببێت، واته‌ ئایا ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا خۆی له‌پشتی ئه‌وه‌یه‌ رقی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا دروست بكات، یان هه‌ستی دواكه‌وتووی مه‌زهه‌بی وسیاسی ودیموكراسی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاتانه‌یه‌، ناتوانێت له‌گرێی رۆژئاوا رزگاری بێت؟. 

ئێستا هه‌موو كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كان قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزی سه‌ربازی وكوته‌ك وه‌شێنی ئه‌مریكا دێت، كۆتایی به‌ دیكتاتۆرێكی وه‌كو به‌شار ئه‌سه‌د ده‌هێنێت، نه‌وه‌كو هێزێكی دیكه‌، كه‌واته‌ پێویسته‌ له‌ سه‌نگی بڕیاری ئه‌مریكیه‌كان خوێندنه‌وه‌ی دروستمان هه‌بێت، ئه‌وه‌ی ده‌گوترا ئه‌مریكا له‌په‌راوێز ده‌مێنێته‌وه‌و قورسایی خۆی نیه‌، ئه‌وه‌شی ده‌یگوت جه‌ماوه‌ری شه‌قام ناتوانێت شه‌پۆل دروست بكات وله‌كه‌ناره‌كان نزیك ببێته‌وه‌، هیچ یه‌ك له‌م بۆچونه‌ راست ده‌رنه‌چوون. ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ دیكتاتۆرێكی وه‌كو به‌شار ئه‌سه‌د كۆتایی پێ بهێنێت، به‌لام ئه‌وه‌ی روون نیه‌، بابه‌تی دوای به‌شار ئه‌سه‌ده‌، ئایا پاكێجی ئه‌مریكیه‌كان چی ده‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو، ئایا ئه‌مریكیه‌كان ده‌سه‌ڵات راده‌ستی كێ ده‌كه‌ن، ته‌نها موشه‌كه‌كانی ناتۆو ئه‌مریكا دێنه‌ ناو سوریا، یان پاكێج وسیناریۆی ئه‌مریكیش دێن. هێزه‌ سوریه‌كان وئه‌وانه‌ی زۆر چاودێری دۆخی سوریان، گرنگه‌ له‌ ئه‌مریكاو نیازه‌كانی به‌رامبه‌ر سوریا تێگه‌یشتنی دروستیان هه‌بێت، ناشێت دوای به‌شار ئه‌سه‌د، سوریا بێته‌ عێراقی دووه‌م، گروپه‌ دواكه‌وتووه‌ توندڕه‌وه‌ چه‌كداره‌كان ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن وهه‌ر رۆژه‌و هه‌ر سه‌عاته‌، ته‌رمێك له‌سوچێكی سوریا بدۆزرێته‌وه‌و شه‌قامه‌كان ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌و ته‌قه‌یان هه‌ر بمێنێت، ئه‌مه‌ به‌مانای وشه‌ بریتی نیه‌ له‌ كۆتایی پێهێنان به‌ دیكتاتۆریه‌ت ورۆیشتن به‌ره‌و ئازادی، به‌ڵكو كۆتایی دیكتاتۆریه‌ته‌ به‌ره‌و زه‌لكاو، وه‌كو چۆن ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی گرنگی ئه‌مریكا، روو له‌ ئه‌مریكا ده‌كات وئامۆژگاری ده‌كات پێ نه‌خاته‌ ناو زه‌لكاوی سوریاوه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كێری، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ره‌زامه‌ندیان نیشانداوه‌ خه‌رجی جه‌نگی سوریا بگرنه‌ ئه‌ستۆ ئه‌گه‌ر گوزری سه‌ربازی له‌رژێمه‌كه‌ی بدات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان به‌مانای بێ ئومێد بونیانه‌ له‌ روخانی به‌شار ئه‌سه‌دو، هاوكات بێ متمانه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیانه‌یه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆن وئه‌وانه‌ی دژی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگن، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی كه‌بتوانن ده‌سه‌ڵات سوریا له‌ناوبه‌رن وشۆڕشێكی سه‌ركه‌وتوو به‌رێوه‌به‌رن. بۆیه‌ هه‌موان به‌ مه‌منونیه‌وه‌ دێنه‌وه‌ لای ئه‌مریكاو پێی ده‌ڵێن پاره‌كه‌شت له‌سه‌ر حسابی خۆمان، به‌س تۆ هیمه‌ت بكه‌و بڕیار بده‌ بۆ جه‌نگی دژی به‌شار ئه‌سه‌دو روخاندنی. بێگومان ئه‌مریكاش خوێن وفیشه‌كی خۆی به‌لاش نادات به‌كه‌س، ئه‌و سه‌ربازو موشه‌ك وفڕۆكه‌ی خۆی ده‌نێرێته‌ جه‌نگی سوریا، هه‌روا به‌ ئاسانی خه‌رجی ناكات، ئه‌مریكا سوریای داهاتوو به‌ پێگه‌ی ستراتیژی خۆی ده‌زانێت وكار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌وڵه‌تێك بێت له‌روسیاو چین وئێران به‌دوور بێت، له‌ ئه‌مریكاو یه‌كیه‌تی ئه‌وروپا نزیك بێت. ئه‌مه‌ش بۆ كوردو عه‌ره‌ب ومه‌سیحی وعه‌له‌وی وسونه‌و شیعه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سوریا ده‌ژین سیاسه‌تێكی تازه‌و گۆڕانه‌ له‌پێگه‌ی وڵاته‌كه‌یان، بۆیه‌ ده‌بێت پێكهاته‌كانی ناوخۆی سوریا، هه‌ر چاوه‌ڕێی موشه‌كه‌كانی ئه‌مریكا نه‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت چاوه‌ڕێی كارنامه‌ی سیاسیشی بكه‌ن.

Previous
Next