Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
ئەو شەرعەی حزبە ئیسلامییەكان، لەدەستی دوو، وەریدەگرن ..

ئەو شەرعەی حزبە ئیسلامییەكان، لەدەستی دوو، وەریدەگرن ..

Closed
by October 25, 2013 گشتی

 

 

 

 دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەو كەسەی بەرابەری سەلەفیەكانی ناو ئەو حزبە دەناسرێت، لەپەیجەكەی خۆیدا نوسیویەتی، ” به‌زاندنی هه‌ندێ له‌سنوره‌ شه‌رعیه‌كان، به‌ناوی كرانه‌وه‌‌و، به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی غه‌یره‌ ئیسلامییه‌كان، حازر به‌قه‌رزدان‌ و، بازرگانیه‌كی دۆڕاو بووه”‌، زیاتری نووسیووەو، وتووشیەتی” خه‌ڵك‌ و جه‌ماوه‌ری ئیسلامی قسه‌ی فه‌لسه‌فیی بێناوه‌ڕۆك‌ و، سیاسه‌تی شوێن پێهه‌ڵگرتن‌ و، لاساییكردنه‌وه‌ی حزبه‌ عه‌لمانیه‌كانیان ناوێ” ، بەبڕوای گەرمیانی لەبری وەها لاڕیكارییەك، وەك خۆی لەبەشێكی تری پۆستەكەیدا نووسیوویەتی” خەڵك و جەماوەری ئیسلامی عه‌وداڵی دینداریه‌كی ڕاسته‌قینه‌‌و، ئیسلامه‌تیه‌كی بێ غه‌ل‌و غه‌شن “. 

دیارە له‌به‌رامبه‌ر خستنە ڕووی ئەم ڕوانگەیەی ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، چه‌ندین كادیری كۆمه‌ڵی ئەو حزبە، وڵامی ئەندامەكەی مەكتەب سیاسی حزبەكەیان داوه‌ته‌وه، سەرنجڕاكێشتریینیان بەلای منەوە، “ره‌وشت محه‌مه‌د”ـە، ناوبراو نوسیویه‌تی “پۆسته‌كه‌ی گه‌رمیانی، ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیر له‌كرانه‌وه‌ی زیاترو پێداچونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌و بنه‌ما ئاڵۆزكاوو چه‌قبه‌ستوانه‌ی به‌ناوی شه‌رعه‌وه،‌ بونه‌ته‌ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م گوتارو كاری كۆمه‌ڵدا”، ئەو كادرەی كۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بەو باس ڕزنترو بەدیاریكراوی هەر لەوڵام بەگەرمیانیدا، دەڵێت” ئه‌و شه‌رعه‌ی ئێمه‌ له‌ده‌ستی دوه‌وه‌ وه‌ریده‌گرین ‌و خۆمان نه‌مانتوانیوه‌ وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌و په‌یامه‌ی خودا بۆ مرۆڤایه‌تیی ناردوه‌، تێگه‌یشتنێك بۆ ژیانی خۆمان دروست بكه‌ین “. 

ئەوەی دڵشاد گەرمیانی، پشت بەستوو بەسنورە شەرعییەكان، وەك خۆی وتوویەتی، لەپوختەترین مانادا، دەرئەنجامی ئەوەیە، ئەوەی لەم قۆناغەدا كۆمەڵ و حزبە ئیسلامییەكانی دی، بەناوی ئیسلامەوە دەیكەن، ناڕاستەو تەنانەت پڕاو پڕە لەغەل و غەش و، كەوتووەتە دەرەوەی بەهاكانی ئیسلامەوە ” خەڵك و جەماوەری ئیسلامی، عەوداڵی دیندارییەكی ڕاستەقینەو ئیسلامیەتێكی بێ‌ غەل و غەشن “، بەڵام ڕەوشت محەمەد، پێچەوانە بەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، لەپوختەی مانادا، خولانەوەی حزبە ئیسلامییەكان لەبازنە داخراوە ئیستراد كراوە شەرعییەكاندا، وەك هۆكارە بنەڕەتییەكەی دڕمانی ئەو جەبهەیە دەبینێت” ئه‌و شه‌رعه‌ی ئێمه‌ له‌ده‌ستی دوه‌وه‌ وه‌ریده‌گرین‌و خۆمان نه‌مانتوانیوه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌و په‌یامه‌ی خودا بۆ مرۆڤایه‌تیی ناردوه‌، تێگه‌یشتنێك بۆ ژیانی خۆمان دروست بكه‌ین “.

 دڵشاد، دەیەوێ‌ بڵێت، رەتكردنەوەی گوتارە فەلسەفی و هەژموونی شارستانیەتی نوێ‌، دەبێت بخرێتە ئەولەویاتی كارو كردەوەو كاردانەوەی تەواوی حزبە ئیسلامییەكانەوە، یانی ئەو بوون و بەهای ئیسلام، بەتەنها لەڕەتكردنەوەی دنیایی نوێدا، دەبینێت، بەڵام بەبڕوای رەوشت، گرفتی هەرە لەگەورە بەهۆی ئەو هزرە دۆگمایانەوەیە وایكردوە وەك خۆی دەڵێت لەدۆخێكی چەقبەستوودا بیان وەستێنێت، بەمانایەكی دی، رەوشت یان با بڵێین لەناو ئیسلامییەكاندا، ئەوانەی وەك رەوشت بیر دەكەنەوە، ئیسلامییەكانی كوردستان، ئێستا لەدۆخێكی قورسدا دەژین، ئەمەیش بەهۆی چەند بكرێكی وەك دڵشاد گەرمیانییەوە، ئەگەر نەڵێین سوكایەتی، ئەوا هەست لەقێزەونی و بەدڵشكاوی دەكەن، یانی لەو باوەڕەدان، رێگوزەری پێشكەوتن و شارستانییەت زۆر پێشییان كەوتووەو، بەو عەقڵییەتگەراییەی دڵشاداتیشەوە، بەگومانن لەوەی ئیتر بتوانن بگەنەوە بەخۆیان.

 پوختەی كۆمێنت، هەرچۆنێك بێت، سەرهەڵدانی ئەم جۆرە جەدەلە، پۆزەتیڤەو، جێگەی دڵخۆشییە، دیارە بەمانا بابەتییەكەی، چونكە سەردەمی ئەمڕۆ، سەردەمێكە مرۆڤ دەبێ بەهەموو توانا زیهنیەكانی خۆیەوە‌ بەرگری لەبنەما عەقڵانییە پۆزەتیڤەكان بكات، تایبەتیش لەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و، ناوچەكەدا بەگشتی، مرۆڤی ئەمڕۆ، ئەوەندەی شوێنكەوتەی ئایندەگەراییە لەژیانیدا، هەرگیز بەو ئەندازەیە نەئاوڕ لەدواوە ئەداتەوەو، نەچاویش دەبڕێتە گەڕانەوە بەرەو ڕابردو، بەڵام دەبێ‌ ئەوەیش بزاندرێت، پرۆسەی خودبەخاوەندارێتیكردنی خودیش لەخۆدا، هەروا سادەو ئاسان نییەو، دەبێت‌ ئەلتەرناتیڤێكی خاوەن میسداقییەت پێشكەش بكەین، ئەگینا دڵشادو هاوشێوەكانی وەك دڵشادیش، بەو ئاسانییە واز لەجوینەوەی بانگەوازی بەسەرچوو ناهێنن.

ئەرسەلان مەحمود
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.