Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
مەیدانی ڕیفۆڕم دیارە .. …ئەرسەلان مەحمود

مەیدانی ڕیفۆڕم دیارە .. …ئەرسەلان مەحمود

Closed
by October 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

 ڕیفۆڕمخوازی لەناو حزب و هێزە مۆدێرنەكاندا، مەرجنییە هەمیشە نیشانەی هەبوونی ئاریشەو تەنگژەی قوڵبگەیەنێت لەناوخۆی ئەو هێزو، حزبەدا، بەڵكو زۆرینەیجار بەخاتری ئەوەیە، تینووتاوی بابەتیانەتر بچێنێتە ناو پێكهاتەو، جومگە ئۆرگانیكییەكانی ئەو هێزو، حزبەوە، ئەمەیش بەو ئامانجەی بیپارێزت لەخۆ وێناكردنەوەو، خۆ خواردنەوەو، كاوێژگەرایی لەگوتارە سیاسیەكەیدا.

 ئەگەرچی باهۆزی ڕیفۆڕمگەرایی، لەناو” ی.ن.ك”ـدا، نوێ‌ نییە، چونكە هەر لەسەرەتاوە، دامەزراندنەكەی چەندە هەڵساندنەوەی شۆڕشێك بووە بەڕووی شكستدا، ئەوەندەو، بگرە زیاتریش، زادەو بەرئەنجامی هزراندنێكی ڕیفۆڕمگەرا بووە، لەژیانی حزبی و، لەكایە سیاسیەكەدا، ڕەنگە ئەم خەسڵەتەیش یەكێك لەتایبەتمەندی و نهێنیەكانی سەركەوتوویی ئەو حزبە بگەیەنێت لەسەردەمی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شاخدا، تەنانەت تا بەساڵانی پێش(1996)ـیش، دەگات، بەڵام هەرگیز ئەم حزبە بەئەندازەی ئێستا، ڕیفۆرمگەرایی تیایدا نەبووە بەواقیع، چونكە ئەگەر تا ئەو ساڵانە، هەرجارەو جومگەیەكی پێویستیكردبێ‌ ڕیفۆڕمی تیایدا بكرێت، لەئێستادا تەواوی جەستەو، جومگەكانی لەبەردەم پێویستیەكی ئاوا نكۆڵیهەڵنەگردان، هۆكارەكانی وەها فەرزیاتێكیش، بەدڵنیاییەوە زۆرن، یەكێك لەسەرەكیترین ئەو هۆكارانەیش نیازو، نیەتگەرایی ڕیفۆڕمە بەمانا بابەتییەكەی. 

  لەپێشەوە وتمان، تا بەساڵانی پێش( 1996 ) دەگات، ڕیفۆڕم نایەبترین خەسڵەت بووە لەناو “ی.ن.ك”ـدا، بەڵام دروست نزیك بەدو دەیە دەبێت، خواست و خولیای ڕیفۆڕم، لەناو ئەم هێزەدا، سیفەت و سیمای پێچەوانە بەڕابردوی خۆی وەرگرتووە، لەم چەند دێڕەی خوارەوەدا، هەوڵئەدەم زۆر بەسادەیی ئەمە ڕونبكەمەوە.

جاران خواست و خولیای ڕیفۆڕم لەناو”ی.ن.ك”ـدا، لەناوخۆیخۆیـدا، دەهاتنە ئاراوەو، هەر لەناوخۆیخۆیشیدا، بەقازانجی خودیخۆی ڕەنگیانپێدەدرایەوە، یانی جاران، جارانی بەر لەساڵانی پێش”1996″، خەمە قوڵەكەی ڕیفۆڕم، دواینجار بەتەنها لەپێناو گونجاندنی سیاسەتكردنی “ی.ن.ك” بوو، بەپاو پێوەرو پێویستیەكانی قۆناغەكە، نەك وەك ئەوەی نزیك بەم دوو دەیە، تیایدا بووە بەباو، ئەندام و، كادرەكانی، پێشمەرگەو، تێكۆشەرەكانی، میدیاكارو، ڕۆناكبیرەكانی، بڕیار بەدەست و، قیادییەكانی، شەیدای ڕیفۆرمگەرایی بن لەدەرەوەی پێكهاتە ئۆرگانیكییەكەی خۆی.

 ڕاست دەرناچێت حزبێك لەوێنەی خێزانێكدا بهێنیتە بەر قسەو باس، بەڵام ئەمەیش بەمانای ئەوە نییە، قیادییەكانی ئەو حزبە، بێن و، لەناو بازاڕی ڕەشدا، هەر یەكێكیش لەئاوازێك، دەهۆڵی ڕیفۆرمگەرایی بۆ بكووتێت، چونكە ئەگەر بڕیاربێ‌ ڕیفۆرم بكەن، ئەوە مەیدانی ڕیفۆڕم دیارەو، ڕەوایەتی لەوەدانییە ئەوەی هات بۆی هەبێت شتە كۆنەكانی خۆی بەناوی ڕیفۆڕمەوە هەرزانفرۆش بكات، بازاڕی وەها كەونە فرۆشییەك، خۆشفرۆش نابێ‌ و، ساغكردنەوەی ئەم هەموو بێموبالاتییە، تاقەت پڕوكێن دەردەچێت، هەر لەبەر ئەوەیشە بەدرێژای ئەو نزیك بە(10-15)ساڵە، خواست و خولیاكانی ڕیفۆڕم لەناو” ی.ن.ك”ـدا، هەتا ئێستا نەیتوانیووە وەك ئەوەی شیاوە، ئامانجەكانی خۆی بپێكێت، چونكە ئەگەر ڕیفۆڕمێك لەناو “ی.ن.ك”ـدا، بەنیەت و، نیازی بەرەوپێشەوە بردنی ئەو حزبە بێت، دەبێ‌ لەناو خودیخۆیشیدا زەمینەسازی بۆ بكرێ‌ و، جێبەجێبكرێت و، ئەنجامەكەی بخرێتە بازاڕەوە نەك وەك ئەوەی ئێستا مایەكەی هەرزانفرۆش بكرێت.

ئەگەر نا، ڕیفۆڕمخوازی لەناو وەها هێزو، حزبێكدا، هەر كاتێك بخرێتە دەرەوەیخۆی، ئەوە بەدڵنیاییەوە، جگە لەوەی نیشانەی كاڵبوونەوەی هزرو، بەكۆتا هاتنی ئینتیماو، پوكانەوەی توانستەكانی قیادی و، بڕیار بەدەستەكانیەتی جا لەهەر پلەو پێگەیەكدا بن، ڕواڵتەگەرایی و، مایە پووچییە، خودزینەوەو، هەڵهاتنیشە لەبەر پرسیاریتییە ئەخلاقی و، ئۆباڵە مێژووییەكان، تەنانەت گاڵتەجاڕییە بەڕابردوی پڕ لەسەروەری ئەم حزبەیش، یانی لەبری هێنانە ئاراوەی چارەسەر، ئامانجەكە بەناوی ڕیفۆڕمەوە، بۆ بەلاڕێدابردنی كێشەو، ئاریشە حزبیەكان شكاوەتەوە، بێگومان بەنیازی هاوسەنگكردنی ململانێ‌ شەخصیەكان، دیارە لەسەر بوونیادو سەرمایەو كەوڵی ئەو حزبە، بەنمونە: ڕەنگە باشترین و، بەرجەستەترین بەڵگەی نكۆڵیهەنگری وەها ڕاستینەیەك، سەبارەت بە”ی.ن.ك” بەئاوڕدانەوەیەك لەڕابردووی دوورو نزیك، ببینیت، هەموو ئەوانەی هەتا ئێستا لەناو ئەو حزبەدا، دواینجار ڕیفۆڕمیان بۆ “ی.ن.ك” لەناوخۆی “ی.ن.ك”ـدا، بردوەتە دەرەوەی “ی.ن.ك”، ئامانجە شاراوەو، دیووی ناوەوەی هەوڵ و هەڵلانانەوەكانیان وەك ڕۆژی ڕوناك دەركەوتووە، لەبەر ئەوە بەگرینگی دەزانم دوبارەی بكەمەوە، ئەوی بیەوێ‌ ڕیفۆڕم بكات لەناو”ی.ن.ك”ـدا، ئەوە وێستگەو، مەیدانی ڕیفۆڕم دیارەو، بفەرموون بەوپەڕی لەخۆبوردوی و، جورئەتەوە،”ی.ن.ك” لەم تەنگژەیە، دەرباز بكەن، یانی لەبری ئەوەی “ی.ن.ك” بكەنە بنێشتە خۆشەی دەم میدیا، بفەرموون ڕیفۆڕم لەناوخۆی خۆیدا بكەن. 

Previous
Next