هەمووان لەباوەڵە تەنەکەکەی شیرکۆ بێکەسەوە هاتووین…
بێکەس لەگەڵ باوەڵێکی تەنهایدا..
لەچەند ڕۆژیکی کەمدا هەردوو بەشی بیۆگرافیای مامۆستا شێرکۆ بێکەسم خوێندەوە، سەیر لەوەدابوو هەموو ساتەکان و تا ئێستاش من ناتوانم بڕوا بەوە بکەم، کە مامۆستا (شێرکۆبێکەس ) کۆچی دوایی کردووە، تەنانەت کاتێک مامۆستا (ڕەووف بێگەرد) بەغەمباریەوە پێیگووتم: (ئاه ئیسماعیل گیان تۆ نازانی کۆچی شێرکۆ چی لەمن کردووە…) من حەزم نەدەکرد (بێگەرد)ی چیرۆکنوس بەردەوام بێت، چونکە نەمدەویست بڕوا بەکۆچی هەتایی شێرکۆ بکەم، لەبەر هۆکاریکی سانا، چونکە هەستم بە شێرکۆ دەکرد لەڕاڕەو و ژوورەکاندا بەخۆی جگەرەکەیەوە بەهێمنی ئامادەیە، هەستم بەو هەناسەیە دەکرد زیندەگیانە وەک تارمایەکی نەبینراو لەگەڵ سەرکەوتنمدا بەسەر قادرمەکاندا، دێتە خوارێ. ئەم هەستە هەستی مرۆیەکە بڕواناکات ئازیزێکی کۆچی کردووە، شیرکۆ ئازیزێک بوو لەناوماندا بەپەلە سەفەری کرد، بەڵام بۆ سوێد، نەک بۆ مردن! تائێستا هەمووان لەو بڕوایەدا دەژین و نامەنەوێت بڕوا بەسەفەری ئەبەدی ئەو بکەین.
لەدوای خوێندنەوەی یاداشتەکانی (شیرکۆ بێکەس) لەژێر ناوی (نووسین بەئاوی خۆڵەمێش)، یەکەم وێنە دێتە بەرچاوم، وێنەی شاعیرێکی گەنجە بەباوەڵێکی تەنەکەی تەنهاییەوە، ئەم وێنەی باوڵە تەنەکەیە وێنەیەکە بەدوومەوەیە ولەگەڵ هێرشکردنە سەر گۆڕی (شێرکۆ بێکەس) ئەم باوڵە تەنەکەیە جارێکیتر گەمارۆی داووم. وێنەیەکی کاریگەرە، تیژبڕە، ئامادەیە لەهەموو شوێنێکدا کەیادەوەری شیعری پەی پێ بەرێت. لەوانەیە کاریگەری ئەم وێنەیە لەسەر من، لەو لەبیرکردنەوەیەوە بێت، کەچارەنوسمان وەک نوسەرێک لەنێو کولتورێکی کۆمەڵایەتی دواکەتوودا لەزەمەنی بێکەسی باوکەوە تا زەمەنی کۆچی دوایی بێکەسی کوڕ هیچ گۆڕانکاریەکی نوێی بەسەردا نەهاتووە! چارەنوسێک ئەگەرێکە لەبەردەم هەموو ئەدیبێک، گۆڕانکاری بەداخەوە لەزەمەنی بێکەسی باوکەوە تا بێکەسی کوڕ لەفۆرمدایە، بەڵام لەجەوهەردا گومان دەکەیت گۆڕانێکی ئەوتۆ ڕوویدا بێت!
بەداخەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کەهیچ میللەتێک بەقەد هێندەی کورد ئامادە نییە بۆ هێرشکردنە سەر نوسەر و ئەدیبە دیارەکانی و تۆمەتبارکردنیان و دەرکردنیان لەیادەوەری گشتیدا، ماشینێکی ترسناکی ناشرین هەیە لەیادەوەری کۆمەڵایەتیماندا، ئەم ماشێنە لەنێوەندە سیاسی و ڕۆشنبیریەکەشدا ئامادەگی خۆی هەیە، وەک ئەوەی ئەدیبەکان بونەوەرێکی خودایی بن و دەبێت بەئارەزووی کولتوری دواکەتووی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەڵبسوڕێن، یان بەئارەزووی ئەو مەلا دواکەتووانەی کەئەمڕۆ لەسیاسەتدا گەمەی خۆیان دەکەن و دەیانەوێت بەعورفی ئەخلاقی ئەوان شیعر و چیرۆک و شانۆ بنوسین. ئەم مەلا سیاسیە مۆدیرنانە خەریکی (سەوابتی ئاینین) و دەیانەوێت (جێگیرە ئاینیەکان) ژیانمان داپۆشێت، نەک جێگیرە ئازادیەکانی مرۆڤ. بەمەرجێک بەسەدەها هەڵەی مێژووی وەها کراوە، گەر لە کولتورێکی کۆمەڵایەتی باڵادا بێت، ئەکتەرە سیاسیەکانی دادگاییەکی سەخت دەکرێن، نەک باسکردنی وەک ڕابوردوویەکی بەسەرچوو لەیاداشتەکاندا باسبکرێت! ئاوەها هەڵە مێژووییەکان لەبیردەکرێن و فەرامۆشدەکرێت و لەپڕێکدا ئەکتەرەکانی هەڵە خوێناویەکان دەبنەوە بە(پاڵەوانی نیشتمانی) و ڕزگارکاری نیشتمان، کەچی کاتێک ئەدیبێک بەدڵی ئەم کولتورە کۆمەڵایەتیە دواکەتووە و نوێنەرەکانی ناجوڵێنەوە، لەگەڵ یەکەمین جیاوازی ئەدیبدا لەگەڵ ڕای گشتی و حەماسی کۆمەڵایەتیدا، نوسەر و شاعیر پەلاماردەرێت و بێ ڕەحمانە شار بەدەردەکرێت. نمونەی (جەمیل سائیب، حاجی قادری کۆیی، مەولانا خالیدی نەقشبەندی و جەمال عیرفان و عەبدولخالق مەعروف) لەکۆندا و نمونەی پەلاماردانی (فەرهاد پیرباڵ) و سوتاندنی کتێبەکانی (جەمال غەمبار) و فڕێدانی کتێبەکانی (بەختیار عەلی) بۆ نێو ئاوی سیروان، لەمێژووی ئیستاماندا، نمونەی مشتێکن لەخەروارێکی ترسناک. لێرەوە دەبێت بەشانازیەوە بڵێین کە (باوەڵە تەنەکەکەی شێرکۆ بێکەس) جێگەی هەموومانی تێدا دەبێتەوە، چونکە هەموو ئەوانەی وەک شێرکۆ ئەم ڕێگە سەختەیان گرتۆتە بەر، باش دەزانن کەجگە لەباوەڵە تەنەکەکە نەبێت هیچیتر لەگەڵ خۆیاندا هەڵناگرن. باوەڵێک وەک پاڵتۆکەی (گۆگۆڵ) وەهایە، ڕەمزە بۆ ئازار و خەونبینین بەبەختەوەری و جوانیەوە، چۆن لەنۆڤلێتەکەی گۆگۆڵدا جەردەکان پاڵتۆکەی دەدزن و لەسەرمادا ڕەقدەبێتەوە، ئاوەها هەمیشە هێزێکی تاریک هەیە دەیەوێت ئەو باوەڵە تەنەکەیەمان لێ بدزێت و بێ جوانی و بێ شیعر و بێ ئایدیا بمانهێڵێتەوە. شکاندنی گۆڕەکەی (شیرکۆ بێکەس) لەلایەن ئەو جەردە تاریکخوازانەوەیە، کەدژی جوانی شەڕ دەکەن، کەنوێنەری ناشرینین لەدونیادا، ئاوەها (باوەڵە تەنەکەکەی) شیرکۆ ڕەمزێکە بۆ بیۆگرافیایەکی ڕەشی نوسەر لەنێو کولتورێکی دواکەتوودا..
چیرۆکی ئەم باوڵە تەنەکەیە
شیرکۆ بەباوەڵێکی قەدیمەوە لەدوای شووکردنەوەی دایکی و سەفەرکردنی بۆ بەغدا بەخۆی و کچەکانیەوە، شیرکۆی مێردمنداڵ بەجێدەهێڵێت!. شێرکۆی مێرد منداڵ، وەک (ئارسەر ڕامبۆی ) شاعیری فەڕەنسی مێردمنداڵ ژیانی تەنهایی و گەڕیدەیی لەگەڵ شیعردا هەڵدەبژێرێت. شیرکۆ ڕازی نییە بچێت لەگەڵیاندا. لە یاداشتەکانی ئاوی خۆڵەمێشدا نوسیویەتی : (من تەمەنم سیانزە چواردە ساڵان بوو، کەدایکم شووی بەعومەر هەڵمەت کردەوە. خەریکبوو شەشی سەرەتایی تەواو بکەم، بەڵام من ئەم شووکردنەوەیەی دایکم زۆر پێناخۆش بوو..) لەشوێنێکی دیکەدا نوسیویەتی (زۆرم لەگەڵدا خەریکبوون، باسی بەغدایان بۆ ئەکردم، بەڵام من وەک یاخیبوون، یاخیبووم و نەچووم. ئەم جیابوونەوەیە برینێکی قوڵ و بەسوێی کردە دڵمەوەو ڕۆژانی ئایندەمی لەبەرچاو ڕەشکردم ! ئیتر دایکم و خوشکەکانم ڕوویانکردە ماڵی تازەی بەغدایان و منیش نائومێد و دڵشکاو، باوەڵە تەنەکەکەم خستە سەرشانم و ڕوومکردە ماڵی خاڵە عومەرم ..ل٦٨ )
ئاوەها شیرکۆ بێکەسی مێردمنداڵ دەبینین تەنیایی خۆی لەگەڵ قەسیدەدا هەڵگرتووە، بەتەنیا لەسلێمانیدا وەک گەنجێک، وەک مێردمنداڵێک کەسەری پڕێتی لەبیرۆکە و شیعر، هەتیو و تەنیا لەماڵە خزمانی دەژیا، بێگومان دوای ئەوەی (فایەق بێکەس) بە گەنجی لەتەمەنی چل و سێ ساڵیدا کۆچدەکات، بێکەس باس لەو بەیانیەی کۆچی باوکی دەکات و بەو دێڕە وەسفی دەکات ، بەوەی (هەرگیز ئەو بەیانیەم بیرناچیتەوە! ١٧ ) فایەق بێکەسی شاعیر لەو تەمەنە کورتەیدا شێرکۆ و خوشکەکانی بۆ زەمەنێکی سەخت و ڕۆژگارێکی بێ ئامان جێدێڵێت. شێرکۆ نوسیویەتی و دەڵێت: (ئەو ڕۆژە شوومە ١٨/١٢/ ١٩٤٨ بوو، تەمەنم هەشت ساڵی پڕ نەکردبۆوە، لەپۆلی دووی سەرەتایی بووم. تا ئێستەش بەوردی دیمەنی ساتە وەختی ئەو مردنەی باوکم لەپێش چاوە. دایکم خەبەری کردمەوە…لەپڕ ئەو کۆکەیەم بیست و دایکم شڵەژاو پەلاماری باوکمیداو ڕایوەشاند، و هەر ئەو ساتە داوای لێکردم بچم بەشوێن کاک ئەحمەدی ئامۆزایدا… هەر ئەو ڕۆژەش هەستمکرد چەند ساڵێک گەورەتر بووم، وەک لەناخەوە هەڵتەکابم وابوو، تووشی ڕامانێکی قوڵی خەماوی بووم..١٨. )
ئاوەها لەهەندێک شوێنی خوێندنەوەی یادەوەریەکاندا من گریاوم، منێک کەهەرگیز نایەڵم هەستەکانم بگاتە ئاستی ڕۆمانسیەتێکی گەرم و مەشقی ئەقڵانی کانتی دەکەم بۆ زاڵبوون بەسەر سۆزداریدا، بەڵام بێ ویستی خۆم و زۆرجار چاوم پڕدەبوون لەفرمێسک، زۆر جاریش توڕە دەبووم، زۆر جاریش دەمگووت: بۆ، ئاخر مامۆستا بۆ ! من لەدوای تەواوکردنی ئەم دووکتێبەی مامۆستا شێرکۆ ، کەبەچەند ڕۆژیک و بەخێرایی خوێندمەوە، بیرم لەوە دەکردەوە بچم بۆ (سەردەم) و لەسەر شێوازی نوسینەکەی قسەی لەگەڵدا بکەم، کەچی کە بیرمدەهاتەوە مامۆستا شێرکۆ ڕۆیشتووە و ئێستا ناتوانم ڕەخنەی لێ بگرم و بڵێم: دەکرا بەشێوەیەکی دیکە ئەم بیۆگرافیایەت بنوسیایە! حەتمەن وەک پیشەی خۆی ڕاکەی منی بەجیدی وەردەگرت و بەبێدەنگی گوێی لێدەگرتم! بەڵام ئەمە مەحاڵە چونکە شیرکۆ ئێمەی بەجێهێشت، بەڵام باوەڵە تەنەکەکەی بەنەبینراوی بۆ ئێمە جێهێشت ..
تا ئەبەد لەباوەڵەکە دەڕوانین
ڕاستە بێکەس باوەڵە تەنەکەکەی لەگەورەیدا فڕێدا، بەڵام ئەم فڕێدانە بینراو بووە، بەڵام باوەڵەکەی تائەبەد بەنەبینراوی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو. بەنەبینراوی هەمیشە ئەم باوڵەی لەگەڵدا بووە، هەمیشە شیرکۆ ئەو باوڵەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو، کەپڕێتی لەشیعر و جیابونەوە و هەژاری و جەنگ لەدژی دواکەتووی و جوانناسی و خۆشەویستی نیشتمان و چیرۆکی پێشمەرگە و کۆڵنەدان. لەشیرکۆوە فێردەبین وەک ئەدیب وجوانناس هەمیشە باوەڵێکی وەها لەگەڵ خۆماندا هەڵگرین، لەبەرئەوە سەیر نییە هەر یەکێک ویستبێتی بەدونیای ئەدەبی کوریدا تێپەڕێت، دەبێت لای شیرکۆ چایەک بخواتەوە، وچانێک بدات لەبەردەم قەسیدەیەکیدا، لەڕوانگەی منداڵێکی بۆ یاخچیەوە سەیری خوا بکات و بیر لەپێڵاوەکەی بکاتەوە کەچەند زلە و دەبێت بۆ یاخکردنی چەندە کاتی بوێت! دەبێت بۆ هەمووان بۆئەوەی لە موزیک و دەنگدانەوە و ڕەنگی زمانی کوردی تێبگەین لای وێنەی شیعری شیرکۆ بێکەس وچانێک بدەین..
لێرەوە دەتوانم بڵێم: لەئەدەبی ڕوسیدا نۆڤڵێتی (پاڵتۆ) ی (گۆگۆڵ) ڕەمزی ئەدەبێکە کەئازاری گەورەی چەوساندنەوەی مرۆڤی ڕووسی بەرجەستە دەکات، (ئاکایی ئاکاێیسڤیچ) پاڵەوانی ئەو ڕۆمانە ڕەمزی ئەو فەرمانبەرە دڵسۆزەیە، کە نەبەرتیلخۆرە، نەدزە و نەدەتواشتوانێت گەندەڵ بێت. بەهیلاکی چەند ساڵیک پاڵتۆیەک دەکڕێت و لەدوایشدا و لەیەکەم شەوی تۆفاندا دز و جەردە لێی دەبەن. (ئاکایی ئاکاێیسڤیچ) بەخەفەتی پاڵتۆکەوە دەمرێت. ڕۆمانوسی ڕووسی (دۆستۆێفسکی ) دەربارەی ئەم نۆڤێلەیەی (گۆگۆڵ) دەڵێت: ئێمە هەمووان لەپاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە هاتووین…بەمەش گۆگۆڵ دەبێتە قوتابخانەیەک بۆ نەوەیەکی دیکەی ئەدەبی ڕووسی. لەبەرئەوە مافی خۆمانە لەبەرامبەر گەورەیی شێرکۆ بێکەس و ژیانیدا بڵێین: ئێمە هەموومان لەباوەڵە تەنەکەکەی شێرکۆوە هاتووین ..
(ماویەتی )
ئیسماعیل حەمەئەمین
تێبینی: بەداوای لێبوردنەوە لەخوێنەرانم، بەوەی هەڵتەکاندنی گۆڕی مامۆستا شیرکۆ بێکەس لەپارکی ئازادی، وەهایکرد زنجیرە گوتارەکانم لەمەڕ سەرە پەڕیوەکانی ڕۆشنگەری بوەستێنم و لەهەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبینەوە..
سەرچاوە: شیرکۆ بێکەس: نوسین بەئاوی خۆڵەمێش ، بەرگی یەکەم، چاپی غەزەلنوس ٢٠١٣